Dersim-Dibegeyi-2

ده‌رسیم پێشەوا: نامەیەکی توڕە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس ، کوردێکی ئێزیدی دانیشتووی شەنگال – ە ، لە ساڵانی (1981-1980)دا پاسەوانی زیندانی موسڵ بەشی سێدارە بووە . بەپێی ئاگاداری خۆم کە شەهیدان ( جەمیل ئەحمەد مەحمود دیبەگەیی ) ئامۆزام و ( تەحسین ڕەحمان فەرحان دیبەگەیی ) برام لە سەرەتای مانگی ئاداری (1981)دا ئەگەر زوتر نەبێ ئاگاداریان کردمەوە، کە زیندانییەکانی ئەوکاتی ژووری سێدارەی موسڵ لەگەڵ فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و مەردان یوسف شێخ ئەلیاس پێکهاتوون لەسەر شکاندنی زیندانەکەو ڕاکردنیان . دوای لە سێدارەدانی ئامۆزاو براکەم بە ماوەیەکی کەم لە شەوی (2.6.1981)دا هەوڵەکە جێبەجێ کرا ، وەلێ ئەفسوس هەوڵەکە شکستی هێناو تەواوی زیندانییەکان دەستگیرکرانەوەو لە سێدارە دران ، فازڵ و مەردانی برایشی لە ڕێکەوتی (5.6.1981) گیران . دوای مانەوەی ئەو دوو برایە (فازڵ و مەردان) لە ئەمنی موسڵ و هەیئە خاسەی کەرکوک بە نزیکەی (9) مانگ ، هەردووکیان لە ڕێکەوتی (20.2.1982)دا درانە دادگای تایبەتی هەیئە خاسەی کەرکوک و مەردان کە ئیعترافی کردبوو بەگوێرەی مادەی (158)ی یاسای سزا ئێراقییەکان بڕیاری سێدارەی بۆ دەرچوو و فازڵ کە ئیعترافی نەبوو بەگوێرەی مادەی (271)ی هەمان یاسا سزای هەتا هەتایە (20) ساڵی بۆ دەرچوو . پاشان مەردان لە ڕێکەوتی (13.11.1982)دا لە زیندانی موسڵ لە سێدارە درا ، هەروەها فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس لەدوای دادگایی کردنیدا ڕەوانەی بەشی سزا تایبەتییەکان ( ألأحکام الخاصة ) و دواتریش سزا درێژخایەنەکان (ألأحکام الطویلة) کراو تا ڕۆژی ئازادبوونی لە (21.5.1986) لە زیندانی ئەبوغرێب مایەوە .

فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس ، بەڵگەنامەی زیندانی ئەبوغرێبی لایە بە مێژووی (17.2.1986) لەگەڵ بەڵگەی وەزارەتی دارایی ئێراقی نوێ بە مێژووی (27.1.2010) کە مادەکەی مادەی (271) ە ، کەچی لە بەغدا مادەکەیان لێ گۆڕیوە بە مادەی (172)، کە ئەو مادەیە زۆر دوورە لە ڕاستی و هیچ پەیوەندییەکی بە هۆکاری گیران و سزادانی ناوبراوەوە نییە .

فازڵ یوسف ئەلیاس ، دوای ڕووخانی ڕژێم ، بە دەیان جار پەنای بردووە بۆ حکومەتی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، بەغدا مادەکەیان شێواندووەو هیچی بۆ ناکەن ، لە کوردستان بەرپرسانی یەکێتیی هیچیان بۆی نەکردووەو بەڕێوەبەرێتیی زیندانییە سیاسییەکان و وەزارەتی کاروباری شەهیدان بەبیانوی ئەوەی خەڵکی شەنگال-ەو دەبێ لە موسڵ یان بەغدا ئیشوکارەکانی بکات ، هیچی بۆ ناکەن و ئەوانیش وەکو بەغداو بەپشت بەستن بە بڕیاری ڕەفزی لیژنەیەکی تایبەتی سەر بە دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی ئێراق و پشتگوێ خستنی هەردوو بەڵگەنامەی زیندانی ئەبوغرێب و وەزارەتی دارایی (مقتبس حکم) کە لەوێ مادەکەی مادەی (271)ە ، هەموو داوایەکی ناوبراو بۆ وەرگرتنی مافەکانی خۆی وەکو زیندانییەکی سیاسی ڕەتدەکەنەوە .

باشە لە ئێوە دەپرسم ئەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، چاری کێشەی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس چییە ، کە ئەو ئیشەکەی لەپێناوی ڕزگارکردنی گیانی کۆمەڵێک زیندانیی سیاسیی ژووری سێدارە کردووە کە زۆربەی زۆریان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووینەو لەسەر داوای زیندانییەکانی کۆمەڵە و یەکێتیی و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەواندا ژیانی خۆی و برای خستۆتە مەترسی و لە ئەنجامیشدا براکەی (مەردان) لە سێدارە دراو خۆیشی بە هەتا هەتا زیندانی کرا ، ئەگەر لە ئێراق و کوردستان ناوبراو وەکو زیندانییەکی سیاسیی نەناسێنن؟ لەکاتێکدا خۆم ئاگاداری وردو درشتی هەوڵی شکاندنی زیندانی ژووری سێدارەی موسڵ- م بەهۆی هاوکاری کردنی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و مەردانی برای لەگەڵ زیندانییەکانی ناو ئەو زیندانە، هەروەها لە سێدارە دانی مەردان یوسف شێخ ئەلیاس ڕاستی و ڕەوایی داواکەی فازڵ دەسەلمێنێ کە بەیەکەوە بەهۆی شکاندنی زیندانەکە گیران و مەردان ئیعترافی کرد کە هاوکاری زیندانییەکانی ژووری سێدارەی موسڵی کردووەو بەهۆی خۆی و فازڵی برایەوە دەرگاکانیان بۆ شکاندوون ، بەڵام فازڵ ئیعترافی نەکرد، سەرەڕای ئەو دوو بەڵگەیەش کۆمەڵێک زیندانیی هەن کە ئامادەن شایەدی بۆ ڕاستی و ڕەوایی کێشەی ناوبراو بدەن کە بە هۆکاری هاوکاریکردنی زیندانییەکانی ژووری سێدارەی موسڵ لەپێناوی شکاندنی زیندانەکە گیراوەو سزا دراوە ، بەشێک لە شایەتەکان کە هەموویان زیندانیی سیاسیین ئەمانەن : (مامۆستا محەمەد حەسەن خورشید کەرکوکی (خوشکەزای ئیحسان نەجم ناسراو بە ئەبو شەهاب)، کە بۆ ماوەی چەند مانگێک لە کۆتایی ساڵی (1980) و سەرەتای ساڵی (1981)دا لە ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ بووەو دواتریش تا لێبووردنی گشتیی تەموزی ساڵی (1982)دا لە زیندانی ئەبوغرێب بەشی سزا تایبەتییەکان بەیەکەوە بووینە ، مامۆستا محەمەد عەبدولڵا کەرکوکی، سەردار محەمەدئەمین موراد کەرکوکی ، کاکل ئەحمەد مەعروف ناسراو بە کاکله‌ ڕه‌ش ، فازڵ سابیر ڕەسوڵ، محەمەد سەیدە ڕەشید ، محەمەد عوسمان عەزیز توڕه‌قی ، نامیق خدر عەبدوڵڵا توڕه‌قی ، ئەنوەر قادر عەلی توڕه‌قی ، ڕزگار تەها عوسمان عەبدوڵڵا ناسراو بە ڕزگار کێستەیی ، حەمید عجیل قەدۆ حەسەن ( وانەبێژ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی دهۆک و دانیشتووی کۆمەڵگای شاریا و نزار ساڵح حەسەن محەمەد دانیشتووی دهۆک )، کە ژمارەی تەلەفۆنی زۆربەیانم لایە .

لە ڕاستیدا زۆر توڕەم لە ئاست بێدەنگی بەرپرسانی حزبی و حکومی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەدەنگەوە نەهاتنی داوای فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و ناساندنی وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بە بیانوێ بێ بنەما! بەتایبەتیش دوای ڕەتکردنەوە داواکەی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس لەلایەن وەزیری کاروباری شەهیدان و بەڕێوەبەرێتیی کاروباری زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان ، وا هەست دەکەم سەر لە نوێ براکەم و ئامۆزاکەم لە سێدارە درانەوە ، کە ئەوان لەسەر یەکێتیی بوونیان جاری یەکەم لە مانگی (5) ی ساڵی (1981)دا بەدەستی بەعس لە زیندانی سێدارەی موسڵ و ئەو جارەشیان لە ڕۆژی (19.1.2014)دا بەدەستی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان و بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییە سیاسییەکان کە هەردووکیان سەر بە حزبی هەردوو شەهیدەکەن لەناو وەزارەتی کاروباری شەهیدان لە سێدارە درانەوە .

ئاخر نەنگییەکی گەورەیە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی ، کە مەردان یوسف شێخ ئەلیاس گیانی خۆی لەپێناوی کوردو کۆمەڵێک زیندانی ژووری سێدارە بەخشی کە نزیکەی تەواویان پێشمەرگە و ئەندامی یەکێتیی بوون، کەچی شەهیدانەی نەبێ و مووچەی زیندانیی سیاسیی لە بەغدا وەرگرێ ، هەروەها فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی زیندان و (5) ساڵ ژیانی زیندان لەپێناوی کورد تا ئێستا هیچی بۆ نەکرابێ و مووچەیەکی پێ بەڕەوا نەبینن !

بۆیە بە ئەرکی ئێوە (مەکتەبی سیاسی) دەزانم وەکو وەفایەک بۆ شەهیدانی زیندانی سێدارەی موسڵ ، چارەسەرێک بۆ کێشەی فازڵ یوسف بدۆزنەوە بە بڕینەوەی مووچەیەکی زیندانییانی سیاسیی و شەهیدانەش بۆ مەردانی برای .

فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس ، ئەگەر ڤێتنامی ، هیندی ، جەزائیری ، پۆلیڤی یان سەر بە هەر نەتەوەیەکی دیکە بوایە بەس کورد نەبوایە ، سەرکردایەتی ئەو وڵاتانە دەمێک بوو خەڵاتیان کردبوو و باشترین ژیانیان بۆ دابین کردبوو ، سەرەڕای ئەوەی وەکو قارەمانێک دەناسێنراو چەندان ڕۆمان لەسەر ژیان، هەوڵ و تێکۆشانی ئەو دەنووسرایەوەو دەیان فیلمی سینەمایی لەسەر داستانەکەی دەردەهێنراو سەدان چاوپێکەوتنی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ ، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی لەگەڵ سازدەدرا .

چەندان نووسینم لەسەر ئەو بابەتە هەیە ، کەچی هیچ وەڵامتان نەبوو و هیچتان بۆ ئەو خۆبەختکارە نەکرد ! تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام، چاو بەهیچ ماڵپەڕ و پەیژێکی فەیسبووک دا ناگێڕن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی ئەندامەکانی خۆتان و هاووڵاتیان ، کە سکاڵاو گلەیی خۆیان لەوێ بڵاودەکەنەوە، وەلێ ڕۆژانە چەندان جار خۆتان دەکەن بە ماڵپەڕی کوردستانپۆست بۆئەوەی بزانن لەسەر کامتان نووسراوە ؟

ئیتر بەسە تاکەی گوێ لە داوای ڕەوای خەڵک ناگرن ! ئەی هەر فەرامۆش کردنی داوای ئەندامانی حزبەکەی خۆتان نییە ، بەقەد نیوەی ئەندامانی ئێستای حزبەکەتان ، خەڵک دانیشتووەو وازی لە یەکێتیی هێناوە ؟

ئەی هەر ئەو بە دەنگەوە نەچوونی داخوازی کۆمەڵانی خەڵک و ئەندامانی خۆتان نەبوو، بزووتنەوەی گۆڕان لەناو هەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دایک بوو و یەکێتیی کرد بە دوو لەتەوە ؟

ئەی هەر دروستکردنی پەرژینێکی بەرز نەبوو لەنێوان خۆتان و جەماوەردا لەگەڵ نادادپەروەریتان ژمارەی کورسی پەرلەمانتان لە (50) کورسییەوە دابەزاند بۆ (18) کورسی ؟

بەسە تاکەی مووچەی سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەکان کە ئەنفالی کوردیان کرد و بە هەزاران پێشمەرگە و هاووڵاتیان شەهید کرد و سەدان و هەزارانی دیکەیان ڕەوانەی بەردەم پەتی سێدارە یان ژوورە تاریکەکانی زیندانەکان کرد ، لە مووچەی شەهیدان ، پێشمەرگە دێرینەکان ، زیندانییە سیاسییەکان و ڕێکخستنە دێرینەکان زۆرتر بێت ؟

ئیتر بەسە و بەئاگا وەرنەوەو دەرگای نووسینگەکانتان و ماڵەکانتان بخەنە سەر پشت بۆ دایک ، باوک ، هاوسەر و کچ و کوڕی شەهیدەکان ، پێشمەرگە دێرینەکان ، زیندانییە سیاسییەکان و ڕێکخستنە دێرینەکان ، بۆ ئەوەی دەردی دڵیان بگەیەننە ئێوە و مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە !

کە لە شاخ بوون ، بەوجۆرە بێمنەت نەبوون ، کەچی لەدوای ڕاپەڕینەوە زۆر بێمنەتانە ڕەفتارتان لەگەڵ میللەت و بەشێک لە ئەندامانی خۆتان ، پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین ، بنەماڵەی شەهیدان و زیدانییە سیاسییەکان کردووە ؟

پشتگیریتان کرد لە ئەنفالچییانی وەکو فەریق ڕوکن نزار عەبدولکەریم فەیسەڵ خەرزەجی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێراق، لیوا ڕوکن سوڵتان هاشم ئەحمەد تائی فەرماندەی فەیلەقی یەک ، لیوا ڕوکن نوعمە فارس حوسێن ئەلمحیاوی فەرماندەی فەیلەقی پێنج و عەمید ڕوکن وەفیق عجیل حەمود سامەڕائی جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی گشتیی سەردەمی ئەنفالەکان و بانگێشەی ئەوەتان دەکرد کە هەر چواریان پەیوەندی بە خۆتانەوە هەبووە، وەلێ ناتانەوێ مووچەیەکی زیندانیی سیاسیی بۆ فازڵ یوسف ئەلیاس و مووچەی شەهیدانیش بۆ مەردانی برای ببڕنەوە! لەکاتێکا ئەوانەی پێشوو هەر چواریان دوژمنی کورد و شەڕی کوردیان کردووەو دێهاتی کوردستانیان کاولکردووە، فازڵ و مەردانیش لەپێناوی کورددا قوربانییان داوە !

سەدان و هەزاران کەستان بە ناڕەوا و پلەی بەرزی جۆراو جۆر خانەنشین کردووە ، دەیان و سەدان کەستان خزاندۆتە ناو لیستی شەهیدان کە هەموویان جاش بووینە ، بۆ نموونە فەرماندەی مەفرەزە خاسەیەک کە لە جاشایەتی کوژراوە بە پلەی فەرماندە مووچەی شەهیدانەی هەیە ، ناوی ئەو هەموو جاش (شەهیدان)ەم جیاکردۆتەوە . هەندێک لە شەهیدەکان بەهۆکاری نزیکییان لە ئێوەو ئەندامانی سەرکردایەتی بە پلەی بەرز مووچەی شەهیدانە وەردەگرن و ناسراویش نەبووینە ، بۆ نموونە شەهید (ئ. خ. ع) بەپلەی وەزیر مانگانە مووچەکەی (4.440.000)ە، (ج. ئ. م. م) بریکاری وەزیر (2.266.000) دینار، (ت. ق. س) ئەندامی سەرکردایەتی (1.200.000)، (ح. ئ. م. م. ش) ئەندامی سەرکردایەتی (1.200.000) دینار، (س. م. س) نائب عەریف (1.312.000) لەگەڵ دەیان کەسی دیکە بە ئەندامانی سەرکردایەتی ، سەرکردەی مەیدانی و پلەی بەرزی لیوا، عەمید، عەقید شەهیدانەیان هەیە کە بەشێکیشیان بە مردنی خۆیان مردوون و لە سەرووی (٢) ملیۆن دینار مووچەی مانگانە وەردەگرن !

ئەگەر خۆتان لێ بێ بەری دەکەن و گوایە ئاگاداری ئەوە نین کە لیستی شەهیدان بەمشێوەیەیە، کە ناتوانم بە بێ ئاگاییتان باوەڕ بکەم ، فەرموون لیستی شەهیدان، پێشمەرگەی دێرین، خانەنشینەکان و زیندانییە سیاسییەکان پاک بکەنەوە. تەحەدای وەزیری کاروباری شەهیدان دەکەم ئەوەندە بوێری تێدابێت ، لیستی جاش شەهیدەکانی بۆ دەنێرم، با مووچەکانیان ڕاگرێ! ئاخر وەزیری شەهیدان کە لە سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەکانی بەعس بترسێت و بڵێ : (ناتوانم ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان لە چاپ بدەم ، چونکە ناوی خەڵکێکی زۆری تێدایە) ، ئێستاکە چۆن دەوێرێ ئەو جاشانە نان بڕاو بکات؟ لەکاتێکدا ئەو پەرتووکە لە سەردەمی دکتۆر مەجید وەزیری کاروباری شەهیدان و بە بڕیاری ناوبراو بڕیاری لە چاپ دانی دەرچوو بوو و نەیهێشت لە چاپ بدرێ ، کە هیچ بەرپرسێتییەکەکی نەدەکەوتە ئەستۆی مامۆستا ئارام !

هەر چەندە شتەکان زۆرن ، بەڵام لێرەدا کۆتایی بەو سکاڵایەو نامە توڕەیە دێنم و بە ئومێدی چارەسەرکردنی کێشەکەی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس و شەهید مەردان یوسف شێخ ئەلیاس کە یەکەمیان بکرێت بە زیندانیی سیاسیی و دووەمیش شەهیدی کوردستان و مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە ، یان فازڵ یوسف وەکو پێشمەرگەیەکی دێرین خانەنشین بکەن ، کە (5) ساڵی زیندان بە (20) ساڵی پێشمەرگایەتی هەیە .

دەرسیم دیبەگەیی

دانمارک

هەینی (24.1.2014).

ژمارەی تەلەفۆن (004571212177)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت