حەمەئازاد بەرزنجی: کارێ مەکەن ئەزی تیا شەرمەزار بێت.
ڕێک بێ پێشەکی و بۆچونە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکە، شارۆچکەی بەرزنجە لە شارباژێڕ یەکێکە لە شوێنە پیرۆزە ئایینیەکان لە هەرێمی کوردستان، نەوە و زاناو پیاوە ئایینیەکانی بە پانتایی هەموکوردستاندا بلاوبونەتەوە. سەرکردەو ڕێبەرو زانای ئایینی زۆریان تیا هەڵکەوتوە. کە ئەمانە هەمویان لە وەچەی ( شێخ عیسا و شێخ موسا ) ی بەرزنجەن، ئەمانیش نەوەی بابەعەلی هەمەدانینین و لە هەمەدانەوە هاتون. لەوانە عەلامە شێخ مارفی نۆدێ، کە هەرلەگەڵ دامەزراندنی شاردا، لەسەر داوای یەکەم پادشای بابان، هاتۆتە سلێمانی و مزگەوتی گەورەی شاری چێکردوە. ئەوانی دی، هەر بۆ نمونە شێخ حەسەنی گڵەزەردەی ئەستێرە ناس و کاک ئەحمەدی شیخ و مەلیک مەحمودی نەمرو چەندانی دی. کە ئێستاشی لەسەر بێت زۆر کەس تا ئێستا بە قەبری کاک ئەحمەد سوێند دەخۆن.
ئەمانە لەگەڵ ئەوەی زاناو ڕێبەری ئایینی بون، بەڵام پەڕگیرو توندڕەو نەبون. وە تائێستا نە لە بەرزنجەو نە لە گوندەکانی چواردەوریشدا، ئیسلامی توندڕەو و ئیسلامی سیاسیان تیا هەڵنەکەوتوە کە بەرزنجەو ناوچەکە بکەنە مۆڵگەی سەهەڵدان و خۆڕێکخستنی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکان و ناوچەکە نەبۆتە مۆڵگەی تروکاندان و پێکورەبونی گەرای ئیسلام گەرایی پەڕگیر. وە بۆ ئەوەی پیرۆزی و ئەوپێگە مێژویییەی خۆیشی لە دەست نەدات ، وا دەخوازرێت هەر بەوشێوەیە لەو ئاقارەی خۆیدا بمێنێتەوە. وە ئەو پێگەیەی کە تا ئێستا هەیەتی زۆر باشتر دەبینرێ، وەک لەوە ی کە ئێستا کۆمەڵێ لە بەرزنجەییانی زۆر بەرێز کە کەسانی ناسراو و خاوەن هەڵوێست و تێکۆشەری دێرین وماندونەناسی شۆڕش و ڕۆژەسەختەکان بون ، نازانم بۆئێستا دەیانەوێ بەرەو ئاقارێک بڕۆن کە پێبزانن یان نا! مەبەستیان بێت یان نا! هەنگاو نانە بەرەو تونێلی نوتەکی ئیسلام گەرایی مەزهەبی . لەم کاتەدا ختوکەدانی هەستە ئایینیەکان لەناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، لە دوا ڕۆژێکی زۆر نزیکدا زۆر بەسانایی پەرچە کرداری زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە و گورز وەشاندنە لە مێژوی ناوچەکە و هەڵخلیسکانە بەرەو مەزهەبگەرایی ئیسلامی نامۆ بەناوچەکە. کردنەوەی دەلاقەیەکی دوبەرەکیە بۆ خۆ خزانە ناوەوەی باڵێک و ڕەوتێکی ئیسلامی. ئاخر چ پێویست دەکات یادی عاشورا لە بەرزنجە بکرێتەوە. ئەوەتە دەبینین بەزۆری زۆردارەکی لە ناوچە دابڕینراوەکانی کوردستان و بەتایبەتی تر کەرکوک لەم یادەدا ڕەشپۆشی سیاسی و مەزهەبی دەکرێت، لەشەقامی سالمی شاری هەڵمەت و قوربانی دەنگی لەبەیکە یاحوسین دەبیسترێ . ئەمەیە جێبەجێکردنی وەسیەتی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەو داواکانی مەلیک مەحمود و ئامانجەکانی شۆڕشی کۆن و نوێ. ئەمانە لە پەیرەوپڕۆگرامی حزبە عەلمانیەکانی کوردستان و ڕێکخراوی سۆشیال دیموکراتیەکانی جیهاندا هەن. ئەمەیە مۆدرینەو پۆست مۆدرینە و گڵۆباڵیزەیشن و ڕیفۆرم یان گەڕانەوەیە بۆ چاخەکانی فیوداڵی و تەنانەت پێش قۆناغی دەرەبەگایەتیش. یان هەنگاو نانە لە لە ڵیبرالیزمەوە بۆ دۆگماتیزم و ئانارشیزم ولە ئاوەزمەندی و ئاوەز باوەڕییەوە بۆڕاسیزمی ئایینی و ئیرەشنالیزم و پوچگەراییو وەدوکەوتنی تراویلکە.
ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێ، ناوچەکە پشتگوێ بخرێت و خزمەتگوزاری باشی بۆ نەکرێت. بەڵکو بۆ سود وەرگرتن و وەک دیفاکتۆیەکی ئایینی دەتوانرێ بکریتە ناوچەیەکی گەشتوگوزاری ئایینی و سودی ئابوریش بەخەڵک و ناوچەکەش بگەیەنێت ، بەمەرجێ لە ژیر چاودێریدا بێت و بەلا ڕێدا نەبرێت. وای لێ بکرێت سەرنجی نەک گەشتیارانی ئایینی کوردستان بەڵکو دەرەوەی هەرێمیش بۆ خۆی ڕاکیشێت. بایادی ئەم شێخ و پیرانەی کوردستان لە یادی لەدایکبون یان کۆچی دوایی خۆیاندا بێت، بۆ وابەستەی بکەین بەیادێکی دیکەوە. ئەمەش بەهیچ کلۆجێ مانای بەکەمگرتن یان گرنگی نەدان بەیادە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ناگەیەنێت ، لەبەر ئەوەی ئێمەی دانیشتوی هەریمی کوردستان، تا ئیستا بەشێکین لە ئێراق و لە ناو ئێراقیشدا کۆمەڵانێکی دیکە هەن کەمینە بن یا زۆرینە لەبەر ئەوەی ئەم یادەیان لا پێرۆزە. پیویستە ئێمەیش ڕیز لە یادەکە بگرین، گەر وەک یادو بۆنەیەکی خۆشی بیت لەگەڵیاندا خۆشحاڵین ، ماتەمینیش بێت هاوبەشی خەمیانین.
لەگەڵ ئەو مەلایەیەی، کەکابراکوێرەکە چوەبوە لای، داوای لە مەلاکردبو کەدوعای خێری بۆبکات، ئەو تاقە مانگاو گوێدرێژەی کەهەیەتی پارێزراوبن، هەر نەبێ ئەگەر خوا مرداریشی کردنەوە با لە پێشەوە گوێدرێژەکە مرداربکاتەوە، مەلا دوعای خێر بۆ کوێرە دەکات. بەڵام پێچەوانەی داوای کوێرەکە ڕودەدات و، کوێرە مەلادەباتە سەر ڕوداوەکەو، مەلا زۆر ئیحراج دەبێت و دەڵێ خودایە، وەڵاهی هەندێ جار هەندێ کاری وا ڕودەدات ئەزی تیا شەرمەزار دەبێت . هیوادارین ئەم کارانەیش نەبنە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئەزەکانی کوردستانیانیان تیا شەرمەرزار بێت.