پەشێو حەمەدئەمین : هەدەپ چیەو لە پێناو چیدا سیاسەت دەکات ؟ ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پاش ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ و دابەشکردنی کوردستانی گەورە بە سەر ( فارس وعەرەب و تورك ) دا بیری ناسیۆنالیزمی کوردیش بەپێی جوگرافیای پارچەکان دابەشبوون ، بە تایبەت لە ساڵانی حەفتاکاندا لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا چەند پارتێکی هاوشێوە بەشێوەی لۆکاڵی هاتنە نێو مەیدانی سیاسی و شۆڕشگێڕیەوە . هەریەکێك لەم پارتانە هەڵگری پەیامێکی نیشتمانی بوون لە ئاستی تەنها پارچەیەکدا ، هیچ کامێك لەم پارتانە نەیانتوانی پەیامێکی نەتەوەیی هەڵگرن ، بە شێوەیەك کە سەنگ و قورسایی خۆیان هەبێت لە ئاستی کوردستانی گەورەدا .
پاش تێپەڕبونی ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەم شێوازە لە خەبات ، کێشەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناویندا بەچەق بەستویی مایەوە ، دواتر لە ژێرڕۆشنایی بیری سیاسی و دنیابینی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زینداندا ، سیاسەتی پەکەکە گۆرانکاری بەسەرداهات و لەهەر پارچەیەك بەناو و ناونیشانی جیاجیا چەند پارتێکی سیاسی و چەکداری تەشکیل کران . لە ئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەتکردنەدا پەکەکە زۆرترین پشتیوانی لە خۆی کۆکردەوەو ، سەرباری هەموو بەربەستە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ، لە ئیستادا بە ملیۆنان مرۆڤی کورد چەپڵەی سەرکەوتنی بۆ لێدەدەن .
پارتی دیموکراتی گەلانیش (HDP ) یەکێکە لەو پارتانەی کە زادەی بیری عەبدوڵا ئۆجەلانە و ئامانجی دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتە لە تورکیا ، واتە حکومەتێك کە مافی کوردو تورك و ئەرمەنی تێدا پارێزراو بێت ، ئەم پارتە لەژێر کاریگەریی ئایدیای چەپ و سۆشیالیزمە ، وە دژ بەسیستەمی سەرمایەداریەو کار لەپیناو پاراستنی شکۆی مرۆڤ دەکات . بۆیە گرنگە هەر تاکێکی کورد لە سەرانسەریی دونیادا لای خۆیەوە بە میکانیزم و شێوازی جۆراوجۆر کار بۆسەرخستنی ئەم پارتە بکات .
ئەمڕۆ ئەردۆگان بە بیرێکی کەمالیستی کۆنەوە دەیەوێت کورد لە نەخشەی تورکیادا وا وێنا بکات ، کە میوانن لە سەرخاکی تورکیا و خەریکە ئەو ڕستەمان گوێ لێ دەبێت ( میوان دەبێت شەرمن بێت و نابێت داوای هەموو شتێك بکات ) .
کورد دەبێ پەند لە مێژوو وەربگرێت و چیتر هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە ، نەچێتە بەرگی دوژمنەوە و متمانە بەهەموو کەسێك نەکات ، ئەم جوملەیەم بۆ بەهۆش هاتنەوەی ئەو کەس و لایەنانەیە کە بەڕوویەکی کوردی و جلێکی کوردی و زمانێکی کوردیەوە ، لە کات و شوێنی جیاواز بانگەشە بۆ ئۆردۆگان دەکەن . بە داخەوە ئەم مرۆڤانە نەك ڕاڤەی مێژوویان نەکردووە ، بەڵکو هۆشی نەتەوەییان هێند لاوازە ، بەم کارانەیان ڕوویی خائینانەی خۆیان زیاتر تۆخ دەکەن .

دەمەوێ تیشك بخەمە سەر کەسایەتی و سیاسەتەکانی شا ئیسماعیلی سەفەوی چونکە وا هەست دەکەم ئۆردۆگان زۆر لەو دەچێت .

لەسەرەتادا شا ئیسماعیلی سەفەوی هەڵوێستێکی نەرمی بەرامبەر کوردەکان هەبوو ، وە بە نەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەکردن ، بەڵام پاش ئەوەی کە چەسپاو خۆی جێگیرکرد کەوتە دژایەتی کردنیان و تەنانەت ئەو میرە کوردانەی لە ناوچەکەدا پشتگیری دەکردن و بۆ پیرۆزبایی دەهاتن بۆ لای ، ئەو دەیگرتن و زیندانی دەکردن .
ئەردۆگانیش لە سەرەتادا وەك سیاسیەکی زۆرزان مەسەلەی دۆزی کوردی وراژاندو خۆی بەشێوەیەك نمایشکرد ، کە هەڵوێستێکی مرۆڤ دۆستانەی بەرامبەر کوردەکان دەبێ وتەواوی مافە گەردونیەکانیان بۆ دابین دەکات ، بەم جۆرە توانی زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی تورکیا بەدەست بێنێ و دواتر جڵەوی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەی گرتە دەست . پاش ئەوەی خۆی و ئەندامانی پارتەکەی ( ئاك پارتی ) لە دەسەلات جێگیر بوون ، هیچ بەڵێنێکی بەدیی نەهات و بگرە لە سایەی سیاسەتەکانی ئەودا بێکاری و برسێتی ڕووی لە ناوچەکە کردوو بە دەیان چالاکوانی سیاسی کوردو ڕۆژنامەنوسی خستە زیندانەوەو وەك نەژاد پەرستێکی تورك بەئاشکرا سیستەمی جوودا خوازی لە نێوان کوردو تورکدا پەیڕەو دەکرد .

بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیمۆکراتی لە تورکیاداو کۆتایی هێنان بەو ڕەوشە نەخوازراوەی کە ئۆردۆگان ڕێبەریی دەکات ، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی تورکیادا هەدەپ وەك هێزێکی ئومێد بەخش و خاوەن ووزە بەژدارەو جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەشێوەیەکی تۆکمەو چڕ بۆ دەستەبەرکردنی حکومەتێکی دیموکرات لە سەرانسەریی تورکیادا بانگەشە دەکات .
زیاتر لە نیوەی نەتەوەی کورد لەباکوردا جێنشینن و هەدەپ نوێنەرایەتی زۆرینەیان دەکات وە لە هەمان کاتدا ئەرمەنەکان و بەشێکی زۆری ڕۆشنبیرو نوسەرەکانی توركیش پشتیوانی لێدەکەن ، چونکە خەریکە تورکیا دەبێتە دەوڵەتێکی تۆتالیتارو ئۆردۆگانیش بە دیکتاتۆر ، بۆیە سەرکەوتنی هەدەپ لە تورکیادا زیندوکردنەوەی ڕۆحی دیمۆکراسیەتە بە جەستەی ئەو ووڵاتەدا .
لە خۆڕا ئەم پارتە دروست نەبووە ، گەر گوێ بگرین لە ئاپۆتا حیکایەتەکانی شانزدە ساڵی نێو ئیمرالیمان بۆ باس بکات ، گەر لە فیلمەکانی یەڵماز گۆنای ڕابمێنن و دە ساڵ تەمەنی زیندان کراوی لەیلا زانا ڕاڤەبکەین ، گەربچین لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی ( لەیلا و ساکینە و فیدان ) بکەین ، گەر لە دەمیرتاش بپرسین بەو تەمەنە پڕ لەجوانیەوە لە نێو ئەو هەموو ئاگردا بۆچی هاوار بۆ دیمۆکراسی دەکات .
کاتێك بە هەموو راستیەکان دەگەین ، لەوێدا دەردەکەوێت کە هەدەپ چیە و لە پێناو چیدا سیاسیەت دەکات ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت