پەشێو حەمەئەمین : شکستی حیزبە کوردیەکان لە پەروەردەی تاك و ئینتمای نەتەوەیی دا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئیستادا کە بە هەزاران سەرچاوەی پەروەردەیی و کلتوری و ئەدەبی و ڕۆشنبیریمان لە ژێر دەستدایەو ، سەردەم سەردەمی ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری و دنیا بینیە . دەبینین زۆرێك لە هاونیشتمانیان لە ژێر کاریگەری پەروەردەی سەقەتی حیزبی دا ، بە دەربڕینی شێوە زمانێك ، کە لەگەڵ کلتورو ئادەبی دنیای ئەمڕۆدا نەگونجاوەو تەواو پێچەوانەیە ، هەڕاجی کەسایەتی خۆیان دەکەن و قسەکردن بەو شێوە زمانە لایان بووە بە سەرەتای هەموو گفتوو گۆیەك .
من لێرەدا دەمەوێ باس لەو زمانە شێواوو شەڕانگێزە بکەم ، کە تاك لە کۆمەڵگای کوردیدا قسەی پێ دەکات و ، هۆکارەکانی درووستبوونی ئەم چەشنە لە ئەتەکیەت ڕوون دەکەمەوە .
زمانێك کە بۆتە باو لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتی و کۆڕە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکاندا . لەهەرە سەرەکی ترین ئەو هۆکارانەی کە تاك بەو شێوەیە بەرهەم دێنێ ،  نەبوونی هۆش و سەرلێشێواوی خوودی تاك خۆی و ، پەروەردەی سەقەتی حیزبەکەیەتی . وە هەروەها پەروەردەی خێزانی و ئایینی و کۆمەڵایەتیش هۆکارێکی جوزئین لەمەڕ پەروەردەی تاکێکی لەو جۆرە .  
گەر تەرجەمەی هەموو زمانەکانی  دنیا وەرگرین ، کۆمەڵێك ووشەی هاوبەش لە نێو کلتوورو نەریتی کۆمەڵگاکاندا بوونیان هەیە ، کە دەربڕینی ئەو ووشانە ئاماژەن بۆ بێ ڕێزیی کردن ، بە کەسی بەرامبەرو نیشاندانی لاوازی کەسایەتی کەسی دەربڕ لە ڕووی ( ڕەفتاروو و پەروەردە و ڕۆشنبیریەوە ) .
ئەمڕۆ حیزبی کوردی وەها تاکێکی پەروەردە کردووە ، کە هەمیشە لەسەر ڕم بێ بۆ بەرپەرچدانەوەی کەسانێك ، کە لە ڕێبازی هەمان حیزب لایان داوەو سەر بە ئایدۆلۆجیایەکی تایبەت بەخۆیانن .
ئەویش بە زمانێك کە پڕە لە قین ، لە ناشرینی ، لە بۆگەن بوون ، زمانێك  تەواو پێچەوانەی ڕەوشت بەرزی و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکان بێت ، کە بتوانێت لە هەموو شوێنێك بەبێ ڕەچاوی ژینگەو تەمەن و دانانی پەرژین لەڕووی ئەوانی تردا بەکاری بێنێت .
من نازانم .!  دەبێ چ سەروەت و ئیمتیازێك ئەوە بهێنێ ، یا لەوە گەورەتر بێ ، کە مرۆڤ هێندە خۆی بۆی بچوك بکاتەوە کە  پێچەوانەی پڕەنسیپ و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکان لە پێناویا بجوڵێتەوە ، وە لە هەمان کاتدا خۆی بکات بە کۆیلەو شکۆ و مەزنایەتی خۆی بۆی لە دەست بدات .
حیزب لە تەواوی دنیادا وەسیلەیەکە بۆ خزمەتکردن و خۆشگوزەرانی و پەروەردەی نیشتمانی و پاراستنی شکۆی مرۆڤ .
بەڵام لە کوردستاندا فێرگەیەکە بۆ بنیادنانی مرۆڤێكی شێواو و ، بێ ئەتەکیەت لە دەربڕین و ، بێ هەست لە پرسە نیشتمانیەکاندا .
بەشێوەیەك تاك پەروەردە دەکات کە لای وابێت حیزب لە نیشتمان پیرۆزترەو ، ئەرکی پاراستنی حیزب زۆر لە پاراستنی نیشتمان گەورە ترە . بە بەڵگەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنم .
ئاڵای حیزب ئەوەندە زۆرە ، دارووبەردی ئەم ووڵاتەی تەنیوەو ، جار جارە لە نێویاندا ئاڵایەکی کوردستان بە شەرمەوە سەر دەردێنێ و دەشەکێتەوە ، ئەوەندەی هاوڵاتیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی بە کوشت دراون و شەڕی ناوخۆیان پێ کراوە ، نیو ئەوەندە شەڕی دوژمنانی کورد و کوردستانیان پێ نەکراوە ، ئەوەندەی شەهیدی حیزبی هەن لەکوردستان ، نیوەی ئەو ڕێژەیەیە لە پێناو پاراستن و سنوری پیرۆزی نیشتماندا شەهیدمان نییە ، ئەوەندەی داهات و گومرگی ئەم ووڵاتە بۆ بەژەوەندی حیزب و کۆمپانیای  چەتەو مافیاکانی حیزب بەکاردێن ، نیوەی ئەو داهاتەش بەکارنایەت لە پێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و ئاوەدان کردنەوەی کوردستان .
ماستاو چیەکانی نێو حیزبەکانی ئەوروپا کاتێك حیزبەکەیان هەڵەیەك دەکات ئەگەر نەتوانن دژی بوەستنەوە لێی بێ دەنگ دەبن ، بەڵام ماستاو چی و بەرژەوەند دۆستەکانی نێو حیزبە کوردیەکان ، نەك دژی ناوەستنەوەو لێی بێ دەنگ نابن ، بە ڵکو بەو زمانە شێواوەی کە فێرکراون ، تا بتوانن داکۆکی لێ دەکەن .
هۆکاری دروستبوونی ئەم باگراوندە نەرێنیە بەسەر تاکی کوردیەوە ، دەگەڕێتەوە بۆ بەماددیکردنی کۆمەڵگا لە لایەن حیزبەکانەوە ، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا حیزب مشەخۆری حکومەت بووە و ، تەواوی جومگە و داهاتی حکومەتی لە ژێر دەستی دا بووە ، واتا گەر کەسێك هەوڵی دابێ مافە بنەڕەتی و سروشتی و سەرەتاییەکانی داوا بکات ، بەر لە هەموو شتێك پێویستی بەوە کردووە ، کە حیزبی بوونی خۆی بەیان بکات و  بەڵگەنامەی حیزبایەتی خۆی لە رێکخستنەکاندا پڕ بکاتەوە .
گەرتاکێك و یستبێتی بەپێی ئەو پسپۆڕیەی ،کە هەیەتی لە دامەزراوەیەکی دەوڵەتدا کار بکات و دابمەزرێ ، پێویستی کردووە پشتگیری حیزبی هەبووبێ ، ئیتر دابەشبوونی جوگرافی بڕیاری لەسەر ئەوە داوە ، کە دەبێ چ حیزبێك هەڵبژێرێت .
( مامۆستایان ، ئەندازیاران ، کرێکاران ، خوێندکاران ، کەمئەندامان ، کورتەباڵایان ، ژنان ، پارێزەران ، وەرزشوانان ، پۆلیس ، پێشمەرگەو ….. هتد ) ئەم چەمکانەی سەرەوە تەواوی کۆمەلگا پێك دێنن . هەر یەکەیان سەر بەیەکێتیەکی تایبەتن و دابەشکراون بە سەر ئۆڕگانەکانی حیزبدا ، ئامانج لە دروستکردنی ئەو یەکێتیانەش ، مل کەچکردن و دەست بەسەرا گرتنی کۆمەڵگایە لە لایەن حیزبەکانەوە ، کە تەواوی ئەو دامەزراوانە مشەخۆری حکومەتن و پارەو خەرجی لە حکومەت وەردەگرن .
کەواتا لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت حیزب نەك هەر لە حکومەت و نیشتمان پیرۆزترکراوە ، بەڵکو گەورەترین هۆکاریشە بۆ کەمکردنەوەو لە ناوبردنی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی ووڵات .
بۆیە کاتێك تەواوی مرۆڤەکان لە نێو ڕێکخراو و ، یەکێتیە حیزبیەکاندا دابەش دەکرێن و لە پارەی حکومەت و بەناوی حیزبەوە پاداشت دەکرین ، ئیتر ئەم تاکە وا بیر دەکاتەوە ، کە هەر ( حیزبە ) خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات و ، بەرە بەرە لەسەر ئەو بیرۆکەیە گەورە دەبێت کە ئەگەر حیزب نەبێت تەواوی کۆمەڵگا لە برسا دەمرن  ، بەم شێوەیەش هەستی نیشتمانی کەم دەبێتەوەو ، ئامادەیە بە هەر لۆژیکێك بێت بچێتە سەنگەری بەرگری لەو حیزبەی کە پێی وایە نانی دەدات .
لێرەدا حیزبەکان لە ڕێگەی پەێڕەوی ئەو سیاسەتە نا دروست و چەوتەوە  ، پەیامێکی وای گەیاندووە ، کە ئەوەی حیزبی نەبێت هیچ مافێکی نیەو لە برساندا دەمرێت و ناژی .  
بۆ ئەم مەبەستەش بە هەزاران کەس بەبێ بوونی هیچ ئایدۆلۆجیایەك چۆتە شەڕی حیزبێکەوە کە خۆی نەیزانیوە بۆچی شەڕ دەکات و گیانی خۆی بەو حیزبە بەخشیوە ، هونەرمەندان گۆرانیان بۆحیزب وتووە و ، وەرزشەوان تیپی حیزبیان بەناوی شەهیدی حیزبی دامەزراندوە و ، پێشمەرگەو پۆلیس داکۆکیان لە حیزب کردوەو ، پارێزەران دادگایان لە خزمەتی حیزبدا بەکارهێناوەو ، مامۆستایان خوێندنگایان کردۆتە مەڵبەندی بڵاوکراوەی حیزبی و … هتد.
ئەوانی تریش کە زۆربەی کۆمەڵگا پێك دێنن ، ئەرکیان قسەکردن بووە بەو زمانە شێواوەی ، کە حیزب پێویستی پێیەتی ، کە تاوەكو ئیستا کاریگەریان لەسەر ماوەو ، ڕۆژانە لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتی و کۆڕو کۆبونەوەکاندا بەرچاو دەکەون و ، بێ شەرمانە بەبێ دانانی هیچ پەرژینێك لە ڕووی ئەوانی تردا دەیتەقێنن .
بۆیە هۆکاری یەکەم : نەبوونی هۆشیاری تاك و ڕازی بوونیەتی بە کۆیلایەتی و مانەوەی لەو ژینگە مەست کراوەدا .
هۆکاری دووەمیش : ئەو پەروەردە سەقەتە حیزبیەیە ، کە لەم سەردەمی پێشکەوتن و دنیا ڕۆشنبیریەی ئەمڕۆدا ، کەسانێکی وا خوارو خێچ بەرهەم دێنێ و پێشکەشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکات …. بە داخەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت