کاردۆ محەمەد : سوڵتانەکان تێکدەشکێن . 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێرشی سوپای تورکیا و گرتنی جەرابلوس، بە ئامانجی بەربەست دروستکردن و لێدانی پێشرەویەکانی کوردانی رۆژئاوا. بەشێک لە خەڵکی نائومێد کرد ، کە جارێکی تر وڵاتان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان رەفتاردەکەن و دەست بەرداری پشتیوانی رەوایی کیشەی گەلەکەمان دەبن.

لە راستیدا لەم ئانوساتەدا کێشەکە هەروا ئاسان نییە، بۆیە دەمەوێ لەم پرسەدا ئاماژە بۆ چەند خالێک بکەم : پرسی کورد لە دۆخێکدایە بە ئاسانی جارێکی تر ناتوانرێت فەرامۆشی بکرێت. لە بەر ئەوەی لە ئاستی نیودەوڵەتیدا پاڵپشتێکی بە‌هێزی ڕەوایەتی دوای ئەنفال و جینۆسایدکردنی پێ بەخشراوە.

بەرژەوەندی وڵاتانی بەهێز، لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، دوای گۆرانکارییەکان لە پشتیوانی پێکهاتەو نەتەوە ژیر دەستەکان دایە. گەلی کوردستانیش لە پێشەوەی ئەو گەلانە ئەگەر پێگەی سیاسیشمان لاواز بێت . هەرکاتێ پرسی کورد بەرەو پێشکەوتن بچێت داگیرکەران ئامدەی هەمو ناکۆکی خۆیانن بۆ لێدانی گەلانی ژیر دەستە، چونکە دەزانن بە سەربەخۆیی گەلی کورد نەخشەی داگیرکاریی و قەڵەمڕەویی ئەوان هەڵدەوەشێتەوە. ئەم هەماهەنگەشیان هەر لەو پێناوەیەو، بەڵام تا سەر نابێ و کاتییە و ناتوانی ناکۆکیە میژوویەکان و بەرژەوەندیە سولتانیەکانیان بسڕیتەوە.

ئەمەریکا رەچاوی بەرژەوەندی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات ، کە کوردی تێدایە ، دوای جەنگی کەنداو، پاشتریش 11 سێپتەمبەر، کوردستانیش بنکەیەکی بەهێز و سەرەکی مرۆیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، لێرەوە پەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەپارێزێت و ڕوبەڕووی هێزی تیرۆرستان دەبێتەوە. ئەمە جگە لە بەرژەوەندی ئابووریی و بەرهێنانەکانی ئەمەریکا لە کوردستاندا وا دەکات ئەمەریکا پشت لە کورد نەکات لەم ناوچەیەدا .

سەدەی بیست و یەک، شکستی دەوڵەتانی شکست خواردوی ناوچەکەیە، هاوکێشە و بەرژەوەندییەکان پێمان دەڵێن تازە دۆخی درووستکراوی جارانی بەتایبەتیش بارودۆخی کورد لەم ناوچەیەدا ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران و ژێر دەستەیی کورد. بۆیە ئەگەر کورد کێشەی حوکمداریی خۆی نەبێت، بە دڵنیاییەوە لە داڕشتنی نەخشەی ناوچەکە پێگەی خۆی هەیە .!

لە ئێستادا ئەگەر پاشاکشێیەکی کاتیش ڕووبەڕووی کوردانی خۆرئاوا بێتەوە کۆتاییەکەی سەرکەوتنە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناتوانن پشتیوانی گەلێک نەبن کە لەسەنگەریی پێشەوەی پاراستنی ئاسایشت جیهانییە دژی تیرۆر . سووربوونی بەردەوامی تورکیا لەسەر ئەم سیاسەتە ملهوڕانەی لە ناوچەکەدا، تەڵەی زۆری ماوە بۆ قاچ گرتنی، ڕوداوەکان لە سەرەتادان و کات ماوە بۆ بینینی پێشهاتی نوێ .! دواجار سەرکەوتنی گەلان بەندە بە ئیرادە و هونەریی بەڕێوەبردنی گەلان خۆیانەوە، کوردانی رۆژئاواش خاوەنی ئەو ئیرادەیەن کە سەرکەوتنیان مسۆگەر دەکات، ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردووشیان و کۆمەڵێک هەنگاوی گەورە بەڵگەیەکی زیندووی ئەم سەرکەوتنەیانە لە داهاتوودا، پێشهاتەکانیش پێمان دەڵێن سوڵتانەکان تێکدەشکێنن و گەلانی ژێر دەستەش ڕزگارییان دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت