حەمەئازاد بەرزنجی: پاڵاوگەی بێجی و پەندەکوردیەکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبوی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گەر دز و خاوەن ماڵ کردەیان یەک خەن، گا بە کونەباندا سەردەخەن
پاڵاوگەی بێجی، یەکێک بوە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی ئێراق، لە ساڵی 1978 دامەزراوە. بێجی سەر بە پاریزگای سەڵاحەدینە و دەکەویتە نیوان ڕێگەی موسڵ بەغداد، بە دوری 130 کم سەروو ڕۆژ هەڵاتی بەغداد. ساڵانە ( 15 ملیۆن تەن ) لە پێکهاتنەکانی نەوتی بەرهەم هێناوەو، توانای پاڵاوتنی (310 ملیۆن بەرمیلی ) هەبوە. مانگی شەشی 2014 داعش داگیری کرد و مانگی دەی 2015 ئێراق لە ژیر چنگی داعشی دەرهێنایەوە. لەو ماوەیەدا پاڵاوگەکە توشی زیان و دزیکردنی گەورە بوەوە. لە مانگی هەشتی ئەمساڵیشدا 2023 محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێراق وتی: پارچەکانی لەلایەن هاووڵاتیەکەوە لە هەولێرەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ شوێنی خۆی. ( عصائب أهل الهق ) کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات دەڵێ: ئێمە بێجی و پاڵاوگەکەمان لە دەستی داعش ڕزگار کرد، وە تەنها چەند ڕۆژێ ماینەوە ئیتر تەسسلیم بە لایەنێکی دیکەی حەشدی شەعبی کراوە بۆ مانەوە، لە پاڵاوگەکە و پاراستنی.
زانیاریەکان دەڵێن کە پارچەکانی ئەو پاڵاوگەیە بە بڕی ( سێ سەد و چل و شەش ملیۆن دۆلار ) فرۆشراوە. چونکە ئەوی کڕیوێتی دەڵێ ئەوەندەم پێداوە، لە پێشەوە داوای ئەو پارەیەی کردۆتەوە بەرامبەر بەگەڕانەوەی پارچەو کەرەسەکان بۆ بێجی. نەیانداوەتێ، دوایی ئەو دەوڵەمەندە کوردە خێرخوازە کە مردوە وەسیەتی بۆ براکەی کردوە کە بەبێ هیچ قەرەبویەک ئەو کەلوپەلانە دوبارە بگوێزرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنی خۆیی و واشیان کردوە.
پاش گەڕانەوەی کەلو پەل و کەرەسەکان و، دوبارە بەستنەوەیان، ئەوسا سەرۆک وەزیرانی ئێراق (محەمەد شەیاع سۆدانی ) لەگەشتێکیدا بۆ ئەو ناوچەیە باسی کردوەو پەردەی لە سەر ڕاستیەکان لاداوەو کردویەتیە دیاری دەستی خۆی بۆ ناوچەکە. کابرای خێرخواز و پیاوچاکی کورد، دیارە لە داخا ئەو بڕیارەی داوە، چونکە لە وەسیەتەکەیدا، بۆ براکەی وتویەتی گیرم خواردوە بە دەست، ناوبژیکەران و وەکیلەکانیانەوەو شێتیان کردم، ( ئەمانە کێبون کورد، یان عەرەب، یان تێکەڵە حەیاتەکەی هەردولا ). چونکە پێشتر و لەسەردەمی سەرۆک وەزیرەکانی پێشوتردا کە داوای وەرگرتنەوەی پارەکەی کردۆتەوە،ڕازی نەبون. دوایی لەسەردەمی یەکێکیاندا رازی بون، وتویانە لیژنەیەک پێک دەهێنین بۆ دوبارە خەمڵاندنەوەی مادە و کەرەسە فرۆشراوەکان. لیژنەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بەسەرو یەک ملیار دۆلار خەمڵاندوەو داناوە. کابرای کورد وتویەتی بابە پارەکەی خۆم بدەنەوە من بەوە ڕازیم، من زیادەم ناوێ. وتویانە ئێمەیش هەر ئەوەمان دەوێ تۆ پارەکەی خۆت وەرگرەوەوە و زیادەکەشی بۆ ئێمەو ئەوانەی کار ئاسانیمان بۆ دەکەن. ئیتر کابرا ئەوەندەی تر سەری سوڕماوەو، دەهری بوەو وتویەتی من پارەی زیادە وەرناگرم و دەزانم پارەکەی خۆیشم سەری تیادەچێ و دەبنە برا بەشم لە بەشەکەی خۆشمدا. بۆیە لە کۆتایدا ئەو بڕیارەی داوەو خۆیشی بەسەریدا مردوە.
پرسیارەکان و سەرگوزشتەکانی، بردن و کردنەوەو گواستنەوەی لە بێجیەوە و داگرتن و شاردنەوەی بۆ چەندساڵێک لە هەولێر و دوبارە گەڕاندنەوە و بەستنەوەو بەگەڕخستنەوەی، لە بێجی زۆر زۆرن! ئەم خێرخوازەی کوردە کێیەو ئایا چەندی دیکەی هەیە؟ بۆ ناوەکەی ئاشکرا ناکرێ! باشە ئەو برە پارەیە ئەوەندە کەم نییە، خۆ شەڕەکان و ناکۆییەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی لەسەر چەند ئەوەندەیەکە. باشە ئەم کابرایە ئەو پارەیەی داوە ئایا ناپرسێ ئەم مەوادانە هی کوێن و چۆنی دەهێنن، ئایا مادەو کەرەسەکانی نەبینیوە، ئەی نەیزانیوە ئەمە پارچەی پاڵاوگەی بێجیە ئەی بۆ کڕی! کێ ئەڵێ نەیشچۆتە شوێنەکە! ئەی بۆ ئێستا هەستی نیشتمانی و ئێراقی بونی بەرزبۆتەوە و بە خوڕایی دەیداتەوە! عکومەتی بەغدای. باشە ئەم کابرایە بۆ کڕی وستویەتی لە هەولێرا دایبمەزرێنێ یان بیبات بۆ ئێران یان بۆ تورکیا ؟ ئایا سەرانی هەولێر نەیان وێراوە یان پێیان نەکراوە، دوبارە دایبمەزرێننەوەو بیبەستنەوەو بیخەنەوە کار و یان بەکەڵکی ئەوە نەهاتوە. یان ئەوەیە ئێران و تورکیا ئامادە نەبون لێی بکڕن . یان پەنیان پێداوەو و پێیان کڕیوە و دوایش لێیان نەکڕیوەتەوە.
ئێستا مقۆ مقۆ لەناو سەرانی شیعەدا پەیدا بوە، ئەو دەڵێ من نەبوم و ئەو دەڵێ من ئاگام لێی نیە! باشە خۆ ئەم پارچانە سەیارەیەک، یان شۆڤڵیک نیە، لە چەند سەعاتێکدا باربکرێ و کەس نەزانێ لە کوێوە ئاودیو کراوەو فرۆشراوە. دەڵێن ئەم کەلوپەلانە باری زیاد لەسەد لۆلۆدەرو شاحینەی گەورەیە، مەوادەکان قورس و قەبەن بەڕێگای خۆڵ و لاڕێگادا ناگوازرێنەوە، هەردەبێ بەڕێگای قیری باشدا بگوازرێتەوە. باشە ئەم ڕێگایەش بەسەدان کیلۆمەتر دەبێت و سنوری مەرکەزی بەغداد و هەرێمی کوردستان دەبڕێ. ئەرێ زاڵگەیەک سەربازگەیەک ئەم کاروانە زەبەلاحەی نەبینی!
لە هەموی گرنگتر پارچەکان، بێجگە لەوەی لە شەڕی داعشدا تێکچوە، ئەوانی دیکەی هەر هەموی وەک خۆیەتی، کەواتە دەبێ لیژنەیەکی تەکنیکی پسپۆڕی شارەزا، کە ژمارەشیان زۆر بوە ( لە ئەندازیاران و تەکنیککاران ) هەڵساون بەکردنەوە و گوستنەوەو داگرتنی ئەم کەلوپەلانە. باشە ئەمانە کێبون؟ هەر هەموی داعش بون! ئەی باشە کێ پارچەکانی بەستەوە؟ تۆ بڵێی هەمان لیژنە نەبن!
لە هەموی گرنگتر کێ سەرپەرشتی ئەم کردنەوەو گواستنەوەیەی کردووە بە فەرمانی کێبوە؟ ئەی باشە ئەو کابرا کوردە ئەم کەلوپەلانەی لەکێ کریوە؟ ئەی ئەو پارەیەی داوە بەکێ؟ وەسڵێکی حسابیان لە بەیندا نییە؟ ئا ئەوەیە بەغداد و ئا ئەوەیە هەولێر! ڕاستە وتویانە ( گەر دزو خاوەن ماڵ کردەیان یەک خەن، گا بە کونە باندا سەردەخەن ).
باشە، هەرچۆنێ بێ کابرایەکی خێرخوازی کورد غیرەتی جوڵاو کەرەسەو کەلوپەلی دزراوی بۆ حکومەتێ گەڕاندەوە، ئەی باشە بۆ حکومەتێکیش غیرەتی ناجوڵێ و موچەی دزراو و پاشەکەوتکراوی هاوڵاتیەکانی خۆی بۆ خاوەن حەق و فەرمانبەرەکانی ناگێڕێتەوە!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبوی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت