بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: پاپا وەک هێزی زۆر نەرم و کاری سیاسی لە ڕێی پەیوەندی ئاینییەوە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

جیهان بە دۆخێکی نائارمدا گوزەر دەکات، دەتوانین بڵیین تا کۆرۆنا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە، یان مروڤ وەک پەتاکانی دیکە نۆرماڵ دەبێتەوە لای و میكانیزمێکی تر بۆ جوڵەی گشتی دروست دەبێت جیهان لەبەردەم پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی تری ژیان، لە بەردەم پەشۆکاوێکی ترسناکدایە، لە پەنای ئەم پەتایەدا ململانێی وڵاتانی زل هێز و نزیک بونەوە لە قۆناغی فراوانترکردنی جەنگەکان ترسێکی تری جیهانە کە ژیانی مرۆڤایەتی ناتوانێ لەیەک کاتدا ئەم دوو بارە قورسە هەڵبگرێ، ئا لێرەوە ئەگەر ئەمریکا وەک هێزیکی گەورەی جیهانی ببینین و لە خوار ئەمریکاشەوە بازنەکانی دوەم چین و ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپی، ئەوا دەبینین ململانێکان و جەنگی نێوان ئەم بەریەککەوتنانە لە گۆڕەپانی وڵاتانی تردا بوەتە هۆی خوێن ڕشتن و دەربەدەری و برسێتی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەم نێوەندەدا ئەمریکا بە پلەی یەکەم خۆی بە بەرپرس دەزانی لە دۆخی ناجێگری جیهان و لە ناو جیهانشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەکۆی ململانێکانی تیا یەکلا دەکرێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئێران و تورکیا و ململانێ ی ئاینیەکان بوەتە چەقی ناکۆکیەکانی جیهانی لەسەر ئەم سەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەمریکا دوای دەستەڵاتی ترامپ و کۆماریەکان و ئەگەر خاوەنی دوو هێزی گەورەی وەک سۆفت پاوەر هێزی نەرم و هارد پاوەر هێزی ڕەق بێت، ئەوا ترامپ زیاتر لە دەلاقەی ئابوری و بەرژەوەندیەوە هارد پاوەری بە پلەی یەکەم بەکار دەهێنا بە شیوەیەک بەکار هێنانی کارتی سۆفت پاوەر هیچ گرنگەیەکی نەما بو، کە ئەوەش دەزانین لە نێوان سەرۆکەکان و هاردپاوەر و سۆفت پاوەردا یان باڵانس هەبوە و بە یەکسانی هەردو کارتەکە بەکار هێنراوە یان کەمێک بەرز و نزمی لەسەر هەردو ئاستەکەی ئەم دو هێزەدا هەبوە، دوا جار جیهانیان خستوەتە ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە.
لە ئێستادا قۆناغی دوای ترامپ و کۆماریەکان، قۆناغی بایدن و دیموکراتەکان دێتە پێش ئەوەی نەگۆڕە جەنگی ئەمریکایە لە پێناو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا، ئەوەی دەگۆڕێ تەنها ڕێگا وتاکتیک و سیناریۆکانە، هەردوکیان دەچنەوە سەر پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا کە نەگۆڕە، بایدن هەمان شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا دەکات بە شێوەیەکی تر کە شەڕی هێزی نەرمە ، شەڕی تورکیا و ئێران دەکات بە شیوەیەکی تر و بە هێزی نەرم (soft power ) ئەوەشی بۆ ئەو گرنگە لە نێوان تورکیا و ئێراندا بە پلەی یەکەم عێراقە و بە پلەی دوەم سوریا، لەم نێوەندەشدا ئێران ترسی زیاتری هەیە بە هۆی پێتاندنی یۆرانیۆم و ئەگەری چەکی ناوکی لە لایەک و پێگەی ئێران لە ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە یەمەن و عێراق.
بایدن و دیموکراتیەکان دەیانەوێ ئێران بە هێزی نەرم بهێننەوە ژێر باری خۆیان، ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئیتر هێزی ڕەق بەکار ناهێنرێ بە پێچەوانەوە لەئەگەری کاریگەرنەبونی هێزی نەرم بەکارهێنانی هێزی ڕەق کراوەیە، لە دیتەڵی هێزی نەرمدا کۆمەڵێک هۆ هەن کە بتوانێت بایدن بەکاری بهێنێت، وەک سیاسەت لە ڕێی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانەوە.
هاتنی پاپای ڤاتیکان بەکارهێنانی هێزی نەرمە و لە پشتی ستەیجیشەوە کارکردنە لەسەر سیناریوێی هیزی ناوکی شیعە لە نێوان قوم و نەجەفدا، بەم کارتە نەرمە کار لەسەر وەلادا نانی هێزی قوم دەکات و نەجەف دەکاتە مەرجەعی تەواوەتی شیعە و دەیەوێت پێش ڕێککەوتنی لەگەڵ ئێران کارتەکانی گوشاری ئاینی بەرامبەر ئێران بەکار بهێنێ و ئێران ناچار بکات بە چونە ژێر باری ئەمریکا، پاپا مەبەستی سەرەکی لە هاتنی بە پلەی یەکەم بۆ لای سیستانی بوە کە مەبەست لێی بەکارهێنانی هێزی نەرمی ئاینییە، پاشان هاتنی بۆ هەولێر بە پەلەی دوەم ئاماژەیە بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە هەرێمی کوردستان.
بایدن وەک سەرەتا لە ڕێگەی پاپاوە کار لەسەر بەکارهێنای هێزی نەرم دەکات، تا بتوانێت لەم ڕێگەیەوە سیناریۆ و ئامانجە سیاسی و ئابوری و دبلۆماسیەکانی بپێکێ و لە پەنای شەڕی کۆرۆنادا ئەم شەڕە بێ تێچویەکی زۆر و بێ بارگرانی بۆ جیهان بکات، بە مانەیەکی گشتی جەنگەکان بەردەوامن سەرەڕای کۆرۆنا، بەڵام لە هێزی ڕەقە و گۆردراوە بۆ هێزی نەرم و پاپاش لەم پێناوەدا بە ناوی ئاشتی ئاینەکانەوە کاری لەسەر دەکەن.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان