دەربارەی شیعرە نامۆکەی پەشێو بۆ بارزانی! بەشی یەکەم.
محمەمەد هەریری:
مرۆڤ کە باسی دەکرێت، دەبێت ئەوەی کە باسی دەکات زۆر لەوە وریاتر و بلیمەتتر بێت، کە نەجێت دەقێکی کۆنی، یان ئاکارێکی کۆنی، هەڵوێستێکی کۆنی پێش چل سالێك بهێنێتەوە لە حازردا پێی بفرۆشێتەوە!
مرۆڤ لە گۆڕانە، خەڵکانێك هەن ئێستا من دەیانناسم بەر لە دوو دەیە شیعر و هۆنراوەیان بۆ توندڕەوی دەچڕی، ئێستا ڕەخنەگرێکی سەرسەختی تیرۆریزم و توندڕەوییە. دەبێت من لەبەر نوسینێکی پێش 20 ساڵی تۆمەتباری کەم بە تونذڕەوی؟!
با دوور نەڕۆم خۆم باس بکەم، منیش ستایشی توندڕەوانم کردوە لە سەردەمانێك کە خۆم هێشتا لەناو ژینگەو بیری توندڕەوی دابووم. ئێستا هەموو ژیانم تەرخان کردووە دژی توندڕەوی دینی و غەیری دینیش. دەکرێت کەسێك نوسینێکی پێش 20 ساڵیم بهێنێتەوە لە ستایشی مەلا کرێکار یان شێخی موجاهیدینی عەرەب و عەجەم عبدالله العزام، تا بیسەلمێنێ من توندڕەوم یا تیرۆرست بووم؟!
من پێموایە هەتا پێغەمبەری مەککە، زۆر جیاوازە لە پێغەمبەری مەدینە! سەعید نەوروسی خۆی دوو قۆناغی ناوزەد کردوە لە ژیانیدا، سەعیدی کۆن و سەعیدی نوێ! عبداللە القصیمي لە شێخێکی توندڕەوی سەلەفی دڕ بۆ گەورەترین ڕەخنەگر لە خودی دین!
دەبێت بەو پێوەرە زانستییە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بکەین، دەنا کەس ڕزگاری نابێت لە ڕەخنە کاڵ و کرچەکان. لە پۆستێکی فەیسبوکی برادەرێکدا، کە دەزانم حەماسەت پاڵی پێوەنا بوو، نەك وەك لێکۆڵەرێکی گەڕاو بە دوای ڕاستی. ئەو شیعرەم دیت بەناوی عەبدوڵلا پەشێو بلاویکردبوەوە:
لهم ڕۆژانه، ئازیزهکهم
خۆشهویستی گیانی برسیم
زۆر به تاسه و پهرۆشهوه
هات لێی پرسیم
ووتی . . گهربڵێم پهیکهرێ
داتاشه بۆکوردپهروهرێ
بۆکێی دهکهی؟
منیش ووتم . .
کوردستانم له زهمینی تا ئاسمانی
تێیدا نییه دڵسۆزتر بێ له بارزانی
گوایە ئەو شیعرە هی عەبدوڵلا پەشێوە، بەداخەوە زۆر بێ ڕێزیشی بە شاعیری مەزنی نەتەوەکەمان کردبوو، بێ ئەوەی دڵنیا بێت ئەو شیعرە هی ئەوە یان هی ئەو نییە؟ کەی گووتراوە دوێنێ یان بەر لە چل پەنجا ساڵ!؟ بۆ بارزانی مستەفا گوتراوە یان بۆ بارزانی مەسعود یان ئیدریش؟!
جارێ لە چەندین وتاری پارتیەکانم دیت ئەوان دەڵێن ئەو شیعرە عبدالله پەشێو بۆ مستەفا بارزانی گوتوە. یانی هێشتا ئەو پارتیانە بە ویژدانترن دەزانن ئەگەر پەشێو شیعرەکەشی گووتبێت ئەوە بە دڵنیایەوە بۆ مەسعود و ئیدریس بارزانی نەگووتوە، باسی نێچیریش هەر ناکرێت! دەی کاکە پۆستیش دەکەیت کەمێك بە ویژدان، هەرنەبێ بە قەد ویژدانی پارتیەکان ویژدانت بێ!
بەڕای من ئەگەر ئەو شێعرە ڕاستیش بوایە پەشێو بۆ مستەفا بارزانیشی گووتبێت، من هێشتا هیچ نەنگیەکی تێدا نابینم، شاعیرێك بەر لە چل، پەنجا ساڵێك شیعری بۆ مەلا مستەفا گووتبێت، کە تاکوتەرا نەبێت، کەس نەبوو مەلا مستەفای خۆش نەوێت ئەو کات و سەردەمە، دەبێت چ نەنگییەك بێت؟!
ئەوەتە شێرکۆ بێکەسیش ئەو شیعرەی بۆ مستەفا بارزانی گوتوە، و بەر لە کۆچی دوایشی لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ گووتی بەڵی من گوتوومە لێشی پەشیمان نیم.
خۆشمان ئهوێی
بهقهد ڕقی شمشێری ناوچاوی ئهوان
خۆشمان ئهوێی
به قهد کینهی گولهتۆپ و
کوێره بۆمبای فڕۆکهیان . . خۆشمان ئهوێی
بهقهد ناڵهی تهقینهوهی (تی، ئێن، تی) ناو
جانتاکانیان . . خۆشمان ئهوێی
بهقهد داوی پیلانی ژێر
مێزهر و جبهی پێداویان
خۆشمان ئهوێی
ئهمانهوێی
وهک گوله بۆچهکهکانمان ئهمانهوێی
وهک چهک بۆ پێشمهرگهکانمان
ئهمانهوێی
وهک باران بۆ کێڵگهکانمان
ئهمانهوێی
ههربۆمهرگ نامهنهوێی
ئهی بارزانی
ئینجا دوێنێ شەو کە دەربارەی ئەو شیعرەی پەشێو پرسیارم کرد لێی، دڵنیای کردمەوە کە ئەوە شیعری ئەو نییە، شیعرەکانی ئەو لەناو دوو بەرگی دیوانەکانیەتی بەس. من تەحەدای هەر کەسێك دەکەم ئەو شیعرە لە سەرچاوەیەكی ڕێزدار بدۆزنەوە، بە تایبەتی لە دیوانەکانی پەشێو.
زۆر شتێکی ناشیرینە لەسەر سەدان شیعری دژی گەندەڵی وبراکوژی ومیری دزان بازدەین، تا باسی شیعرێکی کەس نەناسی بێ ناسنامە بکەیت. بۆ دەبێت ئێمەی کورد هەڵپەی ئەوەمان بێت هیچ جوانیەکمان نەهێڵینەوە، ئەخر کورد بوونیان لێکردوینەتە زەقنەبووت، مەگەر مرۆڤ سەبارەت بە بوونی عبدالله پەشێو، دڵی بە کوردبوونی خۆش بێت.
سەرنج: بەشی دووەمی ئەو وتارە دەربارەی شیعری [لە دەستم دێ] ی پەشێوە، کە فێمنستەکان هەرایان لەسەر نایەوە. جاوەڕوانبن