پیتەر سینگەر: گورچیلە بۆ فرۆشتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی: فەیلەسوفی ئوستوڕاڵی پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش/ نووسەر و مامۆستای زانکۆ
ساڵی 2009، سەرمایەداری شاری برۆکلین، لیڤی – ئیژاک ڕۆزنباوم، کە تۆمەتی نێوەندگیریکردنی فرۆشتنی سێ گورچیلەی خرابووە پاڵ، ددانی بە تاوانەکەیدا نا. سزای دوو ساڵ و نیو زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، زیاد لە دوو ساڵیش بەر لە ئازادکردنی، خزمەتی کرد.
ساڵێک پێشتر، بازرگانی وردەی سەنگاپووری، تانگ وی سۆنگ، چونکە ڕەزامەند بوو لەسەر کڕینی گورچیلەیەک بە نایاسایی، ڕۆژێک زیندانی کرا. دواتر گورچیلەیەکی لە تەرمی بکوژێکی لەسێدارەدراوەوە وەرگرت. هەرچەندە ئەم کارە یاساییە، بەڵام لە ڕووی ئیتیکییەوە لە کڕینی گورچیلە گوماناویترە، چونکە هاندەرێکە بە ئاڕاستەی قایلکردن و لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی بە تاوانی مەزن تۆمەتبارن.
ئاخۆ پێویستە فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە تاوان بێت؟ تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ساڵانە 100.000 کەس دەیانەوێت ئەندامێک لە ئەندامەکان بچێنن، وەلێ لە ساڵی 2008دا، تەنها 21167 کەس لەمەدا سەرکەوتوو بوون. ڕۆژانە 12 ئەمەریکی لە چاوەڕوانیی چاندنی گورچیلەدا، بە پەککەوتنی گورچیلە دەمرن. لە سەرانسەری جیهانیشدا، ملیۆنان کەس بە پەککەوتنی گورچیلە کۆچی دوایی دەکەن.
هەرچەندە کڕین و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێک نایاساییە، بەڵام ڕێکخراوه‌ی تەندروستیی جیهانی مەزەندەی ئەوە دەکات کە لە سەرانسەری جیهاندا، دەرروبەری 10٪ی هەموو گورچیلە چێنراوەکان لە بازاڕی ڕەشدا دەکڕرێن.
باوترین ناڕەزایەتی لە پەیوەندیدا بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤەوە ئەوەیە کە هەژاران دەچەوسێنێتەوە. ئەم دیدە لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2002دا کە لەسەر 350 هیندیی گورچیلەفرۆش کرابوو، پشتڕاست کرایەوە. زۆربەیان بە توێژەرانیان وتبوو ئەوەی پاڵی پێوە ناون، دانەوەی قەرزەکانیان بووە، وەلێ دوای 6 ساڵ، سێ لەسەر چواریان هەر قەرزبار بوون. پەشیمانیش بوون لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان. بە پێچەوانەوە کاتێک پرۆگرامی تەلەڤیزیۆنیی “taboo” بەرنامەیەکی بۆ فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە تەرخان کرد، لەو بەرنامەیەدا کۆخنشینێکی مانێلا [Manila] نیشان درا کە بۆ کڕینی ماتۆڕ تەکسییەکی سێچەرخە بە مەبەستی دابینکردنی داهات بۆ خێزانەکەی، گورچیلەیەکی فرۆشتبوو. دوای نەشتەرگەری، بەخشەرەکە نیشان درا کە دەمبەپێکەنین بە دەوری تاکسییە نوێیە بریقەدارەکەیدا دەسووڕایەوە. ئاخۆ پێویست بوو ڕێگریی لێ بکرێت؟ بەرنامەکە فرۆشیارگەلێکی خەمباریشی نیشان داین، بەڵام خۆ فرۆشیارانی خەمبار لە بازاڕی خانووبەره‌شدا هەن.
نانسی شیبه‌ر هیوز (Nancy Scheper–Hughes)، دامەرزێنەری “Organ Watch”، بە توندی بەرسڤی ئەوانە دەداتەوە کە پێیان وایە بەیاساییکردنی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە، دەستگیرۆیی هەژاران دەکات، کاتێک دەڵێت: »بۆ یارمەتیی نەداران، ڕەنگە پێویست بێت بەدوای ڕێگەیەکی باشتر لە لەتوپەتکردنیان بگەڕێین.« حاشاهەڵنەگرە پێویستە، بەڵام نایکەین، بە داخەوە هاوکارییەکانمان بۆ هەژاران بەس نین، ئەمەش وا دەکات زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ لە هەژارییەکی تاقەتپڕووکێندا بژین.
لە جیهانی ئایدیاڵدا، مرۆڤی نەدار نییە، ئەوەندەش بەخشەری میهرەبان هەن کەس لەچاوەڕوانیی وەرگرتنی گورچیلەدا نەمرێت. زیل كراڤینسكیی ئه‌مه‌ریكی کە گورچیله‌یەکی بە کەسێکی نەناسراو‌ بەخشیوە، هێما بۆ ئەوە دەکات به‌خشینی گورچیله‌یه‌ك ژیانی كه‌سێك ڕزگار دەکات، به‌ڵام مەترسیی مردن لە ئەنجامی بەخشینی گورچیلەدا “1 لە 4000″ـە. بە قەولی وی، نەبەخشینی گورچیلە، واتای ئەوە دەگەیەنێت، تۆ 4000 جار ژیانی خۆت بەنرختر لە ژیانی نەناسراوێك داناوە. ئەو ڕێژەیەش بە بروای وی، قێزەونە. بەڵام زۆربەمان هێشتا دوو گورچیلەمان هەیە و داواکارییش لەسەر گورچیلەی زیاتر هەر درێژەی هەیە، لە پاڵ نەداریی ئەوانەی هاوکاریان نین.
دەبێت سیاسەت بۆ جیهانی ڕاستەقینە دابڕێژین، نەک ئایدیاڵ. ئاخۆ دەتوانرێت بازاڕێکی یاسایی گورچیلە بە جۆرێک ڕێک بخرێت کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێت فرۆشیاران بە تەواوی ئاگاداری ئەوە بن کە دەیکەن، لە نێویشیدا ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی تەندروستییان دەبێتەوە؟ ئاخۆ ئەوکات خواست لەسەر گورچیلە پڕ دەبێتەوە؟ ئاخۆ دەرەنجامێکی قایلکەری بۆ فرۆشیاران دەبێت؟
بۆ دەستخستنی وەڵامێک، دەشێت نیگا بخەینە سەر وڵاتێک کە هەرگیز وەک وڵاتێکی پێشڕەو لە ئازادکردنی بازاڕ و ئەزموونی کۆمەڵایەتیدا لێی ناڕوانین، ئەو وڵاتە ئێرانە. لە ئێران ساڵی 1988ـه‌وە سیستەمێکی پارەدارکراوی فەرمی و ڕێکخراوی بۆ کڕینی گورچیلە هەیە. کۆمەڵەیەکی خێرخوازیی نەخۆشەکان مامەڵەکان بە نرخێکی دیاریکراو [لە ساڵی 2007 دا دەیکردە 46.000 دۆلاری ئەمەریکی] ڕێک دەخات، جگە لە فرۆشیاریش، کەس تێیدا سوودمەند نابێت.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2006 کە پسپۆڕانی ئیرانیی بواری گورچیلە بڵاویان کردووەتەوە، پلانەکە بەبێ قوتکردنەوەی کێشەی ئیتیکی، لیستی چاوەڕوانیی گورچیلەی لە وڵاتەکەدا نەهێشتووە. لە ساڵی 2006دا، پرۆگرامێکی تەلەفیزیۆنیی بی بی سی نیشانی دا زۆرێک لەوانەی خوازیاری بەخشینی گورچیلە بوون، بە هۆی نائامادەیی پێوەری توندی تەمەنەوە، داواکەیان ڕەت کراوەتەوە. هەروەتر، زۆری دیکە داوای سەردانیکردنی پزیشکی دەروونییان لێ کراوە.
ئەگەر ئەو سیستەمەی ئێران ڕێکی خستووە ژیانی خەڵکی ڕزگار بکات –ڕوونیشە کە دەیکات– ئەوا لە پێواری ئارگیومێنتێکی بەهێز لە دژی، پێویستە چاو لە نموونەی ئێران ببڕین و ئەگەریش بتوانین، چاکتری بکەین. ئارگیومێنتەکانی دژ بەم کارە، لەو ئاستەدا نین ببنە پاساوی ئەو قەدەغەکردنەی ئێستا لە بازاڕی ڕێکخراوی گورچیلەدا هەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت