نەوزادى موهەندیس: هۆکارە دەستوریەکانى ئەگەرى دواخستنى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە هەرێمى کوردستان تاکە هەرێمى فیدڕاڵى دانپێادانراوە لەدەستورى هەمیشەیى عێراقى ساڵى 2005دا و تا ئێستاش بەشێکى دانەبڕاوە لە دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵ کە خاوەن سیستەمى پەڕلەمانیە و لەسەر بنەماى دیموکراسى و کارى پێکەوەیى پێکەوەنراوە. هەربۆیە هەموو دەوڵەتێکى دەستورى و خاوەن دەستور دەبێت بەپێى مادە و بڕگەکانى دەستورەکەى ڕێوشوێنە دەستوریەکان پیادەبکات و سەرپێچیان لێنەکات، بۆئەوەى سیفەتى دەستورى بوونى دەوڵەتەکە و ڕێوشیوێنەکانى کارکردنى نەکەونە ژێر پرسیار و گومان و دەرچوون لەدەستورەوە.
لەئێستادا دەوڵەتى عێراقى و لەدواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى عێراق لە 12/5/2018دا و دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ئەنجامە پەسەندکراوەکانى لەلایەن دادگاى فیدڕاڵیەوە لە 19/8/2018دا واتە دواى 97 ڕۆژ، هێشتا پەڕلەمانى نوێ دەستبەکارنەبوە.هەربۆیە بۆئەوەى لە ڕێوشوێنە دەستوریەکان لانەدرێت، پێویست دەکات کە ئەم ڕێوشوێنە دەستوریانە بگیرێنە بەر،بەمەبەستى سازدانى یەکەم کۆبونەوەى پەڕلەمان و هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و دواتریش پێکهێنانى کابینەى حکومەتى نوێى عێراق.
بەپێى بەش و مادە و بڕگەکانى دەستور دەبێت ئەم هەنگاوانە بنرێت بەرەو پێکەوەنانى حکومەتى ئایندەى عێراق:
1- بەشى یەکەم/ دەسەڵاتى یاسادانان بەهەردوو بەشەکەى لە پەڕلەمان و ئەنجومەنى ئیتیحادى کە تائێستا دانەمەزراوە. کە زۆر گرنگە.ئەم بەشە لە 18 مادە پێکهاتوە (مادە 48 تا 65).
لەمادەى 54 دا هاتوە: کە سەرۆک کۆمار دەبێت لەماوەى 15 ڕۆژدا لەپەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنى گشتیەوە، داواى بەستنى یەکەم کۆبونەوەى پەڕلەمانى نوێ بکات. جا لەبەرئەوەى دادگاى فیدڕاڵى لە 19/8/2018دا ئەنجامى هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەى پەسەندکرد، بۆیە 15 ڕۆژەکە دەگاتە 4/9 و دەبێت تائەوکاتە پەڕلەمان کۆببێتەوە، خۆ ئەگەر 7 ڕۆژى پشوەکانى جەژنى قوربانى لێدەربکەین ئەوا ماوەى 15 ڕۆژەکە دەگاتە 11/9.و ئەم ماوەیەش ناتوانرێت درێژبکرێتەوە.
پەڕلەمانى نوێ بە سەرۆکایەتى بەتەمەنترین ئەندامى کۆدەبێتەوە و سەرۆک و دوو جێگر هەڵدەبژێرێت.
لەمادە 55 دا هاتوە: پەڕلەمان لەیەکەم دانیشتنیدا سەرۆک و جێگرى یەکەم و دووەم هەڵدەبژێرێت بەزۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى بەشێوەى نهێنى و ڕاستەوخۆ.
مادە 56 تا 65 باس لە چۆنێتى ئیشوکارەکانى پەڕلەمان و دەسەڵات و ئەرکەکانى دەکات.

2- مادە /70
پەڕلەمان لەنێوان کاندیدانى سەرۆک کۆماردا، لەخولى یەکەمدا بە زۆرینەى دوو لەسەر سێى دەنگى ئەندامانى سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێرێت، گەر نەتوانرا لەیەکەم خولدا ئەو کارە تەواو بکرێت ئەوا لەخولى دووەمدا دووکاندیدى خاوەن زۆرترین دەنگ کێبکڕکێ دەکەن و بەزۆرینەى دەنگى ئەندامان سەرۆک کۆمار هەڵدەبژیرێت.
3- مادە / 71 سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەڕلەماندا سوێندى یاسایى دەخوات.
4- مادە/ 72/ دووەم / ب
سەرۆک کۆمار بەردەوام دەبێت لەکارەکەیدا تا هەڵبژاردنى پەڕلەمانى نوێ و کۆبونەوەى یەکەمى، ئەوکات دەبێت لەماوەى 30 ڕۆژدا لەدواى یەکەم کۆبونەوەى پەڕلەمانەوە سەرۆک کۆمار هەڵببژێرێت.
5- لقى دووەم/ ئەنجومەنى وەزیران
مادە/ 76 / یەکەم
سەرۆک کۆمار کاندیدى (زۆرترین ژمارەى ئەندام پەڕلەمانى) ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى ئەنجومەنى وەزیران لەماوەى 15 ڕۆژ لە دواى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارەوە.
هەربۆیە دەبێت پێش هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار لەپەڕلەماندا زۆرترین کوتلەى پەڕلەمانى دیارى بکرێت.
دووەم/ سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى ڕاسپێردراو هەڵدەستێت بە ناونانى ئەندامانى کابینەکەى لەماوەى 30 ڕۆژ لە ڕێکەوتى ڕاسپاردنیەوە.
سێیەم/ ئەگەر کاندیدى یەکەم بۆ سەرۆک وەزیران سەرکەوتوونەبوو لەکارەکەیدا لە و ماوە دیاریکراوەدا کابینەکەى پێکبێنێت، سەرۆک کۆمار کاندیدێکى نوێ ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت لەماوەى 15 ڕۆژدا لەدواى شکستهێنانى کاندیدى یەکەمەوە.
چوارەم/ کادنیدى نوێ بۆ سەرۆکى حکومەت ناوى وەزیرەکان و بەرنامەى کابینەکەى دەخاتە بەردەم پەڕلەمانەوە بۆ متمانە پێدان، کابینەکە و بەرنامەکەى بە پەسەندکراو دادەنرێن کاتێک پەڕلەمان متمانە دەداتە وەزیرەکان و بەرنامە وەزاریەکە بەزۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى.
پێنجەم/ ئەگەر کابینە وەزاریەکە لەلایەن پەڕلەمانەوە متمانەى وەرنەگرت، ئەوا سەرۆک کۆمار کاندیدێکى تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت لەماوەى 15 ڕۆژدا.
بەم شێوەیە گەر پەڕلەمان لە 4/9دا یەکەم کۆبونەوەى خۆى ئەنجام بدات و سەرۆک و دوو جێگرەکەى هەڵببژرێرت و زۆرترین کوتلەى پەڕلەمانیش ڕابگەیەنرێت، ئەوکات 30 ڕۆژى تر پێویستە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار.
دواتر بە 3 قۆناغى یەک لەدوا یەک بۆ ڕاسپاردنى سەرۆکى حکومەت بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت کە هەریەکە ماوەى (30ڕۆژ، 15 ڕۆژ و دواتر 15 ڕۆژ)ى تریان پێویستە. کەواتە ئاسایى 15 ڕۆژ بۆ کۆبونەوەى پەڕلەمان و 30 ڕۆژ بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و 30 ڕۆژ بۆ پێکهێنانى حکومەت، ئەوا ماوەى 75 ڕۆژى تر پێویستە بۆ لەدایکبونى حکومەتى ئایندەى عێراق. خۆ ئەگەر 30 ڕۆژى تریش حساب بکەین بۆ کاتى شکستى کاندیدى یەکەم و دووەم بۆ پێکهێنانى حکومەت ئەوا 105 ڕۆژ پێویستە بۆ لەدایکبونى حکومەتى نوێى عێراق لە 19/8/2018وە.
کەواتە لانى کەم حکومەتى ئایندەى عێراق لەدواى 75 ڕۆژى تر واتە لە 4/11/2018 لەدایک دەبێت و ئەوپەڕەکەشى لە 4/12/2018دا چاوى گەشى بەدونیا هەڵدێنێت.
هەربۆیە لە ئێستادا ئەمریکا و ئێرانیەکانیش فشار دەخەنە سەر سەرکردایەتى کورد بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان، لانى کەم بۆ 3 تا 6 مانگى داهاتوو. بۆئەوەى هەموو ئەرکیان ببێتە یەکلاکردنەوەى حکومەتى ئایندەى عێراق و سەرقاڵ نەبن بە کێشە و گرفتى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستانیشەوە کە مەترسیان هەیە کە بەدەردى هەڵبژاردنەکەى پەڕلەمانى عێراق بچێت و کێشە و گرفتى زیاتریان بۆ بخوڵقێنێت و 6 مانگى تریش سەرقاڵى پێکەوەنانى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش ببن، جابۆئەوەى لەیەک کاتدا سەرقاڵى حکومەتى ئایندەى عێراق و کوردستان نەبن، پێیان باشە و ئامۆژگارى یان فشار دەکەن کە هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان دوا بکەوێت، بۆئەوەى بۆشایى دەستورى و یاسایى و حوکمڕانى لە عێراق و کوردستانیشدا دروست نەبێت.
ئەوەى ئاشکراشە زۆرینەى حیزب و سەرکردەکانى کوردستانیش لەگەڵ دواخستنى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستاندان، چونکە دۆخى ناوخۆیى نێو ماڵى حیزبەکان لەلایەک و دۆخى سیاسى و ئابورى نێوماڵى کوردستانیش زۆر پتەو و یەکگرتوو و بەهێز و جێگیر نین و هێشتاش تاى هەڵبژاردنى 12/5 بەرینەداون و دەرونەکانیشیان ئارام نەبنەتەوە و پێویستیان بەکاتى زیاترە بۆ هێوربونەوە و ئامادەبونیان بۆ هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان. جا بۆیە دواخستنى پەڕلەمانى کوردستان هیچ کاریگەریەکى گەورەى نابێت لەسەر گۆڕانکاریەکانى عێراق و ناوچەکە و دواخستنیشى بە قازانجى زۆرینەى حیزبەکان دەبێت تا جەماوەریش خۆى ئامادەبکاتەوە بۆ هەڵبژاردنێکى نوێ. بۆیە ماوەى ئەم هەفتەیەى داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت لەسەر دواخستن یان ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى کوردستان لە 30/9/2018دا. چونکە وادەى دەسپێکى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکان لە 5/9دا دیاریکراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت