بەهرۆز جەعفەر : پەیامى مێژوو بۆ بزوتنەوەى گۆڕان چییە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەى هەیە دژایەتى پارتى و ماڵى بارزانى ئەکات، هەمیشە ئەیوت :” پارتى تادژایەتیان بکەى،زیاتر ڕێزت لێ ئەگرن “. بەرئەنجامى ئەم باش ناسینەى پارتى ئەوەبوو ، دواجار ووتەبێژى ( پ ، د ، ک) ” جەعفەر ئیمنکى” ئەڵێت : ئێمە پشتگیریی نەوشیروان موستەفا ئەکەین بۆ سەرۆک کۆمارى عێراق ، نەک بەرهەم ساڵەح .!!. من نامەوێ لەسەر کەسەکان قسەبکەم ، چونکە بۆ ئێمە ڕاستییەکى چەسپاو هەیە ، کە ئەوانەى بەشداریی شەڕی ناوخۆیان کردووەو ، خەباتى شاخ فێرى ئەم هەڵس و کەوتە سیاسییانەى کردوون ، هەرگیز ناتوانن هیچ گۆڕانێک نەلەمێژوو ، نەلەسیستەمى سیاسییدا بکەن ( لەبابەتەکانى پێشوودا بە شێوەیەکى تیۆریی ئەمەمان ڕوون کردۆتەوە ).
قسەکە لەسەر ئەوەیە ، ئەم گۆڕان و دوالیزمەیە ، هەروا بەسەر نەوشیروان و بزوتنەوەکەیدا تێنەپەڕێت ، سبەینێ لەبەرگێکى ترو ، پەیامێکى تردا ، خۆیان بکەنەوە بەکوڕى شارەکە.کۆمەڵگە پێویستە بەخێوبکرێت ، بپارێزرێت ، نەبادا هەلپەرست و گورگە بۆرەکان ، خۆیان بکەن بەکێچى مەڕە گێژەکاندا.؟. لەهەرە ئیشە بۆگەنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەرەتاوە ، ئەوەبوو :
•خەریکى بەشەخسەنەکردنى کێشەکان بوون ( لەدژایەتى کردنى تەواوى بەرهەم ساڵەح دا ئەمە ڕەنگی دایەوە).
•بزوتنەوەیەکى بێ ئایدۆلۆژیابوو ، واتە نە مەسارى ڕەفتارە سیاسییەکانیان دیاربوو ، نەکەسی بەرامبەریش دەیازانى بەچ ڕێسایەک قسەیان لەگەڵ بکات .
جاران KNN تۆپخانە بوو ، دژى پارتى ، ئێستا تۆبخانەکە بەماڵى بارزانى ئەفرۆشن ؟. دوێنێ ئەیانگوت نەوت تاڵان ئەکرێت ، ئەمڕۆ ئەڵێن هەناردە دەکرێت .. دوێنێ لەپەرلەمان (9) کاتژمێر بەرهەم ساڵەح وەڵامى پرسیارەکانى ئەدانەوە ، ئەیانوت : سوکایەتى کردووە نابێت پێ بکەنێت ، ئەمڕۆ سەرۆکى حکومەت بە پێنج خولەک لە ۆرکشۆبێکدا ، هەموویانى ڕەزیل کرد ، بەسەرۆکى لیستەکەشیانەوە ، کەس متەقى نەکرد.. دوێنێ ئەمانە دزو جاش و خۆفرۆش و بێگانەپەرست ، ئەمڕۆ شەفاف و دەستى ئەمین و یەکڕیزى ماڵى کورد.. دوێنێ لەژێرناوى جیاجیادا ، مناڵە وردە نەما نەیهێننە سەرشاشە تا سوکایەتى بە قودسیات بکات ، ئەمڕۆ لەژێر وێنەى ڕەمزەکاندا خۆیان لێ درێژکردووە . دوێنێ پارتى نەوشیروانى بۆسەر سنور ڕاوئەناو ، هەڕەشەى پەلکێشکردنیان بۆ دادگا ئەکردو ئەیانوەستاند . ئەمڕۆ بۆ سەرۆکایەتى کۆمار تابتوانن پشتگیریی ئەکەن ؟. خۆ هەقە بپرسین ئایا ڕێککەوتننامەى پارتى و گۆڕان بۆ ئەوەیە موسڵ و کەرکوک بگێرنەوە سەر کوردوستان ؟. بۆ ئەوەیە شەفافیەت و گرفتە داراییەکان چارە سەربکرێت ؟. ڕووبەرى ئازادیی لەدهۆک و بادینان بەرینتر بکرێت ؟. دوو ئیدارەیی نەهێڵن ؟. بێگومان نەخێر . ئەدى خۆ (4) ساڵ پێش ئێستا هەمان ڕێژەى کورسیتان هەبوو ، بۆچى بەشداریتان لەحکومەت نەکرد ، ئەو هاتو هەرایە لەچى بو ؟
ئەوەندەى من دڵنیایی ئەدەمە خوێنەران،ڕێککەوتننامەکە ، نە باسى بکوژانى 17ى شوباتى تیایە ، نە پرسى دەستور.. تەنها پۆست و پلەو پایەیە بۆ بەرپرسى هەندێ لە ژوورەکانى ئەم بزوتنەوەیە . هەموو ئەمانەش پێشتر بەدەر نەبونە لەناسینى ئێمە ، تۆپەلێک قوڕبون لەپێش چاوى خەڵکى عەوام کراون بە زێڕ. وەنەبێت پیاوى بەرهەمهێنانى ئەقڵ ، یان حوکمڕانى دروست و بیرکردنەوەى گەردونى و جیهانى بن ، لەبەرئەوەى فەیسبوک و یوتیوب گەورەى کردون ، بەفەیسبوک و شتێکى هاکەزایش لەناوئەچن و خەڵک لێیان حاڵى دەبێتەوە .
بەپێی مەنتقەکەى ئیمنکى و تیۆرەکەى نەوشیروان بێت ، ماناى وایە ، بەرهەم ساڵەح لەو چەند ساڵە غەدرى کردووە ، کە دژایەتى تەواوى پارتى نەکردووەو ، ئاسایشى کۆمەڵایەتى و سیاسیی نەخستۆتە مەترسییەوە ، بۆیە دەبێت باجەکەى بدات !!.
قسەى سەرەکى بۆئێمەومانان ئەوەیە ، ئەم ماوەیەچاوەرێ ئەکەین ( ئەگەرنا ئۆپۆزسیۆنێکى تر بەهەمومان دروست بکەین ) ناوبەناوێک بەڵێنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بخەینەوە بیریان ، چونکە خەڵکى ئێمە زوو شتى بیرەچێتەوە ، تا جارێکى تر گاڵتەکردن و موزایەدەکرن بەشعورى خەڵکى نەبێتە جێگەى مەلەزاتى ئەوچینەى کەهەرلەکۆڵمان نابنەوە . ئیتر هەر لەخۆیەوە چوارکەس نەکەن بە قووتەیەکا بە ملیۆنان دۆلارى خەڵک ، کێیان ویست بیکەن بەمەهزەلەو ئەهریمەن ، ئەویتریش بکەن پاڵەوان و ئاهورامازدا. ئیتر نەچن کۆبونەوەى نهێنى و ناشەفاف لەسەرى ڕەش بکەن و ، ڕەسمى نان و ماستاوى کانى وەتمان بەجەماوەر نیشان بدەن..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت