بەهرۆز جەعفەر: جۆ بایدن و سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەرچەرخان لە سیستەمی نوێی هەرێمایەتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردانێک، کە نریکەی مانگێکە بە سەدان ناوەندی توێژینەوەو میدیاو بیرکەرەوەی ستراتیجی لەم جیهانەدا خۆیان بۆ مەڵاسداوە. ئەتوانم گەواهیدەری ئەوەبم کە چەندین خوێندکاری دکتۆراو ماستەر لە بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا توێژینەوەکانیان تەواو کردووە، بەڵام پێشکەشی ناکەن؟ چونکە ئەم سەردانە ڕێبازی زۆربەی ڕووداوەکان ئەگۆڕێت و ڕەنگە میتۆدەکانی نوسین و دەرەنجامی تێزەکانی ئەوانیش هەڵبگێڕێتەوە.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا “جۆ بایدن” دوێنێ شەممە (9 ی تەمموز 2022) تەنها حەفتاو دوو کاتژمێر بەر لە دەست پێکردنی گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل ئینجا سعودییە، وتارێکی بۆ واشنگتۆن پۆست نوسیوە بەناونیشانی ” بۆچی ئەچم بۆ سعودییە Why I’m Going to Saudi Arabia”. لە هەمان کاتدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل “یائیر لابید” لە کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ تیمی حکومەت وتویەتی ” بایدن بە فڕۆکەیەکی ئێمە لە ئیسرائیلەوە ئەچێت بۆ سعودییە”. ئەوە یەکەمجارە سەرۆکێکی ئەمریکا بە فڕۆکەی ئیسرائیلی بەرەو وڵاتێکی عەرەبی بڕوات.
بایدن، لە سەرەتای وتارەکەیدا نوسیویەتی ” گەشت دەکەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی دەست بە لاپەڕەیەکی نوێ و بەڵێندەرتر لە هاوبەشی ئەمریکا لەوێ بکەم. ئەم گەشتە لە کاتێکی گرنگدایە بۆ ناوچەکەو بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا بەرەوپێش دەبات.
هەروەها بایدن ڕاشکاوانە ئەڵێت: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستێکی پارێزراوتر و یه‌كگرتووتر له‌ زۆر رووه‌وه‌ سوودی بۆ ئه‌مریكییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. ڕێڕەوی ئاوەکانی زۆر گرنگن بۆ بازرگانی جیهانی و ئەو زنجیرە دابینکردنانەی کە پشتیان پێ دەبەستین. سەرچاوە وزەییەکانی زۆر گرنگن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەسەر دابینکردنی جیهانی.
لە وتارەکەیدا، بایدن بانگەشەی ئەوە ئەکات کە ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی سەردانی دەکات” سەقامگیرتر و ئاسایشترە لەوەی کە ئیدارەی من 18 مانگ لەمەوبەر بە میرات بۆم ماوەتەوە. بۆیە ئەنوسێت؛ مانگێک پێش دەستبەکاربوونم، باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا ڕووبەڕووی گەورەترین هێرشی موشەکی بووەوە لە ماوەی دە ساڵدا. هێرشەکان بۆ سەر سەرباز و دیپلۆماتکارانمان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو چوار هێندە زیادی کردبوو. بایدن بە ئاماژەدان بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت، ئەڵێت: سەرۆکی پێشوو چەندین جار فەرمانی بە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی بی – 52 داوە کە لە ئەمریکاوە بفڕن بۆ ناوچەکە و دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئەو هێرشانە ڕابگرن. بەڵام سەری نەگرت، هێرشەکان بەردەوام بوون.
هەر لە سەرەتاوە، کۆشکی سپی لە پەیامەکەیاندا سەردانەکەیان بۆ “ڕۆژئاوای ئاسیا” ناوبرد. بە ڕوانین و تێگەیشتن لەو وتار و پۆڵەسی پەیپەرانەی کە لەم ماوەیەدا لەناوەندە جیهانییەکان لەسەر سەردانەکە نوسراون، هەروەها ناوەڕۆکی وتارەکەی بایدن، دەرئەکەوێت ویلایەتە یەکگرتوەکان چوار مەبەستی جیۆسیاسی و ئابوریی و ئەمنی و ستراتیجی گرنگی هەیە کە لەم سەردانەدا بیپێکێت:
یەکەم/ ڕێگرتن لە هەژموونی ئابوری و ئەمنی ڕووسیاو چین لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی سعودییە کە ساڵانە تا دێت بە ژمارەی گەورە،گەورە چەک لە ڕووسیا ئەکڕێت و، مامەڵەی نەوتیی زیاتریش لەگەڵ چین دا ئەکات.
دووەم/ چەسپاندن و مۆرلێدانی پەیمان یان پرۆژەی ئەبراهام، کە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل بو سەرەتا لەگەڵ ئیمارات، دواتر لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان، ئێستاش سعودییە.
سێهەم/ نرخی نەوت و پاراستنی ئاسایشی ووزەی جیهانی. هەمیشە (بەرزی و نزمی نرخ) کاریگەری لەسەر ئاسایشی ووزە دائەنات. ئەم ڕۆژگارەی دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیاو ئۆکراین، بە جۆرێک نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە ئەمریکا بەرزکردۆتەوە، کە هاونیشتیمانییە ئەمریکییەکان لەوپەڕی شەکەتیدان، هەڵاوسانی ئابوریی بە جۆرێکه لە ئەمریکا کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سعودییە بە تایبەتی کە ڕۆژانە 11 ملیۆن بەرهەم ئەهێنێت، لە توانایاندایە بڕێکی زیاتر بخەنە بازاڕەوەو نرخی نەوت لەوە زیاتر بەرز نەبێتەوە.
چوارەم/ بایدن لەم سەردانەیدا، ڕاشکاوانەو ڕووبەڕوو گفتوگۆ و چارەسەرییەکان ئەخاتە ڕوو بۆ پرسی یەمەن و دەست وەردانەکانی ئێران لەتەواوی ناوچەکەدا. ئەگەرچی بایدن لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند، بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچی یەوە سیاسەتەکەی توند ئەبێت لەگەڵ سعودییەدا، وە بۆ ئێران نەرمتر ئەبێت. لە چوارچێوەی ئەم گەشتەیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی ناوخۆیی بووەتەوە، ئەگەرچی ئەو ئەڵێت لەسەرپرسی مافی مرۆڤ و داکۆکی لە ئازادییەکان هەر سوورم.
ئەم سەردانە دەری ئەخات، کە ئیدارەی بایدن نزیکتر ئەبێتەوە لە سعودییەو زەنگی کۆتاییش بۆ ئێران لێ ئەدات لە بارەی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەستوەردانەکانی لەناوچەکەدا.
جۆ بایدن، جگە لەسەردانیکردنی ئیسرائیل و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و سعودییەو کۆبونەوە فەرمییەکان، هاوکات بەشداری لە دوو کۆنفڕانس و لوتکەی گرنگدا ئەکات: لەگەڵ ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بەشداری گفتوگۆکان ئەکات کە ئەمجارەیان لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە عێراق و ئوردون و میسر و ئیسرائیلیش تیایدا ئامادە ئەبن. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر بایدن بەشداری لوتکەی I2U2 virtual summit ئەکات کە لە نێوان هەر چوار وڵات؛ هیندستان، ویلایەتە یەکگرتوەکان، ئیماراتی عەرەبی، ئیسرائیلدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە ئەچێت.
سەردانەکەی بایدن لە (13 بۆ 16 ی تەمموزی 2022) ئەخایەنێت، تا بڵێی گرنگ و فرەمانا و سەرەتایەکی چارەنوسساز ئەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا. ئێمەش لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS خۆمان بۆی مەڵاسداوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت