دلێر محەمەد نوری: کێ جاشە و کێ باشە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لیستێک بە مێژووی جاش و باشی حزبە کوردییەکانی باشوری کوردستان:
1- ساڵی(1963)مەلا مستەفا بە هێزێکەوە و بە ناو شاری سلێمانی، ژێر دەستی حکومەتی عێراقدا، ئەچێتە سەر باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی لە ماوەت، تا قەتڵ و عامیان بکات، بە هۆی ناکۆکی حزبییەوە. بەلای مەکتەبی سیاسییەوە، مەلا مستەفا خائین و باڵی مەکتەبی سیاسیش خیایەنەت لێکراوبوون.
2- ساڵی (1966) باڵی جەلالی و باڵی مەلایی، بە جیا لە مفاوەزات ئەبن لە گەڵ ڕژێمدا، باڵی جەلالی ئەگەنە لێکتێگەیشتن و لە شارەکاندا ئەمێننەوە و باڵی مەلایی ڕێکناکەون و ئەچنەوە شاخەکان. لێرەدا باڵی مەلایی، جەلالییەکان بە خائین ئەبینن و خۆشیان بە ستەم لێکراو.
3- ساڵی (1978)، قیادەی موەقەتەی پارتی، پەلاماریی هێزەکانی یەکێتی، لە هەکاری دەدن و بە کوشتنی سەددان کەسیان، کۆتایی دێت، بەلای یەکێتییەوە، ئەمە خیانەتێکی گەورەی قیادە موەقەتە و هەڵگیرسانی شەڕی براکان بوو بۆ جاری دووەم.
4- ساڵی (1979) لە سەرووبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران، قیادە موەقەتە هاوشانی ئێران، لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن و شارەکانیان پێ چۆڵ دەکەن، لەم کاتەدا یەکێتی لە بەرەی ئەو حزبانە دژی ئێران شەڕ دەکات، بەلای حزبەکانی ڕۆژهەڵات و یەکێتییەوە ئەمەی قیادە خیانەت بوو.
5- لە ساڵی (1992) تا (ئەمڕۆ) تیرۆر کردن و هێزی ئێران و تورک هێنانە سەر و ڕاوەدوونانی کادر و پێشمەرگەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و گەرێلای پەکەکە و حزبەکانی ڕۆژئاوا و لێدانی پەنابەری سڤیلی ناو کەمپەکانیان بەردەوامە. هەموو ئەم کردانە لە لایەنی ئێران و تورکیاوە، لە سنوری یەکێتی و پارتی ئەنجام دراون و دەدرێن. به هاوکاری و بێ هاوکاری یەکێتی و پارتی. هەمووان بە خیانەتی یەکێتی و پارتی پێکەوە یان بە جودای ئەبینن.
6- بە درێژایی (1976 – 1991 ) و (1991 – 2003)، چەندین شەڕی خوێناوی و ناکۆکی قووڵ و دەست بادانی نامرۆڤانە و بۆسەی نامەردانەی نێوان حزبەکانی کوردستان، بەهاوکاری و بێ هاوکاری عێراق و ئێران و تورکیا، بە ورد و درشتی شەڕەکانیانەوە، لە نێوان هەر یەک لە (پارتی، یەکێتی، شیوعی، سۆسیالیست، ئاڵای شۆڕش، پاسۆک، بزوتنەوەی ئیسلامی، پەکەکە، ئەنسار، کۆمەڵ، حزب اللە، …)، لە چەندین فۆرم و شێوەدا و بە جەولەی شەڕی براکوژی نەوەدەکانیشەوە. لە هەموو ئەمانەدا، هەمووان یەکتریان دابەشکرد لە نێوان شەیتان و ڕەحماندا یاخود جاش و باشدا.
7- لە (31ی ئابی 1996)ەوە تا (16ی ئۆکتۆبەری 2017)، بە بەردەوامی خیانەت و براکوژی و دەست تێکەڵکردن و هاریکاری دوژمن و ناحەز و تێکەڵ کردنی کارتەکان و قڵپ کردنەەی مێزی یارییە سیاسی وسەربازییەکان بە سەری یەکتریدا، کراوە. کاراکتەری سەرەکی نێوان جاش و باشی ئەم ساڵانە یەکێتی و پارتی بوون. پارتی لە جەولەی شەڕی ناوخۆی براکان بە بیانووی هاتنی ئیران بۆ یارمەتی یەکێتی، دەبابەکانی بەعسی بانگێهشتی هەولێر کرد. یەکێتی بە خیانەتی مەزن و پەڵەی ڕەش ئەمەی ناوبرد. بەڵام پارتی، ئەمەی بە بەرگری پیرۆز، لە قەڵەم دا. ڕیفراندۆمەکەی پارتیش بە هاوکاری بەشێک لە یەکێتیش لە لایەن زۆرێک و بەشەکەی دیکەی یەکێتی بە پیلان و دەسیسە و موغامەرەی سیاسی دانرا، بەڵام لای پارتی، کۆتاییەکەی، کە بە لە دەست دانی زۆرترین خاکی کوردستان بوو، بە خیانەتی ئەو بەشەی یەکێتی لە قەڵەم دا.
8- لە (1988)دا، هەڵەبجەییەکان بەر کیمیاوی دەدرێن و لە (2014)شدا، ئێزیدییەکان بۆ داعش جێدەهێڵدرێن. جارێک تۆمەت یەخەی یەکێتی و جارکیش یەخەی پارتی دەگرێت. لە نێوان بەرگری و ڕێگەی هەڵاتن لە کیمیاوی گرتن لە هەڵەبجەییەکان و جێهێشتنی ئیزیدیان بۆ داعشی دڕندە، یەکێتی و پارتی و تۆمەتبار و ناکۆکن.

لە دوای ئەم  ڕیزبەندی مێژووییە خێرایە، ئەتوانین بگەینە چەند سەرنجێک:
1- ئەمانەی لای سەرەوە، هەموو ڕووداوەکانی جاشی و باشی ئەم هێزانە نین لە ساڵانی خەباتیاندا. چونکە ڕووداوگەلی گەلێ زیاتریش هەن، کە یان بە نهێنی ماونەتەوە، یاخود باسیان لێوە نەکراوە بە وردی.
2- دەرخەر و نووسەری، ئەم پەڕانەی مێژوو، خودی کتێبەکانی بیرەوەری و گێڕانەوەکانی سەرکردە و پێشمەرگە و کاراکتەرەکانی ناو ڕووداوەکانن، بۆیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نووسەر بەرگری لە خۆی کردووەو بیانووی هێناوەتەوە و لایەندار بووە.
3- ئەگەرچی کەسی بێلایەن زۆربەی ئەم ڕووداوانەی نەنووسیوە، بەڵام بە مەبەست و بێ مەبەست، کەرەستەیەکی خاویان، خستووینەتە بەردەست، تا لە مێژووی خیانەت لەم دەڤەرە بکۆڵینەوە.
4- بە ئەندازەی ئەو فیشەکانەی، بە دوژمنەوە نراون و ئەو خوێنەی لە ڕێگەی بەرگری و کوردایەتی ڕژاون، ئەم حزبانە فیشەکی جاشێتییان ناوە بە یەکەوە و خوێنی ڕۆڵەکانی کوردیان ڕشتووە، بە قازانجی دوژمن. ئێستاش بەردەوامن.
5- تاوانبار تا سزا نەدرێ، تاوانی زیاتر ئەکات، هیچ حزبێک و هیچ سەرکردەیەک لە سەر خیانەت و جاشێتی سزا نەدراوە، چ سزای میللی لە بەجێ هێشتن و دەنگ نەدان پێی یاخود سزای یاسایی لە ڕێگەی دادگاوە. بگرە لە هەر جاشێتی کردن و خیانەتێک حزب، بە پاداشت و شاباش کردنی جەماوەر و دوژمن لێی دەرچوون. هەر بۆیە میللەتی وا، ئەبێت هەمیشە چاوەڕوانی خیانەت و جاشێتی بێت بە تامی کوردایەتی.
6- زۆربەی هەرە زۆری جاشێتی و خیانەتەکان، ئەگەر لە ساڵانی یەکەمی دوای ڕوودانیان بە شاراوەیی هێڵدرابنەوە و ژێر لێوخرا بن، ئەوا دوای چەند ساڵێک لە ڕوودانی بەرگی شانازیان لە بەر کردووە و کردوویانە بە ڕۆژی مەزن و پیرۆزی حزب، لە ڕۆژمێری یادەکاندا، 31 ئاب بە نموونە.
ئەم حاڵەتەش ئەگەڕێتەوە هەم بۆ کاڵفامی گەڵ و لاوازی زاکیرە و بە دوکومێنت نەکردنی ڕووداوەکان وەکو خۆیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.
ماوەتەوە بڵێم گەلی کورد هێندەی سەربەخۆیی کوردستان پێویستی بە دەزگایەکە، تا پێناسەی خیانەت و خائینی بۆ بکاتەوە و ڕووداوەانی مێژووی بۆ ساغ بکاتەوە و جاشی لە باشی جیابکاتەوە، چونکە ناکرێ ڕەوڕەوەی مێژوو، حزب و سەرکردەیەک هەڵیسووڕێنێ، ئەوانە پاشەڵی خەباتیان بوو بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت