عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی شەشەم.

سەعات چوارە و هەر گینگڵان دەدەم و چەندی دەکەم خەوم لێ ناکەوێتەوە, بۆیە گوتم وا چاکە هەستم خۆم خەریک کەم و خرتکە و پرتکەیەکی دیکە بنووسم, چونکە کورد دەڵێ: دۆم بە دانیشتن ماڵ کاولە. بەڵام هەستام ژمارەم بۆ دانا و گوتم بۆ دۆزینەوەی ئاسانترە. ئەم جارەیان بە ڕیش ( ڕدێن ) دەست پێ دەکەم و تکام وایە کەس بە جۆرێکی دیکە لێکی نەداتەوە, چونکە من مەبەستم کەس نییە و خەڵک چۆن بیر دەکەنەوە ئارەزووی خۆیانە و بەڵام من بە شێوەیەکی گشتی قسە دەکەم و با کەسیش لە جیاتی من بیر نەکاتەوە. هەندێک کەس بۆ هەڕاڵ( لەخشتەبردن ) ڕدێن دەهێڵنەوە و خەڵکی پێ هەڵدەخەڵەتێنن. لە سەردەمی شۆڕش لەو شاخ و داخە پێشمەرگە بە گشتی ڕدێنیان هێشتبۆوە و هى ئەوان بە دڵنیایی بۆ خەڵک لە خشتە بردن و ( هەڕاڵ ) نەبوو. کەسانێکیش هەن وەک سوننەتی پێغەمبەر(د.خ) ڕیش بەردەدەنەوە زۆریش جوانەو لێیان دێ. بۆ یەکەمیان ( نالی ) دەڵێ:
ڕیشەکەی پان و درێژە بۆ ڕیا خزمەت دەکا
ظاهیرە هەرکەس بە طول و عورضی ریشیدا ( ڕیا)
( ریا) لە دێڕی دووەمدا دوو مانای هەیە. یەکەمیان عەڕەبییەــ ریاء ــ مانای دوو روویی و خەڵک هەڵخەڵەتاندنە, واتە ڕیشەکەی چەند پان و درێژ بێت, ئەوەندە فێڵباز و ڕیاکارە. مانای دووەم کوردییە, ڕیتن واتە پیسایی کردن, واتە ئاشکرایە کە بەو ڕیشە پان و درێژەیدا ڕیان و پیساییان پێدا کرد.
شێخ ڕەزا زۆر ڕقی لە سۆفییەکی شێخ عەلیی کاکی بۆتەوە کە ناوی(حەمەی وەستا فەتاح ) بووە و دووجار هەجووی کردووە. یەکەمیان چوارینەیەکە و دێری یەکەمم بیر نییە. ڕوو لە کاکی دەکا و قسە بەو سۆفییە دەڵێ:
چاکە هەجوێکت بکەم ئەمما موفید و موختەسەر
بۆ حەمەی وەستا فەتاح ئێمەت هەموو ئاوارە کرد
ئەى حەمەی وەستا فەتاح دایکت بە کێری نیرەکەر

ئینجا بە شیعرێک با دەداتەوە بۆ لای ڕیشی ئەو حەمەیە و دەڵێ:
هەزار ئەفسوون و جادووی پێوە ئاوێزانە ئەو ڕیشە
عیلاجی گەر ببێ یا گووزە یا گوێزانە ئەو ڕیشە
بە زاهیر سافە وەک زیوی سپی ئەمما لە باطیندا
ڕەش و پیس و موللـەوەس وەک بنی قازانە ئەو ڕیشە
کە دەرکەوتم دەزانم شێخ لە من مەسروورە یا عاجز
حەمەی وەستا فەتاح بۆ حاڵی من میزانە ئەو ریشە
کە ویستی بە مەکری دەمڕەتێنی هەر لێرە تا مۆکری
پەناهم دەی خودایە خاوەنی زۆرزانە ئەو ڕیشە

لە کۆتاییدا دەڵێ :
هەزار دەسبەند و هەوسارو گوریسی لێ دروست دەکری
بە سەت باتمان خوری گەر بیکڕی هەرزانە ئەو ڕیشە
((گووز) فارسییە واتە ( تڕ).
هەوسار واتە ڕێشمە و وڵاخی پێ زەوت دەکرێ یان ڕادەکێشرێ. بۆ وڵاخە بەرزە جڵەو بەکار دێت.
دەڵێن لە سەردەمی ( سلێمان پێغەمبەر) کە زمانی هەموو گیاندارێکی زانیوە, جارێکیان باڵندەیەک دەیەوێ بچێتە سەر کانییەک و ئاو بخواتەوە, بەڵام تەماشا دەکات کۆمەڵێک منداڵ لەسەر کانییەکەن و ناوێرێ بچێ لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەو منداڵە هار و بێ حەشر و نەشرانە زیانیکی پێ بگەیەنن. چاوەڕوان دەکات تا دەڕۆن. لەو کاتەدا پیاوێکی ڕیشدار دەچێ بۆ سەر کانییەکە و باڵندەکە ناترسێ دەچێ بۆ سەر کانییەکە و دەڵێ ئەو پیاوە خواناسە و جێی مەترسی نییە. کەچی کابرای ڕیشدار بێ هۆ و هەر لە خۆیەوە بەردێکی تێ دەگرێ و چاوێکی کوێر دەکا. باڵندەکە دەچێ بۆ خزمەت حەزرەتی سلێمان و شکات لە کابرای ریشن دەکات. کە دەێهێنن, حەزرەتی سلێمان فەرمان دەکا چاوێکی کوێر کەن, بەڵام باڵندەکە دەڵێ: ئەى پێغەمبەری خوا, چاوی کوێر مەکە, بەڵکو فەرمان بکە ڕدێنی بتاشن تا کەسی دیکە وەکو من بەو ڕیشە درۆزنە هەڵنەخەڵەتێ.
جارێکیان لە هەوڵیر سواری تاکسی بووم. کە شوفێرەکە قسەی کرد, گوتم خەڵکی رواندزی؟ گوتی: نەخێر, خەڵکی خەلیفانم. گوتم, باشە ئەو چیایەى بەسەر خەلیفان و رواندزدا دەڕوانێ ناوی کوڕەکە یان کۆڕەکە. گوتی: (کوڕەکە ). ئای کە بەشەو ساردە پیاو دەبێ باش خۆی داپۆشێ. گوتم بۆ ڕاو چووبووی؟ گوتی نەخێر, جاش بووم و ناوی سەرۆک جاشەکەشی گوت و بەڵام لەگەڵ پێشمەرگە ڕێک کەوتبووین زیانمان بۆ یەک نەبێ و بە نزێک ئێمەدا تێدەپەڕین و نە ئێمە دەنگ و نە ئەوان دەنگ. گوتم ئەى ئێستا چ دەکەی؟ گوتی ئەو تاکسییەم هەیە و خۆشم لە جێیەکی قایم کردووە و لە جاشێتی سڕاومەتەوە. گوتم دەستت خۆش بێ پیاوی ئاقڵ دەبێ کوڕی ڕۆژ بێ و وەکو گوڵەبەڕۆژە لەگەڵ خۆردا بسووڕێ. بە ڕاستیش ئێستا وایە و زۆر کەس هەن گێڕیان گۆڕیوەو بە پێی بەرژەوەند و ڕەچاوکردنی قازانج شەقیان لە شۆڕشگێڕی و خەباتگێڕی هەڵداوە و پەیڕەوی بەرژەوەندگێڕی دەکەن. من نەمزانی ناوی چی لەو جۆرە کەسانە بنێم, خێرتان دەگاتێ ئێوە ناوێکی پڕ بە پیستی خۆیان لێ بنێن.
کۆمپانیاى کۆڕەک و ئاسیا هەن. ئەو کوڕەکەی بۆتە کۆڕەک و هیز نییە تازە ڕاستی کاتەوە. دەڵێن بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەت زانا دەرنایە. ئەویش وەکو ( خۆرشید) و (دۆکان ) لی هاتووە. عەڕەبەکان ( خورشید و دوکان)یان بەو دەردە بردووە. لە بەندیخانەی حیللە زیندانی بووین و مام ( سەلیم شێرە) مان لەگەڵ بوو. دوای کۆدەتاکەی هەشتیى شوباتی 1963خەڵکی زۆریان هێنایە ئەو بەشەى ئێمە. یەکێکیان پارێزەر و ناوی ( کاسب السعد) بوو برای عقید ( غضبان السعد ) کە ئەفسەریکی دیموکڕاتخواز بوو. کاسب السعد بە مام سەلیمی دەگوت ( أبو خۆرشید). مام سەلیم گوتی پێی بڵی ( ابو خورشید) م نەک (أبو خۆرشید ), بەڵام ئەو هەر دەیگوت ( أبو خۆرشید ). من ئەوم پێ ڕاست نەکرایەوە, ئیستا ئەو هەموو زمانخوارە چۆن بەمن ڕاست دەکرێنەوە!