رەزا شوان: حەزی خۆدەرخستن لە لای منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زانیاری و زانایانی دەروونناسی جەخت لەسەر دیاردەی (حەزی خۆدەرخستن) لە لای منداڵان دەکەن بۆ سەرنج راکێشانی کەسانی دەوروبەرەکەیان. حەزی خۆدەرخستنیش پێویستییەکی دەروونی رەمەکییە، جیاوازییەکی ئەوتۆشی نییە، لەگەڵ پێویستییە بایۆلۆژییە جەستەییەکانی وەکو، خـواردن و هـەوا و خواردنەوە و، لەگەڵ پێویستییە سۆزدارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو، خۆشەویستی و سۆز و ستایش و رێزگرتن.
ململانێی زاڵبوون و حەزی خۆدەرخستن و خۆنواندن و سەرکردەیی، لەگەڵ بوونی مرۆڤ لە گەردوون دا، بوونیان هەیە و هاودەمی مرۆڤ بوونە.. بەڵام چۆن مرۆڤەکان جیاوازن، حەزی خۆدەرخستن و خۆنواندنیش، لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر جیاوازی هەیە. هەریەکەش لە فاکتەرەکانی بۆمـاوە و پەروەردە کردن و ژینگەی کۆمەڵایەتی کارتێکردنیان لەسەر حەزی خۆدەرخستن هەیە.
ئەگەر هەریەکە لە ئێمە، بیروەرییەکانی رۆژانی منداڵیمان بە یادی خۆمان بهێنینەوە، بە دیاریکراویش لە پێـنج ساڵییەوە، کە میوانمان بهاتایە، لە بەرچاوی ئەو میوانانەمان، هەندێ چاڵاکی و جموجووڵی سەیر و سەمەرە و زەردەخەنەی ناسکمان ئەنجام دەدا و قسەی قوت و خۆشمان دەکرد، بەهرە و توناکانی خۆمان بۆ دەردەخستن، تا سەرنجی میوانەکانمان بە لای خۆمان دا رابکێشین.. بێگومان ئەم راستییە بەسەر هەموومان دا هاتووە.
منداڵان زیاتر لەگەورەکان، حەزی خۆدەرخستن و خۆنواندن و خۆبردنەپێشەوەیان هەیە. منداڵان حەز دەکەن کارێکی باش و سەیر بکەن و تواناکانی خۆیان دەربخەن، مەبەستیشیان لە خۆدەرخستن سەرنج راکێشانی کەس و کاریان و کەسانی ترن. بۆیە نابێت رێگرییان لێبکەن، با بەهرە و تواناکانی خۆیان دەربخەن و خۆیان بسەلمێنن، با ئەو حەز و نیازانەی کە هەیانە، لە دەروونیان دا نەپەنگێنەوە و گوشار نەخەنە سەر دەروونیان.
زۆرجار لە پۆل دا، کە مامۆستا پرسیارێک دەکات، ئەو قوتابیانەی کە دڵنان لە وەڵامی پرسیارەکە، زیاد دەستیان بەرزدەکەنەوە، رەنگە هەڵبسنە سەر پێشەوە، بۆ ئەوەی ئەوان وەڵامی پرسیارەکەی مامۆستاکەیان بدەنەوە. توانای خۆیان دەربخەن و ئافەرینی مامۆستاکەیان و سەرنجی هاوڕێکانیان بەدەستبهێنن. ئەمەش دڵخۆشیان پێدەبەخشێت.
تەنانەت یەکێک لە هۆکارەکانی درۆکردنیش لە لای منداڵان، بە تایبەتیش لە قۆناغی تەمەنی ساڵانی یەکەمی قوتابخانەی بنەڕەتی دا، دەگەڕێتەوە بۆ حەزی خۆدەرخستن و خۆهەڵنان و شانازی کردن لە نێوان هاوڕێکانیان دا. وەکو منداڵێک بڵێ، باوکم زۆر دەوڵەمەنده، خاوەن پارە و سامانێکی زۆر زۆرە. یا بڵێت باوک پیاوێکی ناسراوە و بەناوبانگە و خەڵکی لەبەری هەڵدەستن، یا وەها وەهایە.. تاد. بە شێوەیەک بە شان و باڵی باوکی دا هەڵدەدات، دەشێ لە راستییەوە دووربێت و ئەو ستایشە هەڵنەگرێت.

هەر (بۆ پێکەنین) حەزی خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشان لە نێوان دوو منداڵ دا:
منداڵێ یەکەم: باوکم هێندە دەوڵەمەند و پارەدارە، دەتوانێت شاری (لەندەن)ی پایتەختی ئینگلتەرا بکرێت.
منداڵی دووەم: دەسا بە باوکم دەڵێم، کە شاری (لەنـدەن) بە باوکت نەفرۆشێت.
بێگومان حەزی خۆدەرخستن لەلای منداڵان، دوو لایەنی یە، لایەنی ئەرێنی و لایەنی نەرێنی هەیە. دەشێ منداڵێک بەهـرە و هەموو توناکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی کارێکی باش و چاک و بەسوود و خێرخوازی دا بەکاربهێنێت، تا سەرنج و ئاوڕلێدانەوە و پێزانین و هاندانی کەس و کار و مامۆستاکەی و هاوڕێکانی بەدەستبهێنێت.. بەڵام ئەگەر بەو کارە باشەیان نەزانی و هیچ ستایشێکیان نەکرد و بە هەندیان نەزانی، رەنگە ئەو منداڵە بە پێچەوانەوە رەفتاربکات، کاری هەڵە و هەڵس و کەوتی نادروست بکات، یا لەوانەیە لە ماڵەوەدا شتێک بشکێنێت، بە ئەنقەست هەڵەیەک بکات، تا لە رێی ئەم رەفتار و هەڵانەیەوە، کەس و کاری ناچاربکات، ئاوڕێ لێبدنەوە و سەرنجی بدەنێ.
هۆکارێکی تری حەزی خۆدەرخستن لە لای منداڵان، حەزی سەرکردەیی و رابەری و پێشڕەوی و پێشەنگی هاوڕێکانیانن، دەیانەوێت کەسێتی خۆیان بنوێنن و، لەڕێ حەز و بەهرە و تونا و لێهاتووییانەوە، خۆیان دەربخەن، خۆیان بە شایستەی سەرکردەیی و پێشەنگی و رابەری و جیوازی بزانن.
سۆز و هەست و پەرۆش و خۆشەویسی و هاوبەستەبوونی منداڵان بۆ نیشتمانی جوان و شیرینیان، دەیانەوێت بۆ گوزارشتکردن و دەربڕینی ئەم هەست و پەرۆشییەیان، بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و راستییەوە، بە ئەوپەڕی گوڕ و توانایانەوە، کۆشش لە پێناوی خزمەتکردن و پێشکەوتنی نیشتمانەکەیان دا بکەن، لەو بوارەی کە بەهـرە و توانایان لێیداهەیە، تواناکانی خۆیان دەربخەن و رۆڵیان هەبێت.. حەزی خۆدەرخستنیش لەم بوارەدا، خۆدەرخستنێکی ئەرێنی و نیشتمانی یە. پێویستە هانی منداڵەکانمان بدەین بۆ گەشەپێدانی ئەم حەزە خۆدەرخستنە نەرێنییەیان، بە گەرمی و رێزەوە ستایشیان بکەین و ئافەرین و دەستخۆشییان لێبکەین، تا بزانن کە پێزانینمان بۆ دڵسۆزییان و بۆ رۆڵی نیشتمان پەروەری و بۆ هاوبەستەبوونیان هەیە.
بوارێکی تری حەزی خۆدەرخستنی منداڵان، ململانێ کێبڕکێیە لە گۆڕەپانی وەرزش دا، کە بە رووحێکی وەرزشییەوە هەوڵی بردنەوە دەدەن، یان ململانی لە بواری خوێندن دا بۆ بەدەستهێنانی نومرەی بەرز، کە هەموو منداڵێک حەز بە سەرکەوتن و بە یەکەم بوون دەکات، لێرەشدا حەزی خۆدەرخستن منداڵان ئەرێنی و بەسوودە، پێویستە گەشەی پێبکرێت. ئەگەر ململانێ نەبێت توانا و بەهرە و جیاوازییەکانیش دەرناکەون.
بەڵام گەر هاتوو حەزی خۆدەرخستن، لە خۆبایی بوون و لووتبەرزی و خۆهەڵکێشان و خۆپەرستی کەس نەویستی و چکۆسی (غیرەکردن) و بە کەمزانینی کەسانی تری لێبکەوێتەوە، ئەوا حەزێکی نەرێنییە و بە زیانی ئەو منداڵە و بە زیانی منداڵانی تریش دەشکێتەوە.. خۆ ئەگەر حەزی خۆدەرخستن ببێت بە خوویەکی نەرێنی و زیانبەخش لە لای منداڵ، دەبێتە نەخۆشییەکی دەروونی و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە. ئەگینا لە ئێستا و لە داهاتوودا، کاردانەوەیەکی خراپ و زیانبەخشی لە ژیانی ئەو منداڵەدا دەبێت، زیان بە کەسێتی خۆی و بە کاسانی تریش دەگەیەنێت.
وەکو لەسەرەوە باسمان کرد،ە حەزی خۆدەرخستن، حەزێکی رەمەکییە و لە منداڵییەوە لە مرۆڤ دا هەیە. خێزان و ئەو ژینگەیەی کە منداڵانی تێدا پەروەردەکرێن، گرنگییان لە بنیاتنانی کەسێتی منداڵان دا هەیە. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان، لەسەر بنەمای رەوشت دروستی و سوودبەخشی دا، حەزی خۆدەرخستن لە منداڵەکانیان دا بنیاتبنێن، بە ئاراستەیەکی راست و دروست دا ئاراستەیان بکەن، پێویستە بە شێوەیەکی هاوسەنگی منداڵەکانیان پەروەردە بکەن. نە ملکەچی هەموو خواست و ویستێکیان بن، نە لە هەموو شتێکیش بێبەشیان بکەن، نە بە شێوەیەکی رەها سەرپشکیان بکەن و لێیان نەپرسنەوە و ئازادیان بکەن چیدەکەن با بیکەن، نە سەرکوێر و سەرکوتیشیان بکەن.. چونکە لەوانەیە کار لە کەسێتیان بکات، تووشی ترسنۆکی و بڕوابەخۆنەبوون و گۆشەگیری و بێدەسەڵاتی و خەمۆکی ببن.. کەواتە باشترین و دروسترین شێوازی مامەڵەکردن و رەفتارکردن لەگەڵ منداڵەکانتان دا، ئەوەیە کە میانڕەوبن لەگەڵیان دا و لە هەموو روویەکەوە هاوسەنگیان رابگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت