muhamad-genawi

دکتۆر محه‌مه‌د ئه‌مین گه‌ناوی‌  :  كێ‌ ئازاده‌ ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌مێژوی بیری سیاسیی‌و خه‌باتی مرۆڤایه‌تیدا ، هیچ وشه‌و زاراوه‌و دروشمێك، ئه‌وه‌نده‌ی وته‌ی ئازادیی نه‌وتراوه‌ و نه‌خوێنراوه‌ته‌وه‌ ، هه‌میشه‌ ئازادیی به‌ مانا گشتییه‌كه‌ی ، ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ مرۆڤ ئازاد بێت له‌و شتانه‌ی كه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م ئه‌و شتانه‌ی كه‌ مرۆڤ ئاره‌زویان ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سنوره‌دا كه‌ بیرو سلوك ‌و مه‌زاجی تاك ، بڕی ده‌كات له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ، بڕی ( دوری ) ئه‌م بیرو سلوك‌و مه‌زاجه‌ ، په‌یوه‌ندیی به‌ئاستی شارستانی فه‌رهه‌نگی‌‌و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه ‌.

تا ئاستی هۆشیاری‌‌و فه‌رهه‌نگیی كۆمه‌ڵ‌ باڵاتر بێت ، ئه‌وا بڕی بیرو ئه‌ندێشه‌و مه‌زاج‌و سلوك فراوانتر ده‌بێت‌و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌سكتر ده‌بێت .

هه‌میشه‌ گرفتی پیاده‌كردنی ئازادیی چ له‌سه‌ر ئاستی تاك ، فه‌رهه‌نگی‌و سیاسیی ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ بڕی ، یان دوریی بیری ئازادیی زیاتر بوه‌ له‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ واقیعی سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگی‌‌و شارستانی سنوری بۆ داناوه‌ ، له‌واقیعدا بڕی ( دوری) بیری ئازادیی بوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ جوڵێنه‌ری تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌ بوه‌ كه‌ به‌ درێژایی مێژو مرۆڤی له‌قۆناغێكه‌وه‌ گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی دیكه‌ ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیری ئازادیی ته‌نیا له‌ سنورو مه‌ودای ئه‌وه‌دا مابایه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵات‌و شارستانی‌و فه‌رهه‌نگ سنوری بۆ كێشاوه ‌، زیاتر بڕی نه‌كردایه‌و دورتر له‌م سنورانه‌ نه‌ڕۆشتبایه ‌، ئه‌وا هه‌رگیز كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی نه‌ده‌گه‌ی ئه‌م قۆناغه‌ مێژوییه‌ی ئه‌مڕۆمان ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بڕو مه‌وداو ده‌ركی ئازادیی هاوڕا نه‌بوایه‌ به‌ به‌رپرسیاریه‌تی ، به‌تایبه‌تی له‌دوای ده‌ورانی رێنیسانس‌و مێژوی نوێدا ، ئه‌وا نه‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ گه‌شه‌ی دیموكراسی‌و شارستانی نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئاستی ئه‌مڕۆ .

ئازادیی ، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ژیانه ‌، پێوه‌ری سه‌ره‌كیشه‌ بۆ فۆرمی ژیان‌و شادی‌‌و خۆشگوزه‌رانی‌ هه‌ر تاك‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، چونكه‌ له‌ئازادییدا ده‌توانرێت راستی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌و هه‌روه‌ها یاسا‌و ده‌ستوری مرۆڤدۆستانه‌ به‌رقه‌رار بێت .

له‌هه‌ر شوێنێك یاسا‌و ده‌ستور له‌گه‌ڵ‌ ئازادیی بونیان هه‌بو ، ئه‌وا ئه‌و شوێنه‌ جێگه‌ی دروستبونی كۆمه‌ڵگه‌ی دادپه‌روه‌رو ته‌ندروسته‌ ، له‌هه‌ر شوێنێكیش یاسا‌و ده‌ستور به‌بێ‌ ئازادیی هه‌بون ، ئه‌وا ئه‌و شوێنه‌ به‌ره‌و سته‌مكاری‌‌و نادادپه‌روه‌ری ده‌ڕوات ، بۆ ئه‌مه‌ ده‌توانین رژێمی نازی‌‌و رژێمه‌ به‌ناو كۆمۆنیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م‌و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانی دیكه‌ی وڵاتانی دنیای سـێ‌ ، له‌وانه‌ رژێمی به‌عس به‌نمونه‌ بهێنینه‌وه ‌.

ئازادیی ، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ مافێكی سروشتییه‌ بۆ هه‌ر مرۆڤێك ، هه‌روه‌ها پێویسته‌ كێشه‌ بۆ گه‌شه‌ی دادپه‌روه‌ری ، ئابوری ، فه‌رهه‌نگی ، كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ‌ گه‌شه‌ی كارگێڕی‌‌و رێكخستن ، بۆیه‌ هه‌ر گروپ‌و حیزب‌و رێكخراوێك ، له‌وپه‌ڕی چه‌پ تا ئه‌وپه‌ڕی راست ، له‌وپه‌ڕی ئاینیی تا ئه‌وپه‌ڕی عیلمانی ، بانگه‌شه‌ بۆ ئازادیی ده‌كات ، هه‌ر ئایدیا‌و بیرو ئایدۆلۆجییه‌ك به‌گوێره‌ی جیهانبینی خۆی پێناسه‌ی ئازادیی كردوه‌و ده‌كات ، هه‌روه‌ها هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانیش له‌مێژوی كۆن‌و تازه‌دا ، به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی‌‌و دنیابینیی خۆیان ، سنوری ئازادییان دیاری كردوه‌ چ له‌سه‌ر ئاستی ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابوری‌و فه‌ردی .

تێگه‌یشتنی ( مفهوم ) ی ئازادیی‌و مانای ئازادیی به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی جیاوازه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و فه‌رهه‌نگ ‌و شارستانییه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ئاستی ئاگایی ، پێشكه‌وتنی ئابوری‌‌و زانستی‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه ‌.

بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا ، به‌ ئازادیی داده‌نرێت‌و خه‌باتی بۆ ده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی ، ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌ردی ، له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌فریقی ، رۆژئاوایی ، یان ئاسیایی هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ ئازادیی دابنرێت ، ئه‌و ماناو تێگه‌یشتنه‌و گرنگییه‌ی نییه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ، یان گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، یان كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامیی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی .

داوای ئازادیی هه‌میشه‌ تایبه‌ت بوه‌ به‌و كه‌س‌و گروپ‌و چین‌و هه‌تا گه‌لانه‌ی كه‌ له‌به‌ده‌ستهێنانی ئازادییدا رێگرییان لـێ‌ ده‌كرێت‌و كراوه ‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بونی ئازادیی بۆ كه‌س‌و چین‌و گروپێك بوه‌و بۆ ئه‌وانی دیكه‌ نه‌بوه‌ ، واته‌ ئازادیی بوه‌ته‌ ئیمتیاز بۆ گروپێك ، كه‌سێك یان گه‌لێك‌و به‌ وته‌ی رۆزا لۆگزمبۆرگ ، هه‌ر كاتێك ئازادیی بو به‌ ئیمتیاز له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ، ئه‌وا ئازادیی له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا نییه ‌، هه‌تا له‌كۆمه‌ڵگه‌ مۆدێرنه‌كانی ئه‌مڕۆماندا كه‌ به‌ یاسا‌و ده‌ستور ئازادیی سیاسیی‌و فه‌رهه‌نگی‌و هه‌تا دینی‌و فه‌ردی فه‌راهه‌م كراوه‌ ، به‌ڵام ئازادیی له‌بواری ئابوریدا بوه‌ته‌ ئیمتیاز ، واته‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌بواری ئابوریدا باڵاده‌ستن ، ئازادیی زیاتریان هه‌یه‌ بۆ پیاده‌كردنی ئاره‌زو خولیاكانیان له‌چاو ئه‌وانه‌دا كه‌ له‌بواری ئابوریدا بێده‌سه‌ڵاتن ، یان هه‌ژارن .

ئه‌مه‌ لێره‌دا ، ئه‌م پرسیاره‌ دروست ده‌كات ، ئیتر كـێ‌ بڕیار ده‌دات كه‌ پێناسه‌ی ئازادیی‌و سنوری ئازادیی چییه‌و له‌كوێیه‌ ؟! بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌توانین بڵێین ، ئه‌مڕۆ دو ستانده‌ر بۆ پێناسه‌و سنوری ئازادیی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ( global) و میللی ( national ) ، مه‌به‌ست له‌ئاستی جیهانی هه‌مو ئه‌و بڕیارو پێناسه‌و جاڕنامه‌ ناو نه‌ته‌وه‌ییانه‌یه‌ كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان‌و رێكخراوه‌كانی دیكه‌ی جیهاندا هاتوه‌ ، وه‌كو جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ كه‌ له‌وێدا مافه‌كانی مرۆڤ‌و ئازادییه‌كانی مرۆڤ پێناسه‌و شرۆڤه‌ كراوه ‌.

له‌سه‌ر ئاستی میللی ، یان حكوماتی میللی (national states) له‌هه‌ر وڵاتێك ، به‌پێی ئاستی فه‌رهه‌نگ‌و شارستانی‌‌و پێشكه‌وتنی ئابوری‌‌و بازاڕ ئازادیی پێناسه‌ی میللی كراوه‌و سنوری بۆ دانراوه‌ .

به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ، هه‌ر شتێك پێناسه‌ی بۆ كرا، ئه‌وا فۆرم‌و یاسا‌و سنوریشی بۆ داده‌نرێت ، بۆ نمونه‌ له‌پێناسه‌ی ته‌وه‌ری ئه‌ستێره‌كان‌و مانگ‌و خۆر سنورو مه‌ودای ئه‌وان دیاری ده‌كرێت ، هه‌روه‌ها له‌ كۆچ‌و جوڵه‌ی باڵنده‌كان سنوری هێڵی كۆچ‌و جوڵه‌ دیاری ده‌كرێت ، به‌هه‌مان جۆریش له‌ پێناسه‌ی جوڵه‌ی ئه‌لكترۆنه‌كانی گه‌ردیله‌ ماوه‌و سنوریان دیاری ده‌كرێت ، به‌هه‌مان جۆریش له‌ كۆمه‌ڵناسی‌‌و زانستی سیاسییدا كه‌ پێناسه‌ی ئازادیی ده‌كرێت ، سنوریشی بۆداده‌نرێت كه‌ تا چ مه‌ودایه‌ك ئازادیی بڕ ده‌كات‌و بڕی ، یان مه‌ودای ئازادییش هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا ، به‌نده‌ به‌چه‌نده‌ها فاكتۆر، ماناو تێگه‌یشتنی ئازادیی له‌بواره‌ جیاجیاكانی ژیاندا ، هه‌م مادی هه‌م مه‌عنه‌وی‌و هه‌میشه‌ پێناسه‌‌و سنوری جیاوازی هه‌بوه‌و هه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ژیانی هاوچه‌رخی ئه‌مڕۆدا ئه‌م پێناسه‌و ستانده‌ره‌ بۆ ئازادیی هه‌یه‌ كه‌ له‌عیلمانیه‌تی رۆژئاوادا ماناو تێگه‌یشتنی هه‌یه‌ كه‌ له‌م چوار خاڵه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت :

1 – ئازادیی خاوه‌ندارێتی .

2 – ئازادیی بیروباوه‌ڕ .

3 – ئازادیی راده‌ربڕین .

4 – ئازادیی فه‌ردی .

بێگومان ئه‌م چوار خاڵه‌ش ، ئه‌مڕۆ پایه‌ی هه‌ر سیستمێكی دیموكراسین له‌ رۆژئاواو وڵاتانی دیكه‌ی دیموكرات له‌جیهاندا ، به‌ڵام هه‌روه‌كو له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌مان پێدا ، هه‌ركاتێك كه‌ باس له‌ ئازادیی ده‌كه‌ین ، مه‌به‌ست له‌ ئازادییه‌كی به‌رپرسیارانه‌یه‌‌و به‌دڵنیاییش هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌دنیادا داوی ئازادیی ده‌كه‌ن ، مه‌به‌ستیان له‌ ئازادییه‌كی به‌رپرسیارانه‌یه ‌، بۆ نمونه‌ له‌هه‌ر شوێنێك كه‌ داوای ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ گروپێك ، خه‌ڵكی ئازاد بێت كه‌ڵك له‌ دارستانێك ، یان روبارێك ، یان كه‌ناری ده‌ریایه‌ك ، یان شوێنێكی دیاریكراو وه‌ربگرێت ، هه‌رگیز مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك ئازاد بێت داری دارستان ببڕنه‌وه ‌، یان روبار، ده‌ریا ، یان شوێنێكی دیاریكراوی وه‌ك هاوینه‌هه‌وار خراپ به‌كاربهێنن كه‌ ژینگه‌كه‌ی له‌ناوبه‌رن ، یان كه‌ باسی ئازادیی خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێت ، مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كه‌سێك بچێت ئاوی روبارێك ده‌ست به‌سه‌ردا بگرێت به‌بێ‌ هیچ به‌رامبه‌رێك ، پاشانیش ئاوی روباره‌كه‌ بۆ قازانج‌و كه‌ڵكی خۆی به‌خه‌ڵك بفرۆشێت .

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ ماناو تێگه‌یشتن‌و هه‌ستكردن به‌ ئازادیی ، له‌سه‌ر ئاستی فه‌رد ( تاك ) ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ چه‌ندێك له‌ زاتی خۆیدا ئازاده‌ به‌شێوه‌یه‌كی راست‌و واقیعانه‌ دور له‌كاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ر‌و ژینگه‌ی سیاسیی‌و ئابوری .

به‌هه‌مان جۆر ئازادییه‌كانی دیكه‌ ده‌شێت‌و ده‌بێت ئیجتیهادی مه‌سئولانه‌و مه‌نتیقییانه‌ی بۆ بكرێت تا له‌زه‌مینه‌ی واقیعدا قابیلـی قبوڵ‌‌و پیاده‌كردن بێت ، هه‌ركاتێك ئیراده‌و ویستی ئازادیی له‌هه‌ر بوارێكدا بو به‌پێویست ‌و ئامراز له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵ‌ یان تاك ، ئه‌وا ئازادیی بۆخۆی موماره‌سه‌كردنی مه‌نتیقی زه‌روری بگێڕێت ، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ له‌ فۆرمی ناڕه‌زایی بون ، یاخی بون ، هه‌تا شۆڕش خۆی ده‌بینێته‌وه ‌، هه‌ر كاتێك مرۆڤ له‌ویژدان‌و روح‌و عه‌قڵدا هه‌ست به‌پێویستی ئازادیی نه‌كات‌و هه‌روه‌ها هه‌ست به‌ئارامی‌‌و ئازادیی نه‌كات ، ئه‌وا نه‌ ده‌توانێت ئازادیی به‌ده‌ستبهێنێت‌و نه‌ له‌واقیعدا به‌ راستی هه‌ست به‌ئازادیی ده‌كات‌و به‌ وته‌ی گۆته ‌: هیچ كه‌س له‌وانه‌ زۆرتر بێهیواتر و به‌نده‌تر نییه‌ كه‌ به‌درۆ ( ساخته ‌) باوه‌ڕیان وایه‌ كه‌ ئازادن .

ئه‌م گوته‌یه‌ی گۆته ‌، پرسیارگه‌لێك دروست ده‌كات له‌سه‌ر هه‌ر تاك‌و گروپێك كه‌ ئایا هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ به‌ راستی ئازاده‌ ؟‌ و كـێ‌‌و له‌كوێ‌‌و له‌چ حاڵه‌تێكدا ته‌زاهور به‌ئازاد بونه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌نده‌بون دابپۆشرێت ، ئایا به‌ راست هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ به‌پله‌ی جیاواز به‌نده‌ین به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانین ؟.

بونی ئازادیی ، هه‌ستكردن‌و ئاگادایی ئازادییه‌وه‌ موماره‌سه‌كردنی ئازادیی له‌هه‌مو بواره‌كانی ژیاندا ، په‌یوه‌ندیی به‌ئاستی فه‌رهه‌نگی‌‌و هۆشیاریی‌و شارستانی هه‌ر تاك‌و كۆمه‌ڵ‌‌و گه‌لێكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوری ‌.

ئه‌و پرسیارگه‌له‌ی كه‌ له‌ وته‌ی گۆته‌وه‌ دروست ده‌بێت ، زیاتر په‌یوه‌ندیی به‌دنیای تاكه‌وه‌ ( individual ) هه‌یه‌ ، یان گروپی بچوك ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ كۆمه‌ڵگه‌و گه‌لێكه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئازاده‌ ، یان نا ، ناتوانرێت ته‌زاهوری پێوه‌ بكرێت ، بۆ نمونه‌ گه‌لی كورد ئازاده‌ یان ، نا ، ناتوانرێت به‌درۆ ( ساخته‌ ) بڵێین كه‌ ئازادیین ، مادام ناتوانین كیانی سیاسیی‌و ده‌وڵه‌تی میللی (national) مان هه‌بێت‌و هه‌روه‌ها هه‌ر گه‌لێكی دیكه‌ وه‌كو كورد كه‌ له‌قۆناغی خه‌باتی رزگاریخوازیدان ، چونكه‌ كه‌ نه‌توانین سه‌رداری میللییان هه‌بێت‌و قه‌واره‌ی سیاسیی خۆمان هه‌بێت ، ئه‌وا بێگومان ئازاد نین .

بۆیه‌ گوته‌كه‌ی گۆته‌ ، زیاتر ئاڕاسته‌ی تاك ده‌كرێت‌و هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ ئازادیی‌‌و نائازادیی تاكیشه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ، كام كۆمه‌ڵگه‌یه‌ تا چ ئاستێك ئازاده‌، یان نا .

به‌ڵام ، كام تاك‌و له‌چ حاڵه‌تێكدا به‌درۆ ئازاده‌ ؟ بۆ ئه‌مه‌و گوته‌كه‌ی گۆته ‌، ده‌توانرێت زۆر فراوانتر شیكردنه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ بكرێت ، به‌ڵام من پێم وایه‌ ، هه‌ركه‌سێك له‌هه‌ر شوێن‌و ئاست‌و حاڵه‌تێكدا بێت ، چه‌نده‌ راستی‌‌و ویژدان‌و قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی بكات ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئازادیی دور ده‌كه‌وێته‌وه‌و له‌به‌رده‌ بون نزیك ده‌بێته‌وه‌‌و بۆ ئه‌مه‌ش نمونه‌ زۆره‌ ، بۆ نمونه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی ، ئابوری ، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و پله‌وپایه‌ پـێ‌ له‌سه‌ر راستی‌‌و ویژدانی خۆیاندا ده‌نێن له‌و ده‌وروبه‌ره‌ی تێیدان ، ئه‌وه‌نده‌ ئازادییان هه‌بێت ، تا بتوانن موماره‌سه‌ی ئاره‌زو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن ، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م درۆ له‌گه‌ڵ‌ ویژدانی خۆیان ده‌كه‌ن‌و هه‌م له‌گه‌ڵ‌ ده‌وروبه‌ریان ، بۆیه‌ گۆته‌ راستی فه‌رموه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ به‌رده‌ كراون ، دوباره‌ بۆ پرسیاری ئه‌مه‌ كـێ‌ ئازاده ‌؟ ده‌توانین بڵێین ، ئازادیی راسته‌قینه‌ لای ئه‌وانه‌یه ، یان ئه‌وانه‌ ئازادن كه‌ كردارو گفتارو هه‌ڵوێستیان له‌گه‌ڵ‌ ویژدان‌و راستیدایه‌ ، به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی ناتوانێت جێگه‌ی ئازادییان بگرێته‌وه‌ ، واته‌ له‌گه‌ڵ‌ ویژدان‌و هه‌ق‌و راستیدا راستن‌و پرسیاری ئه‌مه‌ش كێ‌‌و چۆن ئازاد ده‌بێت ، بابه‌تێكی دیكه‌یه‌و وه‌ڵامی دیكه‌ی هه‌یه‌ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت