ئاکۆ براهیم : گلەیەک لەپەکەکە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

  ئەوەى کورد بێت و لەسەر ئەم خاکە بژى وهەست و بیرى کوردانە لەمێشکیدا بێت ، پێى خۆشە کە کوردیش وەک هەرگەلێکى دیکە بگاتە ماف و داوا رەواکانى خۆى و ، ببێنە خاوەن کیان و ناسنامە، هەموومان بەبوونى ئەو بزوتنەوە وپارت و رێکخراوە کوردیانەى سەرجەم بەشەکانى کوردستان ، بە پەکەکە و دیموکرات و کۆمەڵە و پەیەدە و.. خۆشحاڵین و تەمەناى سەرکەوتن و سەرفرازیان بۆدەکەین ، لەوبڕوایەدام بەشى زۆرمان بەشێوەیەک لەشێوەکان ، هاوکار و پشتیوانیان بووین ، خۆ ئەگەر نەشمان توانیبێت وەکو پێویست هاوکاریان بین و لەریزەکانیان خەبات بکەین ، یان بەپێ تواناو دەرفەت کاریان لەگەڵ بکەین ، ئەوا بەدڵنیایەوە گشتمان لەناخى دڵەوە هیواى سەرکەوتنمان بۆخواستون ، هەرنەبێت دوو قسەى خێرمان بۆکردون ، یەک دوونزا و دوعامان بۆکردون کە خوا بیان پارێزێت و سەریان بخات.
دیارە ئەو خەبات و تێکۆشان و گیانبازیەش کە هەموومان شانازى پێوە دەکەین ، بەهەوڵ و هیمەت و قوربانى و رەنجى رۆڵەکانى ئەم میللەتەیە ، فەزڵ و گەورەیى یەکەشى بۆ دایکان و باوکان دەگەڕێتەوە، ئەوان رۆڵەکانیان لەسەر کوردایەتى و خەبات و نیشتمان پەروەرى هانداوە و ،  بەو بیرو باوەڕو تەرزە شۆڕشگێڕیە گۆشیان کردون ، کە هەموو دەموکاتێک لەبەرەى میللەتدا بن و بۆ سەرخستنى کوردستان و دۆزە رەواکەى گیانیان بەخت بکەن . کە ئەمەش چەندە باسى بکەیت و چەندە لەسەرى بدوێیت هێشتا کەمە و ناتوانرێت هەقى خۆى بدرێتێ .
بەڵام بەداخەوە لایەنى بەرامبەر بەتایبەت پەکەکە و پارتەکانى هاوپەیمانى ،لەوبوارەدا تەواو کەمتەرخەمن و رۆڵى سلبیان گێڕاوە ، کە ئەبوایە لەبرى ئەوەى کە دایکان و باوکان رۆڵەکانیان دەکەنە خەڵات بۆکورد و کوردستان،ئەوانیش لەهەمبەر ئەو رۆڵە بەرزو پیرۆزە کاردانەوەیان هەبێت و ، بەشێوازێکى جوان و کوردانە مامەڵە لەگەڵ کەس و کاریان بکەن و ، لەهەواڵ و سڵاو ژیانى گەریلا و چەکدارەکانیان بنەماڵەیان لێ ئاگادار بکەن.
ئەوەى کەباسدەکرێت و پێمان دەگاتەوە کە  ئەوان رێگا نادەن و بوار نارەخسێنن بۆ دایکان و باوکان تا رۆلەکانیان ببینن ، لاى خۆیان چۆنە چۆن رێکیان خستوە و پێڕەوەکەیان چۆنە؟ لاى من شتێکى باش نى یە،چونکە ناهەقى و زوڵمە و پێشێلکردنى سەرەتاترین مافە ، کە رێگا نەدەیت ، بەدایکان وباوکان بێن رۆڵەکانیان ببین و بۆ ساتێک لەئامێزیان بگرن.. ئایا دەزانن ئەگەرلەسەر ئەو رێکەیە بڕۆن و رێگا بدەن بەدیدار و چاوپێکەوتن و سەردانەکان ، ئەوا بۆخۆیان سوود مەند دەبن ، لەلایەک پەیوەندى و خۆشەویستى بنەماڵە و شۆڕش پتەو دەبێت ،  کوڕەش زیاتر ورەى بەبەردا دێتەوە، هەروەها دەتوانرێت کە دایکان و باوکانیش بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بخەیتە خزمەتى شۆڕشەوە ، ئەرک و کاریان پێ بسپێردێت ، پەیوەندیەکى پتەو تۆکمە و شۆڕشگێرانە دەخوڵقێنت ، کەسەرەنجام  بەسودى پەکەکە کۆتایى دێت .
هەرگیز ئەو دیمەنەم بیر ناچێتەوە ، کاتێک بینیم دایکێکى پیر و بەساڵاچوو لەگەڵ پیاوێکى لەخۆى گەورەتر ، لە گەرجێکدا وەستابوون چاوەڕێى ئوتومبیلیان دەکرد کەبڕۆنەوە ، هۆن هۆن فرمێسک لەچاویان ئەهاتە خوارێ ، خۆشیان نەیاندەزانى چى بکەن ؟ پەنا بۆکوێ بەرن؟!  چۆن و لەچ رێگایەکەوە بەمرازى دڵیان بگەن..کاتێک لێیان چومە پێشەوە و  بەنیەتى هاوکاریکردنیان  خۆم ئامادەکرد ، سوپاسیان کردم و ئەوەى کە پێویستیان بوو بۆم رایى کردن ، پاشان  پیرەمێردە کە بەئاخاوتنەکەیا دیار بوو خەڵکى رۆژ هەڵات بوو ، کەوتە هەڵرشتنى  راز وگلەیى دەردى دڵى ، وتى : کوڕم من خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانم ، ماوەیى چەند ساڵێکە کوڕەکەم هاتۆتە ناو پەژاکەوە ، هیچ خەبەر و باسێکى نى یە  ، نە نامەیەک نە وێنەیەک ، نەهیچ شتێک ، ئۆقرەمان لەبەر بڕاوە ، ئەوە دایکى هەرمەپرسە ، گریان و شین بۆتە بەشێکى دانەبڕاوى ژیانى ..
وتمان پێش ئەوەى کۆچى دوایى بکەین با بەنامورداى سەرنەنێنەوە ، هەر هیچ نەبێت گەردن ئازادى وماڵ ئاوایى لەکوڕەکەمان بکەین ، ئەوە بوو بەهەزار دەردى سەرى و ترس و بەرتیل بەبازگە و پاسدار و ، نابەڵەدى رێگا و کەم تواناى من و پیرەژن ، هەرچى چۆنێک بوو خۆمان گەیاندە قەندیل ، پاش مانەوەمان بۆ سێ چوار رۆژ بەڵام هیچ خەبەرێکیان نەداینێ و ، رێگەیان نەدا بۆ یەک دەقیقە ئەو تاقانەیەمان ببینین ، تەنها هەر ئەوەندە وتیان وەزعى زۆرباشە ، بەڵام ئێستا لێرە نى یە و بەکارى شۆڕش چۆتە جێگایەکى دیکە و وازوو ناگەڕێتەوە.
 ئەوە ئێمەش بەنائومێدى و بێ هیواى دەگەڕێنەوە ، کەدڵنیاشم ئیدى بۆهەتا هەتایە نایبیینەوە ، چونکە دورى ئازیزان  تووشى هەزاران دەردت دەکات ، هەروەها تەمەنى ئێمەش ئەوەنەى بەبەرەوە نەماوە ، بۆیە تکام وایە لە بەڕێزانى ئەو پارتانە کە ئاگایان لە قرچە وناڵە ئاه و حەسرەت و فرمێسکى پیرە دایک وباوکان بێت ، و نائومێدیان نەکەن و رێگا بدەن کە رۆڵە و نەوەکانیان ببین . پێرەو بەرنامە وسیاسەتى خۆیان هەرچیەک بێت ، بەشى ئەوەى تیایە کە چەند دەقیقەیەک خێزانەکان بەدیدارى یەکدى شادببنەوە ، خۆ ئەگەرئەوەش دەکەن بەپاساو کە ئەو یەکتر بینینە کاریگەرى سلبى دەبێت و ، ورە وباوەڕیان دائەمرکێنێت ، لەخەبات ساردیان ئەکاتەوە ، ئەوا راست نى یە،چونکە مرۆڤێ کەبەهێز بێت و خاوەن ویست وئیرادە بێت ، ئەوەى لەلاچەسپیبێت کە لەپێناو بیروباوەڕێکدا خەبات دەکات و هەموو خۆشى و لەزەتێکى ژیانى خستبێتە لاوە،تەنانەت گیانى خۆشى فیدا دەکات ، ئەوە بۆ ئەوە شتێکى زۆر بچوک و کەم بایەخە.. من لەخەمى گەریلا و چەک بەشانەکاندا نیم ، شینى من بۆدایک و باوک و خێزانەکانیانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت