محەمەد هەریری: نەوشیروان و دەوڵەتی ئیسلامی عەلی باپیر!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەیەکی ئەو ڕابەرانەی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە کە ناتوانن بچوکترین کار بۆ خوا بکەن بەبێ مەرایی کردن و ڕێکلام کردن بۆ خۆدی ‏خۆی و پڕۆژە دینییە سیاسیەکەیان.‏

بۆ نمونە کە ئیسلام دەڵێت: خێرێکت کرد با دەستی ڕاستەت نەزانێت دەستی چەپەت چی بەخشیوە، کەچی کاکی ئیسلامی تا تەبەقیەك ‏هێلکە یان کیلۆیەك گۆشت دەبەخشێتە داماوێك سەد وێنە و سێڵفی لەگەڵ دەگرێت، کە ئەوە دژی دینە!‏
کە دەچن بۆ هەر بۆنەیەك ئەوە کاریانە، جڵەوی مەجلیس وەردەگرن قسە لە ڕەهایەتی دینیش ناکەن، بەڵکو باسی دینێکی بە سیاسیکراوی ‏تا سەر ئێسقان دەکەن.‏
کە ئەو بۆنەیەش تازیە و ماتەم بێت، لەبەر ئەو ڕەهبەتەی مەرگی ئازیزێك، دۆستێك، کەس وکارێك دروستی دەکات، پڕ ترس و لاوازیان ‏دەکات، چاکتر وەزعەکە دەقۆستنەوە، بۆ زیاتر تۆقاندنی خەڵك لە مردن و کیتاب و حیساب و عەزابی قەبر، و دوایش باسی جێبەجێ ‏کردنی شەریعەت لە هەموو کایەکانی ژیان ودەوڵەت، ئەوەشی باوەڕی بەوە نەبێت یانی فڕی بەسەر ئیسلامەوە نییە –هەڵبەتە بەپێی تێزی ‏ئیسلامی سیاسی- با هەر نوێژبکات و ڕۆژووش بگرێ!‏
عەلی باپیریش، کە من زۆر سەرسامم بەو جەوە میسالییە ئیمانییەی تێیدا دەژێت، تا ڕادەی ئەوەی هەست ناکەیت ئەو هەموو قەیرانە ‏قوڵانەی جیهانی ئیسلام و موسڵمانان و تێزەکانی خودی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی کە بەربینیان گرتووە، یەك زەرە کاری لەو پیاوە ‏کردبێت، و نەیگۆڕیوە و نایگۆڕێ، چونکەبە هەمان زمانی سەحوەی ئیسلامی ساڵانی پەنجا و شەست وهەشتاکان دەدوێت!‏
ئەو وادەزانێت خەڵك وەك ئەو هێشتا تووشی ڕاتەکان و تۆقان و ماڵوێرانی نەبووە بە دەست چەندین فۆرمی سیاسی ئیسلامی لەوپەڕی ‏میانڕەوەوە بۆ ئەوپەڕی قاعیدە و داعشەوە!‏
عەلی باپیر ئەو بۆنەیەی قۆستەوە بۆ وروژاندنی یادگاریەک کە لە نۆڤەمبەری 1987 لەنێوانیان ڕوویداوە بۆ تەرویجکردن بۆ لوتکەی ‏پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی کە دەوڵەتی ئیسلامییە، وگووتی نەوشێروانێکی وا لێکۆڵەر و توێژەر، پێی گووتوە هەزار ویەك پرسیاری لە ‏دڵدا کەڵەکە کردوە لەسەر ئەوەی ئیسلام چی پێیە بۆ نەتەوە و نیشتیمان و بۆ کورد، بینینی مامۆستا عەلی باپیری بە فورسەت زانیوە تا ‏وەڵامەکانی بداتەوە، کە وەڵامەکانیشی گوێ لێبووە، نەوشێروان زۆر سەرسام بووە پێیان و فەرموویەتی: ئیسلامێك ئەوها باوەڕی بە ‏مافی گەلان و ئازادی تاکەکان هەیە و دادگەری پێیە، من بە دەوڵەتێکی ئیسلامی کوردی ڕازیم!‏
جارێ من باوەڕم بەوە نییە دەوڵەتێك دروست بێت بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی کوردی! کە ئیسلامی بوو کوردی نابێت! بە پێچەوانەوەش. ‏چونکە ئیسلام دان بە سنوورەکانی نێوان گەلان داناهێنێ، بۆی هەیە مەغریبیەك ببێتە دەمڕاستی، یان سعودی و میسریەکی وەك بن لادن ‏و زەواهیری ببنە چاوساغی دەوڵەتی تاڵەبانی ئەفغانی!‏
دووەم گێڕانەوە قسەی مرۆڤی کۆچکردوو بۆ سەلماندنی بابەتێك کە مەتڵەبی خۆت بێت، کارێکی باش نییە هەتا ئەگەر ڕاستیش بێت، ‏چونکە ئەوە کاتی خۆشی ئەبو هورەیرە هەر حەدیسێکی گوتبا کەسانێك لێیان قبوڵ نەکردبا یان داوای بەڵگەیان لێکردبا دەیگووت: فلانی ‏کوڕی فلانی [مردوو] بەمنی گوتووە! یانی کەسێکی مردووی بە شاهێد دەگرت.‏
سێیەم تۆ ئەو کاتە تێگەیشتنت بۆ ئیسلام و عەلمانیەت دەبێت زۆر تووند بێت بەپێی کتێب و ڤیدیۆ کۆنەکانت، کە با ئاشکرا تەکفیری ‏عەلمانیەت و هەڵبژاردن و دیموکراتیەت دەکەیت، دەبێت ئەو ئیسلامەی بۆ کاک نەوشێروانت باس کردوە هەمان نوسخەی ئەو کاتە بوو ‏بێت، بەو هەموو تووندوتیژیە لە جیهانبینت بۆ ئیسلام، کە تا ئێستاش کە نیوەی ساڵی 2017 یە ڕزگارت نەبووە لە زۆر لە بیروڕاکانی ‏ئەوسات، باشە ئەگەر ڕاست بێت چۆن نیوشێروانێکی چەپڕەوی نیمچە دیموکراتی ئەو کاتە ڕازی بووە بەو نوسخەیەی ئیسلام؟! یان تۆ ‏موجامەلەت کردوە بە تەواوی بۆت عەرز نەکردوە، یانیش ئەو لەبەرئەوەی تۆ میوانی ئەو بوویت موجامەلەی کردوویت بەو قسەیە.‏
ئینجا نێوشێروان ئەگەر هیندە سەرسامی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بوو بێت، بۆچی لە پڕۆژەی گۆڕاندا تەبەنای بەشێكی پڕۆژەی ‏ئیسلامی سیاسی نەدەکرد؟! تەنها کارێكی کە کردی ئەوە بوو پەی بە کاریگەری دینی ئیسلام برد بەسەر میللەتەکەی، و ئەو دژایەتییە ‏تووندە چەپڕەوەی سێکیولاری کوردی بۆ دین کاڵکردەوە، ئینجا پردێکیشی بۆ ئیسلامیە ڕاڕاکان لە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی دروست ‏کرد، لەو ڕێگایەوە دەیان و سەدان کادیری چالاکی ئیسلامی سیاسی هێنایە ناو پڕۆژە سێکیولارە دیموکراتیەکەی گۆڕان. ‏
ئیتر دەوڵەتی ئیسلامی کوردی چی؟! دەترسم ئەو قسەیەی مامۆستا عەلی باپیر بۆ دوو مەرام گوترا بێت، یەکەم وەك لەسەرەوە باسم کرد ‏بۆ و ڕاکێشانی دڵی گۆرانخوازان، و تەرویج وبرەودان بە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی، کە نێوشێروان زۆر لێی دوور بوو، دووەمیش لە ‏ترسی تەکفیرکردنێکی توندڕەوان وایگوتبێت، تا بڵێ بۆیە وا چووم بۆ تازیەی ئەو پیاوە چونکە خۆشی ئیسلامیەکی خەت مایلی ناو ‏سێکویلاریزمی کوردی بوو!‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت