لەتیف ئەمین: لە تەباشیرەوە بۆ تەکنەلۆژیا.

تەکنەلۆژیا بە هەموو ئامێر و ئامرازەکانییەوە, شۆڕشێک بوو, مرۆڤایەتى لە قۆناغێکەوە گواستەوە بۆ قۆناغێکى تر, گۆڕانکارییەکى ڕیشەیی و بنەڕەتى لە ژیانى مرۆڤ دروست کرد. بەتایبەت تۆڕى ئینتەرنێت, مرۆڤى ئێستاى لە لۆکاڵیبوونەوە کرد بە مرۆڤێکى جیهانى. دەکرێ بڵێین, ئینتەرنێت هەسارەیەکى سەربەخۆیە لەناو هەسارەى زەوى. ڕۆژانە بە دەیان و سەدان هەزار بەکارهێنەرى زیاد دەبێت, لەهەمان کاتدا بەهۆى مردن و هۆکارى جیاوە, لێیشى کەم دەبێت. دواى ئەوەى مرۆڤایەتى سەردەم و قۆناغى ڕاو و شکار و قۆناغى کشتوکاڵى و دواتر شۆڕشى پیشەسازیشى تێپەڕاند, ئێستا لەسەردەمى ژیرى دەستکرد و بایۆتەکنەلۆژیادا دەژیت. ئەمڕۆ شەڕ و کێبڕکێى نێوان وڵاتانى جیهان بەهۆى تەکنەلۆژیاى زانیارى و ئەلیکترۆنیاتەوەیە. ئەمڕۆ سەرکەوتن و مانەوە بۆ بەهێزەکان نییە, بەڵکو بۆ زیرەکەکانە. مرۆڤى ئەمڕۆ, مرۆڤى دیجیتاڵى و مرۆڤى بەردەم شاشەکانە. تەنانەت وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ئێستادا بیر لە ژیانى دواى مرۆڤایەتى دەکەنەوە (ما بعدالبشریة), لەڕێگاى ژیرى دەستکردەوە. گومانى تێدانییە, تەکنەلۆژیا ڕووبەرێکى فراوانى لە ژیانى هەموومان داگیر کردووە, لەڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونى و ئابوورى و سیاسی و زانستییەوە, کاریگەری دیار و بەرچاوى بەسەر ژیان و بیرکردنەوەمان هەیە. ئامێرەکانى تەکنەلۆژیا لە هەموو ماڵێک و لە هەموو دەزگا و ئۆفیس و سەنتەر و قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانە و فڕۆکەخانە و تەنانەت لە گیرفانى هەموو کەسێکدا هەیە. تەکنەلۆژیا بەجۆرێک هەموومانى بەخۆیەوە پەیوەست کردووە, بووەتە بەشێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانى ڕۆژانەمان. ئەستەمە کۆمەڵگەیەک یان وڵاتێک هەبێ لەئێستادا دوور و دابڕاو بێت لە تەکنەلۆژیا. ئەمڕۆ مرۆڤایەتى بەهۆى پێشکەوتنەکانى تەکنەلۆژیاوە, پەى بە زۆرێک لە نهێنییەکانى گەردوون بردووە. لە قوولایی دەریاکانەوە تا بۆشایی ئاسمان و ڕووى مانگ و مەریخ, دەستى مرۆڤیان گەیشتووەتێ.
لەگەل داهێنانى ئامرازەکانى تەکنەلۆژیا, چەمکەکانى حکومەتى ئەلیکترۆنى و خوێندنى ئەلیکترۆنى و دراوى ئەلیکترۆنى و بازاڕى ئەلیکترۆنى و ڕۆژنامە و گۆڤارى ئەلیکترۆنى و یارى ئەلیکترۆنیش هاتنە کایەوە.
قسەمان لەسەر ئەو هەموو داهێنان و دۆزینەوە و پێشکەوتنە خێرا و سەرسوڕهێنەرانە نییە لە بوارەکانى پیشەسازى و پزیشکى و کشتوکاڵى و …هتد, کە بەهۆى تەکنەلۆژیاى سەردەمەوە مرۆڤایەتى سوودیان لێ دەبینێت. ئەوەى مەبەستى ئێمەیە, قسەکردنە سەبارەت بە هۆشیارى و ڕۆشنبیرى بەکارهێنانى ئامێرەکانى تەکنەلۆژیا. بایەخ و گرنگى تەکنەلۆژیا بۆ سەرجەم مرۆڤایەتى بێسنوورە. بەڵام ئەوەمان لەیاد نەچێ, لە ئەگەرى نەبوونى هۆشیارى بەکارهێنانى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان, تووشى زۆر کێشەى کۆمەڵایەتى و یاسایى و ئابوورى و تەندروستى و زانستى دەبینەوە.
ئەگەر بە ڕەهایی نەڵێین, بە دەگمەن ماڵێک هەبێ لە کۆمەڵگەکەى خۆمان تۆڕى ئینتەرنێتى نەبێ, یان منداڵێک کە هێشتا لە قۆناغەکانى سەرەتاى خوێندنى بنەڕەتی بێت و مۆبایلى زیرەک یان ئایپادى نەبێ. ئەوەى مایەى سەرنجە, ئەوەیە ئەو ئامێرانە لەلاى تاکى کورد و لەناو خێزانەکاندا تا چ ڕادەیەک سوودیان لێ وەرگیراوە؟ چۆن و بۆچى بەکاردەهێنرێن؟ ئایا بۆ خۆپێگەیاندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ڕۆشنبیرى و مەعریفى, یان تەنها بۆ یاریکردن و کات بەسەربردن و خۆسەرقاڵکردن و پڕکردنەوەى کاتە بەتاڵەکان بەکار دەهێنرێن؟
بۆ ئەم مەبەستە نموونەیەک لە واقیعى کۆمەڵگەکەى خۆمان باس دەکەین.
لە مانگەکانى کۆتایی ساڵى(2019)دواى ئەوەى هەواڵى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا دنیاى تەنى, ڕۆژبەڕۆژ ڤایرۆسەکە لە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەى زیاتردا بوو, سنوورى هەموو وڵاتانى دنیاى بڕى و لە دەرگا و دەروازەى هیچ شار و وڵاتێک نەوەستا و گەیشتە لاى ئێمەش. رێژەى تووشبوون و گیان لەدەستدان بەم ڤایرۆسە ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵکشاندا بوو. بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و بەرگرتن لە تەشەنەسەندنى زیاترى ڤایرۆسەکە, حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارى قەدەغەى هاتووچۆ و داخستنى دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن و زانکۆکانى دا. لەبەرامبەردا, بڕیار درا خوێندنى ئەلیکترۆنى وەکو جێگرەوەیەک بۆ خوێندنى ناو پۆل پەیڕەو بکرێت. ئەمەش بڕیارێکى ناچارى بوو, دەبوو سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن پێیەوە پابەند بن. بۆ هەر قوتابییەک ئەکاونتێکى تایبەت دروستکرا. بەهەمان شێوە بۆ مامۆستایانیش, بەهۆى ئەم ئەکاونتەوە کە هەر یەکە و کۆد و وشەى نهێنى تایبەت بە خۆى هەبوو. قوتابى لە ڕێگەى وێبسایتێکەوە(www.ewane.krd) کە سەرجەم وانە و بابەت و پرۆگرامى پۆلەکان بە دەنگوڕەنگ و نووسراو, تێیدا تۆمارکرابوو, دەیتوانى سەیرى وانەکانى بکات. لە هەمان کاتدا مامۆستایانیش دەیانتوانى چاودێرى قوتابییەکانیان بکەن و لە پەیوەندیدابن لەگەڵیان. بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانیش ئەکاونتى تایبەتى خۆیان بە کۆد و وشەى نهێنییەوە هەبوو و دەیانتوانى چاودێرى ڕێژەى بەشدارى قوتابییان و مامۆستایان بکەن. دواتر ئەم سیستەمە بۆ خوێندن, بوو بە ئیلزامى و دەبوو هەموو ناوەندەکانى خوێندن و قوتابییان پێیەوە پابەندبن. ئێمە کە لەناو ئەم بارودۆخەدا بووین و بە بەردەوامى چاودێرى و بەدواداچوونمان بۆ ڕێژەى بەشدارى قوتابییان دەکرد لەم سیستەمە, دەمانبینى ڕێژەیەکى کەم لە قوتابییان بەشدارییان دەکرد و سەیرى وانەکانیان دەکرد. ڕێژەى بەشدارى و پابەندبوونى قوتابییان زۆر لاواز بوو. هەندێکجار لە هەفتەیەکدا(0%)بوو.
ڕاستە خوێندنى ئەلیکترۆنى هەرگیز شوێنى خوێندنى ناو پۆل ناگرێتەوە, چونکە لەپاڵ خوێندن و لایەنى زانستى و فێرکارى, منداڵ پێویستى بەوەیە لەڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونى و جەستەییشەوە پەروەردە بکرێت. وەک نووسەر(ڕێبوار سیوەیلى) لە کتێبى(مرۆڤ و ئینتەرنێت)دا دەڵێت: ((پەروەردەیەکى پشتبەستوو بە ئامێر, مرۆڤێکى ئامێرى و میکانیکیت بۆ دروست دەکات)). بەڵام ئەو بڕیارە, هەنگاو و چارەسەرێکى کاتى بوو بۆ تێپەڕاندنى مەترسییەکى گەورە و گشتى, کە بەرۆکى مرۆڤایەتى گرتبوو.
من نامەوێ لێرەدا بەدرێژى باسى خوێندنى ئەلیکترۆنى و لایەنە باش و خراپەکانى بکەم، بەڵام لەمەوە بۆمان دەرکەوت, هۆشیارى بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلاى تاکى کورد زۆر لاوازە. لەلاى زۆرینەى خێزانى کورد, زۆر ئاساییە ئەگەر منداڵێکى تەمەن چوار یان پێنج ساڵ, ڕۆژانە چەندین کاتژمێر خەریکى یاریکردن بێت بە مۆبایل. هەرزەکارێکى کچ یان کوڕ, ئازادە لەوەى چۆن مۆبایلە تایبەتەکەى خۆى کە لەوانەیە هێلى ئینتەرنێتى بێسنووریشى هەبێت, بەکار بێنێت و هیچ سانسۆر و چاودێریشى لەسەر نەبێت لەلایەن خێزانەکەیەوە. بەڵام بۆ مەبەستى زانستى و فێربوون و خۆپێگەیاندن و گەشەپێدان بەلایەنى هزر و هۆشیارى و ڕۆشنبیرى, دەیان بیانوو دێننەوە.
خووگرتن بە بەکارهێنانى ئینتەرنێت, چ لەلایەن منداڵ و هەرزەکاران بێت یان گەنج و گەورەکان, بەکارهێنانیشى بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان بێت, یان بۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان, ڕۆژانە و بە بەردەوامى بۆ کاتێکى زۆر, واى لێدێت ئەو منداڵە, یان ئەو هەرزەکارە پێیەوە ئالوودە بێت و ناتوانێت لێى دوور کەوێتەوە. دواجار زیان و کاریگەرییە خراپەکانى لەسەر ئاکار و ڕەفتاری ڕەنگ دەداتەوە, وەک لاساییکردنەوەى پاڵەوانى نێو یارییەکان و شەڕانگێزى و شلەژانى دەروونى و گۆشەگیرى و کێشە تەندروستییەکان و لاوازبوونى ئاستى زانستى و تێکەڵکردنى ژیانى واقیعى لەگەل خەیاڵ و جیهانى پڕ لە میتافۆرى نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و یارییە ئەلیکترۆنییەکان. زۆر کێشەى دیکەش.
تەنها بە هەبوونى ئامێرێکى ئەلیکترۆنى, وەک مۆبایل یان ئایپادێک و بەکارهێنانى چەندین کاتژمێر لە ڕۆژێکدا, بێ گوێدانە زیانە تەندرووستی و ئابوورى و زانستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانى, نابیت بە مرۆڤێکى مۆدێرن و پێشکەوتوو. ڕەنگە باشترین و پێشکەوتووترین ئامێرى تەکنەلۆژى و ئەلیکترۆنیت هەبێت, بەڵام بەهۆى ناهۆشیارى و نەزانین و ناشارەزایی لە بەکارهێنانى, ببێتە مایەى کێشە و سەرئێشە بۆت. کاتێک باشترین و نوێترین مۆبایلى زیرەک و خێراترین و بەهێزترین هێلى ئینتەرنێتت هەبێت, بەڵام کە بەهۆیەوە شتێک بۆ سەر خەرمانى زانیارى و ڕۆشنبیرى و مەعریفى خۆت پێ زیاد نەکەى, تۆ نەک هەر مرۆڤیکى مۆدێرن نیت, بەڵکو هێشتا قۆناغى تەختەڕەش و تەباشیرت تێنەپەڕاندووە، هێشتا مرۆڤە کۆن و کلاسیکەکەی جارانی. دواجار دەبیت بە ئامرازێک و دیلێک بەدەست کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و جگە لە بەکارهێنەرێک و گەرمکەرى بازاڕى ئەلیکترۆنیات, هیچى تر نیت.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies