عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و سێ.

ئەرێ با منیش دوو قسە بکەم
ئەوە چەند ڕۆژێکە مشتومڕێکی نابەجێ سەری هەڵداوە کە هەندێک مامۆستای ئایینی بە پلەی جیا جیا جلەوەکەیان گرتۆتە دەست و بە چەپ و ڕاستدا دەیبەن سەبارەت بە جەژنی نەورۆز. هەندێک دەڵێن ئەم جەژنە هێ کورد نییە و هی فارسانە. بەقسەی ئەو بەڕێزانە بێت کورد هیچی نییە. بیرمە کەسانێک هەبوون وەک ئەم مامۆستایانە قسەی فارسەکانیان دەگوتەوە و کورد و کوردییان سووک دەکرد و ئەو قسە فارسییەیان دەگوتەوە: ( فارسی شکر است, عربی هونر است, کوردی گوی خر است ), واتە فارسی شەکرەو عەڕەبی هونەرە و کوردی گووی کەرە. هەر لەم ڕووەوە جارێکیان کوڕێک لە فێس بووک نووسیبووى ئینجا کورد چی هەیە شانازیی پێوە بکا. هەزاران ساڵە هەین و ئێستا چەند کەسێکی خۆمان دەیانەوێ لە نێومان بەرن و سووکمان کەن وهەموو شتێکی چاک و جوانی خۆمان دەسڕنەوە و لەقەبەڵ بێگانانی دەکەن. جاران کە خەڵک زۆر هەژار بوون ئەگەر دەوڵەمەندیک جلی تازەی لەبەرکردایە دەیانگوت پیرۆزت بێ, بەڵام ئەگەر هەژارێک جلی تازەی لەبەرکردایە دەیانگوت ئەوە لەکوێت بوو و ئیدی ئەم قسەیە کەوتە سەر زاری خەڵک ( دەوڵەمەند پیرۆزت بێ و فەقیر لەکوێت بوو ). ئیستا ئەوە لە کوردی بێ کەسی بێ دەوڵەت ڕووی داوە.
من هەر لەم ڕۆژانە ئاماژەم بۆ ( نەورۆزنامەکەی مەلا برایم ) کردبوو کە ساڵی 1908 لەسەردەمی عوسمانیدا گوتوویەتی:
چلە ڕۆیی شۆڕو شەڕی
گوێ ئاگر و داری تەڕی
وەختە لە ژوور تۆ دەرپەڕی
لەو دەشتە بۆ خۆت هەڵپەڕی
ئینجا لە شوکرانەی زەفەر
سەیرانکەران بە بچنە دەر
خورما و پەنیریان هاوکەمەر
لێنێن پڵاو و گۆشتی مەڕ
لەم شیعرە بۆمان دەردەکەوێ کە خەڵک نەورۆزیان کردووە و چوونەتە سەیران و خواردنیشیان بردووە و هەڵیشپەڕیون.
نازانم بۆ کوفر بێ ئەگەر کورد وەکو میللەتێکی دێرین جەژن و بۆنەی تایبەتیی خۆی هەبێ ؟
بیرمە لە ناوەڕاستی چلەکان لە کۆیە جۆرە کڵاوێک وەک ئەوەی مستەفا کەمال سەپاندی بەسەرخەڵکی تورکیادا, چەند کەسێک کردیانە سەریان و لە پێش هەمووشیان ( حسام الدین طیب ناسراو بە شەعب ) کەچی هەندێک کۆلکە مەلا دژی وەستان و گوتیان هی کافرانە و ڕێی بینینی خوا لە موسڵمانان دەگرێ و وایاندەزانی کە خوا تەنیا لە ئاراستەیەکدا هەیە. مامۆستا تکات لێ دەکەم خوا لە هەموو شوێنێک هەیە و بۆ تۆ جێگای خوا لە شوێنێکی تایبەت دیاری دەکەیت. کاتێکیش هەوڵ درا ئاهەنگ بۆ جەژنی نەورۆز ساز بکرێت, دیسان هەندێک کۆلکەمەلای دیکە گوتیان ئەوە جەژنی کافر و ئاگرپەرستانە و دژى وەستان, بەڵام ئەو هەوڵەش بە نەزۆکی کۆتایی هات و جەژنی نەورۆز لە ساڵی 1946 و 1947 و 1948 کرا و تا حکوومەتی ئەو سەردەمەی مەلەکی قەدەغەی کرد. پێش ئەوە لە ساڵی 1938 مەلای محمدی جەلیزادەی کۆیی ناسراو بە مەلای گەورە یان جەنابی مەلاى, قسەی بۆ خەڵک کردووەو گوتوویەتی نەورۆز جەژنی نەتەوەیی گەلی کوردە. پێشەوا قازیی محەمەدی نەمر نەورۆزی کرد و بە سروودی ئەى ڕەقیب ئاڵای کوردستانی هەڵکرد. ئیوە کامتان لەو زاتە پایە بەرزە مەلاتر و زاناترن؟ دەوەرن ئەوە عەرز و ئەوە گەز دەفەرموون بڵێن.
دەڵێن ئاگر دەکەنەوە و لە دەوری هەڵدەپەڕن و ئەمە نیشانەی ئاگرپەرستییە. توخوا مامۆستا کەس هەیە لەم سەردەمی پێشکەوتنی زانست و زانیارییە ئاگر یان بتێک بپەرستێ؟ خەڵکی زۆر لەوە هۆشیارترن و ئێوە تێیان نەگەییون. نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی میللەتی کوردە هیچ پەیوەندییەکی بە کافری و ئاگر پەرستییەوە نییە.
دەڵێن لەو ڕۆژەدا خەڵکی دەچن بۆ سەیران و کاری ناشەرعی دەکەن. بۆچى چوونە سەیران لەو ڕۆژەدا کارێکی ناشەرعی بێ؟ وەکو لە شیعرەکەدا ئاماژەم پێ کردووە, خەڵکی لەو ڕۆژەدا چوونەتە سەبران و لەجیاتی ئەو خواردنەی خوا کردوویەتی بە بەشیان لە ماڵەوە بیخۆن, لە دەرەوە خواردوویانە. ئەگەر دەڵێی ژن و پیاو شایی و هەڵپەڕکێ دەکەن, خۆ لەڕۆژانی دیکەی وەک زەماوەندی بووک گواستنەوەو بۆنەی خۆشی دیکە شایی ڕەشبەڵک دەکرێ, چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەوەی لە نەورۆزدا دەکرێ؟ هەندێکی دیکە دەڵێن ئەو خەڵکە لەو شوێنە سەیرانگایانە ئارەق و شەڕاب دەخۆنەوە. جەناب ئەوەی ئارەقخۆر بێت ئەگەر لێرەش نەیخواتەوە لە شوێنی دیکە دەیخواتەوە. بێجگە لە ڕۆژانی نەورۆز خەڵکی سەیرانی دیکە دەکەن ودەشخۆنەوە. جەناب ئەوانەی دەچن بۆ نەورۆز هەر هەموویان ئارەق ناخۆنەوە, بە ڵکە گەلێکیان موسڵمان و خاوەن باوەڕن و لە کاتی نوێژدا ڕوو لە خوا نوێژی خۆیان دەکەن. دوای ئەوە ئاگر کردنەوە حەرام نییە. لە ماڵەوە بۆ چیشت و خۆ گەرم کردنەوە ئاگر دەکەینەوە. ئەوانەی بە زستان لە دەشتودەر دەمێننەوە ئاگر دەکەنەوەو مەشخەڵی دەچێتە ئاسمان. ئەگەر ئێوە دژی کاری ناشەرعین, ئەوا چەندان کاری ناڕەوای پێچەوانەی شەرع و ئایین دەکرێ بۆچی بۆ ئەوانە نقەتان نایە, بۆچی وا بە کۆمەڵ دژی مووچەبڕینی خەڵک ناوەستن؟ بۆچی بەرانبەر ئەو هەموو دزی و تالانییەی بەڕۆژی ڕووناک دەکرێ هەڵوێستێکی موسڵمانانەتان نییە. جەنابینە نازانن ( الساکت عن الحق شیطان أخرس ). بۆ ناهێلن لە نێو ئەو هەموو نەهامەتی و قوڕبەسەرییە دا ئەو خەڵکە کڵۆڵە بایەکی باڵی خۆی بدا و چەند سەعاتێک بە خەم بەبا کردن بباتە سەر. کاری زۆر لەوە لە پێشینەتر هەیە بیکەن، بەڵام پێم وایە ناوێرن توخنی بکەون. جەنابینە خەڵک چاوەڕوانی هەڵوێستی جوانترتان لێ دەکا. پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: ( من رأى منکم منکرا فلیقومه بیدە, وإن لم یستطع فبلسانە, وإن لم یستطع فبقلبە وهو أضعف الإیمان ).

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies