محەمەد هەریری: ئەفسانەی ئیسلامیەکانی ناو گۆڕان! بەشی یەکەم.
من زۆر دەمانێکە گوێم لە وتاری هەندێ نووسەر و کرێگرتەی حزبی و کەسانێکی توندڕەوی ئایدیۆلۆژی دەبێت، کە باسی بە ئیسلامی بوونی گۆڕان و زاراوەی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕان دەکەن، بەڵام هێندە گوێیم پێ نەدەدا، چونکە پێموانەبوو ئەوە ترسانە لەو قەبارەیە بن، و موستەهەقی وەڵامدانەوەش بێت. بەڵام ئێستا پاش کۆچی دوایی ڕێکخەر و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، لە نێو ئەو ئەگەرانەی کە باس دەکرێن بۆ ئایندەی بزوتنەوەکە، ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی ئیسلامییەکانی ناو گۆڕانە بەسەر بزوتنەوەکە، و گۆڕینیەتی بۆ بزوتنەوەیەکی ئیسلامی دینی!
با بزانین ئەو تێزە تا چەند ڕاستییە، وئایا شتێك هەیە بە ناوی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان؟!
دیارترین ئەو دەمووچاوانەی کە دەڵێن: ئیسلامین کێن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا؟!
ئایە گۆڕان و ڕێکخەرەکەی تا چەند دوور ونزیکە لە ئیسلامی سیاسی؟!
لە کۆتا پرسیار دەست پێ دەکەم. نەوشێروان مستەفا لە هەموو ژیانیدا بە یەك ڕستەش نە بە دەم، نە بە کردار و خەبات پشتگیری لە چەمکی ئیسلامی سیاسی نەکردوە، بەڵکو لەناو نێوەندی ئیسلامیدا لە کاتی خۆیدا و تا ئێستاش قسەیەك هەیە بە دەمی نەوشێروانی دەگێڕنەوە کە گوایە وتوویەتی: دەبێت قورئانە عەرەبیەکە بە وشتری عەرەبی بنێرینەوە بۆ عەرەبستان، تا گوێدرێژی کوردی ماندوو نەبێت! لەوە ناجێت ئەوە قسەی نەوشێران بێت، بەڵام زۆر باوە ئەو قسەیە، بە تایبەت لە کاتی تووڕەبوونی ئیسلامیەکان لە هەر هەڵوێستێکی نەوشێروان!
بەڵام لە بیرمان نەچێت، ڕێشی تێدەچێت لە هەڕەتی چەپڕەویدا قسەیەکی وای کردبێت، چونکە نەوشێروان بیر و هەڵوێستی بەردەوام لە گۆڕاندا بووە لەو پەڕی توندیەوە بۆ مام ناوندی و تا دەگاتە نەرمی نواندن. هەموو ئەدەبیاتی گۆڕان ئاماژە بە حوکمی عەلمانیەت و دیموکراتیبوون دەکەن قەت نەمزانیوە لە بڕگەیەکیش باسی حوکمی ئیسلامی کرابێت!
ئەوەی زۆر زەقە لەو بوارەدا وتە بەناوبانگەکەی نەوشێروان بوو لە چاوپێکەوتنێکدا گووتی: ئێمە دژی هەموو یاسایەك دەوەستینەوە پێچەوانەی سەوابتی [نەگۆڕەکانی] ئیسلام بکات!
ئەوە وتەیە تەرجەمەی وردی دەستوری عێڕاقییە، کە زۆر بێ مانایە و دەڵێت نابێ ئەحکامی ئەو دەستورە پێچەوانە بکات لەگەڵ دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و هەروەها لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام!
چونکە هەر خودی دیموکراسیەت پێچەوانەی بنەماکان و سەوابتی ئیسلامە لە زۆر لایەنەوە. کاک نەوشێروان وەك دەگوترێ یەکیکە بەژداری کردوە لە داڕشتنی دەستوری عێڕاق، جا یان خۆی داڕێژەری ئەو بیرۆکەیە بووە، یانیش کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو بیرۆکەیە پڕ لە هەڤدژییە. بۆ نمونە یەکسانی ژن وپیاو لە خوێن و لە میرات و لە بوونە سەرۆكی وڵات پیچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە. کە ئایەتەکانیشی دەبنە سەوابت! هەروەها جزیە وەرگرتن لە فەلە و مەسیحیەکان لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە، و دیموکراتیەت قبوڵی ناکات!
کاک نەوشێروان لە چاکترین حالەتدا، لەبەر دژایەتی تووندی پارتی و یەکێتی بۆ خۆیی و پڕۆژەکەی، بە چەند ڕستەیەکی وا لاستیکی و چەند فاتیحە و قورئان ماچ کردنێك ویستی ڕای گشتی خەڵکی موسڵمان ودیندار، ئینجا ئیسلامییەکانیش بەڵای خۆیدا ڕاکێشێت، بێگومان سەرکەوتووش بوو لەوەدا، هەتا دڵداری لەگەڵ سەلەفیەکی جیهادی وەك کرێکاریش کەوتە بەینەوە، کە وەسفی نەوشێروانی کرد وەك عەدنان مەندەریس [ 1899 – 1961]
مەندەریس لە 1950 – 1960 سەرۆك وەزیری تورکیا بوو، توانی ئەفسانەی حزبی ئەتاتۆرك بشکێنێ و حزبی دیموکراتی ئەو سەرکەوێت. کە هاتە سەر دەسەڵات ئەو ڕێکارە سێکیولارە ئەتاتۆرکیە توندڕەوانەی سووك کردەوە، وەك ڕێگادان بە بانگدان بە عەرەبی و ئازادکردنی خوێندنەوەی قورئان و کردنەوەی قوتابخانە دینیەکان.
یانی بە کورتیەکەی دینی بەکار دەهێنا بۆ زیادکردنی شەعبیەتی و بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکان، دوور نییە ئەگەر کودەتای لەسەر نەکرابا وەك ئەردۆگانی لێدەهات و دەبووە ئەو ئیسلامییە تەڵەکەبازە کە ناوەرۆکی سێکیولار ودیموکراتیەتی تورکیای بەتاڵ کردۆتەوە! یانیش وەك نەوشیروانی لێدهات لە باوەڕی بە دیموکراتیەوە و بەکارهێنانی هەست و سۆزی دینییەوە ئەو کرانەوەیەی دەکرد بەسەر شەقامی ئیسلامی.
بەڵام نکوڵی لێ ناکرێت کە ئیسلامییەکان لە سنوری ئەو کرانەوەیە جوزئیەوە ناوەستن، سیفەتێکی عەرەبیان بۆ هاتووە لەگەڵ بیروڕاکانی ئیسلامیەکان، کە کورد بە پەندێك گوزارشی لێدەکات و دەڵێت: ڕەنگ نیە بە عەرەب بلێی مەرحەبا ، ئەوەی دەیخوا ئەوی دەخاتە بن عەبا!
با بزانین ئەو تێزە تا چەند ڕاستییە، وئایا شتێك هەیە بە ناوی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان؟! ڕای چەند نووسەرێك دەخەینە ڕوو و دوایش گفتوگۆی رایەکانیان دەکەین و لەگەڵ گوتنی ڕای خۆشمان.
بیروڕایەکی زۆر جیاواز هەیە لەسەر بوونی دیاردەی ئیسلامی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام وەک لەسەرەتای ئەو وتارە گوتمان هەر یەکەی بە پالنەرێکەوە دەیڵێ!
بۆ نمونە حەمەسەعید حەسەنی سەر بە پارتی، ئاماژە بەوە دەدات “سەروەختێک سادات خۆی بە ئیخوانەوە هەڵدەکێشا و بە پشتبەستن بەوان، بە گژ چەپەکاندا دەچووەوە، زۆری نەبرد، نەک هەر لێی هەڵگەڕانەوە، بەڵکوو تیرۆریشیان کرد. پێموایە چارەنووسی نەوشیروان مستەفای کۆنە چەپ کە بە کۆمەکی ئیخوان، سەنگەری لە پدک و ینک گرتووە، لە هی سادات رۆشنتر نابێت. بەوەدا خەباتی گۆڕان لە پێناوی سەرخستنی پرەنسیپە نەگۆڕ و جێگیرەکانی ئیسلامدایە، بەوەدا لای گۆڕانیش هەر ئیسلام چارەسەرە، بەوەدا سەرۆکی لیستی گۆڕان، کۆنە ئیخوان بوو، بەوەدا کۆنە ئیخوانەکانی نێو لیستی گۆڕان زۆرترین دەنگیان هێنا، کەواتە گۆڕانیش وەک یەکگرتوو، حزبێکی ئیخوانییە، بەڵام ئەو بوێرییە شک نابات، ناسنامەی خۆی ئاشکراتر بکات و پاشگری (ئیسلامی) یش بە ناوی خۆیەوە بلکێنێت.
ئومێد قەرەداغی، پێیوایە ئەوەی پەرلەمانتارێکی وەک “عەلی حەمەساڵح” داوای دەکات تائێستا یەکگرتووی ئیسلامی داوایی نەکردووە. دەڵێت: بزووتنەوەی گۆران خوازیاری دەسەڵاتی لایەنداری ئاینییە نەک دەسەڵاتێک بێلایەن بێت بەرانبەر بە هەموو ئاین و تایفە و نەتەوەیەک (دەسەڵاتی عەلمانی بێت).. ئومێد قەرەداغی وتیشی ” ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان راشکاوانە باوەڕی بە دەسەڵاتێکی بێلایەن بەرانبەر بە ئاین و نەتەوە و خێڵ (دەسەڵاتی عەلمانی) نەبێت، ئەوا پێویستە بە جیددی هەڵوێستی لە بەرانبەر وەربگیرێت بە تایبەت پێش هەموو کەس پێویستە رۆشنبیران و ئازادیخوازەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان بێدەنگ نەبن و رەخنەی لێبگرن، بزووتنەوەی گۆڕان تەنانەت ناتوانێت وەک پارتی داد و گەشەپێدان کە پارتێکی پاشخان ئیسلامییە راشکاو و بە جورئەت بێت، داد و گەشەپێدان راشکاوانە دەڵێت لەگەڵ حوکمڕانییەکی عەلمانیدایە و حوکمڕانی عەلمانیش پێچەوانە نییە بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام، بەڵکو زەمینە بۆ ئیسلام و هەموو ئاینەکانی تریش دەڕەخسێنێت بە ئازادانە مومارەسەی بیر و کاری خۆیان بکەن.