عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و چوار.

با بزانین ئەو شینە زانایە چ شەکرێکی شکاندووە
وەرمگرتووە، پێم وایە کاک ئەمیر قەساب بە عەڕەبی بڵاوی کردبووەوە.
شینە شێخێکی زانا ئەم شەکرەی قرتاندووەو گوتوویەتی؛ نابێ پیاو لە بازاڕدا دەستی ژنەکەی بگرێ, چونکە ئەمە چاولێکەریی کافرانە, بەڵام بۆی هەیە پەتێکی پێوە ببەستێ بۆئەوەی ون نەبێت، چونکە ژن کەم ئەقڵن. ئێوە خوا ئیمانتان سەلامەت کات خێرتان دەگاتێ شتێک بڵێن و وەڵامی ئەو شینە زانایە بدەنەوە. بەڵام بیریشتان نەچێ ئەگەر یەکێک زۆر بێ ئەقڵ بێ پیی دەڵێن شینەکەر.

ئەمەشم هەر لە کون و قوژبنی ئینتەرنێت وەگیر کەوت:
دەڵێن ئەسعەد پاشای والیی شام پێویستی بە پارە بوو، چونکە پاشەکەوتی گەنجینەی ویلایەتەکەی زۆر لە کورتی دابوو. دەست و پێوەندەکەی کۆکردەوە ئەوان پێشنیازی ئەوەیان بۆ کرد کە باج لەسەر پیشەوەرانی رستن و چنین کووتاڵ دابنێ. گوتی: باشە, پێشبینیی چەند دەکەن کە لەم ڕێیەوە دەستمان بکەوێت ؟) گوتیان : پەنجا تا شەست کیسە زێڕ . ئەسعەد پاشا گوتی؛ ئاخر ئەوانە دەسکەوت و دەرامەتیان سنووردارەو ئەو هەموو پارەیە لە کوێ بێنن؟ گوتیان؛ گەورەم زێڕ و خشڵی ژنەکانیان دەفرۆشن. ئەسعەد پاشا گوتی؛ ئەی دەڵێن چی ئەگەر من ئەو پارەیەم بە ڕێگەیەکی لەوە باشتر پەیداکرد؟ هەموو بێ دەنگ بوون و قسەیان نەکرد.
بۆ سبەینێ ئەسعەد پاشا نامەیەکی بۆ قازی نارد و داوای لێ کرد کە شەو بە نهێنی سەرێکی لێ بدات. شەو کە قازی هات ئەسعەد پاشا پێی گوت؛ ئێمە دەزانین تۆ بەرتیل وەردەگری و پایەکەشت بۆ بەرژەوەندی خۆت بەکاردێنێ و ناپاکی لەو متمانەیە دەکەیت کە پێت دراوە. لێرە قازی لە پاشا پاڕایەوە و گوتی چەندت پارە دەوێ دەیدەم. ئیدی قازی سەری خۆی قەبڵاند و بە دڵی پاشا پارەی دایە. دوای ئەوە نۆرەی ژمێریار, ئینجا نەقیب و ئینجا توجارباشی (سەرۆکی بازرگانان ), دوای ئەوە گەورە بازرگانە زۆر دەوڵەمەندەکان و ئیدی بەم شێوەیە سەری هەموویانی قەبڵاند.
دوای ئەوە هەموو ئەو دەست و پێوەندەکانی کۆکردەوە کە پێشنیازی دانانی باجی تازەیان بۆ کردبوو بۆ کۆکردنەوەی پەنجا کیسە زێڕ و پێی گوتن: بیستووتانە کە ئەسعەد پاشا باجی لەسەر خەڵکی شام دانابێ؟ گوتیان؛ نەخێر نەمانبیستووە. پاشا گوتی؛ کەچی لەگەڵ ئەوەشدا من لە جیاتی ئەو پەنجا کیسە زێڕەی کە دەبوایە لەو خەڵکە هەژارەی کۆبکەمەوە وەک ئەوەی ئێوە ڕێتان بۆ دانام, دووسەت کیسە زێڕم کۆکردۆتەوە. هەموو گوتیان؛ بەڵام گەورەم چۆن ئەوەت کرد؟ پاشا وەڵامی دانەوە؛ خوری بڕینەوە ( مەڕ بڕینەوە ) لە کەوڵکردنی خەڵکی باشترە.
ئینجا با بێینەوە سەر بارو دۆخی هەرێمی کوردستان. باوەڕ ناکەم کەس هەبێ دەرک بەوە نەکا کە بارودۆخەکەمان لەڕووی سیاسی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەتا بڵێی ڕوو لە خراپییە. لەڕووی سیاسییەوە هەرچی هەڵدەستێ بەچەپووک بەردەبێتە سەر و گوێلاکمان. دەڵێن جارێکیان پیاوێک ڕێی دەکەوێتە گوندێک و لا دەداتە ماڵێک. ژنەکە تەنیادەبێ و مێردەکەی لە ماڵەوە نابێ. ژنە بەدەستووری میوانداریی کوردەواریی خۆمان ئەوەی خوا داویەتی بۆی دادەنێ. منداڵیکی لە باوەشە و هەڵدەستێ, بۆ نەگبەتی بایەکی لێ بەردەبێ. ئیدی دوو سێ چەپەڵۆک لەسەری منداڵەکە دەدات و دەڵێ عەمر کورت ژەم و دەمت نییە و خەریکی حەیامان دەبەى و دەیەوێ تڕەکە بەسەر منداڵەکەدا بێنێ. کابرا دەنگ ناکات و دوای ماوەیەک هەڵدەستێ بڕوات, بۆ نەگبەتی ئەویش دەیقەومێنێ و بایەکی لێ بەردەبێ و ئیدی دووسێ چەپەڵۆک بەسەری منداڵەکەدا دەکێشێ. ژنەکە جەرگی ژان دەکا و دەڵێ؛ ئەیەڕۆ کابرا بۆ وا لەو منداڵە دەکەیت و بۆ لێی دەدەیت؟! کابرا دەڵێ وامزانی ئەوەی لەم ماڵە بتڕێ دەبێ بە چەپۆک لەم منداڵە بدات. ئێستا ئێمەی کورد بووینەتە ئەو منداڵە و ئەم و ئەویش وەک خۆتان دەبینن بوونەتە ژن و پیاوەکە و بە مووشەک و تۆپ و فڕۆکەی جەنگێ تێمان کەوتوون. لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لایەنانە شتاقیان حەز بەچارەمان ناکەن و هەر وەک حەسیب قەرەداخیی خوا لێ خۆشبوو دەڵێ:
کوڕە کەچەڵەى سێ برا
هەرچەند دەڵێی کوا حیسابم
هەموو شتێ بۆ خۆیانە
تێڵا نەبێ , تێڵای قورسی برایەتی
کوڕە کەچەڵ بۆ تۆیانە
لە لایەکی دیکەشەوە کورد هەرگیز وەکو ئێستا لێک ترازاو و چەند بەرەکیخواز و نا یەکگرتوو نەبووە. شاعیر و ڕۆشنبیرەکانی زوو داوای یەگکرتووییان لێ دەکردین و دەیانگوت یەکگرن تاسەرکەون, هێزی یەکێتی کورد ڕزگار دەکا لە ژینی پەستی و ئێوەش, مەبەستم هەموو لایەنە دەستڕۆیشتووەکانە, قسەی سەری زمانتان و بنی زمانتان ئەوەیە یەکگرن تا سەرکەون و زۆر جار حەوت چیلکەدارەکەی باوکەکەمان بە نموونە بۆ دێننەوە کە تاک تاک شکاندیان, بەڵام نەیانتوانی هەموویان پێکەو بشکێنن:
شووڕکێک بە تەنیا زوو لەشکان دێ
بەڵام چەند شووڕکێک بە هیچ کەس ناشکێ
پێشینان هەر زوو وەک ئامۆژگاری
ئەمەیان لەبۆ کردووین بە دیاری
یەکگرتنی گەل هێز و توانایە
گەلی یەکگرتوو لە شکان نایە
لێرەوە بە قسە وا بە خەڵک دەڵێن, بەڵام بە کردەوە بە تەواوی بە پێچەوانەی قسەکانتان هەڵس و کەوت دەکەن و هەر وەک مەلاکە دەکەن کە ئامۆژگاریی خەڵکی دەکرد بۆ کاری چاک, بەڵام بە پێچەوانەی ئامۆژگاری و قسەکانی خۆی ڕەفتاری دەکرد. گوتیان مەلا ئەوەی بە ئێمەی دەڵێی خۆت ئەوە ناکەیت. مەلا گوتی ( بە قسەم بکەن و بە عەمەلم مەکەن ). بۆیە خەڵکی ناهەقی نییە پێتان باوەڕ نەکا. ئێوە پێی خۆتان دەکەنە پارسەنگ و بە ئارەزوو و بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆتان قورس و گرانی دەکەن. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان زۆر بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەوەی لەسەر گۆڕەپانەکە دەگوزەرێ و لەسەر پۆستی سەرۆکی کۆمار خەریکە جەنگی مەغڵووبە هەڵدەستێ . ئەو قورساییەی بۆ ئەو پۆستە خراوەتە بەغدا ئەگەر دە یەکی ئەو قورساییە لە پێناوی ماددە 140دا بەکار بهێنرایە دەمێک بوو ئەو ماددەیە جێ بەجێ کرابوو و ( حنان فتلاوی ) نەیدەتوانی بڵێ من نەمهێشت ئەو ماددەیە جێ بەجێ بکرێت. ئەوە کەی یەکگرتنە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پارێزگارێکی بەعسیی کەرکوکی تێکداوە, بەڵام نەتانهێشت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دانرێ بۆ راکان جبوری باشترە لە کوردێک کە لە لایەنێکی دیکە بێ؟ ئیوە هەر هەمووتان لە جیاتی کورد یەک بخەن پارچە پارچەتان کرد. برا و برا, باوک و کوڕ, خوشک براتان لەیەک کرد هەموو ڕقیان لە یەکدیکەیە چونکە هەر یەکەیان لە حزبێکە. حزبەکان هەموو ڕقیان لە یەکدیکەیە و ئەوەی لای عەمر باش بێ. لای زەید خراپە و بە پێچەوانەشەوە. دوای ئەوە ئەگەر تەنیا لایەنێک پۆستە باڵاکان بگرێتە دەست و ئەوانی دیکە خاپەرۆکەکانیان بەرکەوێ, تیری گلەیی و گازاندە و ڕەخنە خاوەن پۆستە باڵاکان دەگرێتەوە, چونکە وەکو پەندە کوردییەکە دەڵێ: هەر کەسێک بانی گەورەتر بێ, دەبێ بەفری زیاتر بماڵێتەوە. دە لێگەڕێن با خەڵکی دیکەش پۆستێکی باڵا وەرگرێ تا کە هەڵەی کرد ئیوە هەڵەکانی خۆتان لەپەنا هەڵەکانى ئەودا بشارنەوە. ئەی ئەوە شەست ساڵ زیاترە لە شۆڕشی ئەیلولەوە ئەو خەڵکە قوربانی دەدەن, ڕۆڵەیان شەهید دەکرێن, ماڵیان دەسوتێنرێ, خانوو و گوندیان لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێ, ژن و پیاویان زیندانی دەکرێن و هەر لە زینداندا لە سێدارە دەدرێن, جگە لە ئەوانەی کەس نازانێ گۆڕەکانیان لەکوێیە. ئەو هەموو پاشماوەی ئەنفالە کە هەر یەکەى یەعقوبێکە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی یوسفەکەیەتی. ئەوانە ئەو هەموو ساڵە ڕەنجیان داوە خۆ پیازیان پاک نەکردووە و ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە ئیدارەی حکوومەتدا بەشدار بن و دارێک لەسەر بەردێک دابنێن. کەسانی زیرەک و لێهاتووی خاوەن بڕوانامەی بەرز زۆرن کە دەبێ لە جیاتی حزبییە هیچ نەزانەکان شوێنی شیاوی خۆیان بدرێتێ و وەکو دەڵێن کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو. نابێ کەس وا تێ بگا کە پۆستە باڵاکان لەسەر هەندێک کەس تاپۆ کراون یان بە باڵای چەند کەسانێک بڕاون. ئەم نیشتمانە هى هەمووانە و خێر و بێرەکەشی دەبێ بۆ هەموان بێ. قسە زۆرە هەندێکی بۆ ئیوە جێ دەهێڵم و هەندێکیش بۆ خوێنەران , هەرچەندە ئەوەی من دەیڵێم هەمووی گوزارشت لەوە دەکا کە لە دڵی ئێوەدایە.
ئینجا با بێینە سەر مەبەىستە سەڕەکییەکە کە مووچەیە. لەساڵی 2014وە ئەو سیناریۆ دزێوەى مووچەبڕینە ئەندازیارەکەی هەموومان دەزانین کێیە و زۆریش بە ناهەق ئەو کارەى کرد. لەیۆنان حکوومەت هاتە سەر مایەپووچ بوون, بەڵام دەستی بۆ مووچەی فەرمانبەران نەبرد و لە کاتی خۆی مووچە دەدرا. ئەوەی لێرە دەگوزەرێ لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە وێنەی نییە. کار گەیشتە ئەوەی دەستیان برد بۆ سندووقی خانەنشینان, ئەمە وەک ئەوە وایە کابرایەکی دز دەست ببا بۆ ماڵی هەتیوان و بیدزێ یان پۆیلەی سەری منداڵی ساوا بپچڕێنی. سندووقی خانەنشینان ئەو پارەیەیە کە مانگانە لە مووچەی خانەنشینان دەبڕی و بۆیان هەڵدەگیرێ . ئەم حکوومەتەی ئێمە وەک لە کوردەواریی خۆمان دەڵێن: تێرنەخۆرە بانگی کردووە و بە هیچ تێر ناخوا. حکوومەت لە 2014 وە دەستی بە مووچە بڕین کرد و ئیستا زیاتر لە 16 مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی لەقوڕگێدایە جگە لە نیوە مووچە و چارەکە مووچە . بەم دواییانەش کابینەی نوێ هەندێ مانگ بەڕێژەی 21% دەبڕی . دەست بردن بۆ مووچەی فەرمانبەران گوناحێکی گەورەیە، چونکە مووچە تاکە سەرچاوەی بژێوییانە, سوێندم لەسەر بندیوارەکان و ئەوانە نییە کە دوو مووچە یان زیاتر وەردەگرن, دەنا هیچ فەرمانبەرێک مووچەکە بەشی ناکات و خۆ ئەگەر لێی بفرتێنی ئەوە قوڕی بەسەر دەکرێ, وەکو دەڵێن گوریس بە یەک لایی ناگاتەوە, ئینجا بە دوو لایی چۆن دەگاتەوە . من جارێکی دیکەش گوتوومە لەجیاتی ئەوەی ملی مووچەخۆری قوڕبەسەر بگرن, حکوومەت بۆ ناچێ ملی ئەو هەموو ملیۆنێر و ملیاردێرە مل ئەستوورانە بگرێ کە بە دڵنیایی ئەو سامانەیان بە شەرعی پەیدا نەکردووە و هەر یەکەی نیوەی ئەو سامانەی لێ بستێنێ و بیخاتە بانقەکانی هەرێمەوە و خەزێنەی حکوومەتی پێ پڕ کات. ئەگەر حکوومەتی هەرێم نیازی چاکسازیی هەیە ئەمە هەنگاوی یەکەمی چاکسازییە. بەڵام ئەگەر حکوومەت خۆی سێبەر و هاوبەشیان بێ و دەستی لەگەڵ تێکەڵ کردبن یان هەر هی خۆی بێ و ئەوانی کردبێ بە وەکیل, بە دڵنیایی ئەوەی بۆ ناکرێ و قوڕەکە هەر دەبێ ئێمە بیشێلین و سەربان سواغ کردنەکەش هەر ڕیشی ئێمە دەگرێتەوە. چاکسازییەکەش هەر قسەیە و کرداری لەگەڵ نییە و سەرەنجام هیچ بە دەستەوە.
نەوت لە 30 دۆلارەوە گەیشتۆتە 120 دۆلار چوار ئەوەندە زیادی کردووە, دە بێ بەڵا بن هەموو مانگێک لەگەل مووچەکە, مووچەیەکی پاشەکەوت کراومان بدەنێ و ئەو قەرزەی لە ئەستۆتاندایە وردە وردە سووکی کەن. بەڵام وا دیارە نیازتان نییە مووچە دزراوەکان بدەنەوە. ئەوە باسی خانەنشینان هەر ناکەم کە ئەوە پێنج ساڵە یاسای خانەنشینیی عیڕاق گۆڕاوەو مووچەکەیان زۆر زیادی کردووە کەچی هی ئێمە هەر لەسەر کۆنەکەیەو وەکو دەڵێن بە ڕبەی تەقتەقیە و ئەویشمان نادەنێ و وا دەزانن ئەو خەڵکە مارە بە خۆڵێ دەژی.
جەنابەکان تکاتان لێ دەکەم و بۆ خوا پێتان دەڵێم. میللەت زۆر لێتان پڕە. دەڵێن ئەگەر ئاو رێی لێ گیرا گدەبێ بە لافاو, ئەگەر بۆڕی خوێن ڕێی لێ گیرا لەناو مێشکدا دەتەقێ و کەسەکە دەخاتە سەر جێگە و دەیکوژێ. ئەى ئەگەر میللەت ڕێی لێ گیرا و دەرەتانی بۆ نەمایەوە, دەزانن چی دەکا ؟ خۆتان وەڵام دەنەوە. خواتان لەگەل تا خرتکەو پرتکەیەکی چەوری دیکە.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies