عیماد عەلی : ئایا سەردەمی هێزە بچوکەکانە یان بازارگەرمی بەرێکردنی قۆناغەکەیە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو لایەک ئاگادارە کە لەم ئانوساتەدا حزبە بچوکەکان بازاریان گەرمە ، لە لایەن زلهێزەکانەوە قازانجێکی زۆریان لە کۆتا و ئەم حزبانە لە جێبەجێ کردنی مەرام و ئامانجە شاراوەکانیان دەکەن ، جا چ لە رێگای چاوسورکردنەوە بێت یان بەخشینی شیرینی و خەڵات . کەس نیە ئەوە نەزانێت ، بەڵام باسکردنی بە شێوەیەکی جیاواز لە لایەن لایەنەکانەوە خودی بابەتەکە بۆ خەڵک بە لارێدا دەبات .
ئێستا وەسف و مەدحی ئەوتۆ هاتۆتە ئاراوە ، هێزە بچوکەکان گرنگن ، هێزی رۆژی تەنگانەن ، هێزی یەکلاکەرەوەی پرسە چارەنوسسازەکانن ، هێزی نیشتمانی شۆرشگێرن ، هێزی بە ژمارەکەم و بەهەڵوێست بەرپرسیارن و … هتد . ئەو هەموو پیاهەڵدان و بەرزکردنەوە لەبەرامبەر باسکردن و وەسفکردنێکی بە رەها لە کاتێکی دیاریکراودا پێوانەی راست و دروستی چ خوێندنەوە و مەبەستێکە . لەبەرامبەردا دەوترێت ، هێزی پاشکۆن ، هێزی هەلپەرستن ، هێزی خۆژێنن و ئەم ماوەیە بەشی قۆناغیک لە تەمەنیان شت پەیدا دەکەن ، هێزی پارتین ، هێزی زلهێزەکانن ، یەدەکی دەزگاگانی نێو حزبەکانن ، هێزی بەرگری لە بەرژوەندیە هاوبەشەکەی خۆیان و زلهێزەکانن ، هێزی خۆبەدەستەوەدانی بێ سودن ، هێزی دژە میلەت ، هێزی بێ بنکە و قاعیدەن ، هێزی بێ هێزن ، ئەمانە و دەیان ناو و ناتۆرە و قسەی تر ، لە کاتێکدا بۆ ماوەیەکی دورو درێژە لە سەر رەفە دانراون کەس پرسەگورگانەشیان پێ ناکات . ئەم هەم یاری پێکردنەی لایەنەکان بەم هێزە بەدبەختانە چی دەگەیەنێت ، هۆکاری ئەم یاریپێکردنە لە پای چی و بۆ ، خەتای کێیە ، حزبەکان خۆیان یان زلهێزەکان یان واقعی کوردستان ، یان بەرژوەندیە تەسکەکان و بژێوی و ژیانی کادران و سەرکردایەتیان ، ئەمە لە کاتێکدا سکرتێری یەکێک لەوحزبانە بە ئاشکرا وتبوی کاکە ئەوەی پەیدای دەکەین خێرێکە خوا داویەتی یان شتێک دەکەین و هیچ نەبێت دەگەین بە نیوەی ئامانجەکانمان یان بە برا بەشی بۆ خۆمان دەیخۆین .
با زۆر بە وردی و بێ لایەنانە و بۆ قازانجی ئەم حزبانە و خەڵکی کوردستانیش ، قسەکانمان بە بەڵگەو بە مەنتقەوە بکەین . جارێک ، ئەگەر هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەم هێزە بچوکانە لەم کاتەدا بەم شێوە بێت ئەمەش وا ناگەیەنێت کە زلهێزەکان لەمان باشتر بن و دژ بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک رەفتار ناکەن یان هەمیشە بە ئاراستەی قازانجی خەڵک دەرۆن .
نەخێر ، ئەگەر ئەم حزبانە زەرەرێکی بچوک بەو بەرژەوەندیە باڵایانەی میلەت بگەیەنن ئەوا زلهێزەکان بە بچوکترین هەڵوێست گەورەترین زەرەر بە خەڵک دەگەیەنن ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم حزبانە وەک خۆیان دەڵێن لە زۆر لاوە راستیش دەکەن ، کە لە پێکهاتەیاندا لە خەڵکی پاک و تا رادەیەک بێگەرد و جۆریی پێکهاتون ئەگەر بە ژمارە کەمیش بن ، بەڵام رەفتار و هەڵوێستێکی زۆر بچوکی زیانبخەش بەگەورە لەسەریان دەکەوێت . چونکو بە هەر هەموویان پێکەوە بە قەد تاکە حزبێکی ئیسلامی دەنگیان نەهێناوە ، کە هەمووخەڵکێکی عەلمانی دڵگرانە بە بەردەوامبونیان لەسەر هەڵە هەمەچەشنەکانیان لە بۆچون و فکرو ئایدیۆلۆجیا و فەلسەفە و نەبونی واقعبینی و رەفتار و هەڵوێستی سەرکردایەتی و ، خەباتی هەمەجۆریان لەم کاتەدا بە شێوەیەکی گشتی ، ئەگینا ئەم هێزانە پێکهاتەی زەروری رۆژی تەنگانە نین لە کاتی قەیران و تەنگوچەڵەمەکاندا ، بۆیە ، ئەگەر لە پاش هەڵبژاردنەکان پێویست بوبێت بەخۆداچونی هەمەلایەن بە خۆیاندا بکەن ، ئەوە لە قەیرانێکی ئەم جۆرەی کوردستانداو بە خوێندنەوەی رەفتاری لایەنەکان لە بەرامبەریان و چۆنێتی بەکارهێنانیان و زیاتر کەمبونەوەی جەماوەرێتیان هەڵسەنگاندێکی بابەتیانە قازانج بەخشی ورد بۆ خۆیان بکەن و بە شێوەیەکی ورد گۆرانکاری ریشەیی و هەمەچەشن لەهەموو بارێکەوە لە خۆیاندا بکەن ، چ وەک تاک حزبی لە نێو خۆی و سەرکردایەتیەکانیان ، یان ئەو هێزە بچوکانەی کە لەیەکەوەنزیکن و دەتوانن لە کۆنگرەی هەمەگیری هێزە بچوکەکان لە کاتێکی پێویستدا بریاری یەکلاکەرەوە بدەن ، چ بە یەکگرتنی لایەنە لەیەک نزیکەکان یان بوێرن بن و بریاری هەڵوەشانەوە بدەن و کادر و ئەندامە دڵسۆز و پاک و بێگەردەکانیان لەوە زیاتر گیرۆدەی بەرژەوەندی تەسکی کۆمەڵێک خودپەرست نەکەن و قازانج بە خۆیان و گەلی کوردستانیش دەگەیەنن و ، یان بوار بۆ کادرەکانیان برەخسێنن کە نزیکترین لایەن لە هێزە گەروەکان هەڵبژێرن لە و هەموو زلهێزە خراپانەی سەر ساحەکە کەخەبات دەکەن چاکترینیان هەڵبژێرن ، کە هەر یەکە و بە رێژەیەک چاک و خراپی لەوانی زیاتر یان کەمترە ، کە لەو لایەنانەوە نزیکە کە هەلی گەشەکردنیان لە دوارۆژێکی نزیکدا لەبەردەمدا نیە .
بۆیە ، ئەم داواکاریەی من بە دڵسۆزیەک لەقەڵەم بدەن کە لە ناخی دڵمەوە دەردەچێت ، نەک بە شتی شەخسی بیخوێننەوە ، لە دوارۆژدا راستی و دروستی ئەم بۆچونانەم دەردەکەوێت ، ئاواتەخوازم لە بۆچونەکانم هەڵە بم و ئەم هێزانە بە کاریگەری کاراوە لەسەر ساحەی سیاسی کوردستان ببینم تا ئەوەندە زیاتر دڵخۆش بم ، بەڵام !
لەم قۆناغە هەستیارەدا کە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم بابەتی ئەم حزبانەشی هێنایە ئاراوە ، دەبێت بە راشکاوی باسیان بکەین و بۆ ئەوەی لە ئامۆژگاریەکی باش قازنج بکەین .
دەبێت بە ئاشکرا پێتان بڵێم :
1 – ئەم سەردانە مەکوکیانەی زلهێزەکان بۆ لای ئێوە دلخۆشتان نەکات و ، نەڵێن ئەم ماوە لە پەراوێز بون رزگارتان دەبێت ، لەبەر ئەوەی هەر کەسێک دەزانێت ئەم زلهێزانە بناسێت ، لەپاش یەکلایی بونەوەی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم نەمانی کەفوکوڵی قۆناغەکە ، هەر ئێوە ، دەگەرێنەوە هەمان شوێن وجێگای خۆتان .
2 – ئەم گرنگی پێدانە لەکاتی ئاساییدا نیە و بە پەیوەندیەکی ئاسایی و زانستی و قازانجی هاوبەش حساب ناکرێت .
3 – پاش ئەم قۆناغە دوبارە پەراوێز دەخرێنەوە و ئەگەر لەم کاتەدا هەرچی بڵێن لەبەر قازانجی تەسکی تاک لایەنەی خۆیانە و تەنها بۆ کات بەرێکردن و پەرینەوەی ئەم قۆناغەیە بە پێی پێداویستیەکانی پەیوەندیە تەندروستەکان نیە . بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە بۆ ئەم زلهێزانە لەم کاتەدا سەردانی دەیان حزبی تر ناکەن کە کورسی پەرلەمانیان نیە، ئەگەر هیچ مەرامێکی کاتی لەپشت ئەم جوڵانەوەیانەوە نیە .
4 – هەست کردن بە ئەوی تر تەنها لە کاتی تەنگانەدا نابێت ، رێزگرتن لەوی تر تەنها لە کاتی پێویستیدا نابێت ، جیاوازی نەکرن لە نێوان بچوک و گەورە لە کاتی زۆر حەرجدا پەیرەو ناکرێت کە چارەنوسی زلهێزەکە لەسەر تاکە کورسیەک مابێت .
5 – ئەم هەنگاوانە هیچ پەیوەندیەکی بە هاوسەنگی سیاسیەوە نیە جگە لە بەکارهێنانتان لە پرسێکی وەک ئەمەی ئەمرۆی کوردستان و ، لە هیچ کاتێکدا بینیوتانە کە لە کاتی لەیەک نزیکبونی ئەو زلهێزانە بە خۆیان ، فریای سەردانی ئێوە کەوتبن ، لە کاتی دامەزراندنی حکومەتی سەرکە فراوان چیان بەخشی بە ئێوە و تەنها لە سەرەوە بۆچونەکانی خۆیان فەرز نەکرد ؟
6 – سەرجەم لایەنەکان و لەپێشەوەشیان پارتی ، باش لەو واقعە تێگەیشتوە کە تەنها ئێوەی لە کاتی پێویستدا هەمیشە بەکارهێناوە و ئێستا لە پرسێکی ئاوها دیسان روی لەبەرماڵی ئێوە کردوە نەک لەبەر چاوی کاڵی ئێوە و هەڵوێستە نیشتمانیەکانتان .
7 – قسەی جوان و زلتان پێ ئەڵێن ، ئەمە سەردەمی زێرینی ئێوەیە ، ئەم میلەتە ئێستا دوارۆژی بە ئێوە دیاری دەکرێت ، ئێوەن نەوەی نوێ دەبوژێننەوە و ئێوەن بەرەو سەردەمێکی زێرین دەچن ، ئەمە و چەندین پێداهەڵدانی تر، بەڵام باوەریان پێ مەکەن .
8 – ئێوەن لەم قۆناغە نەتەوەیی و نیشتمانیەدا هاوسەنگی هێز دەپارێزن و میلەت پشتی بە ئێوە دەبەستێت و ، دەبێت ئێوەش ئاگاتان لە مێژوی خۆتان بێت .
9 – وەک ئاماژەدان بۆ قسەی هەرەشە ئامێزیش ، دەبێت ئاگاتان لە بەرژەوەندی خۆتان بێت و ئەم بابەت و پرسەی ئەمرۆ رەش و سپی یەکلایی دەکاتەوە و هاورێ و نەیارمان بۆ دیاری دەکات و ئێمەش هەڵوێستی راست لەبیر ناکەین . ئا بەم شێَوەیە، لەم کاتانەدا قسەو باس نێو سەردانەکان زۆرو زەوەندەکان . لەکاتی هەڵسانیشدا پرسیارە نهێنیەکان دەکرێت . هیچ پێویستان بە هیچ نیە ؟ ئەگەر قسەو باسێکی لەو جۆرە بە ورتەورتیش بیت بەیەکەوە باس دەکرێت دەوترێت .
دەبێت ئەم حزبانە لەم پرسەدا دەرس و پەند وەرگرن ، بۆ دواجار بزانن کە لەم شێوە رەفتار و کردارانە ، لە رابردودا زۆر بووە و هەر ئەم حزبانە دەزانن کە پاش کۆتاییهاتنی هەر پرسێک دوبارە خراونەتە سەر رەفەکەوە .
بۆیە ، هەموو کەسێک بە خۆی دەزانێت دەردەکەی چیە و دەشزانێت بە دکتۆری خاوەن زانیاری و زانست و بە خەڵکیدلسۆز چارەسەر دەکرێت ، نەک بە خەڵکێک نەزانێت دەردی خۆی چارەسەر بکات نەک نەخۆشی یەکێکی تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت