کریم المظفر : ئەردۆگان و گاڵتەجاڕی کودەتا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێرانی لە عەرەبیەوە بۆ کوردی : رەزا شوان .

میکافیلی دەڵێ : ئەگەر دەتەوێت نەیارانت لە ناوبەریت و ، هێزت بۆ هەمووان دەربخەیت ، کودەتا دروست بکە و لە ناویان بەرە ” ئەو کودەتایەی لە چەند رۆژی پێشوودا لە تورکیادا روویدا ، جیهان بەم کودەتا شکسخواردووەوە سەرقاڵبوون .. هەر لە ساتی یەکەمی دەستپێکردنییەوە ، جیهان لە شرۆڤەکردن و بۆچووندا دابەشبوون .. ئەوانەی لایەنگری سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان نین هەڵهەڵەیان لێدا ، ئەوانەن کە زۆربەیان بە ئاگری ئەم کەسایەتییە فێڵباز و درۆزن و تەڵکبازە داخکراون ، کە لە پێناوی هێنانەدی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا گوێ بە نزیکترین کەسی خۆشی نادات .
دوای خوێندنەوەتان بۆ ئەم بۆچوون و بیرۆکانەی کە دەیخەمە بەردەمتان، دەزانم کە بۆچوونەکانمان وەکو یەکنین ، بەڵام ئازادی رادەربڕین مافی هەمووانە ( بێگومان تەنها لە تورکیادا نەبێت ) ، چونکە من هاواڕانیم لەگەڵ هەموو ئەو هەڵسەنگاندن و را و شرۆڤانەی کە دەربارەی ئەم کودەتایە کراون ، گەرچی بەشێکی زۆری ئەو شرۆڤەکار و شارەزایانە خۆیان بە شارەزای کاروبار و سیاسەتی تورکیا دەزانن .. لە پڕێکدا رووبەڕووی ئەو هەموو کەسانە بووینەوە ، کە لە زۆر شوێنی جیهاندا، تاوتوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو کودەتایە کرد .. هەموویان بە شێوەیەکی ئەوتۆ، گوزارشتیان لە رای خۆیان دەکرد هەروەکو ئەوەی لە تورکیادا بژین و ، هاوژینێکی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی تورکیابن . بەڵام لە راستیدا ، ئەمانە وەکو ( تووتی ) ئەوە دووبارە دەکەنەوە ، کە پێشتر لە کەناکێکی کەدا، باسکراوە و گویان لێبووە .. بە هەرحاڵ من نامەوێت لەسەر ئەم بابەتە بدوێم .
کودەتاکە ( شانۆگەرییەکە ) لە نووسین و دەرهێنانی سەرۆکی تورکیا ( رەجەب تەیب ئەردۆگان ) کە بە شێوەیەکی نایاب دایڕشتووە و دەریهێناوە .. بە شێوەیەکی تەکنیکی بەرزیش رۆڵەکانی دابەش کردووە ، کە تێدا تەکنیکی تەکنۆلۆژیا و ، سایتە کۆمەڵایەتییەکانی بە شێوازێکی گەورە بەکارهێناوە ، سەکۆی شانۆگەرییەکەشی شاری ئەستەمبوڵی شوێنی لە دایکبوونی سەرۆکی تورکیایە ، کە بە باشی شارەزایەتی ( ماوەیەکیش سەرۆکی شارەوانی ئەم شارە بوو ) ، لەگەڵ ( ئانکرە ) ی پایتەختیش ، کە بارەگاکانی دامەزراوە حکوومییەکانە .
ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت ، بۆ سەرۆکی تورکیا پەنای بۆ ئەم شانۆگەرییە برد ؟ بە تایبەتیش ئەو سەرۆکی وڵاتێکە، ئەوەی کە ناکرێت کەسانی تر بیکات ، ئەو بۆی هەیە کە بیکات .. دەتوانێت بەبێ پرس و لێپێچینەوە هەر بڕیارێک دەربکات .. ئەمەش دۆخی راستی ئەو وڵاتانەیە کە دیکتاتۆرەکان حوکمڕانی تێدا دەکەن .. ( شانۆگەری کودەتاکەی تورکیا ) لە چوار بەشدا چڕدەکەینەوە :
بەشی یەکەم | دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا ، چەند رۆژێک لە پێش کودەتاکە ، ئاگادارییان دا، کە لەوانەیە کودەتایەکی سەربازی رووبدات ، ئەمەش بە راستی رووی دا .. بەڵام سەیر لەوەدایە، کە ئەمە یەکەمین کودەتای سەربازییە لە مێژووی ئەم سەردەمەدا، کە بەم شێوە ئارامییە چارەسەر بکرێت ، سەرکردەی کودەتا لە هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا دەرنەکەوت ، بۆ ئەوەی کودەتاکە رابگەیەنێ و بەیاننامەیەک بخوێنێتەوە .. هەروەکو لە هەموو کودەتاکاندا باوە، تەنانەت لە سۆمالیشدا وامان بینیوە .. !، کودەتاچییەکان لە چەند گۆڕەپانێکدا بڵاوبوونەوە .. فرۆکەخانەی ئەتاتورک و پردی بسفۆریان داخست .. تەلەفزیۆنی تورکیا ، رایگەیاند کە سوپا بە تەواوی دەسەڵاتی گرتەدەست ( کچە هەواڵخوێنەکەی تەلەفزیۆنی تورکیا ، کە بەیاننامەکەی خوێندەوە ، لە دواییدا بوو بە ناسراوترین کەسایەتی لە تورکیادا ) دوایش تەلەفزیۆنی تورکیا داخرا .. بەڵام کودەتاچییەکان ، لە هەموو کەناڵەکانی تردا ئاگادارییان بڵاودەکردەوە .
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری یەکی شەودا ، لە ناکاودا شاسواری مەزن ( پاڵەوانی شانۆگەرییەکە )
رووبەڕووی کودەتاچییەکان بووەوە ، بە تەلەفۆن پەیامێکی لە رێی تۆڕی تەلەفزیۆنی ( سی ئێن ئێن ) ی تورکییەوە بڵاوکردەوە ، دوایش بەبێ ئەوەی کە هیچ سەرکردەیەکی سەربازی لەگەڵدابێت ، رووی لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک کرد ، لە کاتێکدا کە فرۆکە هێلیکۆپتەرەکانی کودەتاچییەکان بە ئاسمانەوە دەسوڕانەوە .. بەبێ ئەوەی کە رووبەڕووی فرۆکەکەی ئەردۆگان ببنەوە .
ئەردۆگان کە لە نێوان کۆمەڵێک لە لاوان خۆی ئاشکراکرد ، بەڵام ئەو لاوانە لە راستدا پیاوانی میت و هەواڵگری تورکیا بوون .. چاویان بە هەموولایەکی دەوروبەری ئەردۆگاندا دەگێڕا و نەک روانین لە سەرۆکی مەزنیان و گوێگرتن لە قسەکانی .. بەڵکو لە ترس ئەوەی نەک شتێکی چاوەڕوانەکراو رووبدات ، بە تایبەتیش کۆمباریس ( قبلەنامەکان ) هەموو وردەکارییەکان شانۆگەرییەکە نازانن .
بەشی دووەم | پردی بسفۆر داخرا، دوای ئەوەش هەندێ تەقەکرا ، کەس نازانێت کی ئەو تەقانەی کرد و لە کێیان کرد ..؟ فرۆکەی هێلیکۆپتەریش بە ئاسمانی ئەستەمبوڵ و ئانکرەدا دەسوڕانەوە .. کودەتاچییەکان دەستیان بەسەر چەند بینایەیەکی حکوومی و پەڕلەمان و کۆشکی کۆماری دا گرت ، کە گەورەکانی چۆڵیان کردبوو ، تەنها بارەگای هەواڵگری نەبێت .. هەر وەکو لە هەواڵە بە پەلەکاندا هات ، وازیان لێهێنابوو چونکە بەرگری گەورەی لێبوو .. پرسیارێک ژمارەی بەرگریکارانی بارەگای هەواڵگری چەند بوون ؟ لەو بڕوایەداین کە ژمارەیان لە دە کەس زیاتر نەبوون ، با وا دابنێین کە نزیکەی بیست کەسێک بوون .. ئەمە چۆن کودەتایەکە ، کە نەتوانێت چەند پاسەوانێکی کەم لە ناوبەرێت ؟ بە تایبەتیش لەم بارودۆخەدا ، کە چەکی بەرگریکاران دەمانچە و رەشاش و ، لە باشترین شێوەشدا با چەکی ( ئاڕ پی جی ) شیان پێ بووبێت، بەرانبەر بە تانک و بە زرێپۆش و دۆشکە کە بە دەستی کودەتاچییەکانەوە بوون چییان پێدەکرا ؟
سێیەم | یەکسەر لە ناوەڕاستی ئەم رووداوانەدا، خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان، بۆ ئەوەی لە پێناوی سەرۆکی مەزنیان و لەسەر بنەمای ( بە روح و بە خوێن ـ بالروح بالدم) قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن .. بەڵام سەیر لەوەدایە، کە هەموو ئەوانەی چوونە سەر شەقامەکان ، لە لایەنگرانی ئەردۆگان بوون ! هیچ کەسێکی تر دەرنەکەوت ، تەنانەت گەر سواڵکەرێک یا شێتێک یا ڕێبوارێک هەر خۆیان بوون .
گەرچی لە سەرەتای کودەتاکەوە تا کۆتایی ، هەروەکو ئەوەی، کە ئەستەمبوڵ خۆپێشاندنی گەورەتری لە دژ سیاسەتەکانی ( سوڵتان ) ی بەخۆیەوە نەبینیبێت .
بەشی کۆتایی | بۆ ئەوەی پەردە لەسەر ئەم شانۆگەرییە کۆمیدییە دادرێتەوە ، سوپای تورکیا لە لایەن پیاوانی میت و پاراستنەوە شەرمەزار و رسواکران و ، بە رووتی کۆیان کردنەوە ، تا ببێت بە پەند بۆ ئەوانەی لە داهاتوودا ، گوێدێری سەرکردە سەربازییەکانیان دەبن .. بۆ تەواکردنی ئامانج لە سیناریۆی کودەتا دروستکراوەکە ، سەرۆکی تورکیا بەبێ دادگا و بەبێ فرمانی دەستگیریکردن لە لایەن دادگاوە ( گوایە ئەوان لە وڵاتێکی دیموکراتین ) دەستیان بە گرتنی هەموو ئەوانەکرد ، کە ئۆپۆزسیۆنن و سەر بە پارتە سیاسییەکانی ترن و هەر هاوڵاتییەکی تر کە دژی سیاتەکانی ئەردۆگان بن .. بە هەلیشی دەزانێت بە توومەتی تێوەگلان بە کودەتاوە رقی لە کێ بێت تاوانباریان بکات و ، لە ناویان بەرێت .
سەرەڕای ئەوەی کە ( 2700 ) دادوەریان لەسەر کارەکانیان دەرکردن ، تا ئەمڕۆش ( 6000 ) ئەفسەر و هاوڵاتییانی بەند کردوون ، هەروەهاش ( 25000 ) هاوڵاتییش نادیارن و بێ سەروشوێنن ، کە لە دژی حوکمڕانی سەرۆکی تورکین .. بە توومەتی سەر بەگروپێکی نەیار تاوانبار کراون .
ئامانج لە نینۆکبڕینی سوپا ، ئەویە کە سوپا وەکو ئێسقانی ماسی لە قوڕگی ( ئەردۆگان ) گیربووە ، لە لە ئەمڕۆوە چۆنیشی بوێت وا رەفتاریان لەگەڵ دەکات .. خۆشی لە سەرەوەی سوپا و یاسا و هەموو کەسێکەوە دەزانێت .
بۆ ئەوەی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن و ناحەزی ئەردۆگانن ، نەتوانن لە ئایندەدا ، بەرهەڵستی ببنەوە ، بە تایبەتیش سوپا و دادوەرەکان ، کە دژی ئەوەن حوکمڕانی لە پەڕلەمانییەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ، لە جێی سستەمی پەڕلەمانی ئیستای حوکمڕانی .. بۆ ئەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە ( یاسایی ، دادوەری ، جێبەجێکردن ) لە یەکتر دابڕێت .. دەسەڵاتەکان قەدەغە بکات کە چاودێری یەکتری بکەن .. سوڵتەی یاساییش مافی دادگایی کردنی سەرۆکی نەبێت لە کاتی پێشلکردندا و ، لە زۆر کێشەکانشدا دەسەڵاتی رەهای هەبێت و ، قسە قسەی ئەمبێت .. بە واتەیەکی تر ، قورخکردنی دەسەڵات لە لایەن ئەردۆگانەوە، یاسایەکی تازە کە دیکتاتۆر دروست دەکات .. لەگەڵ ئەوەشدا ، ئۆپۆزسیۆن وەکو بەرد و کۆسپی لە رێی خۆی دەزانێت، دەیەوێت واش لە خەڵکی بگەیەنێت کە ئۆپۆزسیۆن رقیان لە خودی ئەردۆگانە ، و دژایەتی ئەو دەکەن .. ئۆپۆزسیۆن باش لەوە گەیشتوون کە ئەردۆگان چی لەبن سەردایە و دەیەوێت چی بکات، ئەرۆگان دەیەوێت خۆی بکات بە سوڵتانێکی عوسمانی و بە دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەر .

سەرچاوە | نووسەری عێراقی ( کریم المظفر) ە ، کە لە بەرواری (٨ ی / یولی/ ٢٠١٦) دا لە سایتی ( کتابات ) دا بڵاوی کردۆتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت