mela-bextiar-nawshirawn

عەتا قەرەداخی : بۆ کاک مەلا بەختیار: نامەیەکی برایانە بەڵام تفت و تاڵ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە من چەند جارێک رامگەیاندووە کە لەبارەى یەکێتی نیشتیمانیەوە هیچ نەڵێم و هیچ نەنووسم ، بەڵام هەندێکجار ناتوانم ئەو بەڵێنانەى خۆم ببەمەسەر ، هۆکارەکەش ئەوەیە کە مرۆڤـ هەست دەکات هەندێ کار دەکرێت کە سەرئەنجام بە زیانی گشتی میللەتەکەمان دەشکێتەوە ، بۆیە لەو کاتانەدا ناتوانێت بێ دەنگ بێت . رەنگە ئەگەر یەکێتی بە تەواوەتی بگەیشتیایەتە ئەو قۆناغەى کە شکست و هەرەسهێنانی هیچ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەر نەتەوەکەمان نەبوایە ، ئەوا بێگومان نە قسەمان لەبارەوە دەکردو نە هیچ هەنگاوێکی نادرووستی ئەویش نیگەرانی دەکردین ، وەکو چەندین دەستەو گروپی بچووک کە هیچ رۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەر چارەنووس و تەنانەت بارودۆخی ئێستای کوردستانیش نییە چی بکەن کەس بەلایەوە گرنگ نییە، بەڵام ئەوەى ئاشکرایە تاکو ئێستاش یەکێتی سەرباری کێشەکانی دەتوانێت بە هەردووباری ئەرێنی و نەرێنیدا رۆڵی دیار لە باشووری کوردستاندا ببینێت ، بۆیە بەو ئەندازەى کە چارەنووسی کوردستان پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە ، بەو ئەندازەیەش نەک هەر مافی ئەوەمان هەیە قسە بکەین بەڵکو ئەرکی سەرشانیشمانە ئەوە بیری برایانی سەرکردایەتی ئەم حیزبە بخەینەوە کە ئەوان بەرپرسیارێتیەکی گەورەیان لە ئەستۆیە بە تایبەتی دوای تەواوبوونی قۆناغی سەرکردایەتی مام جەلال ، کە ناکرێت بەوشێوەیەی ئێستاو بەشێک لەبەرپرسان هەرزەکارانە بێ گوێدانە ئەو ئاسەوارو کاریگەرییە نێگەتیفیانەى قسەکانیان بەجێی دەهێڵن قسەبکەن و تەسریح بدەن .
نامەکەى من بە پرسیارێک دەست پێدەکات : ئایا کێ یەکێتی بەڕێوەدەبات؟ ئایا کێ مافی ئەوەى هەیە بە بێ گەڕانەوە بۆ مەکتەبی سیاسی تەسریح بدات بە تایبەتی ئەو تەسریحانەى کە پەیوەندییان بە کۆی بارودۆخی کوردستانەوە هەیە ؟ هەر لێرەشەوە ئەم نامە برایانە بەڵام تفت و تاڵەیە ئاراستەی کاک مەلا بەختیار دەکەم چونکە ئەوەى کە رۆژانە لەم حیزبەدا قسەدەکات و لەسەر هەموو جۆرە بابەتێک لە سیاسەتی حیزبەکەی و سیاسەتی نێودەوڵەتیەوە بۆ دیموکراسی و ئازادی و تەنویرو بوارەکانی ئەدەب و تا دەگاتە مافی ژنان و .. قسەی هەیە. من لە ماوەى ئەم ساڵدا ئەمە دووەم نامەیە کە بۆ بەڕێزی بنووسم ، دڵنیاشم کە ئەو هیچ گومانی لەوە نییە کە من حەزدەکەم هەم خۆی و هەم حیزبەکەشی سەرکەوتوو بن بۆ خزمەتی میللەتەکەمان ، بەڵام گومانم هەیە ئەم شێوە کارکردن و تەسریحدانەى بەڕێزیان خزمەتی کوردو تەنانەت یەکێتیش بکات . پێشتریش من زیاترین رەخنەم لە ئەدای حکومەتداری بەڕێزان کاک کۆسرەت و کاک بەرهەم ساڵح گرت و بەداخێکی زۆریشەوە ئەنجامەکان وەکو ئەوە دەرچوون کە من پێشبینیم کردبوون، چ یۆ یەکێتی و چ بۆ رۆڵی سەرکردایەتی ئەم حیزبەو سیاسەت و ستراتیژەکەى کە ئەوەش رۆژ لە دوای رۆژ بچوکی دەکاتەوە ، بەڵام مەترسی کارەکانی ئەوکاتەى ئەوان وەکو ئەوەى ئێستا ترسناک نەبوو چونکە ئەوکاتە پیاوێک هەبوو کە بە توانای خۆی دەیتوانی بە هەموو کەمورتیەکانەوە هەم یەکێتی لە روخاندن بپارێزێت ، هەم ئەو کێشانەى لەگەڵ لایەنەکانی تر درووست دەبوون بە تواناو لێهاتوویی خۆی چارەسەریان بکات کە ئەویش مام جەلال بوو . لەو بڕوایەدام هەمووان کۆکین لەسەر ئەوە کە ئێستا قۆناغی مام جەلال تەواو بووەو هەڵەى ترسناک یەکێتی بەرەو کەناری هەرەس دەبات و لایەنەکانی تریش بەو ئەندازەى کە گوێیان لە مام جەلال دەگرت گوێ لەو برا بەڕێزانەى ئێستای مەکتەبی سیاسی ناگرن بە تایبەتی کە زۆرێک لەو تەسریحاتانە هەست دەکرێت ئامانجی نانەتەوەیی و نانیشتیمانی لە پشتیانەوەیەو ئەگەر راڕەوی رووداوەکان بەوجۆرە بڕۆن ئەوا جارێکی تر کوردستان بەرەو کارەساتە تراژیدیەکانی رابردوو دەبەن .
لە راستیدا ئەوەى لە رووی دەرەوەو لە ناو راگەیاندنەکان و لە تەسریحدانەکاندا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت ، ئەوەیە کە ئێستا کاک مەلا بەختیار وارەفتار دەکات کە ئەو سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێـت و پێش دەچێت کە بڕیاری رەهای حیزب لە دەستی بەڕێزیدا بێت و هەر ئەویش حیزب بەڕێوەببات ، بە تایبەتی لەو هەموو تەسریاتانەى کە دەیدات، بە ئەسەفیشەوە کە بەڕێزیان دەچێـتـە دوای مایکرۆفۆنەوە ، ئیتر بیری دەچێـەوە کە ئێستا کوردستان لە چ بارودۆخێکدایەو ، تەنانەت بیری ئەوەشی نییە ئەو سەرو ریشی سپی بووەو بە پێی هەموو لۆجیکێک قۆناغی گوتاردانی حەماسی بەسەرچووەو ئێستا بۆ ئەو تەمەنەی بەڕێزیان گوتاری پڕ لە حەماسەت گونجاو نییە چونکە سەرچاوەى زۆرینەى هەڵەکانی مرۆڤـ سیاسی بێت یان ناسیاسی هەڵچوون و حەماسەتە. من لێرەدا نامەکەم لە چەند خاڵێکدا کۆدەکەمەوە ، کە سەرباری راوبۆچوونی خۆم ئەم خاڵانە راوبۆچوونی ناو خەڵکیشی تێدایە بە تایبەتی خەڵکی نوخبەو خەڵکی ئاسایی دەرەوەى یەکێتیش .
یەکەم : من پێموایە کاک بەختیار بە حوکمی ئەوەى کە یەکێکە لە کۆنترین کادیرەکانی یەکێتی نیشتیمانی کە تاکو ئێستا لەسەرکردایەتی ئەو حیزبەدا ماوە ، دەبوو باش سەیری بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی و کوردیشی بکردایەو لە پێناوی تموحی بوون بە سکرتێری یەکێتیدا کە ئەستەمە ئەو ئاواتەى بێـتەدی ، نەبوایەتە لایەنگری لایەک بە دژی لایەکی تر . کاتی خۆی کاک بەختیار زۆر رەخنەى لە رۆڵی رەحمەتی فەرەنسۆ هەریری دەگرت لەوەى کە دەروێشانە لە خزمەتی بنەماڵەى بارزانیدا بوو ، ئێستا بەشێک لە خەڵک پێی وایە کاک بەختیار خۆی ئەو رۆڵە دەبینێت ، هەروەک کەسانێکی تریش هەن پێیان وایە کاک بەختیار لە گرێی ئەو سوکایەتیە رزگاری نەبووە کە سەرکردایەتی یەکێتی گرتوویانەو زیندانیان کردووەو پاکانەیان پێنووسیووە ، بۆیە ئێستا دەشێ پاڵنەری تۆڵە یەکێک لە نەستیدا لە جوڵێنەرەکانی ئەو بێت بۆ ئەم شێوازە کارکردنە بە تایبەتی کە کێوی مام جەلال و کێوی نەوشیروان مستەفای لەبەردەمدا نەماوە.
دووەم: تا ئێستا کاک بەختیار باسی رۆڵی یەکێتی دەکات لە دیموکراسی و ئازادی و داواکاری مافەکانی کورددا ، بەڵام بەداخەوە ئەو شێوەکارکردنەى بەڕێزیان و بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی ، یەکێتی لەو خاسێتانە رووت کردووەتەوە. سادەترین شت مەسەلەى حکومەتی خۆجێیەتی سلێمانیە کە جارێکی تر سیاسەتی شکستخواردووى پەنجا بە پەنجا بۆ بەڕیوەبردنی ئەم شارەیە زیندوو کرایەوە ، هەروەک لەو کاتەوە کاک بەختیارو کەسانێکی تری وەکو بەڕێزیان بە ناوی عەرشی بابان و خانەقای مەولاناو بیلاتی شێخ مەحمودەو ئەزموونی شیعری نالی و گۆران و تەنویری پیرەمێردو ئایندەبینی شەریف پاشاو رەفیق حیلمیەوە قسەدەکەن ، سلێمانی لە پاشەکشەدایە. هەروەک شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتی لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە ، یەکێتی لە رابەرایەتی پرۆژەی نەتەوایەتی رووتکردووەتەوەو ئێستا لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوەش لەو رووەوە کەوتووەتە پەراوێزەوە. کاتی خۆی برایانی یەکێتی باسی ئەوەیان دەکرد کە گوایە سەرکردایەتی پارتی گوتوویانە ئەگەر شۆڕمان پێنەکرێت خۆ پێمان تێکدەدرێت، بە داخەوە ئێستا زۆرینەى تەسریحدانەکانی کاک بەختیار لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستاندا هەمان مانا و دەلالەتی هەیە.
سێیەم: بەهەرحاڵ من دەزانم یەکێتی نیشتیمانی هەرچۆن لە درووستبوونیەوە لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا پێشەنگ بووە، ئێستاش زۆرینەى فەرماندەکانی پێشمەرگەى لەوانەى ناو مەکتەبی سیاسیەوە بۆ خوارەوە تا دەگاتە ئاستی پێشمەرگەی ئاسایی خەباتگێڕو تێکۆشەرن و بۆ بەرگری لە گەل و نیشتیمان جیگای بچوکترین گومان نین ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوان تاکە بەشن لە ناو یەکێتیدا کە رۆڵی پێشەنگیی خۆیانیان ون نەکردووە ، واتە ئەوەى لە ناو یەکێتیدا کە تاکو ئێستا بە زیندوویی ماوەتەوە پێشمەرگەیە ، بەڵام زۆرجاریش خراپی بەڕێوەبردنی یەکێتی لەسەرەوە رەنجی ئەوانیش بە بادەدات ، بۆ نموونە بە خوێنی پێشمەرگە جەلەولاو سەعدیە رزگار دەکرێت ، کەچی وەک باس دەکرێت بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی ئەو ناوچانە تەسلیمی میلیشیا شیعەکان دەکات.
بێگومان ئەوەى پێشتر دەبینرا ئەوەبوو ململانێکانی ناو یەکێتی زیاتر زیانەکەى بۆ حیزبەکە خۆی بێت ، بەڵام ئێستا ئاسەواری نێگەتیفی ئەو ململانێیانە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە تایبەتی لەو رووەوە کە دەشێ تەسریحاتی لەوجۆرەى ئەم دواییەى کاک بەختیار لە ساڵیادی شەهید کاکە عەبەدا ، بە ئاشکرا دیارە هەڕەشەیە بۆ درووستکردنی هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەى کوردستان، ببێتە هۆی ئاژاوەو تێکچوونی زیاتر لەبارودۆخی ناوخۆی کوردستاندا. هەروەک لایەنگری یەکێتی لە هەندێ لە بۆچوونەکانی پێکەکە سەبارەت بە کردنی شەنگاڵ بە کانتۆن ئەویش نەک لەگەڵ یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیدا ناکۆکە بەڵکو دژی سادەترین بنەمای یەکێتی نەتەوەییە ، کە بێگومان ئەم جۆرە هەڵوێستانە هەم زیانی بۆ یەکێتی کورد لە باشووری کوردستان دەبێت ، هەم بە نەرێنی بەسەر یەکێتی نیشتیمانیدا دەشکێتـەوە . کە هیوادارم سەرئەنجام لۆجیکی عەقڵ لای کاک بەختیارو کۆی سەرکردایەتی یەکێتی باڵادەست بێت و عەقڵی تەسکی حیزبایەتی و بەرژەوەندی تەسکی تاکەکەسی و رقی رابردوو ، ململانێی نادرووست بەلاوە بنێن و هەم کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن هەم بە زوترین کات مەرجەعێک بۆ حیزبەکەیان درووست بکەن چونکە ئەم شێ ، ە پاشا گەردانیەى ئێستا پێش هەموو کەسێ زیان لە یەکێتی خۆی دەدات و ئەگەر ئەوان چارەسەری کێشەکانیان نەکەن بێگومان مێژوو رەحمیان پێناکات و وەکو چۆن چەندین حیزب و رێکخراوو بزووتنەوەو تەنانەت شارستانێتیشی فڕێداوەتە پەراوێزەوە ، ئەوانیش فڕێ دەدات پەراوێزەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت