puk-pdk

شەریف هەژاریی : کارەساتە جەرگبڕەکەی گوێر و شەڕە قۆچی پارتیی و یەکێتیی لە وێبسایتەکاندا .  

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێک لە دانیشتوانی ئەم بەشە لە خاکی موقەدەسی کوردستان ، لە کەیفخۆشی دەربڕینی بارینی بەفری زستانەدان لەبەر ئەوەی دەمێکە کوردستان ووشکە ساڵی ئەگوزەرێنێ ، ئەوەش وایکردووە کە دیاردەی بەفربارین وەک هاتنەوەی بۆنەیەک کوردستانیان چاوەڕوانی بکەن ، بەتایبەت سروشتی پیرۆزی کوردستان وەهایە کە بەفر باری ، ئیدی جوانییەکانی بە ووشە دەرنابڕدرێت  .

وەک لە بابەتێکی چەند مانگ لەمەوبەرمدا ئاماژەم پێدا ، هەر کات کورد ئاوارە و نەهامەتی بەسەرا هاتبێ ئەوا زەمەن وایە ئەو ساڵە بەفر و کڕیوە ئەبێ و زۆر سارد ئەبێ ، بۆیە لەم بەفر و کڕێوەیەش دا ، سەرەڕای جوانییەکانی! ئەوا دڵم هەر لای کوردە ئاوارەکانی ئێزدی و کۆبانێیە لە ناو چادرگەکانا و حاڵی پێشمەرگەیە لە سەنگەری شەرەفپارێزی نیشتیمانە تیکە تیکە کراو و سەدانجار جینۆسایدکراوەکەماندا  .بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خزم و دۆست و هاوڕێم پێشمەرگەن و لە زۆربەی بەرەکانی شەرەفپارێزی کوردستاندان ، ئەوا سات لە دوای سات ئەبێت هەواڵ بپرسین و بزانین بارودۆخ و زروف و پێشڕەوییەکانیان بە کوێ گەشتووە . کارەساتی گوێر یەکێکە لەو ڕووداوە خوێناوییانەی دیکە کە لەلایەن داعشە کێوییە ڕیش- تەورەکانەوە دوێنێ شەو ئەنجامدراوە، بە پێی بەدواداچوونی ووردم، پاش ئەوەی دوێنێ شەو داعش لە پشتەوە و لە ڕێی ڕووبارەکەوە دزەئەکەنە ناو گوێرەوە ئەوا یەکەم شوێن بازگەی ئاسایشەکان کۆنترۆڵ ئەکەن و ئیتر خەڵکی داماوی خوێناوی کوردیش کاتێک ئەیانەوێت دەربازببن ، ڕێک لە بازگەکە دا پیاو و کوڕەکان دادەبەزێنرێن ڕەمی ئەکرێن و خوشک و دایکەکانیشمان ئەبەن ، بۆیە ڕاستە بە ژمارە ئەم خوێنڕێژییەی کە بەسەرمان هاتووە لەوەی شنگار زۆر کەمترە !، بەڵام ئەو دۆستانەمان کە شاهید و کاراکتەری ناو شەڕەکەن ئەوا ڕووداوەکە بە خوێنڕێژیترین کاری چەپەڵی داعشە کێوییەکانی عەرەب لە قەڵەم ئەدەن ، چونکە هەرچی نێرینەیان گرتووە ڕاستەوخۆ مێشکیان تەقاندوون و هەرچی خوشکەکانیشمانیان بینیوە ئەوا بە تەعەدای ئاشکراوە بردوویانن !! ئەم کارە ڕێک کردەوەی سەدان ساڵەی فاشیستە شەرەف – نەبووەکانی عەرەب و فارس و تورک بووە و هەر لەوانیش ئەم بەد-مۆراڵییە ترسنۆککارانەیە ئەوەشێتەوە !بەهەرحاڵ ، لەم داروخانە دەرونیی و سەربڕینەی کە بەسەرمانا دێنن!، وەک پیشەی هەمیشەیی هەزارانجارەیان ئەوا جارێکی دیکە سایت و ئەکاونتەکانی فەیسبووکی پارتیی و یەکێتیی بەربوونەتەوە یەکتر تاوانبارکردن! ئەمە لە کاتێکدایە لەم سەهۆڵبەندانە بێ نان و خۆراک و تفاقەدا ڕۆڵە قەتنەبەزە مۆراڵ بێ – هاوتاکانمان ‘ پێشمەرگە ‘ لە سەنگەری شەرافەتمەندانەدان و پارێزگاری لە شەرەفی کوردان و خاکی نیشتیمان ئەکەن ! بەڵام بڕواتان هەبێ، قسە ووتنەکانی پارتیی و یەکێتیی لە وێبسایت و ئەکاونتەکانیاندا بە یەکتر لەم بارودۆخەدا، بەقەد کارە بەدور لە هەموو بەها ئاژەڵییەکانی داعش جێی ئەسەفە و، وامان لێ ئەکات کە بڕژێینە سەر شەقامەکان و بڵێین : ” بەڵێ بۆ بە حکومیکردن و بە دەوڵەتیکردنی پێشمەرگە ، نەخێر ئیتر نابێت قبووڵی بکەین کە مەسئولە چەپاولگەراکان بازرگانی بە پێشمەرگە و خاکی کوردستانەوە بکەن و ئیرادەی پێشمەرگەش بڕووخێنن !”، 

سڵاو بۆ خاکی ژێر پێی پێشمەرگەکانی سەنگەری شەرافتمەندانەی کوردستان، سوتان بۆ ڕێش و کەلاکی داعشانی عەرەب و فارس و تورک ، ئەیڵێمەوە : ” کوردبوون شەرەفمەندییە، هەڵاتن لێی بێ – شەرەفییە “.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت