شێرزاد شێخانی: كوردستان یا نەمان، یان ئەنتەرنێت و كارەبای بەردەوام.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەم رۆژانەدا رویدا ئاشبەتاڵ بو بەهەمو مانای وشەوە. لێرەوە وەكو هەمو جارانی پێشوو دەبێ جارێكتر دەست بە خۆئامادەكردن بكەینەوە بۆ شۆڕشێكی تر. ئەوەتا جارێكی تریش سەركردایەتی كورد فەشەلی خۆی دوپاتكردەوەو وەكو میزی حوشتر سەد ساڵیتر گەرایەوە دواوە، بەمەش بۆمان دەركەوت كە كورد چۆن هەمیشە سەركردەی نەبوە، هەر واش بێ سەركردە ئەمێنێتەوە,.
بەدرێژایی سەد ساڵی رابردو شۆڕش و راپەڕینمان كرد، هیچمان بەهیچ نەكرد. چارەنوسی خۆمان دایە دەست سەركردەی بازرگان و بەرژوەندخوازو خۆپەرستو عەشرەت پەرست و ، سەركردەی نەخوێندەوار، نوخبەیەكی سیاسی خودپەرست، قیادەیەكی عەسكەری فشۆل و دواكەوتو وكۆلەوار، چینێكی رۆشنبیری چڵكاوخۆرو كۆیلەو گێل و نەفام. دكتۆرای شەهادە مزەوەر، سەركردەی دامەن پییس، كادیری حیزبی چەقۆكێش، پەرلەمانتاری بۆكس وەشێن !.
دەریایەك خوێنی میللەتمان بەخشی، هیچ خێزانێك نیە بەدرێژایی قۆناغەكانی خەباتی نەتەوەیی كورد قوربانی نەدابێ، باوكو كوڕو برا بونەتە سوتەمەنی ئەم هەمو جەنگە یەكلەدوای یەكانەی قیادەی كوردی.. كوڕی هەژار خۆی بەكوشتدا، كوڕی نوخبەیەكی سیاسی بۆگەن و عەشرەت و خێڵی دواكەوتو بونەتە وەزیرو كاربەدەستی دەوڵەت !..پێشمەرگە لەسەنگەرو بەرەكانی جەنگدا خوێنی رژا، نەوتو پارەو سامانی میللەت سەركردەو كوڕو كوڕەزاكانیان لەمەلهاكانی ئەوروپا شەوە سورەكانیان پێڕازاندەوە!. پێشمەرگە نان و فیشەكی پێنەبو، بەڵام بەفرۆكە قەحپەی روسیو لوبنانی و ئۆكرانی بۆ بەرپرسان هاتۆتە مەزرەعەكانیانەوە!.
شۆڕش میللەت كردویەتی بەخوێنی رۆڵەكانی ئاودراوە، بەڵام بەرەكەی پیاوی گەندەڵ و دزو جەردە خواردویانە!.
سەد ساڵ شۆڕشمان كرد، بیستو شەش ساڵ حوكمرانی سەربەخۆمان كرد، ملیاران دۆلارمان دەسكەوت، چەندین حكومەت هاتن و رۆشتن، بەڵام كارەبامان پێ چاك نەكرا، رێگاوبانمان خراپتر بون، نەوتی زستانمان پێنەدرا، هەژاری و بێكاریمان چارەسەر نەكرد، پێشمەرگەمان پێ یەكنەخرا، تەنانەت ئێستا ئاوی خواردنەوەشمان پێ دابیناكرێ.. ئیدارەیەكی فاشیل، ئابورییەكی داتەپی و، چارەنوسێكی رەش، ئاییندەیەكی تاریك، ئەمانە بەگشتی بەرهەمی ئەم هەمو شۆڕش و قوربانیدانی میللەتەكەمان بو.
دوای ئەم ئاشبەتاڵ و شكستە گەورەیەش چاوەڕێی چی بكەین؟. شۆڕشێكیتر یا راپەرینێكی تر بۆ دەسەڵاتێكیتری گەندەڵ و نەزان؟! ئەوانەی هێشتا لەخوێن تێر نەبون ئەیانەوێ جارێكیتر ئەم گەنجە جوانانەمان بكەنە قوربانی حوكمێكی دیكتاتۆرو خۆپەرست؟.
گەنجی ئێستا ئەنتەرنێتی ئەوێ، كارەبای بەردەوامی ئەوێ شەو بەدیار مەعشوقەكەی دانیشێ و چاتی بۆ بكات. ئەو بەلایەوە گرنگ نیە كەپكی حەمەد ئاغاو چییای سەفین و سەیتەرەی پردێ بەدەست كێوەیە، هاوڵاتی خانوە قوڕەكانی قالاوەو پۆتیناوە بەلایەوە گرنگ نیە جۆرج بۆش و فرانسوا هۆلاند لەسەر ئەرزی كام فرۆكەخانەی كوردستان دائەبەزن، بەقەدەر ئەوەی لای گرنگە زستانی ئەمساڵ نەكەوێتە ژێر هەڕەشەی لافاوی بارانەوە.
ئازایەتی ئەوە نیە گەنجی وڵاتت بنێریتە بەرەكانی پێشەوەی جەنگ لەپێناو كوردستان یان نەمان، خۆشت لەپشت چیاو سەنگەرەكانی دواوە بەدوربین تەماشای بەرەكانی شەڕ بكەیت، ئازایەتی ئەوەیە بێیتە سەر شاشەو بڵێی داوای لێبوردن لەمیللەتەكەم ئەكەم شكستم هێنا.
هەمو مرۆڤێك لەدونیا حەزی لەئاشتی و ژیانی ئارامە، ئێمەی میللەتی كورد لەزەمانی باب و باپیرانمانەوە چاومان بەشەڕو ئاشوب كردۆتەوە، كاتی ئەوە هاتوە واز لەو عەقلییەتە شەڕانگێزییە بێنین بە خەباتی مەدەنیانە داوای مافی رەوای خۆمان بكەین. كێ لەم گەنجانەی ئەمڕٍۆ ئامادەیە بچێتەوە شاخ بۆ خەبات لەپێناو كۆمەڵێك گەندەڵ و دزو جەردەو خوێنخۆری میللەت؟.
بەسە ئیتر ئەم هەمو خوێنرشتنەی گەنجەكانمان، بەسەر ئیتر هەتیوكردنی منداڵەكانمان، بەسەر ئیتر جەرگ سوتاندنی دایكانمان، بەسە ئیتر بارزگانی كردن بە خوێنی میللەت..خاكی كوردستان هاوار ئەكا، تێر بوم لەخوێن، بەسە ئیتر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت