Geraci-Autombil

ئاکۆ برایم : بەراستى شازى بیرۆکەیە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتریش بەک دووجار لەسەر کێشەى قەرەباڵغى شەقام و زۆرى ئوتومبیل و خەم ساردى حکومەت ، قسەم کردوە ، . بەنامەو لەرێگە فەسیبوکەوە لەسەر ئەو بێ سەروبەرى و بەڵیشاو هاتنەى ئوتومبیل و ، پێدانى تابلۆ لەبەرامبەر بڕێکى دیاریکراو پارەدا ، سەرنج و تێبینى خۆم داوەتە ماڵپەڕى بەڕێوەبەرایەتى هاتۆچۆ ـ بەڕاستى زۆر سەیر و عەجیبە ، لەم واڵاتەدا ، کە خۆمان بەحکومەت و دەوڵەت و خاوەن پەرلەمان موئەسەسات ئەزانین ، سێ چوار دانە کەسى شارەزاو لێهاتو و خاوەن بیروبۆچونمان نەبێت ، کەبەشێوەیەکى ژیرانەو لەسەربنەمایەکى واقیعى پلان و بەرنامە دابنێت .

هەرچى هەڵدەستێت و چى بەخەیاڵى دا بێت ئەوە دەکاتە یاساو رێساو ، بەسەرماندا دەسەپێنێت ، بەبێ ئەوەى هیچ حسابێک بۆ لایەنە باش و خراپەکانى ئەو بیرۆکەیەى بکات . شتێکى ئاشکرایە کە ئەمڕۆ ئوتومبییل بۆتە پێداویستیەکى رۆژانەى خەڵکى ، هەموو کەسێکیش مافى خۆیەتى و،رێگەپێدراوە کە ببێتە خاوەنى ئوتومبیل ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ، هاتنى بەڵیشاوى ئوتومبیل بەچاک وخراپەوە ، بۆتە دیاردەیەکى رۆژانە و ، قەرەباڵغى و ئاستەنگى هاتوچۆ ورێگاوبان ، تەنگى بەهەموو مان هەڵچنیەوە ، کەسیش بیرێکى باش و گونجاوى لێ ناکاتەوە .. گەر بیرتان بێت ، ماوەیەک بەر لەئێستا بەڕێوەبەرایەتى هاتۆچوى سلێمانى ، بیرۆکەى ئەوەهات بەخەیاڵیدا، بۆ ئەوەى خەڵک بەیانیان زوو بگاتە سەر ئیش وکارو ، لە قەرەباڵغى و هۆڕین لێدان وبێزارکردن رزگارى بێت ، بەتەمابوو کاتى دەوام بکات بەدوو بەش ، بەڵام بەهۆى گلەیى و ناپەسەندى و نەگونجانى ئەو بیرۆکەیە ، نەکەوتە بوراى جێبەجێ کردنەوە . بۆیە ئێستا بە بیروبۆچوونى خۆیان ، بەنیازن سنورێک بۆ زۆرى ئوتومبیل دابنێن ، ئەویش بەرێگەى گران کردنى نرخى تابلۆى ئوتومبیل وبۆ چوار ئەوەندە،کە بە بڕوا و قەناعەتى خۆیان ، بەوە دەتوانن کۆنترۆڵى جادە وبانەکان بکەن و ، خەڵک وهاوڵاتیان لە ئیزدیحام و جەنجاڵى رزگار دەکەن .

بەراستى ئەوەى تۆزێک شارەزایى لە سیستەمى هاتۆچۆ و پلانى رێگاو بان هەبێت ، نەک ئەو کارە بەهەڵە دەزانێت ، بگرە هەر گاڵتەشى پێدێت . لەبەر چەندین هۆکار کە :

1- بڕیارەکە نەک هیچ چارەى ئەو گرفتە ناکات ، بەڵکو ئەوەندەى دیکە بارگرانى دەکات ، چونکە ئوتومبیل هەر وەک جاران دێت و لەبەرامبەردا هیچ ئوتومبیلێک سکراپ ناکرێت . لەو نێوەندەدا تۆ تەنها بیرت لەقازانجى مادى خۆت کردوە ، هیچ رێگەیەکت بۆ چارەسەر دیارى نەکرد .

2 – بەپێى بڕیار و لەسەر رێنمایى تازە ئەبێت ئوتومبیلەکان سەرجەمیان لەگەڵ کەش و هەواى کوردستاندا بگونجێن و سەرجەم مەرجەکانى سەلامەتى و توندو تۆڵیان تیا بێت،کە ئەمەش تەنها بڕیار بوو تا ئێستاش هەر ئوتومبیلى کوالیتى نزم و خراپ دێن ، ئەم بڕیارەش تەنها لەبەر خاترى هەندێک دەوڵەمەند و بەرپرس دەرکرا ، تا ئەوان تەواو دەست بەسەر بازاڕدا بگرن ، لەوان زیاتر کەس بۆى نەبێت ئوتومبیل بێنێت .

3 – بەڕێزان گرفتى ئێمە هێندەى خراپى رێگەوبان و تەسک وتروسکى یەتى ، نیو هێندە کێشەى زۆرى ئوتومبیلمان نیە ، ئەى لەبرى ئەوە بیرێک لەوە بکەنەوە کە جادەکات فراوانبکرێت و ، ئەندەر باس و ئۆڤەر پاس دروستبکرێت باشتر نیە ؟

4 – ساڵانە بڕێکى بێ شومار داهاتى بەڕێوەبەرایەتى هاتۆ چۆکانە ، ئەگەربێت بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى رێگاوبان و شارەوانى ، لەپرۆژى چاکسازى خەرجى بکەن باشتر نابێت ، توخوا مایەى عەیبە نیە ، جادەیەکى دووسایدى وەکو رێگەى هەوارى شار ، هێشتا ئیفتیتاح نەکراوە خەریکى نۆژەن کردنەوە وپینەو پەڕۆن ، لەشارێکى وەکو سلێمانى شەقامێکى باشمان نیە چاڵ وتاسەى نەبێت .. یان بەهۆى نەبونى هێماو رێنمایى هاتۆچۆ لە رێگەکان چەندین روداو رویان داوە ، ئاخر بەڕیزان لەکوێى دونیا بینراوە کە لەسەر خەتى سەریع تاسەى دەستکردوبەرەبەست دابنرێت ، روداوەکەى لاى بەنزینخانەى دەروازەى گەرەکى راپەرین باشترین نمونەیە .

5 – گرانى تابلۆ چى لە مەسەلەکە دەگۆڕێت ، من ئەگەر بمەوێت ئوتومبیل بکڕم و،خواستم لەسەر بێت ، هیچ دەربەست نیم لەنرخەکەى ، لەخوابەزیاد بێت ئەمڕۆ بەگشتى بارى بژێوى خەڵک تەواو باش بوە و ، خەڵک بوژاوەتەوە ، هەر ئەمەشە بۆتە هۆى ئەوەى کە زۆرماڵ ، چەندین ئوتومبیلیان هەبێت ، من کە پارەم هەبو ئوتومبیلێک بە یەک دوو دەفتەر بکڕم ، تواناى ئەوەشم هەیە2500 دۆلاریش بدەم بەژمارەى تابلۆ . خۆتان باش ئاگادارن خەڵکانێک هەن تەنها لەبەر ئەوەى ژمارەى ئوتومبیلەکەى شاز بێت ، یان لەگەڵ ژمارەى مۆبایلەکەیدا هاوتا بێت ، مەبلەغێکى خەیاڵى دەدات بۆ دەست کەوتنى ژمارەى جوان . کەواتە ئەوە زیاتر بۆ بەرژەوەندى بەڕێوەبەرایەتى وهاتۆچۆ وبارگرانى خەڵکى هەژارو کەم دەستە ، چونکە ئەوان هەرگیز توخنى ئوتومبیلى گران بایى ناکەون .

6 – لەپاش دەنگۆى ئەوبڕیارە ئێستا نرخى سەرجەم ئوتومبیلەکان بۆ نرخێکى خەیاڵى بەرزبۆتەوە ، ئەمەش رێگە خۆش دەکات کە جارێکى دیکە ئەو ئوتومبیلانەى کە کۆن و بێکەڵکن ، خەڵک دووبارە بیان هێنێتەوە بۆ سەر شەقام وپیشانگاکان و ، بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەوانیش رۆڵیان لەقەرەباڵغى و ئاستەنگى هاتۆچۆدا دەبێت . بەمەش هەرچى ئوتومبیلى ژمارەى کوردستانە لە خوارو ناوەڕاستى عێراق هەن ، دووبارە دەیان هێننەوە بۆ هەرێم .

7 – بەسەدان هەزار ئوتومبیلى بێ سەرەتاو ناسنامە هەیە ئەوانەى کە کارتى زانیاریان بۆکراوە ، بمانەوێت یان نا ئەوانیش مافى سوڕانەوە و هاتنە سەر شەقامیان هەیە ، بۆچى بیرێک لەوە ناکرێتەوە کە ئەو ئوتومبیلانە کەم بکرێتەوە ، بەتایبەت ئەوانەى کارى یاسایان بۆنەکراوە ، کەبەشێکى زۆریان تا ئێستاش مامەڵەیان پێدەکرێت ، یان بەدەست کەسانێکن کە لە سلکى پۆلیسى وسەربازیدان .

8 – واباشترە سیستەمى ئوتومبیل مراندن بکرێتە مەرجى یەکەم بۆ پێدانى تابلۆ ، هەروەها بۆ ئەوەى لە گرفتى ئوتومبیلە ( علوج) ـەکان رزگاربین و ئەوانیش کەم بکەنەوە ، یاسایەک بۆ ئەوانیش دەربچێت ، کە هەر خاوەن ئوتومبیلێکى (علوج) بەمەرجێک ( کارتى زانیارى) هەبێت و خاوەنەکەى ناسراو بێت ، ئەگەر هاتو ئوتومبیلى نوێ بکڕێت ، ئەوا تابلۆى نوێ پێبدریت و بەمەرجێک ئوتومبیلە علوجەکەى سکراپ بکات ، بڕەپارەیەکەى رەمزى لێوەربگیرێت .

1,428 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت