herokosrat-barham

دەرباز سەرابیی : حیزبی کوردی لەنێوان زاوەزێ و نەزۆکی دا – یەکێتی بە نموونە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی دوەم

ئایا ئەوەی بەدرێژایی مێژوو بەسەر یەکێتیدا هاتووە دەکرێ ناوی لێ بنێین زاوەزێی حیزبی؟!باشە دەبێ منداڵدانی ئەو حیزبە چ تاقەو هێزێکی هەبووبێ ئاوا زوو زوو زاوەزێی حیزبی خۆی دەکات؟! ئەرێ بەڕاست ئێستای یەکێتی بایی ئەوەندەی تێدا ماوە کە زاوەزێیەکی تر بکات؟! بەرلەوەی خۆمان لەنێو ئەو هەموو پرسیارەدا ون بکەین ، باشتر وایە ئەو واقیعە بۆ هەمووان ڕون ببێتەوە ، یەکێتی زیاتر لەخانەیەکی بێ سەرپەرشتان چوە کە بۆ زەمەنێک ، زۆرێک لەلایەنە جیاوازەکان لەوێدا ماوەتنەوە . واتە هەرگیز ناکرێ بڵێین ئەو خۆش زاوەزێیەی یەکێتی تەقینەوە گەورەکەی مێژووی بەرپاکردووە ، چونکە یەکێتی لە سەرەتاوە بونیادی چەسپاوو یەکگرتووی نەبووە تا بە ڕۆیشتن یان زاوەزێیەک لەناو بچێت . یان ڕونتر بڵێم یەکێتی وەک هێزێکی یەک ئاڕاستەیی هەرگیز لە مەیدانەکەدا نەبووە ، ئەوەی هەبووە زروفی سیاسی و مێژویی کۆمەڵێ بیرو فکری جیاوازی لەبەرەیەکدا کۆکردۆتەوە ، لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخە سیاسیەکان هەرکام لەو هێزانە خەونی خۆ مانیفێست کردنیان تێدا دەجوڵێ و ، هەوڵی دڕاندنی ئەو پەردە دانراوە دەدەن و زۆر بە ئاسانی تێیدا سەرکەوتوو دەبن ، واتە لاوازترین کەسەکانیش دەتوانن لەنێو یەکێتیدا بە جوت بونێک جاشەرعی بێت یان ناشەرعی زاوەزێی حیزبی بکەن .

باشە مادام لەوێ هەموو شتێک لەبارە بۆ زاوەزێ و دورکەوتنەوە ، ئەی دەبێ کێ خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی بێت؟! ئایا هەر بەڕاستی هێزێک هەیە بەبونیادێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆیەوە بڵێ من یەکێتیم ؟! ئەوەی من دەیبینم یەکێتی وەک حیزب بوونی نیە ، بەڵکو وەک سەکۆیەک یان ماڵێکە زۆرێک لە بیروباوەڕە جیاوازەکان تێیدا کۆبونەتەوە ، بەڵام گرفتی ئەو هێزە ئەوەیە گوتارو ڕەفتارێکی چەسپاوو دیاری کراوی خۆی نیە ، بەڵکو بەردەوام لەجەنگێکی ناوخۆیی دایە بۆ ئەوەی کێ قسەکەری یەکەم بێت ، بەتایبەتی دوای دیارنەمانی کەسی یەکەمی ئەو حیزبە ئەو فرە گوتاریە زیاتر بەدیار کەوت .

هەندێ جار تا ئەو پەڕی میانڕەوی دەڕوات و هەندێ جاریش دەبێتە مۆتەکەیەک و جاڕی تۆتالیتار بوونی خۆی لێدەدات ، ئێستا زیاتر لە سێ یەکێتی بوونی هەیە و هیچ کامیشیان یەکێتی نین ، واتە ئەوەی خەونی یەکێتی بوونی یەکێتی ببینێ دەست بەتاڵ دەبێت و خۆی لەنێو وەهمی زەمانەدا بەند دەکات ، بۆ ئەوەی کەس دەفتەری ڕابردووی ئەو هێزەم بۆ هەڵنەداتەوە .

پێم خۆشە ئەوەتان پێ بڵێم کە ڕابردووی یەکێتی بەهەمان دۆخدا تێپەڕیوە ، وە هەموو سەروەری و شکستەکانی بەڕادەی جیاواز بەر هەموو لایەنە جیاوازەکانی نێو هەناوی یەکێتی دەکەوێت ، بەڵگەشم بۆ قسەکانم ئەو زاوەزێیانەیە کەلە قۆناغی شاخ و شاردا بەسەریدا هاتووە ، بەڵام دەتوانم بڵێم قورسترین و بە ئازارترین زاوەزێ بۆ یەکێتی جیابوونەوەی باڵی کۆمەڵەی کۆن و بەشێک لە گۆڕانەکانی ئێستابووە ، وە بەقەناعەتی خۆم یەکێتی تا ئێستا لە قۆناغی ئەو جیابونەوەیە دەرنەچوە ، باشترین نمونەش: دەبێ ئێستا چەند کاوە محەمەد و عەبولڕەزاق شەریفی تر لەنێو یەکێتیدا هەبێت ؟! یەکێتی بەدەست ئازاری جیابونەوەی باڵی کۆمەڵەوە گیری خواردوە کەچی خەریکە چەندین منداڵی نەبەکامی تری دەبێت ، بۆیە باشتر وایە هەمووان دان بەو ڕاستیەدا بنێین ، بەڵێ یەکێتی هەرگیز ناتوانێ زاوەزێی خۆی بوەستێنێ و هەمیشە لە قۆناغی ژانی منداڵ بووندایە ، بەڵام جەوهەری مەسەلەکە لەوەدایە ئایا هەر بەڕاستی هێزێک هەیە بەناوی یەکێتی ؟! یان یەکێتی واتە کۆبوونەوەی چەند باڵێکی جیاواز کە هەر یەکەیان دەیەوێ ئەوەی تر بشکێنێ تا بە ویستی خۆی بەباڵە شکاوەکانی خۆی بفڕێت ، ئایا هیچ باڵێک هەیە لەنێو یەکێتی بەتەنها و بەبێ باڵەکانی تر توانای فڕینی هەبێت؟! پێم وابێت ئەو هەموو ئازاری یەکتر شکاندنەی باڵەکان وەڵامێکی تەواو موقینع کەرە بۆ هەمووان.ئایا منداڵدانی یەکێتی کەی لەکار دەکەوێت؟! من پێم وانیە هیچ منداڵدانێک بە ئەبەدی بتوانێ زاوەزێ بکات ، کەوابێ وەستانی زاوەزێی یەکێتی مانای چی دەگەیەنێ؟! ئایا کۆتایی ڕێگاکەی یەکێتی تەنها بەمانەوەی خزمانی تاڵەبانی دەبێت و ئەوانی تر لەژێر ناوو لەنێو ماڵی تردا خۆیان دەدۆزنەوە؟!، یان بەڕاستی ڕۆژێک دێت و یەکێتی دەبیتە حیزبێکی چەسپاوو یەکێتی دەبێت؟! با چاوەڕێی داهاتوو بکەین ….

جێگای ئاماژەیە بەشی سێیەمی وتارەکە کەتایبەتە بە ” ئایا گۆڕانیش زاوەزێ دەکات ” سبەی شەو بڵاو دەبێتەوە

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت