محەمەد هەریری: نەوشیروان و دەوڵەتی ئیسلامی عەلی باپیر!
کێشەیەکی ئەو ڕابەرانەی ئیسلامی سیاسی ئەوەیە کە ناتوانن بچوکترین کار بۆ خوا بکەن بەبێ مەرایی کردن و ڕێکلام کردن بۆ خۆدی خۆی و پڕۆژە دینییە سیاسیەکەیان.
بۆ نمونە کە ئیسلام دەڵێت: خێرێکت کرد با دەستی ڕاستەت نەزانێت دەستی چەپەت چی بەخشیوە، کەچی کاکی ئیسلامی تا تەبەقیەك هێلکە یان کیلۆیەك گۆشت دەبەخشێتە داماوێك سەد وێنە و سێڵفی لەگەڵ دەگرێت، کە ئەوە دژی دینە!
کە دەچن بۆ هەر بۆنەیەك ئەوە کاریانە، جڵەوی مەجلیس وەردەگرن قسە لە ڕەهایەتی دینیش ناکەن، بەڵکو باسی دینێکی بە سیاسیکراوی تا سەر ئێسقان دەکەن.
کە ئەو بۆنەیەش تازیە و ماتەم بێت، لەبەر ئەو ڕەهبەتەی مەرگی ئازیزێك، دۆستێك، کەس وکارێك دروستی دەکات، پڕ ترس و لاوازیان دەکات، چاکتر وەزعەکە دەقۆستنەوە، بۆ زیاتر تۆقاندنی خەڵك لە مردن و کیتاب و حیساب و عەزابی قەبر، و دوایش باسی جێبەجێ کردنی شەریعەت لە هەموو کایەکانی ژیان ودەوڵەت، ئەوەشی باوەڕی بەوە نەبێت یانی فڕی بەسەر ئیسلامەوە نییە –هەڵبەتە بەپێی تێزی ئیسلامی سیاسی- با هەر نوێژبکات و ڕۆژووش بگرێ!
عەلی باپیریش، کە من زۆر سەرسامم بەو جەوە میسالییە ئیمانییەی تێیدا دەژێت، تا ڕادەی ئەوەی هەست ناکەیت ئەو هەموو قەیرانە قوڵانەی جیهانی ئیسلام و موسڵمانان و تێزەکانی خودی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی کە بەربینیان گرتووە، یەك زەرە کاری لەو پیاوە کردبێت، و نەیگۆڕیوە و نایگۆڕێ، چونکەبە هەمان زمانی سەحوەی ئیسلامی ساڵانی پەنجا و شەست وهەشتاکان دەدوێت!
ئەو وادەزانێت خەڵك وەك ئەو هێشتا تووشی ڕاتەکان و تۆقان و ماڵوێرانی نەبووە بە دەست چەندین فۆرمی سیاسی ئیسلامی لەوپەڕی میانڕەوەوە بۆ ئەوپەڕی قاعیدە و داعشەوە!
عەلی باپیر ئەو بۆنەیەی قۆستەوە بۆ وروژاندنی یادگاریەک کە لە نۆڤەمبەری 1987 لەنێوانیان ڕوویداوە بۆ تەرویجکردن بۆ لوتکەی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی کە دەوڵەتی ئیسلامییە، وگووتی نەوشێروانێکی وا لێکۆڵەر و توێژەر، پێی گووتوە هەزار ویەك پرسیاری لە دڵدا کەڵەکە کردوە لەسەر ئەوەی ئیسلام چی پێیە بۆ نەتەوە و نیشتیمان و بۆ کورد، بینینی مامۆستا عەلی باپیری بە فورسەت زانیوە تا وەڵامەکانی بداتەوە، کە وەڵامەکانیشی گوێ لێبووە، نەوشێروان زۆر سەرسام بووە پێیان و فەرموویەتی: ئیسلامێك ئەوها باوەڕی بە مافی گەلان و ئازادی تاکەکان هەیە و دادگەری پێیە، من بە دەوڵەتێکی ئیسلامی کوردی ڕازیم!
جارێ من باوەڕم بەوە نییە دەوڵەتێك دروست بێت بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی کوردی! کە ئیسلامی بوو کوردی نابێت! بە پێچەوانەوەش. چونکە ئیسلام دان بە سنوورەکانی نێوان گەلان داناهێنێ، بۆی هەیە مەغریبیەك ببێتە دەمڕاستی، یان سعودی و میسریەکی وەك بن لادن و زەواهیری ببنە چاوساغی دەوڵەتی تاڵەبانی ئەفغانی!
دووەم گێڕانەوە قسەی مرۆڤی کۆچکردوو بۆ سەلماندنی بابەتێك کە مەتڵەبی خۆت بێت، کارێکی باش نییە هەتا ئەگەر ڕاستیش بێت، چونکە ئەوە کاتی خۆشی ئەبو هورەیرە هەر حەدیسێکی گوتبا کەسانێك لێیان قبوڵ نەکردبا یان داوای بەڵگەیان لێکردبا دەیگووت: فلانی کوڕی فلانی [مردوو] بەمنی گوتووە! یانی کەسێکی مردووی بە شاهێد دەگرت.
سێیەم تۆ ئەو کاتە تێگەیشتنت بۆ ئیسلام و عەلمانیەت دەبێت زۆر تووند بێت بەپێی کتێب و ڤیدیۆ کۆنەکانت، کە با ئاشکرا تەکفیری عەلمانیەت و هەڵبژاردن و دیموکراتیەت دەکەیت، دەبێت ئەو ئیسلامەی بۆ کاک نەوشێروانت باس کردوە هەمان نوسخەی ئەو کاتە بوو بێت، بەو هەموو تووندوتیژیە لە جیهانبینت بۆ ئیسلام، کە تا ئێستاش کە نیوەی ساڵی 2017 یە ڕزگارت نەبووە لە زۆر لە بیروڕاکانی ئەوسات، باشە ئەگەر ڕاست بێت چۆن نیوشێروانێکی چەپڕەوی نیمچە دیموکراتی ئەو کاتە ڕازی بووە بەو نوسخەیەی ئیسلام؟! یان تۆ موجامەلەت کردوە بە تەواوی بۆت عەرز نەکردوە، یانیش ئەو لەبەرئەوەی تۆ میوانی ئەو بوویت موجامەلەی کردوویت بەو قسەیە.
ئینجا نێوشێروان ئەگەر هیندە سەرسامی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی بوو بێت، بۆچی لە پڕۆژەی گۆڕاندا تەبەنای بەشێكی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی نەدەکرد؟! تەنها کارێكی کە کردی ئەوە بوو پەی بە کاریگەری دینی ئیسلام برد بەسەر میللەتەکەی، و ئەو دژایەتییە تووندە چەپڕەوەی سێکیولاری کوردی بۆ دین کاڵکردەوە، ئینجا پردێکیشی بۆ ئیسلامیە ڕاڕاکان لە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی دروست کرد، لەو ڕێگایەوە دەیان و سەدان کادیری چالاکی ئیسلامی سیاسی هێنایە ناو پڕۆژە سێکیولارە دیموکراتیەکەی گۆڕان.
ئیتر دەوڵەتی ئیسلامی کوردی چی؟! دەترسم ئەو قسەیەی مامۆستا عەلی باپیر بۆ دوو مەرام گوترا بێت، یەکەم وەك لەسەرەوە باسم کرد بۆ و ڕاکێشانی دڵی گۆرانخوازان، و تەرویج وبرەودان بە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی، کە نێوشێروان زۆر لێی دوور بوو، دووەمیش لە ترسی تەکفیرکردنێکی توندڕەوان وایگوتبێت، تا بڵێ بۆیە وا چووم بۆ تازیەی ئەو پیاوە چونکە خۆشی ئیسلامیەکی خەت مایلی ناو سێکویلاریزمی کوردی بوو!