نەبەز گۆران : ڕژێمەكەی بارزانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیتر ناتوانین ریسك بكەین و ، باس لە بوونی دیموكراسی بكەین لەو مەملەكەتەی ( بارزانی ) دەستی بەسەردا گرتووە . ( فۆكۆ یاما ) لە كتێبی ( رەگوریشەی سیستەمە سیاسییەكاندا ) دەڵێت : دیموكراسی بریتییە لە كۆمەڵێك دامەزراوە ، پەرلەمان ، دادگاكان، میدیاكان ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و … هتد .

لە شوێنێكدا ، هەریەك لەم دامەزراوانە كێشەی بۆ دروستبوو ، لەو شوێنەدا گومان لە بوونی دیموكراسی دەكرێت .
لە ژێر تارمایی رژێمەكەی ( بارزانی ) یدا . كۆی ئەم دامەزراوانە نەك كێشەی بۆ دروستبووە ، بەڵكو پەكخراون . بەم واتایە ، كاتێك دەبینین سیستەم كەوتووەتە دەست گروپێك بە شێوەی كۆنترۆڵكردن و، كاڵكردنەوەی ئەوانی كە كاردەكات ، ئیدی لەو شوێنەدا قسەكردن لەسەر گەرانەوەی دیموكراسی بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەو سیستەمە ، گوێز ژماردنە بۆ كەڕڕێك .
یەكێك دیكە لە دەركەوتەی سروشتی رژێم ، داتاشینی وێنەی دوژمنە . نایەوێت بۆ دوربروانین . رژێمەكەی ( بەعس ) كە هێشتا بە مۆدێلێكی دیكە لەناوماندایە . بەردەوام كاریدەكرد بۆ داتاشینی وێنەی دوژمن . رۆژێك كوردی دادەتاشی بە دوژمن ، رۆژێك شیعە ، رۆژێك ئیسرائیل ، رۆژێك ئێران و … هتد . تا بەم داتاشینە بەردەوامی بە بوونی خۆی بدات .
بەهەمان لۆژیكی رژێمی پێشووە ، رژێمەكەی ( بارزانی ) سەرقاڵی ئەو داتاشینەیە .
ئەو دوژمنانەی ئەم رژێمە دایاندەتاشێك ، زۆریبنەیان بریتین لە هێزە كوردییەكان . ئەگەر پێرێ ، یەكێتیی و ئیسلامییەكان وێنەی دوژمنیان بۆ داتاشرابێت . دوێنێ‌ بزوتنەوەی گۆران دوژمن بوو ، ئەمرۆ پەكەكە دوژمنە .
سروشتی رژێمە فاشیی و ستەمكارەكان ، بە دەر نیە لە داتاشینی دوژمن . ئەو رژێمانە بەردەوام پێویستیان بە دوژمنێك هەیە دایتاشن ، تا لە رێگەی ئەو دوژمنەوە سیستەمە ( ئەمنی ) و خۆ سەپێنەكە بپارێزن و مانەوەی خۆیان لە سەر سیستەمەكە درێژ بكەنەوە . باكیان بەوە نیە لەو داتاشینەدا چ بكەرەكانی خۆیان ، چ ئەوانەی وێنەی دوژمنیان بۆ دادەتاشن ، بكەنە كەرەستەی لەناو چوون . گرنگ ئەوەیە مەكینەی سیستەمەكە لە شوێنی خۆی كاربكات و بەردەوامی بە تازەكردنەوەی خۆی بدات .
لە رۆمانی ( كوڕە بیجامە خەتخەتەكە ) دا . بكەری سرینەوەی جولەكەكان ، پێیوایە كارەكانی دەبنە هۆی سرینەوەی ئەوانی تر و مانەوەی خۆی . بەڵام بیریدەچێت سیستەمەكە لەوە گەورەتر و مەترسیدارترە ، تەنها شوێنێك بكاتە قوربان ی. بۆیە تا لادەكاتەوە نازدارترین ئەندامی خێزانەكەی خۆی بووەتە قوربانی . واتە : خۆی لەگەڵ قوربانییەكاندا بوییە قوربانی .
ئەوانەش كە تا دوێنێ‌ ، بوو بوونە یڵندگۆی پاراستنی رژێمەكەی ( بارزانی ) ، وردە وردە وەك بكەری ناو رۆمانەكە ، خەریكە خۆشیان دەبنە قوربانی . بوونە قوربانییەكەیان پەیوەندی بە كۆی سیستەمەكەوە هەیە . كەسانێك سیستەمی رژێمەكە وەك خۆی نەناسن ، بیگومان دەكەونە ناوییەوە و لە شوێنێكیشدا خۆشیاندەهاڕێت .
( بارزانی ) و خێزانەكەی ، لە دوای خیانەتی (31) ئابەوە ، بریارییان نەداوە مەملەكەتێكی ئازاد و دیموكراسی دروستبكەن . هەركەسێك وابیربكاتەوە هەڵەیە . بە پێچەوانەوە ، ئەوان بریاریانداوە رژێمێك دروستبكەن ، رژێمەكە لە خزمەتی مانەوەی ئەواندا بێت . هەڵبەتە ئیتر چ ناوێكی تری لێبنرێت كێشە نیە . ناوەكەی خێڵ ، سوڵتانی ، یان هەر شتێكی كە بێت . كۆی رژێمەكە بە گەورەیی بریتیە لە :
رژێمێك پڕ لە جوڵە و ئاییدیا و ئاكاری فاشییانە . هەریەك لەم جوڵە و ئاییدیا و ئاكارانە ، بەناوی جیاجیاوە دەكرێن . بەڵام لە كۆتاییدا رژێمێك بەرهەم دێت ، تەنها یەك رەنگ قبوڵدەكات و ، هەر دەنگ و رەنگێكی كە جیاوازبێت لەو رەنگەی رژێمەكە دەیەوێت ، یان شاربەدەر دەكرێت ، یان دەیسرنەوە یان وندەكرێت .
بۆ نمونە : لە بابەتی دامەزراوەكانی دیموكراسیدا دەتوانرێت بە نوكتەیەكی كۆن ، وێنەی رژێمەكەی ( بارزانی ) بكێشین .
(( خواجە نەسرەدین : كە ئێمە بە مەلای مەشهور ناوی دەبەین .
رۆژێك كەرەكەی ون دەبێت .
لەگەڵ ونبوونی كەرەكەیدا سوپاسگوزاری خۆی دەردەبرێت !
لێدەپرسن خواجە : تۆ لە دارای دونیا بەس ئەو كەرەت هەیە ، كەچی سوپاسگوزاریت كە ونبووە ، بۆچی ؟
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت : بۆ سوپاس گوزار نەبم ، ئەی خۆمی لەگەڵ بوایە و خۆشم لەگەڵی ونبوومایە چیمبكردایە !. ))
لە رژێمی لەم جۆرەشدا ، هەرشتێك وندەبێت ، پێویستە كەسانی رژێم ناس ، سوپاسگوزاربن كە لەگەڵ شتەكەدا بەهاكانی دیكەش وننەكراوە . چونكە رژێمەكان یەكێك لە رەگەكانیان پێی بنراسرێنەوە ، ونكردنە . ئێمە شاهیدی ئەوەیین ـ چەندین مرۆڤ ونكراون . كاتێك سیستەمێك بتوانێت مرۆڤ ونبكات ، كاتێك سیستەمێك بتوانێت كۆی دامەزراوەكانی دیموكراسی ونبكات . ئیدی چۆن ناتوانێت شتەكانی دیكەش لەگەڵیدا ونبكات .
تەماشاكە ، گەورەترین دامەزراوەی دیموكراسی پەرلەمانە ، لەبەر خاتری پاراستنی كورسییەك ونكرا و كۆتایی پێهات . گەورەترین دامەزراوە ونكردنی ئاسانبێت ، بێگومان ونكردنی بابەتەكانی دیكە زۆر ئاسانە . سروشتی رژێمی پڕ لە فاشییەت ئەوەیە بتوانێت لە پێناو خۆیدا ، شتە گەورەو بچوكەكان ونبكات . رژێمەكەی ( بارزانی ) یش ، یەكێكە لەو رژێمانەى بەم ئاكار و ئایدییانە دەناسرێتەوە .

سەرچاوە ـ ف نوسەر

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت