بەهرۆز جەعفەر : کوردایەتى چییە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەتەوە ، بە مانا کلاسیکیەکەى واخراوەتە بەرباس ، کە کۆمەڵێک خەڵکن ، لەوەئەچێت کۆمەڵێک هۆکارى هاوبەشی وەک مێژوو ، زمان و داب و نەریت ( traditions) و لەوەڕگەو جوگرافیاو پەیوەندیی خوێن ، پێکەوەى گرێداون ، واتە هەرکاتێک ترس کەوتبێتە سەر ئەم فاکتەرە هاوبەشانە ، ترس کەوتۆتە سەر نەتەوە . ترس کەوتۆتە سەر کورد وعەرەب تورک و ئەرمەن ، ئەمە وەکو (کار- فعل) وەکو ( کاردانەوە – رد فعل) یش ، کوردایەتى و عەرەبایەتى و تورکایەتى و ئەرمەنایەتى و ئینگلیزایەتى … بۆ دوایی . دروست بووە… پێش ئەوەى ڕەفتارى شارچێتیانەى هەندێک سیاسیی و ، خەڵکى عەوامیش ، بمخاتە سەر ڕێبازى ئەم نوسینە ، دەمویست کلیک لەسەر ” تیۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە دەوڵەت – نەتەوە ” دا ، بکەم .
یەکەم : ئاشتبونەوەى گشتى و پەیماننامەى وێستڤالیا .
لە (15/ى مایۆ 5/1648) . گەورەترین سوڵح و ڕێککەوتتنامەى مێژوو ، لە وێستڤالیا ، بەزمانى فەڕەنسى نوسرایەوە . کۆتایی بە جەنگى (30) ساڵەى ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز هێنا. کۆتایشى بەشەڕى (80) ساڵەى ئیسپانیاو کۆمارى حەوت کانتۆنە دابەزیوە یەکگرتووەکە یا کۆماری هۆڵەندی هێنا . جگەلەوەى ئەم ئاشتى نامەیە بۆ هەتاهەتایە گەورەترین خاڵى وەرچەرخانە لەئەوروپاى دواى سەدەکانى ناوەڕاست . بۆ هەتا هەتاشە هەموو ئۆروپیەکان و وڵاتانى جیهانیش قەرزارى ئەم ڕێککەوتننامەیەن ، لەبەر (3) هۆ :
یەک : کۆتایی بەجەنگى کەنیسەو شەڕى کاسۆلیک و پرۆتستانتیزم و دەستوەردانەکانیان هێنا . پێش ئەمە لەبنەڕەتدا شێوازەکانى داهێنان لەکوشتن و ئەتککردنى مرۆڤ و توندترین سزاکان لەئەرووپاوە ، سەریدەرکێشا.
دوو : هاتنە دونیاى یەکەم پرەنسیپى سەروەرى نێودەوڵەتى دەستى پێکرد ، بەپێی دەرئەنجامەکانى ئەم پەیوەستنامەیە سویسراو هۆڵەنداو چەندین دەوڵەتى دیکە بەفەرمى دانیان پیانرا.
سێ : هاتنى ( دەوڵەت – نەتەوە – دولە قومی ) – (Nation-state). لەدواى ویستفالیاوە ، بەم پێیە دەوڵەت نەتەوە دروستەکات . لەگەڵ هاتنى دەوڵەت ئیتربێجگە لەدەستپێکى خولى دیبلۆماسیی نوێ ، نەتەوەو زمانى ستاندار خۆى ئۆتۆماتیکى دروستەبێت . کەنەتەوەو زمانى هاوبەش دروستبوو ، بازاڕى هاوبەش و ئابوریی هاوبەشیش وەک سەرەکتیرین خاسیەتەکانى دروست ئەبن .
کەواتە ، بۆ باسکردن لەڕۆڵى کەنیسەو ، بۆ باسکردن لە سەرەتاى دەستپێکى دیبلۆماسییەتى نوێ و سەروەریى وڵاتان،بۆ قسەکردن لە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) هەموو کاتێک دەبێت باسی ڕێککەوتننامەى وێستڤالیا بکرێت . هەموو کاتێکیش دەوترێت (Westphalian &postwestphalian) .
دووەم : قۆناغى دواى دەوڵەت – نەتەوە ( پۆست وێستڤالیا).
ئەگەر لەدواى وێستڤالیاوە ، شۆڕشی فەڕەنسى لەکۆتایی سەدەى هەژدە (1789) و شۆڕشی پیشەسازیی لەسەدەى نۆزدە ، تێ بپەڕێنین ، کەگوڕی گەورەیان بەدرێژەپێدانى ڕێنسانس و هەستانەوەى ئەوروپا دا ، هەروەها هاتوهەراى سەنتەربونى ئەقڵ و بانگەشەى ئەقڵانیەتیان و ، لەناکاو هەڵگیرسانى دوو جەنگى گەورەى جیهانیش لەبیر بکەین ، دواى ئەوەش دروستبونى تیۆریی ڕەخنەگەرایی ( قوتابخانەى فرانکفۆرد- ئەڵمانیا) لەبیربکەین ، کە بۆ یاخى بون لەئەقڵانیەتى خۆرئاوا هاتەدى . لەدواى هەموو ئەمانە . هیچ دیاردەیەک بەقەد هاتنى مۆدێرنیتەو پرۆسەى گڵۆباڵیزەکردنى جیهان ، کاریگەریی بەرەو کاڵبونەوەى نەخستۆتە سەر ( دەوڵەت – نەتەوە) . بۆ ؟. یەک لە سادەترین هۆکارەکان ئەوەیە کە دەوڵەت – نەتەوە ، لەهەناوى وێسڤالیاوە ، بانگەشەى سیادەى دەوڵەت و پرەنسیپەکانى کرد ، بەڵام شوناس و سیفاتى جیهانگیریی (Globalization) ئەوەیە سنورەکان ئەبەزێنێت . لەڕێگەى تەکانە یەکلەدواى یەکەکانى تەکنەلۆژیاو داهێنانە نوێیەکانەوە ، پرسیار لەسەر ئەرکى مرۆڤ لەکۆمەڵدا دروستەکات ؟. لەڕێگەى بەیەکداکێشانى کلتورەکانەوە ، پرسیار لەسەرشارستانیەت و ناسنامەى نەتەوەیی دروستەکات ؟.
قۆناغى دواى جەنگى سارد ، تا (11ى سێپتەمبەرى 2001) هێشتا خۆرئاوا مەستى بالۆرەو هۆنینەوەى بەیتەکانى سەرکەوتن بەرینەدابوو ، هێشتا دواى ڕووخانى دیوارى بەرلین و یەکگرتنەوەى ئەڵمانیا وەک دڵ و چەقى ئەوروپا ، ئاهەنگگێران بۆ دروستبونى یەکێتى ئەوروپاو سیاسەتى بەرگریی لەڕێگەى (NATO) ەوە کۆتایی نەهاتبوو ، ئەو ماوەیە ئەگەرچى گەرمەى باس و خواستە لەسەر جیهانگیریی و بیرى عەلمانیەت ، بەهاتنى ( دەوڵەتى مۆدێرن) . گورزێکى تەواو بەر نەتەوەو دەوڵەت دەکەوێت .
بەبڕواى من (11 ى سێپتەمبەر ) بە ئەداتەکانى مۆدێرنیتە گورزێکى لەخۆرئاواى ئەوروپاو ئەمریکادا ، لەمەزیاتر قولبونەوەى مۆدێرنیته و ئامرازەکانى ، بۆ هەموو جیهان جێگەى قبوڵ کردن نییه ، بەڵگەش بۆئەمە هەر پرۆژەى خۆرەهەڵاتى ناوەڕاست و ، ڕووخانى سەدام و شەڕى ئەفغانستان نەبوو ، هەر بەتەنها تەقاندنەوەى بورجى بارزگانى جیهانى نەبوو ، بەڵکو دەستکاریکردنى هەموو تاوەرە جیهانییەکان بوو ، بە بارتەقاى دوو جەنگى جیهانى 11ى سێپتەمبەر کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە نێو – دەوڵەتییەکان دانا ..

سێهەم : کاریگەریی دین و نەتەوە .
لەبەرئەوەى لەزەمەنى ئێستادا، دەوڵەت – نەتەوە ، قسە لەسەر ئاوابونى دەکرێت ، ئێمەش نامانەوێ لەچوارچێوەی سیستەمی سیاسییدا ، قسە لەسەر بەراوردکاریی نێوان دوو دەوڵەت بکەین ، نامانەوێ دووشاریش بەیەک بچوێنین ، لەبەرئەوەى باس لەنەمانى سنوریش دەکرێت لەسایەى ئامرازەکانى مۆدێرنیتەوە ، کەواتە ئێمەش ڕێگە بەخۆمان ئەدەین ، بۆ یەک سات تەنها پارێزگاى سولەیمانى لەباشورى کوردستان ، بەراورد بکەین بە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا .
دەزانین ئەمریکا بەئاو دەوردراوە ، سلێمانیش بەعەربەت و چەمچەماڵ . بەڵکو تەنها گەرەکمانە لەکاریگەرییە سلبیەکانی جینات و بونیادی ئاینی و نەتەوەیی بدوێین ، هیچى تر . سەرنج بە : ئەمریکا ساڵی (١٧٧٧) سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە ، سلێمانیش ساڵی (١٧٨٣) دروست بووە ، واتە ھەردوکیان بەنزیکی (٢٥٠) ساڵێک تەمەنیانە ، کە بۆمێژوو ھیچ نییە . ئەمریکا کەدروست بوو ، خەڵکی وڵاتانی ئەوروپا چوونە ناوییەوەو ، دروستیانکرد . لەھەر وڵاتێک سەدان و ھەزاران کەس بوون بەھاوڵاتی ئەمریکا . ئەوانەی کە دروستی یان کرد دەوڵەمەندەکان و عەقڵ کراوەکان بوون ، سلێمانیش کەدروست بوو ، خەڵکی ناوچەی پشدەرو قەڵاچوالان و قەرەداغ و پیرەمەگرون و دەوروبەرەکەی ، ھاتنە شارەکەوە . واتە ئەوخەڵکانەی دەوڵەمەند بوون و ، توانای دروستکردنی خانوویان لەشارەکەدا ھەبوو ، ھەروەھا ئەوانەش کە خاوەن عەقڵ و داھێنان و ڕچەشکێن بوون ، با بپرسین بۆچی ئەمریکا لەماوەیەکی کەمدا توانی دروست بێت و ببێتە سەرداری عالەم ، سلێمانیش ، ڕۆژ بەڕۆژ چەندین دەستی ئەمنی و حزبی و گرێ بچڕاو ، بەبەرنامەوە سیماو دیمۆگرافیای شارەکە دەشێوێنن .
سلێمانی کەدروست بوو ، ھەموو ئەھلەکەی موسڵمان بوون ، کەمێکی زۆرکەم جولەکەش ھەبوو ، ئەمریکا کەدروست بوو ، مەسیحیەت و یەھودیەت و بێ دینی تیابو ، لەناو مەسیحیەتیشدا سێ مەزھەب ھەبوو ( کاسۆلیک و پرۆتستانت و ئەرسەدۆکسیش کەدەکاتە ماسۆنیەتی جاران ) . واتە دین پەرت پەرت بوو ، زاڵێتی خۆی نەنواند . لەسلێمانی دین وحوجرەو فەقێکان ھۆکاری بڵاوبونەوەی عەقڵ و خوێنەواری بوون ، کۆمەڵگەیەکی تاسەر ئێسک خێڵەکی و داخراو لەکوردستان بەرجەستە بوبو . ئێستاش ھەمان ڕیتمە بەڵام تەکنەلۆژیا تەکانێکی پێی داوەو ئاڕاستەی ئەکا. لەئەمریکا مادام ھاونیشتمانییەکانی خڵتەیەکن لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو دەوروبەرو ناوخۆیی ، کەواتە شتێک نەبووەو نی یە ناوی ( نەتەوە) بێت . بەڵکو (نیشتمان) ی ئەمریکا ھەیە.ھەموو کەسێک ھەموو بەیانیەک ، لەتەنیشت خوێندنگەیەکەوە تێدەپەڕێت ، کەگوێی لەسرودی نیشتمانی دەبێت ، وەک ڕێزێک دەبێت بوەستێت . پیرۆزترین شتێک بریتی یە لەئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. ئەوان یەکەم ھەنگاو کەھاتن ( نیشتمانێک) یان بۆخۆیان دروست کرد. لەسلێمانی و کوردستانیش ، ھەموو شتەکان بەستراون بە ( نەتەوە) ەوە. مزگەوتەکانیش پرکراون لەبیری ئوسوڵی و سەلەفی و چەندین بیروبۆچونی ئاینی ، بۆبەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی . گەورەترین شەرەف و شانازیی لای تاکێکی ئەمریکیی ئەوەیە لەدەزگایەکی ئاسایشی نیشتمانیدا کاربکات ، لای ئێمە دەزگاکانی زانیاری و پاراستن وەکو دێو خەڵکی لێیان دەترسێت .
ئەمڕۆکە ، بەملیۆنان کورد ، وەک خەڕات لەوڵاتانی ئەمریکاو ئەوروپا بەبێ نیشتمان دەژین ، تەنانەت ھەرکەسێک لەئێمە کەسەفەردەکات ، پێی دەڵێن (where are u from) واتە ( لەکوێوە ھاتووی ؟) دەبێت بڵێین ( لەعێراقەوە) یان ئێمە ( عێراقین). لەھەر شوێنێکی دونیا کوردەکانی سوریا بەسوری ناویان تۆمارئەکرێت ، ئەوانەی ئێران و تورکیا بە ئێرانی و بەتورکی ناویان دەنوسرێت ، لەھەر وڵاتێک بن و بۆی بچن .کەواتە نەبونی ( دین و نەتەوە) لەھاوکێشەی دەوڵەتداریدا ، ئەمریکای کرد زلھێزترین وڵاتی جیھان ، تاک جەمسەرانە لەھەموو کونجێکی ئەم کەونەدا بونی ھەیە ، سلێمانیشی کرد بەو شارەی کەھێدی ھێدی دابخرێت.
ڕونتریش ، مرۆڤى کورد تەنها لەسەفەردا ، لەغوربەتدا ، لەبەرمەبناى تێکەڵبون و ڕامکردنى فەرهەنگى ئەوانیتردا ، لەبەهاى ناسیۆنالیزم ( ناشناڵێتى ) . تێدەگا ، ئەگەرچى چەمکى ( نیشتمان) لە (نەتەوە) گەورەترو پیرۆزترە ، دەکرێت لەنیشتمانێکدا چەند نەتەوەیەک هەبن وەکو ( هیندستان) دەیان ئاین و نەتەوەو زیاتر لە (100) زمانى جیاجیاى لەخۆگرتووە ، بەڵام ناکرێت ( نەتەوە) یەک لەیەک نیشتمان زیاترى هەبێت ، یاخود نەتەوە بێ نیشتمان مانایەکى نییە . لەزمانى ئینگلیزیدا بەرمبەر هەردوو چەمکى ( نەتەوە- قومیە) لەگەڵ ( نیشتمان- وەتەن) تەنها یەک ووشە هەیە ئەویش (national) یاخود (Nasionalisim) ە. بەدامودەزگاکانى پاراستن هەرگیز ناوترێت ( ئاسایشى نەتەوەیی) .. ( ئاسایشى نیشتمانى-national security) هەیە . هەروەک چۆن میدیاى حزبى و نەتەوەییش نییە ، میدیاى نیشتمانى هەیە ، هەموو تاکەکان دەرفەتى یەکسانیان بۆ قسەکردن هەیە . تەنها ئالەتێکە بۆ کۆمینیوکەیشن و پەیوەندیکردن بەخەڵکەوە..

چوارەم : کوردایەتى چییە ؟.
سەیر نییه ، کەسانێک تا ئەم چرکەساتەش وا لەکوردایەتى گەشتبن ، یان وا لەناونیشانى بابەتەکە بنواڕێت کە بمانەوێ باسی ( کەرتى 4ى جەبارى وشەرى خواکورک و سەرهەڵدانى شۆڕشی نوێ لەباوەشی بێگانە) بکەین !.. گرێی نێگەتیڤى سایکۆلۆجیایانەى کوردایەتى ، نەک هەر هەندێک لە پیاوە خانەنشینەکانى کورد ، بەڵکو بەرۆکى ژمارەیەکى زۆر لە ڕۆشەنبیرو سەرکردەى سیاسیی کوردى هەر بەرنەداوە ، لەپاڵ ئەوەى حیکایەتى گەورەمان بۆدەکەن ، جارجاریش ئەو ڕاستیەمان بۆ دووپات دەکەنەوە ، کە عەقڵیەتى ئەمانە بەکەڵکى دەوڵەتداریی مۆدێرن و نەتەوەیی نایات ، بەکەڵکى پیشەسازیکردن لە کلتورو زمان و فەرهەنگ نایات .. بیرکردنەوەیان سنورى قەزایەک یان پارێزگایەک ، یاخود شەقامێکى ناودار تێ ناپەڕێنێت و ناویشیان ناوە ( شارچێتى) .. لە ئەجێندەى کام حزبى باشورى کوردوستاندا موسڵ هەیە ؟. ئامەدو مەهاباد و قامیسلۆ هەیە ؟. حەمرین هەیە ؟. لەبەرنامەى کوامە سەرکردەى سیاسییدا دروستکردنى لۆبیەکى تێگەیشتوو هەیە لەئەمریکاو ڕووسیاو ئیسرائیل و فەڕەنساو بەریتانیا ؟. لەتورکیا ؟. چەند ڕایەڵەى نیشتمانیی جۆراوجۆر لەنێوان کوردەکانى تورکیاو سوریاو ئێران و عێراق و ئەردەن و ئازەرباینجان و ڕوسیاو پەناهەندەکانى هەندەران هەیە ؟. ئەى چەندى میتى تورک و ئیتڵاعاتى ئێران و موخابەراتى عێراقى و مۆسادى ئیسرائیل و سى ئاى ئەى ئەمریکى هەیە ؟. سەیرەکە ، لێرەوە دەست پێدەکات ، ئەم سەدان تیۆرە ، ئەم دەیان گۆڕانکارییە نێو- نەتەوەییە ئیکۆنۆمییە مێژووییە ، لەجیهاندا ڕوویانداوەو ، ڕووئەدەن ، زیاتر لە (100) ملیۆن کورد هێشتا هەر لەجێی خۆیەتى ، نە زمانى یەکگرتوو ، نە نەتەوە ( بەپێی دەوڵەتى قەومى) نە نیشتمان ، نەبازاڕ هاوبەش ، نە کێڵگەکانى بەرهەمهێنانى ڕەئى ، نەخەمڵیون !.
بۆیە ئەمانە تا ئەو شوێنە ئازادن کە دەمامکى غەریزە شکستخواردووەکانى خۆیانمان بۆ ئاشکرابکەن ، چونکە لەمە ترازا ، ڕوانینى کوردانە بۆ سیاسەتى دەرەوە ، تێگەشتن بەپێوەرى ” کوردایەتى و عەتفێکى درۆزنانە ” بۆ سیاساتى ئەمریکا بەرامبەر کوردو ناوچەکە ، وەها شێوازێکى بیرکردنەوە بەرامبەر هەموو دیاردە جیهانى و حوکمە جیهانییەکان (Global Goverment) ئابڕوچونێکى گەورەیە ، نەک بۆ خەبات و بەرخۆدانى پیاوە شاخاوییەکانى دوێنێ ، کەئەمڕۆکە لەشاردا دەگەن بە ئافرەت ئەتکى ئەکەن ، نەمام ئەبینن هەڵیدەکێشن ، پارەو سامان حەپەلووش دەکەن ، دەست لەهیچ سنورێکى مرۆیی و نیشتمانى ناپارێزن . ناوبەناویش گڕووى ئاژاوەیەکى شارچێتى لە هەناویانایە ، بەنهێنى کارى بۆئەکەن و بەئاشکراش دەریدەخەن . بەڵکو بۆئایندەى هەر تاکێکى کورد ، کە لەفڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان دائەبەزێت ، شەرمێکى زۆر گەورەیە ، هەرکات دەڵێێت: کوردم ..ها !. ئێوە ئەو میللەتە بون کە بیناکەتان لەسەر لم دروست کردبوو .!!.
ئێمە بۆ ئایندە پێویستمان بە شرۆڤەکردنى سێکوچکەى ( نەتەوە- زمان-دەوڵەت) ە . ئایا ئەوە ڕاستە کە هۆکارى مانەوەى کوردەکان ، لەدواى هەموو ناڕەحەتییەکان ، زمانەکەى بووە ؟. ئایا دەوڵەت نەتەوە دروستەکات ؟. دەکرێت پێش دروستبونى دەوڵەتى یەکگرتووى کوردیی باس لەزمانى ستاندارى کوردیی بکرێت ؟. ئایا تاکى کورد ، ڕۆشنبیران ، سیاسییەکانى ، دەزانن کورد تائێستا نە ( نەتەوە) یە.نە نیشتمانیشى هەیە ؟.. ئێستاى کورد لەکوێی تیۆرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانى وەک مارکس و دۆرکهایم و وێبەردایە .؟. یان هەر لەبنەڕەتدا دەبێت بزانین کورد کێیە ؟.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت