عەتا قەرەداخی: لە 2016ى پڕ لە قەیرانەوە بۆ هەڵهاتنی رۆژێکی نوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر مرۆڤ لە کۆتایی هەر ساڵیکدا وێستێک بکات و سەرنجێک بەرەو دواوە بدات بە تایبەتی لەو ساڵەى کە تێپەڕیووە، ئەوا دەشێ جۆرێک لەبەراوردکردن لە نێوان ئەو ساڵەو ساڵانی پێشتردا بکات. لەم رووەوە کەلتوورى کوردى رستەیەکی باو و ئاشنا بە گوێی هەموومانی تێدایە کە ئەویش دەڵێت: هەموو ساڵێک خۆزگەمان بە پار”. بێگومان ئەو هۆکارەى لە پشتی درووستبوونی ئەم دەربڕینەوەیە، ئەوەیە کە مرۆڤ لە هەر چرکە ساتێکدا رابووەستێـت و سەیرێکی ئێستای بکات و بەراوردى بکا بە رابردووى، بڕوا بەوە دەهێنێت کە رابردووى لە ئێستاى باشتربووە. هەرچەندە مەرج نیە ئەم لێکدانەوەو بەراوردکردنە راست بێت یان لە جێگاى خۆیدا بێت. بەڵام ئاشکرایە بەو ئەندازەى کە مرۆڤ دەڕوانێتە ئایندەو ئومێدى لەسەر هەڵدەچنێت، بەهەمان شێوە مرۆڤ مەیلی بە پیرۆز سەیرکردنی رابردووى هەیەو بەردەوام وەکو رابردووى لەدەستچوو یان تەنانەت وەکو بەهەشتی لە دسەتچوو سەیرى دەکات، هەروەکو جۆن میلتۆنی شاعیرى نابیناى ئینگلیز چۆن باسی ئەو رابردووە دەکات کە لە دەستیچووەو بە بەهەشت ناوى دەبات.
ئەوە ئاشکرایە مێژووى کورد لێوان لێوە لە رووداو، بەڵام رووداوگەلێک کە ئەوانی تر بەسەر کورددا سەپاندوویانەو ئەوەش ئەگەر کارەسات نەبووبێت ئەوا نزیک لە کارەسات بووە. لە کاتێکدا رووداو بە گوێرەى هەر کۆمەڵگە یان گەل و نەتەوەیەک کاتێک بایەخدارو بەرهەمهێنە کە بریتی بێت لە رووداوى گواستنەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی باشتر، واتە رووداوێک کە دابڕانی ئەرێنی بێت لەگەڵ پیشتردا، کە ئەویش رووداوێکە گۆڕڕنکارى ریشەیی دەکات لە بوون و ئامادەبوون و مێژووى ئەو پێکهاتەیەدا. لەبارێکی وەهاشدا رووداو ئەوەیە کە مێژوو درووست دەکات، مێژووش بە گوێرەى هەر پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی لە نەتەوەو گەلانی جیاواز بریتیە لە بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. ئەوەش کاتێک دەگاتە ئەنجام کە خودى ئەو پێکهاتەیە ببێتە بکەرێکی کاراو ئەو روودوانەى روودەدەن ئەوبکەریان بێت. دیارە بۆ کۆمەڵگەى کوردى رووداوێک کە بکەرى کوردى درووستی بکات و شایانی ئەوەش بێت پێی بگوترێت رووداو درووستکردنی دەوڵەتە کە ئەویش بریتیە لە گواستنەوەى کورد لەم بارە چەقبەستووەى ئێستایەوە بۆ بارێکی کاراتر، بارێک کە ئەم بوونی خۆیی تێدا بسەلمێنێت و بگاتە ئاستێک بەشدارى بکات لە مێژووى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا و بەشدارى بنیادنان و بەرهەمهێنان بکات کە ئەویش مەبەست بەرهەمهێنانی شارستانێتیە.
ساڵی 2016، بۆ کورد ساڵێکی پڕ قەیرانبوو. لە باشوورى کوردستان قەیرانی دارایی تەنگی بە خەڵک هەڵچنی، کارو بازاڕ بەرەو جۆرێک لە هەرەس رۆیشت، دامودەزگاکانی حکومەت نیمچە ئیفلیج بوون، بارى پەروەدەو خوێندن بەرەو شکستچوو، پەرلەمان لەکارکەوت و ئەندامانی پەرلەمانیش بێ ئیش مانەوە، وەزیرو راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکانی گۆڕان خرانە دەرەوەى کار. ململانێی ناشەرعی نێوان حیزبەکانی کوردستان لە خراپترین باریدا بوو. زۆرێک لە دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵی باشیان نەبینیووەو دەوریان هەبووە لە زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکەدا. پەیوەندى پارتی و گۆڕان گەیشتە خراپترین ئاستی و ماوەى پەیوەندى هەنگوینیان کە زیاتر لەسەر حیسابی یەکێتی بوو کۆتایی پێهات. رێکخەرى بزووتنەوەى گۆڕان بە کردەوە سەنگەرى چۆڵکردوو، لە ماوەى ئەم ساڵەدا قەیرانە خنکێنەرەکەى کوردستانی بەجێهێشت و لە ئامێزى رۆژئاوایی دڵنیایدا ئەم ساڵەى بەسەر برد. یەکێتی و گۆڕان رێکەوتنیان کرد بەڵام ئەو رێکەوتنەش هیچی بەرهەم نەهێنا. لەم ساڵەدا کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بەردەوامبوو، تا گەیشتە ئەو ئاستەى کە جێگرانی سکرتێرى گشتی ناوەندى بڕیاریان راگەیاند، یەکێتی ئێستا لە دوو حیزب دەچێت و ناتونێت بڕیار بدات.
لەم ساڵەدا شەڕى داعش بەردەوامبوو، پێشمەرگە رۆڵی پاڵەوانانەى خۆیی بینی و خوێنێکی زۆرى بەخشی و بەوەش زۆرینەى ئەو رووبەرەى کوردستانی خستەوە ژێر دەستی خۆى کە پێشتر لەژێر دەستی عێراقدا بوو، پاشانیش داعش داگیرى کرد. لەم سەروبەندەدا رۆڵ و پێگەى بارزانی زیاتر بەرزبووە، لەلایەک وەکو فەرماندەی گشتی هێزى پێشمەرگەو وەکو کارەکتەرێکی دیار لە ناوچەکەدا رۆڵی خۆى یاریکرد. هەولێر بۆ ئەم ساڵە بووە قیبلەى بەرپرسانی باڵاى دەوڵەتان و زۆرێک لە وەزیرانی بەرگرى و دەرەوەى وڵاتی هاوپەیمانی دژى داعش سەردانی هەولێریان کردو لە هەموو ئەو سەردانانەشدا بارزانی رۆڵ و پێگەى دیارى هەبوو لە رووى راوێژو گفتوگۆى ئەو قەیرانە سەختەوە کە دووچارى ناوچەکە بوو. هەروەک چەند جارێک بارزانی سەردانی دەرەوەى کردو سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەش ئەو سامانە مەعنەویە بوو کە هەموو دەرگاکانی جیهانی بڕیاربەدەستی بە رووى کوردو بارزانیدا زیاتر کردەوە. بارزانی لەسەر ئاستی دەرەوە پێگەیەکی بەهێزى بۆ درووست بوو، بەڵام تاکو ئێستا قورسی خۆیی بەکارنەهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ بە تایبەتی ئەو کێشە سەختە داراییانەى کە دەستی خستووەتە بینەقاقاى جەماوەرى خەڵکی کوردستان بە تایبەتی چینەکانی خوارەوە.
ساڵی 2016 رۆژئاواى کوردستان لەبارێکی ناجێگیردابوو، سەربارى قوربانی زۆرى کورد لەوبەشەدا، هێشتا ئاسۆ روون نیەو نازانرێت ئاراستەى رووداوەکان بەرەو کوێیە. لە باکور کورد بەشدارى دوو هەڵبژاردنی کرد، لەجارى دووەمدا ژمارەى کورسیەکانی بە رێژەیەکی ئاشکرا کەمی کرد. هیچ ئومێدێک بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسێسی ئاشتی لە تورکیا بوونی نەبوو، کودەتا لە تورکیا روویداو سەرکەوتوو نەبوو. دواتر حکومەتی ئاک پارتی کەوتە رەشبگیرو خەڵکێکی زۆرى دەستگیر کرد. بە دواى ئەوەشدا بێ سڵەمینەوە حکومەتی ئەردۆگان کەوتە دژایەتی زیاتر ئاشکراى کوردو بە لابردن و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانیەکان دەستی پێکردو پاشان گەیشتە دەستگیرکردنی ئەندام پەرلەمانانی کوردو تەنانەت دەمیرتاش و ئەحمەد تورک و سەرکردەکانی ترى پارتە کوردیەکانی راپێچی زیندان کرد. لە رۆژهەڵاتیش کۆمارى ئیسلامی لەسەر سیاسەتی تۆتالیتاریستانەى خۆى بەردەوامبوو، لەم ساڵەدا بێباک لە هیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤ و هاوشێوەى رژێمە شۆڤێنیستە خوێنڕێژەکانی ترى جیهان چەندین لاوى کوردى لە سێدارەداو لەسەر سیاسەتی دژە کوردى خۆى بەردەوامبوو.
لە باشوورى کوردستان کوشتن لە پشتەوەو تەقینەوە ناوبەناو روویاندا. مامۆستا مەلا هوشیار لە هەولێر تیرۆر کرا، رۆژنامەنووس لەملاو ئەولا دەستگیرکران و لەبارو دۆخی تەمومژاویشدا پەیامنێرو رۆژنامەنووس شەهیدکران. دوا رووداوى ناخۆشی ئەم ساڵە ئەو تەقینەوانە بوون کە لە بنکەکانی حیزبی دیموکراتی ئێران روویانداو ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی ئەو حیزبەى تێدا شەهیدبوون. بەڵێ بارودۆخی کوردستان لەم ساڵەدا لە زۆر رووەوە ناهەموارو پڕ لە کێشەو قەیرانبوو، بەڵام ئومێدى گەل نامرێت و مێژوو رەوتی خۆى دەکات و گومانی تێدانیە بەم بارودۆخە ناهەموارانەشەوە کورد هەنگاوى بەرەو ئایندە هەڵدەنێت و سەرئەنجام ئەم کێشانە تێدەپەڕێنێت و رێگاى بەرەو سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردى لەگەل َچارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆدا نزیکتر دەبێتەوە، کەواتە ئێستا ئەوەى پێویستە بۆ کورد بریتیە لە چارەسەکردنی کێشەکانی ناوخۆ بەکێشەى سیاسی و بە کێشەى ژیانی خەڵکەوە. بۆیە ئومێدى ئەوە دەکەین لەگەڵ هاتنی ساڵی 2017 دا خۆرى رۆژێکی نوێ لە کوردستان هەڵبێـت و کورد ببێتە بکەرى رووداو درووستکەر لەسەر زێدو جوگرافیای خۆیی و هەنگاوى بەرەو هاتنە ناو مێژوو هەڵبنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت