لەتیف ئەمین: مووچە بەپێى تەمەن یان بەپێى توانا؟

یەکێک لە کۆلەگە سەرەکى و بەهێزەکانى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن, مامۆستایە. وەک هەر مرۆڤێکى دیکە، جیاوازى تاکایەتى لەنێوان مامۆستایانیش هەیە, جیاوازى لە ئاستى زیرەکى و زانستى و تێگەیشتن لەنێو ئەوانیشدا بەدی دەکرێت. وەک چۆن جیاوازى لە ئاست و ئەدا و شارەزایی و توانا و لێهاتوویى لەنێو پزیشکان و ئەندازیاران و پارێزەران و پیشەوەران و… هتددا هەیە, بەهەمان شێوە لەنێو مامۆستایانیش هەیە. مامۆستایان هەموویان وەک یەک بەتوانا نین. هەموو مامۆستایان وەک یەک پەروەردەیی نین, بەشێکى زۆریان نەک هەر پەروەردەیی نین, بەڵکو بۆ پیشەى مامۆستایەتیش ناگونجێن, ڕه‌نگه‌ هه‌ربەکەڵکی ئەوە نین وانە بە قوتابییان بڵێنەوە. ژمارەیەکى کەم لە مامۆستایان لە پیشە و پسپۆرییەکەى خۆیان سەرکەوتوون. مامۆستایەک, هێشتا خۆى پێنەگەیاندبێ و خۆى بەرەوپێش نەبردبێ و خۆى ئامادە نەکردبێ بۆ پێگەیاندن و ئامادەکردنى قوتابی, چۆن ده‌توانێ گۆڕانكاری بكات و قوتابی پێبگه‌یه‌نێ و ببێ به‌ ڕابه‌ر و ڕێنیشانده‌ر بۆ قوتابییه‌كانی و به‌ره‌و ئایینده‌یه‌كی گه‌ش ئاڕاسته‌یان بكات؟
ئەگەر سەیرى ژینوارى قوتابخانەکانى کوردستان بکەین, هەموو ئەنجام و ئاماژە و ڕاستییەکان پێمان دەڵێن, مامۆستاى پەروەردەیی و سەرکەوتوو زۆر کەمن, مامۆستاى چالاک و دڵسۆز و شارەزا و لێهاتوو هه‌ن، به‌ڵام دەگمەنن. مەبەستى من لێرەدا ئەوەیە, نابێ بەیەک چاو سەیرى هەموو مامۆستایان بکرێ. مامۆستایەکی چالاک و مامۆستایەکى گەندەڵ, نابێ وەکو یەک سەیر بکرێن.
مامۆستایەکى دڵسۆز و شارەزا و بەتوانا, نابێ لەگەڵ مامۆستایەکى تەمبەڵ و بێ زەوق و سەلیقە, وەکو یەک مامەڵه‌یان لەگەڵدا بکرێ. مامۆستایەکى چوست و چاڵاک و هۆشیار و ڕۆشنبیر, چۆن دەبێ لە ماف و مووچەدا وەک مامۆستایەکى سست و کەمتەرخەم و گەندەڵ بێ؟
لەهەموو کاتێکدا و بۆ هەموو کارێک, یەکسانى باش نییە. هەندێکجار, یەکسانى مرۆڤ سارد دەکاتەوە لە کار و هەوڵدان. کاتێک مووچەى مامۆستایەکى دڵسۆز و بەتوانا لەگەڵ مووچەى مامۆستایەکى گەندەڵ و بێویژدان یەکسان بێت, هەر لەبەرئەوەى لە یەک ساڵ دامەزراون و بڕوانامەکەیان لە یەک ئاستە, ئەمە دەبێتە هۆى ئەوەى مامۆستا چاڵاک و دڵسۆزەکە ڕۆژبەڕۆژ پاشەکشە بکات و سارد بێتەوە و چی دیکە خۆى ماندوو و شەکەت نەکات. کاتێک ڕێز لە دڵسۆزىشیان و لێهاتوویی مامۆستا ناگیرێ و پاداشتى هەوڵ و ماندووبوون و ئەنجامە باشەکانى نادرێتەوە, کاریگەرى خراپى دەبێ لەسەر دەروون و ورەى مامۆستا. کاتێک مامۆستا هەست بە نادادپەروەرى دەکات, بەرەبەرە چاڵاکییەکانى کەم دەبێتەوە, چی دیکە هەوڵى خۆ بەرەوپێشبردن نادات لە بوار و پسپۆرییەکەى خۆى, گەرموگوڕی و تامەزرۆیی بۆ وانەگوتنەوە نامێنێ. کاتێک باش و خراپ لە یەک جیا نەکرێنەوە, دڵسۆز و گەندەڵ هەر وەکو یەک بن, بێگومان نابێ چاوەڕێى داهێنان و پێشکەوتن بکەین.
یەکێکی تر لە نادادپەروەرییەکانى سیستەمى مووچەى مامۆستایان لەئێستادا, زیادبوونى مووچەیە لەگەڵ زیادبوونى تەمەن. تەمەنى مامۆستا هەرچەندى بەرەو هەڵکشان بچێ, مووچەکەشى لەگەڵ تەمەنەکەى زیاد دەبێ. مامۆستایەک ئەگەر هیچ زانست و زانیاری و چالاکى و داهێنانێکیشى نەبێ, تەنها لەبەرئەوەى بەتەمەنە, مووچەیەکى زۆر وەردەگرێ. مامۆستایەک, ئەگەر چەند ساڵێکى کەم خزمەتى مامۆستایەتى هەبێت, ئەگەر زۆر چاڵاک و ڕۆشنبیر و داهێنەر و دڵسۆزیش بێت, هەر لەبەرئەوەى گەنجە و تەمەنێکى کەمى هەیە, با زانست و زانیارییەکى زۆریشى هەبێت, مووچەیەکى کەم وەردەگرێ, ڕەنگە بەشى دابینکردنى پێداویستییە سەرەکییەکانى ژیانیشى نەکات.
بەڕاى من ئەوە نادادپەروەری و ستەمە, تەمەن بکرێتە پێوەر بۆ زیادکردنى مووچەى مامۆستا. چى لە مامۆستایەکى بەتەمەن بکەین, کە بیرکردنەوەیەکى پەروەردەیی نییە, کە ئاشناى میتۆد و ڕێگە نوێ و هاوچەرخەکانى وانەگوتنەوە نییە؟! کە بە ڕێگایەکى کۆنباوى بەسەرچوو, وانە دەڵێتەوە؟!
چۆن دەبێ جیاوازى نەکرێ لەنێوان مامۆستایەکى هۆشیار و ڕۆشنبیر و نوێگەر, لەگەڵ مامۆستایەکى کۆنەپارێز و بێئاگا و بێ هزر, مامۆستایەک, کە هیچ دیدگا و فەلسەفەیەکى پەروەردەیی نەبێ؟ لەبەرئەوە, من پێموایە ئەوە نادادپەروەرییە, ئەگەر جیاوازى نەکرێ لەنێوان ئەم دوو جۆرە مامۆستایە. هەر یەکەیان دەبێ بەپێى ئاست و توانا و شارەزایی و چاڵاکى و لێهاتوویی خۆیان مافیان بدرێتێ. ئەگەر ڕەچاوى ئەم جیاوازییانە بکرێ لەنێوان مامۆستایان, کێبڕکێ ڕوو دەدات لەنێوان مامۆستایان بۆ چاڵاکى و داهێنان و خۆ بەرەوپێشبردن. کاتێک زیادبوونى مووچە, لەسەر بنەماى چاڵاکى و شارەزایی و لێهاتوویی و داهێنان و ئەنجامى باش بێت, مامۆستایان هەوڵ دەدەن زیاتر و باشتر خۆیان پێبگەیەنن, هەوڵ دەدەن چاڵاکى و داهێنانەکانیان زیاتر بکەن, هەوڵ دەدەن پەروەردەییتر و زانستیتر و سەرکەوتووتر بن, هەوڵ دەدەن پەرە بە توانا و بەهرەکەى خۆیان بدەن, لە پیشە و پسپۆرییەکەیان قاڵتر و قووڵتر دەبنەوە. کاتێک ئەمە ڕوو دەدات, پرۆسەى پەروەردەوفێرکردن بەگشتى گۆڕانکارى بەسەردا دێت و بەرەو پێشەوە دەچێت.
نووسەر(هۆمەر قەرەداغى) کە زیاتر لە بیست ساڵ ئەزموونى لەبوارى پەروەردە وفێرکردن هەیە لە وڵاتى سوید, سەبارەت بە زیادکردنى مووچەى مامۆستا لەسەر بنەماى توانا و لێهاتوویی و چاڵاکى, دەڵێت: ((ئەم سیستەمە لە ساڵى (1994-1995)لە سوید زۆر سەرکەوتووانە کارى پێدەکرێت و ئەنجامى زۆر باشیشى بەدەست هێناوە))(1).
کێ دەبێ ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ مامۆستایان بکات؟
بێگومان, بۆ ئەم کارە, دەبێ دەسەڵات بدرێتە کارگێڕى قوتابخانەکان. چونکە ئەوان لە هەموو کەسێک زیاتر و باشتر مامۆستایان دەناسن, ئەوان دەزانن ئاستى زانستى و هۆشیارى و ڕۆشنبیرى و چاڵاکى و لێهاتوویی مامۆستاکان چۆنە. بەڕێوەبەرى قوتابخانە, لەبەرئەوەى ڕۆژانە, بە بەردەوامى لەنێو ژینگەى قوتابخانەدایە و لەگەڵ مامۆستایان و قوتابییان پەیوەندى ڕاستەوخۆى هەیە, بۆیە شارەزاى ورد و درشتى پێکهاتەى قوتابخانەکەیەتى. كارگێڕی قوتابخانه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رپه‌رشتیاران، ئه‌م كاره‌ به‌ وردی و بابه‌تییانه‌ بكه‌ن. به‌ڵام ده‌بێ بپرسین، هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رێكی ناوه‌نده‌كانی خوێندن و هه‌موو سه‌رپه‌رشتیارێك، له‌و ئاسته‌ن و شایسته‌ن بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی و ئه‌مانه‌ته‌یان پێ بسپێردرێت؟
دەستەواژەیەک لە بەشى کارگێڕى و دامودەزگە و فەرمانگە حکومییەکان هەیە, ئەویش(ساڵانى خزمەت)ە. فەرمانبەرى حکومى, ساڵ لەدواى ساڵ, پێ بە پێى تەمەن, خەرمانى مووچەکەى زیاتر و گەورەتر دەبێ. بەڕاى من, ئەمە ئەگەر بۆ هەر دەزگایەک و بۆ هەر فەرمانبەرێک ببێ, بۆ کەرتى پەروەردە, بەتایبەت بۆ مامۆستایان گونجاو نییە, وەک لە پێشتر باسمان کرد. زۆرجار گوێمان لە وشەى ئەزموون دەبێ, دەگوترێ, فلان کەس ئەزموونى هەیە, بەو مانایەى شارەزایە و ئاشنایە بە ئیشەکە, نەشمان پرسیوە ئەرێ ئەزموون چییە؟ لەوانەیە ئێستا خوێنەرێکى بەڕێز, بڵێ: مرۆڤ بە ساڵانێکى زۆر لە دەوامکردن و بەسەربردنى تەمەنێک لە خزمەتکردن, ئەزموون و شارەزایی بەدەست دێنێ. لەڕاستیدا, مەرج نییە هەموو ئەوانەى تەمەنى خۆیان لە ئەرک و دەوامدا بەسەربردووە, شارەزا و لێهاتوو بن. بەڕاى من, ئەزموون ئەوەیە, مرۆڤ بە قۆناغگەلێکدا تێپەڕیبێ و سوودى لەو کات و سات و ساڵانەدا بینیبێ و هەریەک لەو قۆناغانەى کە پێیدا تێپەڕیوە, پەند و وانەیەکى لێ وەرگرتبێ. ئەزموون ئەوەیە, لەگەڵ گۆڕانکارى قۆناغەکان, گۆڕانکارى بەسەر بیرکردنەوەى مرۆڤدا بێت. ئەزموون, واتە, وەک یەکەمجار نەبوون, واتە, نەچەقین و نەوەستان لەسەر یەک خاڵ و یەک ڕێگە و یەک ڕێباز و یه‌ك ڕیتم. مرۆڤى بە ئەزموون, خاوەن بیرکردنەوەیەکى فراوان و ڕوونە, هەمیشە بۆ هەموو گۆڕانکارى و پێشڤەچوونێک, ئامادەیە. مرۆڤی ئەزمووندار مرۆڤێكی بەرهەمدارە. بە کەسێک ناگوترێ بە ئەزموون, کە بە کەرەستە و ئامرازە کۆن و سوواوەکانى ڕابردوو لە ئێستادا دەژى و تواناى خۆ گونجاندنى نییە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى سەردەم. بە کەسێک ناگوترێ مرۆڤى بە ئەزموون, کە هەر ڕابردوو بە پیرۆز سەیر بکا و ئێستا بە پووچ. لەبەرئەوە, نابێ تەمەنى زۆر و مانەوەى ساڵانێکى زۆر لە دەوام, بکەینە پێوەر بۆ شارەزایی و توانا و لێهاتوویی کەسەکان. لەوانەیە گەنجێکى تازەپێگەیشتوو و کەم تەمەن, زۆر شارەزاتر و لێهاتووتر و شایستە و پڕ زانیاریتر بێت لە کەسێکى بەتەمەن.
لەئێستادا پرۆسەى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان, پێویستى بە مامۆستاى داهێنەر و بە توانا و شارەزا و دڵسۆز و لێهاتوو هەیە, پێویستى بە مامۆستاى پڕ هێز و وزە و هۆشیار و بیرکەرەوە هەیە, پێویستى بە مامۆستاى چاڵاک و ماندوونەناس هەیە.
دەبێ ڕێز لە بەتەمەنەکان بگیرێت, بەڵام بەپێى ئاست و شارەزایی و توانا و لێهاتوویی خۆیان مافیان بدرێتێ. زۆر ئاساییە, ئەگەر مووچەى مامۆستایەکى گەنجى سەرکەوتوو و پەروەردەیی, لە مووچەى مامۆستایەکى بەتەمەن زیاتر بێ. چی لە مامۆستایەکى بەتەمەن بکەین, کە تەمەنەکەى سوودێکى زانستى و پەروەردەیی ئەوتۆى لێ نەڕسکابێ؟
کاتێک مامۆستایەک دەبینێ, لەبەر چاڵاکى و ماندووبوونەکانى, گرنگی پێ دەدرێ و پاداشت دەکرێ, ئەم گرنگیپێدان و بایەخ و پاداشت و پێزانینە, دەبێتە هاندەرێک بۆى, لەوکاتەدا, زیاتر هەوڵ بۆ چاڵاکى و داهێنان و پێشکەوتن دەدات و گەرموگوڕتر دەبێ لەسەر وانەگوتنەوە و دەوامکردن. تاوانە, مامۆستایەکى پیر و پەککەوتە و سست و ناچاڵاک و ناشارەزا, بەقەدەر دوو مامۆستاى گەنج و چاڵاک و پڕ لە زانست و زانیارى, مووچە وەربگرێ.