عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی بیست و شەش.

نووسينەكانمان با سوودبەخش بن نەک زیانبەخش
دکتۆر (نەبەز حەکیم ) ی خەمخۆری نەخۆشان و لەهەمان کاتیشدا خەمخۆرێکی دیارو شێلگیری کۆیە دوو بابەتی نووسیبوو:
یەکەمیان/ لەسەر نووسینێکی کاک هیوا حەللاقی شاعیر، سەبارەت بە هەندیک ناو وناتۆرە لە کۆیە.
دووەمیان/ لەبارەی قسەکانی کاک ئومێد خۆشناوی پارێزگاری هەولێر کە بە کۆیە دەڵێ شارۆکە. دەستى کاک دکتۆر خۆش بێ بۆ وەڵامدانەوەی هەر دوو نووسینەکە کە بەڕای من هەقى خۆی خستبووە دەستیان. من هەرچەندە بە خزمەت دکتۆر نەبەز نەگەییوم, بەڵام وەک کۆییەکی لەکۆیە بێبەش هەموو کەسوکاری دەناسم و سوپاسیشی دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە دلێرانەیەی.
منیش وەکو کۆییەک کەشارەکەی خۆمم بە داروبەرد و تەنانەت بە ڕەشەبایەکەشی و بەهەموو خەڵکەکەیەوە خۆش دەوێ بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە هەڵبدەمێ و قسەیەک لەبارەی هەردوو نووسینەکە بکەم.
یەکەمیان/ سەرێک لە کاک هیواخوار دەکەمەوە و دەڵێم وەکو لەسەرەوە گوتوومە با نووسینەکانمان سوودبەخش بن نەک زیانبەخش و بە نووسین کەس بریندار نەکەین. ئەو نووسینەی کاک هیوا لەڕووی ئەدەبییەوە چ سوودێک دەگەیەنێ؟ ئایا وەکو شیعرەکەی کەبۆ کۆیەو ناودارانی گوتوویەتی جوانە؟ ئەو بە بڵاوکردنەوەی ئەو ناو و ناتۆرانە هەستى خەڵکێکی زۆری بریندارکردووەو وەک ئەوە وایە خۆی قسەى پێ گوتبن. دوای ئەوە دووبارە کردنەوەی ئەو ناوە ناشیرینانە هیچ سوودێک ناگەیەنێ. ئایا ئەگەر خۆی ناتۆرەیەکی ناشیرینی هەبوایە پێی خۆش بوو خەڵک باسی بکا؟ ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین ئەو ناتۆرانە لەبیر خەڵک ببەینەوە نەک بە بڵاوکردنەوەیان بەبیر خەڵکی بێنینەوە. دوای ئەوە خوای گەورە ئەو ناو و ناتۆرانەى پێ ناخۆشەو ئەوەتا لە سورەتی ( الحجرات ) دەفەرموێ ( بسم اللە الرحمن الرحیم …. یا أیها الذین آمنوا لایسخر قوم من قوم عسی أن یکونوا خیرا منهم ولا نساء من نساء عسى أن یکن خیرا منهن ولا تلمزوا أنفسکم ولا تنابزوا بالألقاب بئس الإسم الفسوق بعد الإیمان و من لم یتب فأولئک هم الظالمون .. صدق اللە العظیم ). ئەو کارەی کاک هیوا سووکایەتی کردنە بە چەندان خێزان و بنەماڵەی کۆیە و باشترین کارێک کە دەبێ ئەو برادەرە بیکات ئەوەیە ئەو نووسینە بسڕێتەوە.
ئێمە لەوەتی بە حکوومەتی عیراقەوە لکێنراوین, کەوتووینەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەڕەبی و لەبەر ئەوەى زمانی عەڕەبی فرە شێوەزارە، دەبینی چەند هاوواتایەک بۆ یەک وشە هەیە و لەکاتی وەرگێڕاندا هەندێک کەس پەکیان دەکەوێ و وادەزانن دەبێ کوردیش ئەو هەموو هاوواتایەى بۆ وشەیەک هەبێ. بۆ نموونە لە عەڕەبی ( مدینة, بلدة, قصبة, بلیدة ) هەیە. مەرج نییە ئێمەش بۆئەوانە وشەى کوردی بدۆزینەوە. دوای ئەوە ئێمە شار و گوندمان هەیە و هەتا ئەو ساڵانەی دوایی من وشەی شارۆچکەم بەرچاو نەکەوتووەو هەر بەکاریش نەهاتووە, بەڵام چاومان لە زمانی عەڕەبی کردووە وامان لێ هاتووە دەبێ پێکیان بگرین. من بەش بەحاڵی خۆم تائێستا وشەی شارۆچکەم بەکار نەهێناوەو بەکاریشى ناهێنم و هەر دەڵێم شار ئینجا گەورەبێ یان بچووک. ئەوە ماوەیەکە بە ئەنقەست یان لە نەزانییەوە زۆر لە ڕاگەیاندنەکان کە باسی کۆیە دەکەن دەڵێن شارۆچکەی کۆیە. من وا هەست دەکەم ئەو کادیری راگەیاندنانە بە مەبەست وا دەڵێن و دەیانەوێ بەو شێوەیە کۆیە بچووک بکەنەوە.
جارێ ئەوانە با باش بزانن کۆیە بە پشت گوێ خستن و بایەخ پێ نەدان, وەکو هەموومان تێبێنی دەکەین, نە بچووک دەبێتەوە و نە بێ بایەخیش دەبێ, چونکە کۆیە کۆیەیە و لە مەیدانی ڕۆشنبیری و هونەر و خوێندەواری و خەبات و قوربانیداندا هەمیشە لە ڕێزی پێشەوە بووە و هەر واش دەبێ. کە پارتی دامەزرا سێ چوار ئەندامی سەرکردایەتیی بە مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندییەوە کۆیی بوون و یەکەم کۆنگرەش لە ماڵی ( سعید فهیمی سلیماغای حەوێزیی کۆیی) لە بەغدا بەسترا. هەرچەندە ماوەیەک لەمەوبەر چەند کادیرێکی نەزان شتێکی دیکەیان گوتبوو. هەروەها لەم چەند ڕۆژەی پێشوودا لە کەناڵێکی تەلەفزیۆن یەکێک فەرمووبووی مزگەوتی گەورەی کۆیە ( عەبدولرحمان پاشای بابان ) دروستى کردووە, لە کاتێکدا ئەوەی کەمێک شارەزایی هەبێ دەزانێ ( حاجی بەکراغای حەوێزی ) ئەو مزگەوتەی دروست کردووە و لەسەریشی نووسراوە, بەڵام لەگەڵ مرۆڤی نەزان هیچ ناگوترێ. هەر لەم ڕووە لەم چەند ڕۆژەی پێشوو کام ئومێد خۆشناوی پارێزگاری هەولێر کۆیەی کردبوو بە ( شارۆکە ). دەڵێم ئێمە بە شارۆچکە قایل نەبووین کەچی ئەڵڵا قۆیسەن شارۆکەشی هاتە سەر. لە هەندێ ناوچە بۆ بەسووکایەتی سەیرکردن ناوەکان بچووک دەکەنەوە وەک ( قادرۆک, خدرۆکە, عەزیزۆکە, ئازادۆکە ) و گەلێک ناوی دیکەش. لەوانەیە هەندێک کەسی ناحەزی کاک ئومید هەمان کار لەگەڵ ناوەکەی ئەویش بکەن. من یەک لەبارەخۆم ئەو جۆرە ڕەفتارانەم بەدڵ نییە و بە نیشانەی دڵڕەشیی دەزانم و وەکو دەڵێن ( جام چی تێدا بێ ئەوەی لێ دەڕژێ ). ئەوەی تێبینی دەکرێ, کۆیە بە قسە خۆشەویستە, بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع پێچەوانەیە و ئەو شارە(بە دڵی هەندێ کاربەدەست نییە ). ئەگەر ڕاستە خۆشەویستە بۆ هەموو ڕیگاکانی نێوان هەولێر و شارەکان بوونەنە دووساید کەچی ڕێگای کۆیە و هەولێر هەر یەک سایدە و ساڵانە چەندان کەس دەبنە قوربانی و هەر حەفتەیەک پێش ئێستا چوار گەنجی خێر لەخۆ نەدیو بوونە قوربانی و کەسیش ( گونی خۆی بۆ لەخمی نەدان ). ئەى ئەگەر کۆیە خۆشەویستە, بۆ ئەو هەموو تونێلە تەواو کران و ئەوەی هەیبەسوڵتان دەستیشی پێ کرا و ڕاگیرا. خەڵکی کۆیە دەزانن کە کاربەدەستە باڵاکان کەیفیان بە کۆیە و دانیشتوانەکەی نایە و پشت گوێ خراوە, ئەو شارەی کە 150 ساڵ پێش ئێستا حاجی قادر بەشاری داناوەو فەرموویەتی ( لە مەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ || قوبەی کشمیری دا بەر شەق وەکو گۆ ) ئێستا بۆتە شارۆچکە و شارۆکە. قسەم زۆر پێیە و دڵم پڕە لە قسەی لەگوتراو نەهاتوو, بەڵام جارێ ئەوەندە بەسە.
سبەینێ 9ی نیسانە, یادی 19 ساڵەی ڕووخانی ڕژێمەکەی بەعسی فاشیستە بە سەرۆکایەتیی صدامی دیکتاتۆر. ئەو ڕۆژە خەڵکی لە شارەکانی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان ژن و پیاو بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی و بەرز کردنەوەی دروشم و لافیتەی ڕەنگاو ڕەنگ هوتاف کیشان. ڕۆژێک بوو کە لەمێژ بوو کورد هیوای بۆ دەخواست. ئەو ڕۆژە هەر یەکە بە جۆرێک هەستی خۆی دەردەبڕی. ئاواتیک بوو وەدی هاتبوو. خەڵکی بە پێ, یان بە ئۆتۆموبیل لەسەر شەقامەکان دەهاتن و دەچوون. مێردمنداڵێکی بۆرەجڕە, جلێکی بۆری لەبەربوو و ئەویش هاتبوو دڵخۆشیی خۆی دەربڕێ. خەڵکی دیکە هەموویان لافیتەی ڕەنگاوڕەنگیان بەرز کردبووەوە, بەڵام ئەو مێردمنداڵە بە تەنیا هەر خۆی بوو و دروشمێکی بەرز کردبووەوە. پارچە فلینێکی سپیی کە گۆشەیەکی قرتابوو و بە بزمار بە دارێکی کەمێک خواروخێچەوە قایمی کردبوو و تەنیا یەک وشەی بە خەتیکی منداڵانە لەسەر نووسیبوو, بەڵێ تەنیا یەک وشە و ڕەنگە نەشیزانیبێ مانای چییە, بەڵام دەیزانی ئەوە زمانی ڕژێمە ڕووخاوەکەیە, تەنیا یەک وشەی سەیر ( علوج ) ئەو وشەیەى کە محمد سعید الصحاف زۆر دووبارەی دەکردەوە. بەڕاستی ڕۆژێکی خۆش بوو بەڵام لێیان تێک داین.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies