رێباز مام شۆرش: مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ عێراقدا هیوایه‌كی نوێ یان بەرژەوەندییەکی نوێ.

هەمووان باوه‌ڕمان وایه‌، هێشتا مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ عێراقدا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و خه‌ریكه‌ بیرده‌برێته‌وه‌، كه‌ بۆ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌، ئه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود و هاوبیره‌كانی ده‌ستیان پێكرد و درێژه‌یان پێدا، پێویسته‌ ریفۆرم بكرێ و به‌رده‌وام بێت، نەک بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و بنەماڵەیی.
چونکە:
1- ئه‌گه‌ر جوڵه‌ی رێكخراو هه‌بێت، ساڵانی داهاتوو كورد ده‌توانێت ده‌رفه‌ت دروست بكا، ئه‌گه‌ر نا، كوردی باشور لە عێراق به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌بێت به‌ژێر ده‌ست و پێی تایه‌فه‌ و میلیشیاوه‌، و جوگرافیاكه‌ی له‌ده‌ست ده‌دا، و جیاوازیی و مافه‌ بنچینه‌ییه‌كانی بیر ئه‌چێته‌وه‌. و له‌ نه‌بوونی یه‌كخستنێكی هاوبه‌شدا، كاریگه‌ریی به‌جیهانیبوون و هه‌ژموونی ده‌ره‌كی زۆر بێره‌حمانه‌تر تانوپۆی دیمۆگرافیا و ئامانجه‌ سیاسییه‌كانی كورد داده‌ڕنێت. ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە جوڵەی سەرکردەکانی کورد، بەتایبەت ئەوانەی زۆربەی جومگەکانی هەرێمیان لایە.
2- گه‌لێكی بێ ناسنامه‌، كه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی گه‌شه‌كردنی نه‌بێت، باشترین چاره‌سه‌ر بۆی ئه‌وه‌یه‌، په‌نا بۆ ناسنامه‌یه‌ك ببات كه‌ بیپارێزێت، و چیرۆكێك كه‌ كۆی بكاته‌وه‌. بۆ كورد له‌ عێراقدا وا باشتره،‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌رز رابگرێت. كوردی عێراق وه‌كو قه‌ومێكی بچوك ساڵ له‌ دوای ساڵ، پێگه‌ و ژماره‌ی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌ عێراقدا بچوكتر ئه‌‌بێته‌وه.‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ هێز حوكم ئه‌كات، ئه‌گه‌ر كورد ناسنامه‌یه‌كی جیاكه‌ره‌وه‌ی نه‌بێت، ناتوانێت بوونی خۆی بۆ درێژخایه‌ن زه‌مانه‌ت بكات.
لێره‌وه‌، گرنگه‌ ناسنامه‌یه‌كی نوێی كوردی له‌ عێراقدا به‌رجه‌سته‌ بكرێت.
لە دوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، دوور کەوتنەوەی سەدر و کێشمەکانی دوای سەدر کە قۆناغێکی تر دێتە پێشەوە، کە چاوەروانی ئاڵنگاریی جیاواز دەکرێت لە داهاتووی عێراق، بەرنامەی ئێمەی کورد و سەرکرەکان چیە، بەوانەی لە حکومەت و دەرەوەی حکومەت، خوێندنەوەو تێروانینیان بۆ مەترسی و پەرژەندییەکانی کورد چیە، لە ناو خۆ ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.
3- ئه‌گه‌ر كورد به‌شێك له‌‌ ده‌وڵه‌تێكی فره‌ ناسنامه‌ بێت وه‌ك به‌لجیكا، و لایه‌نه‌كان له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا هێزی چه‌كداریان نه‌بێت، گه‌نده‌ڵی كه‌م بێت، و یاسا سه‌روه‌ر بێت، ئه‌وا ره‌نگه‌ كورد بتوانێت واز له‌ ناسنامه‌ی خۆی بهێنێت و بیر له‌ عێراقی بوون، یان ناسنامه‌یه‌كی گشتی بكاته‌وه‌‌. به‌ڵام كه‌ عێراق خۆی ده‌وڵه‌تێكی بێ ناسنامه‌ی به‌زۆر دروستكراوی شكستخواردوو بێت، ریسكێكی ستراتیجییه‌، كوردبون بخرێته‌ به‌رده‌ستی عێراق.
4- بۆ ناوه‌ندمه‌ودا، چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ كورد له‌عێراقدا په‌یوه‌ست ئه‌بێت به‌ دروستكردنی‌‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كاریزمی. كه‌سێك بتوانێت هه‌موو كوردستانی عێراق وه‌كو یه‌ك ببینێت، كۆی بكاته‌وه‌، و هه‌وڵ بۆ پێشخستی بدات. و‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌، پێویسته‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی دروستكردنی میلله‌تدا. جیلی پێشووتر، كه‌ ئاگاداری مێژووی خۆیان و دروستكه‌ری مێژووی كورد بوون، یان كۆچیی دواییان كرد، یان ئیعتباریان نه‌ما. و به‌هۆی جیاوازیی قۆناغه‌كان و فاكته‌ری تر، نه‌یاتوانی جیاوازییه‌كان تێپه‌ڕێنن، گه‌ل دروست بكه‌ن، و به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجی هاوبه‌شیان بده‌نێ. به‌ڵام ئێستا كاتی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغانه‌یه‌.
٥. مه‌سه‌له‌ی كورد، هیوایه‌كی نوێی پێویسته‌. ئه‌زمون ده‌ریخست كه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ناوی دیموكراسی، ناتوانێت گه‌ل و سه‌ركرده‌ی راسته‌قینه‌ له‌ كوردستاندا دروست بكا و، ناتوانێت تایبه‌تمه‌ندی و جیازاییه‌كانی كورد له‌ عێراقدا بپارێزێت. دروستكردنی سه‌ركرده، و گواستنه‌وه‌ی كاراییه‌كه‌ی به‌ سود وه‌رگرتن له‌ ئه‌فسانه‌ی هاوبه‌ش، بۆ یه‌كخستنی گه‌ل و سوپا و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی گشتیی، تاكه‌ رێبازه‌، كه‌ كوردی عێراق له‌ هیوای ئاینده‌یه‌كی باشتر، نزیك بكاته‌وه‌.
نەک ئەوەی هەرکەسە بۆ حیزب و بەرژەوەندی خۆی، میللەت بکرێتە داردەستی تورکی و قەتەریی سونی و ناوچەیی.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies