دەوڵەتێكی بێ گەل وگەلێكی بێ دەوڵەت ! عیراق وەك دۆزەخی جیاوازی : جەمال حسین & توانا ئەحمەد ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاشەكشەی سوپای ئەمریكا، زیاتر لە روخانی بەعس ئەمرۆ عێراقیەكانی روبەڕوی ئەو راستیە مێژوییە كردۆتەوە، كەعێراق دەوڵەتێكی بێ گەلە، نیشتیمانێكی بێ هاونیشتیمانیە، لەبری ئەوەی ئینتیمای خاك هەموانی بەیەكەوە بەستبێتەوە، واقیعێكی مێژویی سەپێندراوە‌و بەناچاری لە ناو سنورەكەیدا هەموانی كۆكردۆتەوە. لەدروستكردنی دەوڵەتی عێراقەوە تا روخانی بەعس، بەردەوام دەزگای دەوڵەت لەكاردابوە بەشێوەیەكی سیستیماتیك و بەرنامەیەكی سیاسی قەبەوە، گەلی عێراق وەكو راستیەكی كۆمەڵایەتی بگۆڕێ بەراستیەكی سیاسی، لەكۆتایشدا هەموان لەقاڵبی شوناسی عەرەبی سونیدا بتوێنێتەوە. یەكەم پاشای عێراقیش لەبیرەوەریەكانیدا ئەم راستیەی دركاندوە، واتا لەبری ئەوەی دەوڵەت لەعیراقدا فۆرمێك بێت بۆ رێكخستنی جوڵەو گوزارشتی جۆربەجۆری هێزو پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكانی، دەزگایەكی ستەمكارانەی سڕینەوەو چەپاندنی ئەو جیاوازیانە بووە، بۆیە دوای نزیكەی سەدەیەك ئەم دەزگایە جگە لەخوێن و گۆڕی بەكۆمەڵ و جینۆساید، حەكایەتێكی تری بۆ كورد و شیعە تێدانەبوو، كۆتایی هاتنیشی لەساڵی 2003 وە بۆ سونەكان بووە سەرەتای گرێكوێرەی بێ بەشبوون. لەسەردەمی دواین سەرۆكی قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی فاشی بەعسەوە، ئەم پرۆژەیە بە توندترین شێوە و زۆرترین توانای مادی و سەخترین ئامرازەكانی خراوەتە كارەوەو گەیشتۆتە لوتكەی توندوتیژی و بەكاربردنی هێزی ئاگرو ئاسن و چەكی كیمیاوی. بەم پێیە لەسادەترین لێكدانەوەدا پرۆژەی بەعێراقی كردنی كۆمەڵگای عێراق هیچ نەبو جگە لەوەی هەمو ئەوانەی عەرەب نین تەعریب بكرێن و شیعەش بەسەختی لەشوناسی مەزهەبی خۆیان روتبكرێنەوە، یان لانیكەم بچەپێنرێن و مافی بونی سروشتی خۆیان زەوت بكرێت.

دەركەوتنی دیموكراسیەتی سازان (توافق)ی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دوای كەوتنی بەعس، وەكو گەرمترین و بەكاربراوترین زاراوەی سیاسی لەمێژووی ئەم وڵاتەدا، چەند دەربری نەسازان و بەیەكەوە هەڵنەكردنی مێژوی كۆمەڵگای عێراقی بوە لەرابردودا، هێندەش ئاماژەیە بۆ ترسی هەمولایەك لەپێكهاتەكەی تر، دەربڕییە لەو بێ متمانەییە كوشندەیەی كەهەموان هەیانە بەرامبەر هەموان. واتا روخانی بەعس چەند سەرەتایەكە بۆ كەوتنی كۆت و پێوەندی پێكهاتە جیاجیاكانی عیراق و ئازاد بونیان، ئەوەندەش ئاماژەیە بۆ دەسكرانەوەیان بەرامبەر یەكتر و لەقاڵبدانی ئەوەی تر بەزنجیرەكانی دیموكراسی و سازانی سیاسیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی دوای روخانی بەعس هیچی بۆ عێراقیەكان نەسەلماندبێ، ئەوەی یەكلاكردۆتەوە كە پرۆسەی قۆرغكردنی دەسەڵات و تاكرەوی لە بەرێوەبردنی دەوڵەت، بۆكەس ناچێتەسەر، بەدیوەكەی تریشیاندا ئەوەشی ساغكردۆتەوە هیچ لایەك ناتوانێ دەسبەرداری ئەویتر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی. نەكورد بێ جۆرێك لە رێكەوتن و رەزامەندی دەتوانێ مادەی 140 جێبەجێبكات بۆ یەكلاكردنەوەی شوێنە جێ ناكۆكەكان، نە شیعە بێ بەشداری سونە دەتوانێ حوكمڕانی بەسەر كۆی عێراقدا بكات، نەسوننە بەدەر لەمەیلی شیعە هێزی ئەوەی هەیە تەنانەت بە ئاسودەیی فەرمانرەوای هەرێمی خۆیشی بكات. نەخشەی سیاسی عێراق ئەمرۆ تەعبیرێكی سیاسی راستەقینەیە لە ئاڵۆزی سروشتی پێكهاتەكەی، چۆن لە ئاستی كۆمەڵایەتیەوە ئەم وڵاتە لەزیاد لەنەتەوەو مەزهەب و ئاینێك پێكهاتوە، بەهەمان شێوەش ئاستە سیاسیەكەیشی، وەكو سەرخانی ئەم واقیعە ئاڵۆزو تێكەڵاوە، هەرلایە شوناسێكی سیاسی هەڵگرتوەو دەیەوێت زاڵیبكات بەسەر جومگەكانی پاشماوەی ئەم دەوڵەتەدا.

بەڵام هەرچۆنێك بێت، بەغدا شوێنی بەریەككەوتنی هەمو ئەو هێزانەیە كەبایی ئەوە عیراقین دەربری لە ویستی ئەوان بكات. بێگومان یاریكردن لەدۆخێكی ئاوادا، نەك بۆ كورد، بەڵكو بۆ شیعەش كەزۆرینەیە نە ئاسانە، نە دەشتواندرێت دەستبەرداری ببێ. بەتایبەت كەهەڵبژاردنی ترت لەبەردەستدا نەبێ و نەتوانی لەبری كارتی بەغدا، كارتێكی تر بەكاربێنی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە ستراتیژیەكان، كەبێگومان لەسەروی هەمویانە بۆ كورد لەم قۆناغەدا شوێنە جێناكۆكەكانە. لەدوای ململانێی نوسینەوەی دەستور و شەری چەسپاندنی برێك لەمافەكانمان، ئەمرۆ كوردستان لە قۆناغێكی تازەی روبەروبونەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا، بەتایبەت لە نێوان سەرۆك وەزیرانەكەی و سەرۆكی هەرێم. تاكار گەیشتوە بەوەی ئەگەری كۆبونەوەو سازان لەنێوان ئەم دو جەمسەرەی سیاسەتكردن لەعێراقدا، لانی كەم بەپێی ئەو ئاماژانەی تائێستا لەئارادان، لاواز یان كاڵ بن، بەرادەیەك دەتوانین بڵێین كۆتایی قەیرانەكەی ئێستاش گەر بەكۆبونەوەو جۆرێك لەچارەسەریش بگات، سەرەتای قەیرانێكی ترە. ئاشكراترین دەربرینی سیاسیش بۆ ئەم قەیرانە، بەیانەكەی سەرۆك كۆماری عیراقە، كەتیایدا جگە لەوشیاریدان بە مەترسی باردودۆخەكە، هەمو لایەك ئاگادار دەكاتەوە لەو مەترسیانەی بەرێوەن و كەرەنگە هەندێكیان پێشبینی نەكراو بن و بەرپرسیاری مێژویی مەترسیداریشی لێ بكەوێـتەوە. خراپترین تێگەیشتنیش بۆ ئەم دۆخە ئەوەیە كە پێكهاتەیەك هەبێت لە عێراقدا، بەكوردیشەوە پێی وابێت بەردەوام ئەگەری باشتر بەرێوەیەو هەمیشە داهاتو گەشترەو ئاڵۆزی كەمترە بەتایبەتی لەم قۆناغەدا كەدەتوانین بەجەنگی هەموان دژی هەموان ناوی بەرین ئەگەری بڕوایەكی وا خۆشبینانە هەیە؟.

سەرەتایترین داخوازی كورد لەدەوڵەتی عیراق ئەوەیە كەلەدەزگایەكی سەركوتكەرەوە ببێتە دامەزراوەیەك كەرێگە بەتاقیكردنەوەی هێزو پێگەی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكانی بدات و بەكردەوە شوناسی فرەیی و جیاوازیەكان وەربگرێت، بەتایبەتی لەڕوی نەتەوەییەوە، ئەم داوایە لەسەرجەم ئەو گرێبەستە سیاسیانەی عیراقی تازەی لەسەر بونیادنراوە بەرجەستەكراوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع بەو ئەندازەیە رەنگی نەداوەتەوە متمانەی ئەوە بەكورد بدات بێ دوو دڵی لەم قۆناغەدا بێ گرفتی بونیادی لەچوارچێوەی عیراقدا بمێنێتەوە، لەسەر ئاستی عەمەلی و ژیانی رۆژانەی نێوان هەرێم و بەغداش رۆژ بەرۆژ كێشەو قەیرانەكان زیاتر كەڵەكە دەبن، ژینگەی سیاسی ئیقلیمیش نەك لەبەرژوەندی پێكەوە هەڵكردنی ناكۆكی و جیاوازیەكان نییە، بەڵكو فاكتەرێكی گرنگی دابەشبوونە، بۆیە ئەم تێروانینە لەروی ستراتیژیەوە كورت بینانەیە، خاوەنی دنیابینیەكی سیاسی رون نییە لەسەر لێكەوتەی ئەم قەیرانە بەسەر بەرژەوەندیە كوردستانیەكان لەسەروی هەموشیانەوە ناوچە جێناكۆكەكان كەهەمیشە تاقیكردنەوەیەكی سیاسی و ئەخلاقیشن بەسەر هەرێمی كورستانەوە، ئەمە جیا لەوەی دیارنیە دوای ئەم ناكۆكی و بەریەكەوتنانە، نەخشەی سیاسی عێراق چۆن جارێكی تر هێز تیایدا دابەش دەبێتەوە. بەتایبەت كە دوای گەشتنی دۆخی ململانێی بەهاری عەرەبی بە سوریا، ناكۆكیە هەرێمیەكان زیاتر هەڵكشاون و چونەتە ئاستێك كە ئەگەری گەرانەوەی بۆ دۆخێكی هێمنتر لەمەودای نزیكدا لەئارادا نییە، جگە لەمەش گۆڕانكاریەكانی جیهانی عەرەب كۆتایی بەسەردەمێك هێنا كەلەسەر دەستی كودەتاكەی جەمال عەبدولناسر لەمیسر دەستی پێكرد و تەواوی ناوچەكەی روبەروی كارەسات و نەهامەتی بێوێنە كردەوە، هەروا دۆزەخێكی بێرەحمی نەتەوەو پێكهاتە جیاوازەكانیش بوو. واتا لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریانە تەنیا چەند رژێمێكی دیكتاتۆر و خوێنرێژ لەناوچەكە ماڵئاوایی ناكەن .

بەڵكو خەیاڵێكی ناسیۆنالیسیتی توندرەویش ماڵئاوایی دەكات كەلەسەر سڕینەوەو لەنابردنی بەرامبەر و جیاوازیەكانی هەڵچنراوە، بەڵام هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر جێگرەوەی ئەم رژێم و خەیاڵە سیاسیە كەداخۆ چۆن بەرخورد لەگەڵ دنیا دەكات و تاچەند دەتوانێ لەچوارچێوەی یاری دیموكراسیدا لەگەڵ جیاوازیەكاندا هەڵبكات، وەئایا هەمان ئەو شەپۆلە ناسیۆنالیستە فاشیەی كە بەرپرسە لە تراژیدیاكانی ئەم ناوچەیە بەگشتی، جارێكی تر لە فۆرمێكی مەزهەبی وبەزمانێكی موقەدەسەوە ‌و بە توێكڵێكی ترەوە گروتیان نابەخشێتەوە بەهەمان سیاسەتی مێژویی؟ لە هەمو حاڵەتێكدا شوێندەستی راستەوخۆی ئەم گۆڕانكاریە بەسەر دۆخی سیاسی عێراقەوە دیارە و تەنانەت لەم ئاڵوگۆڕەشدا بەشێك لە گرەوی زلهێزە هەرێمیەكانیش لەسەر كوردستانە، گرەوێكی ئابوری و سیاسی و كولتوری. ئەوە جیا لەوەی وەك چۆن عێراق لە مێژودا دەوڵەتێكی بێ گەل بوە، بەهەمان شێوە كوردیش گەلێكی بێ دەوڵەت بوە، دروستكردنی دەوڵەتی كوردیش لەم دۆخە ئاڵۆزو كوڵاوەدا روداوێكی ستراتیژیە بۆ هەمو وڵاتانی ناوچەكە، دەسبردنە بۆ شوناس و بونیادی سیاسی و ئابوری ئەم ناوچەیە بەگشتی و بناغەكانی دروست بونی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەش بوە.

بۆیە قسەكردن لەبەدەوڵەت بوونی كورد، قسەكردن نییە لەسەر روداوێكی راگوزەر كەبێ دوبارە رێكخستنەوەی نەخشەی سیاسی و ستراتیژی ئیقلیمی تێپەڕێت، كەئێستا ناوچەی ئێمە تیایدا دەژیێت، ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕە لەلایەك لەمپەری هەرە گەورەی بەردەم پڕۆژەی دەوڵەتی كوردی كەوڵاتانی عەرەبین توشی سەرقاڵیەكی ناوخۆیی كردبێ و جۆرێك لەفەرامۆشی و خوێنساردی بەرامبەر جوڵەی كورد بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی رەخساندبێت، لەلایەكی ترەوە دەرگای یاریەكی تازەی بۆ توركیا كردۆتەوە كەنەك تەنیا لەعیراق، بەڵكو خەریكە لەبەشێكی هەرە زۆر و هەرە كاریگەری دنیای عەرەب دەیكاتە یاریكەرێكی خاوەن بڕیارو شوێندەست، بەتەنشت ئەمەشەوە خودی بەرئەنجامی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، كۆماری ئیسلامی كردۆتە كوتلەیەك لەچاو و گوێچكەی هەمیشە كراوە بەرامبەر بەگۆڕانكاری و روداوە خێراكانی ناوچەكە بەگشتی، واتا ئەگەر ئەم دۆخە تازەیە كەلەتونسەوە دەستی پێكرد بۆ خەونی نەتەوەیی كورد لایەكی شەڕگەی چۆل كردبێت، ئەوا لەلایەكی ترەوە سەنگەری تازەی بەڕوی ئەم خەونەوە لێداوە، سەرەڕای ئەم شیكاریەش ترسێكی تریش لەئارادایە كە چۆن ئێستا لەعێراقی عەرەبی پرۆژەی هەرێمیی هەردوك بەرەی شیعەو سونە بەزبری بەریەك دەكەوێـت، لەكوردستانیشدا ئەم بەریەككەوتنە لەفۆرمی جەنگی ساردیش بێت لەنێوان هێزە سیاسیەكانیدا بكەوێتەوە. كە ئەگەر لەوێ خوێن و كوشتن بەرهەم بێنێ، ئەوا دورنیە لێرە ناكۆكی و ململانێیەكی سەربار بخاتەوە، كە پەیوەندی بێرەوە نەبێت، تەنها لەروی زیانەوە نەبێ و لەكۆتایشدا دەرگا بەسەر ئەگەری دیكتاتۆریەت و فاشیزمی خەوتوی ناو خوێنی عیراقدا بكاتەوە لەعیراق بەگشتی كەجێبەپنجەی بەسەر كوردستانیەشەوە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا باسكردن لەسپاردنی دەست لەكار كێشانەوەكەی مام جەلال بەسەرۆكی هەرێم، هەوڵە بۆ رێگە گرتن لەو ئەگەرە مەترسیدارە، كەكوشندەترین ئەگەری گۆرەپانی سیاسی هەرێمە ، سەرباری لاوازكردنی پێگەی كورد لەهاوكێشەی سازانی عێراقیدا.

رەنگە كۆسپی گەورەش لەبەردەم كامڵبوونی زەمینەی بەدەوڵەتبوون دروست بكات، واتا باسكردن لەئەگەری دەستلەكاركێشانەوەی مام جەلال بەدیوێكدا چەند گوزارشتە لەیەكڕیزی كورد و گرنگی ئەم یەك ریزیە، بەدیوێكی تریشدا ئەوەندە دەبڕی ترسی مام جەلال-ە لەم دۆخە تازەیە كەخەریكە بەلێواری قەیرانێكی راستەقینە دەگات و هەموو ئەو پردو دەرگایانەش دادەخات كەپێكهاتەكانی عیراق بەیەك دەگەیەنێت، چونكە بەهیچ شێوەیەك كەوتنی زمانی گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغدا، یەكسان نییە بەزاڵبوونی ئەگەری بەدەوڵەت بوون، بۆیە لەم ساتەوەختە مەترسیدارەی عیراق و ناوچەكە، قسەكردن لەسەر دەوڵەتی كوردی، یان نابێ بكرێت، یان نابێ شەرمنانە بێت، بەتۆنێكی لاواز و بێ ئامادەكردنی پێش مەرجەكانی هەرەشەی پێبكرێت و هەوڵبدرێت وەكو كارتی فشار لەسەر پێكهاتەكانی عیراق بەكار ببرێت.

وەكو چۆن هیچ هێزو كەسێك مافی ئەوەی نییە بەم خەونە دێرینەی كورد هەرەشەبكات و وەكو حەرامێك بیخاتە سەرمێزی گفتوگۆوە، چونكە لەسادەترین لێكدانەوەدا پڕۆژەی دەوڵەتی كوردی لەم ساتەوەختەدا چەند پێویستی بەكردنەوەی تونێلی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، بگرە لەوەش زیاتر پێویستی بەو دەمارە ئابووریەشەوە هەیە كەلەبودجەی گشتی عیراقەوە دەگاتە هەرێم، سەرەڕای دەستگرتن بەم ژینگە بازرگانی و سەرمایەگوزاریەی دۆخی ئارامی كوردستان بەرهەمی هێناوە، چونكە ئەگەر ئەو ناكۆكی و ململانێ سیاسیەی نێوان ئێمەو عیراق بەتەڵاقی سیاسی و كەوتنی ئەو گرێبەستە كۆتایی بێت كەدەوڵەتی عیراقی تازەی لەسەر دروست بووە، ئەوا ئەگەری گڕگرتنی پەیوەندی كوردستانیش بەهێزە ئیقلیمیەكانی ترەوە چەندبارە دەبێتەوە، بۆیە دروستكردنی دەوڵەت، ئەو موقەدەسە نەتەوەیەیە كەدەبێت لەدەرەوەی ئەجێندای زمانەوانی و راگەیاندن و تاكتیكی سیاسیەوە بوەستێنرێت، لەبری ئەوە زەمینەسازی واقیعی ناوخۆیی و دیپلۆماسی دەرەكی و ئابوریانەی لەهەردوك ئاستەكەدا پێویستە

. لەئاستی ناوخۆ ئەوەی پێیدەوترێت ماڵی كوردی پێویستی بەرێكخستنەوەیەك و پێداچونەیەكی جدی هەیە، كەئامانج لێَی دروستكردنی متمانەو یەكریزیەك بێـت كەتوانای وەستانی هەبێـت بەرامبەر هەر فشارێك، لەئاستی حوكمڕانیدا پرۆسەی چاكسازی زیاتر قوڵبكرێتەوەو نەریتی دەوڵەتداری بەتەواوی بچەسپێنرێت، لەئاستی دبلۆماسیشدا زەمینەسازی و هەوڵێكی بەردەوام ونیشتیمانی پێویستە. ئەوە سەرباری ئەوەی كەئێمە پێمان وایە تائێستا هیچ ئاماژەیەكی بەهێزی تازە نە لەناوخۆی عێراق و نەلەئاستی هەرێم یان نێودەوڵەتی بونیان نییە كە ئەگەری دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لەم دۆخە ئاڵۆزەدا وەك دیفاكتۆیەكیش بسەلمێنن. بگرە برێك لەم ئاڵوگۆڕانەی رویانداوە، ئەو ململانێیانەشی كەلێی كەوتۆتەوە تا ئەندازەیەكی زۆر بە نەگەتیف كەوتونەتەوە بۆ سەر ئەم ئاواتە گشتیەمان. چونكە سیاسەت لەبناغەدا پرۆسەیەكی واقیعیەو توند بەستراوەتەوە بەتوانای هەڵسوران و بریاردان و ئیدارەدانی ئەو تەنگژانەوە كەدێنە پێشەوە. یەكێك لە ئامۆژگارییە هەرەباشەكانی ئەم سیاقە ئەوەیە میكاڤیلی لە كتێبی (المگارحات) پێشكەشی دەكات بەوەی شتێك كەنیازت هەیە بیكەیت، مەیڵێ و باسی مەكە، تا توانای كردنیت دێـتە دەست، ئەگینا بەپێچەوانەوە رەنگە بەوتنی لەبری ئەوەی لە ئامانجەكەت نزیك ببیتەوە، چەند هەنگاوێكی تر دوردەكەویەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت