زەبەنگ بەهادین:کە ئێوە ئەمەندە دەترسن لە تورکیا، بینینی پاپاتان بۆچی بوو؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەردانی پاپا بۆ عێراق بە سوودێکی گەورە گەرایەوە بۆ ناوچە سونیەکان بە تایبەت موسل و دەوروبەری، لە پاش دەرکەوتنی پاپا بە خەمباری لە بەرامبەر کەنیسە و شوێنە داروخاوەکانی نەینەوا زۆرێک لە رێکخراوە جیهانییەکان و خێرخوازەکان ئامادەییان نیشاندا بۆ بنیات نانەوەی ئەو ناوچانە، بۆ شیعەی عێراقیش سەرکەوتنێکی گەورەی مەزهەبی بوو کە پاپا خۆی چووە بەر قاپی سیستانی و توند دەستەکانی سیستانی گرتبوو وەک ئەوەی پێی بڵێ هاوکارمان بن ئێمە هاوکاری ئێوەین.
ئەی بۆ کورد، سەرەتا بە هۆی لێنەهاتووی بارزانی بۆ بە مەرجەع بوون کە ئەویش دەگەرێتەوە بۆ کار و کاردانەوەکانی خۆی لە پێشتر بەرامبەر کێشە ناوخۆییەکان، بە جۆرێک بارزانی هەرگیز وەک کاریزمایەکی سەربەخۆ یان مەرجەعێک یان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی هەموو لایەنەکان هەلسو کەوتی نەکردوە، هەمیشە وەک سەرۆکی پارتی و بە تایبەت سەرۆکی بنەمالەکەی رەفتاری کردوە. بۆیە پاپا ئامادە نەبوو وەک مەرجەع بچێتە لای بارزانی، ئەوەی رویدا بارزانی خۆی بۆ وێنەیەک قاپی فرۆکەخانەی لێگرتبوو..
رووی باشی هاتنی پاپا ئەو مەراسیمە ئاینیە بوو کە لە هەولێر ئەنجامی دا توانی بە جیهان نیشان بدا هەولێر شارێکی ئارامە، بەلام دانی بە حکومەتی کوردی و نەتەوەی کوردا نەنا، کەواتە ئەو هەرایەی پاپاتان لە چی بوو.
تەنها دەرەنجام کە سودێکی راستەقینەی هەبوو بۆ گەلی کورد ئەو پولە بوو کە وێنەی پاپا و نەخشەی کوردوستانی لەسەر بوو، کە لە رووی مێژووی بەهایەکی گەورەی هەیە بۆیە تورکیا بەو ترسەوە سەیری ئەو پولە دەکات، تەنها ئەوەیان باش بوو کە کردیان ئەویشیان هەلوەشانەوە لە ترسی تورکیا و لێی پەشیمان بوونەوە، دەی ئاوا دەوڵەتی کوردیتان دەکرد کە پولێکی کاغەزتان پیناکرێ لە ئاست تورکیا.
پێشتر زۆرمان ووت هێندە دەستەمۆ و سەر شۆری تورکی مەبن دەنا هەمیشە وەک نۆکەر و بەردەستەی خۆیان لێتان دەروانن ئەوەی ئەوان نەهێلن ئێوە نابێت دەستی پێدا بکەن، من شەرم لەم دەسەلاتداریەی ئێوە دەکەم وەک پێشینان دەڵێن ڵغاوی دەست گورگ هەر سەربرینی ئەسپی لێ شین ئەبێ.
کەوایە کە ئەمەندە لە تورکیا دەترسن و ئەمەندە ئەلقە لە گوێی تورکیان بینینی پاپاتان بۆ چی بوو، خۆتان زیارەتێکی سوڵتان ئەحمەدتان بکردایە لە ئەستەنبول خێری بۆتان زیاتر بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت