عیماد عەلی: ئایا بارزانی ناچارە پشتی عەبادی بدات بە ئەرزدا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وادیارە ئەردوغان لە دوێنێوە لە خۆشیدا توشی گەشکە بوبێت، لەبەر ئەوەی وەک باس دەکرێت بارزانی بواری داوە لە بەرەکەی ئەمەوە تورکیا بەشداری شەری رزگارکردنی موسڵ بکات و هەندێک لە ئامانجەکانی بێنێتەدی. ئەگەر ئەمە راست بێت و بە لێکتێگەیشتنی نهێنی لەگەڵ عەبادیدا نەبوبێت، ئەوا دەبێت فاتیحە لەسەر دەرئەنجامی سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا بخوێنینەوە. ئەمەش جێگەی بیرکردنەوەی عاقڵمەندان نیە، بەڵام لای سەرکردایەتی کورد وای دابنێن ورچیش هێلکە بکات، هیچ مەحاڵنیە. لەبەر ئەوەی بارزانی لە خەڵکی تر زیاتر دەزانێت تورکیا لە عەبادی دڵسۆزتر نیە و بەڵکو هەر تورکیا و ئەردوگان بوون لە رۆژی تەنگانە بە هانای خۆیەوە نەهاتن و گەیاندیانە ئەم حاڵەتە کە کەس خۆزگەی پێ ناخوازێت.
لەم رۆژانەدا قسە لەوە دەکرێت کە تورکیا بواری ئەوە نادات پارەی نەوت وەک خۆ بگاتەوە دەست هەولێر و، ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە داراییەیە کەلە ئارادایە و تورکیا وەک کارتێک لەهەموو بوارەکاندا دژ بە بارزانی بەکاریدێنێت و لەم رۆژانەدا دوور نیە لەو جۆرە فشارانەی کردبێت .
ئا لەم رۆژانەدا، تورکیا فشاری گەورە لەسەر بارزانی دەکات کە هاوکاری بکات گورزێکی عەسکەری لە پەکەکە بدات کە ئەم کاتە بە لەبار دەزانێت لە رووە سیاسی و عەسکەریەکەیەوە و بە پێی ئەو پیلانانەی بۆ موسڵ و لەبەرامبەر پەکەکەشدا نەخشەی بۆ کێشاون .
هەر تورکیا لەو قۆناغەدا کە خەریکی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی بوو لەگەڵ بەغدادا و، لە لایەکی ترەوە بە باشی دانا کە پەیوەندیەکانی بارزانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی بێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ئدیعیا و چەواشەکاریە ئیعلامیەی ریفراندۆم و سەربەخۆی کوردستانی لەبیری بارزانی بباتەوە، تیشکی سەوزی بۆ هەڵکرد سەردانی بەغدا بکات و لەبوارە نێوخۆییەکانی هەرێم و بەغدادا رێک بکەون، بەڵام پاش تێکچونی پەیوەندی ئەنقەرە بەغدا بە شێوەیەکی کتوپر، پاشگەرزبونە بە هاندانەکەی تورکیاوە دەرکەوت و بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت بارزانی لە بەغدا دوور بخاتەوە و جارێکی تر بەهەمان شێوە بەکارتەکانی بارزانیەوە یاری بکات .
پاش سەردانەکەی ئاشتۆن کارتر بۆ ئەنقەرە و بەغدا و ئەو لێدوانانەی کە مەبەستی بوو بەغدا ناچار بکات بوار بە تورکیا بدات بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی رزگارکردنی موسل، بەڵام روبەرووی هەڵوێستی توندی و نارازیبونی بەغدا بووەوە و نەیوتوانی رازی بکات بە ئەو مەبەستە، لە دوا ساتەکاندا رووی کردە هەولێر، کە جارەکانی پێشوو لەبەغداوە مامەڵەی لەگەڵ بارزانیدا دەکرد،ئەم جارە بۆ ئەوەی بارزانی رازی بکات رێگە بدات تورکیا بەشدار بن ،و ئەمەش لەسەر بەرژەوەندیەکانی کورد و پەیوەندیەکانی هەلێر و بەغدا دەکەوێتەوە و رێککەوتنی بەغدا و هەولێر قورستر دەکات .
لێرەدا هەر بریارێک لەم بارەوە لە چارەنوسی پەیوەندیە هەمەجۆرەکانی هەر لایەک یەکلاییکەرەوە دەبێت :
A- لە بەرژوەندیە سترایتجیەکانی ئەمریکایە کە تورکیا لە شەری موسڵ بەشێوەیەک بەشدار بێت و، لەوەشدا ناکۆکی لە نێوان وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە شێوەکی گەورە هەیە، بۆیە زۆر پێدەچێت ئەمریکا زۆر شت لەسەر بارزانی فەرز بکات کە لایەنێکی ئاسانە بۆ ئەو مەسەلانە .
B- دەتوانێت بارزانی رازیبکات بە هەر داواکاریەک و لەوێشدا کارتی زیاتریش بە تورکیایە بدات کە بەرامبەر بارزانی بەکاری بێنێت ، لەبەر ئەوەی بارزانی ناتوانێت ئاوا بە ئاسانی هەڵوێستی ئەمریکا و تورکیا پێکەوە لە بەر خاتری عەبادی و بەرژەوەندەیکانی خۆی لەگەڵ عیراقدا پشتگوێ بخات .
C- لەم ئانوساتەدا بە دیاریکراوی بارزانی لە بەرامبەر دوو هەڵوێستی ناجۆر و لێکئاڵاو هەیە، کە دەبێت بە خوێندنەوەیەکی عاقلڕمەندانە لێکیان جیابکاتەوە و، باشەکەیان هەڵژێرێت بۆبەرژەوەندی و دوارۆژی میلەتەە، بەڵام باش دەزانین ئەوەی لە بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حزبی خۆیەوە زیاتر بێت دەیخوێنێتەوە و، لەوەدا بە من وەک خۆم دڵنیام کە لایەنی تورکیا دەگرێت و بەرژەوەندیە قوڵەکانی گەلی کورد لەم کاتەدا کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا خۆی دەبینێتەوە، فەرامۆش دەکات . بەم شێوەیە لەوەدەچێت دابرانێکی زیاتر لەگەڵ بەغداد رووبدات و زەرەرەکەی زیاتر بەر گەلی کرودستان بکەوێت .
D- بەشداریکردنی تۆپخانەکانی تورکیا لە شەری دژ بە داعشی لە بەرەی پێشمەرگە لە باشیک هەڵوێستی بارزانیمان بە جوانی بۆ روون دەکاتەوە، لەمەشدا تورکیا باڵ فش دەکاتەوە و لەبەرامبەر عەبادیدا دەڵێت ئەوەتا بە رازیبون و نارازیبونت بەشداری دەکەم و بێگومان کاردانەوەی عەبادیش زەرەری گەورەی دەبێت .
ئەوەتا ئەنقەرە بە تۆپزی باس لە دروستکردنی زۆنی ئارام لە هەرێمی کوردستان و باکوری عیراق دەکات و هیچ لایەک بە وشەیەک سەرکۆنەی قسەکانی ناکات و، سەرجەم لایەنەکان قروقەپیان لێکردووە و بێدەنگیش نیشانەی رەزامەندی دەبەخشێت.
بۆیە، ئەوەی دەیبینین بۆ کورد زۆر ورد و هەستیارە کەچی سەرکردایەتی کورد وەک کێشەیەکی بنەماڵەیی ساکار تەماشای دەکەن و هیچ خوێندنەوەیەکی سیاسی و ستراتیجیان بۆی نیە و بە پێی پەیوەندیە شەخسی و حزبیەکانیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و، ئەوەتا دەبینین چەند ملکەچی داواکاریەکانی تورکیان لەبەر ئەوەی پەتی لێخورینیان بەدەستیەوەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت