عیماد عەلی : ئێستاش دەیڵێمەوە ، هاوپەیمانی یەکێتی و گۆران قازانجی دەبێت بۆ هەمووان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران و هاتنە مەیدانی ململانێی سیاسی ، لە گەرمەی ناکۆکیەکانی نێوان خۆیان و یەکێتیدا وتارێکم نوسی بەو ناونیشانەی سەرەوە ، بەڵام لەجیاتی هاوپەیمانی نوسیبوم هەماهەنگی . لەو کاتەدا ، خەڵکی هەردوولا بە خەیاڵ پڵاویان لەقەڵەمدام و ، بە پێی پێداویستی ململانێی کاتی و بێ بیرکردنەوەی ئیستراتیجی وتارەکەیان خوێندبووە و ، منیش تەنها وتم ، سەبرتان هەبێت و دونیا یەک رۆژ دوورۆژ نیە و دەبینن واقعی کوردستان و باری کۆمەڵایەتی سیاسی و رۆشنبیری گشتی میلەت بە تایبەتی و بارودۆخە گشتیەکە چۆن خۆی فەرزدەکات بەسەر هەنگاوەکاندا ، لە گەڵ ئەوەشدا وتم، من نەموتووە با یەکبگرن یان هاوپەیمان بن ، وتومە هەماهەنگی بکەن ، لەوکاتەشدا لەوتارێکی تردا نوسیم ، هەماهەنگی پارتی گۆران قازانجی نابێت بۆ هەمووان ، هۆکارەکانیم شیکربووەوە . ئێستاش دەێڵێمەوە ، یەکگرتن قورسە لەم کاتەدا و لە قۆناغی یەکەمدا ، بەڵام دروستبونی بەرەیەکی حزبیی یەکگرتوو و هاوپەیمانی فراوان، بواری جێبەجێکردنی لەم کاتەدا لەبارە و لە قازانجی هەموو لایەکدایە ، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجی گەورەی ئیستراتیجیەوە کەلێکنزیکبونەوەکە بە قازانجی گشتی و دوور نەکەوتنەوەی خەڵک و لایەنگرو دۆستانی هەردوولای لێ بکەوێتەوە و ، وەزعی سیاسی کوردستان زیاتر رێکبخاتەوە و بەرەی پێشکەوتنخواز تۆکمە بکاتەوە و ، لایەکی مەیدانەکە بۆ خەڵکی تری موحافزکار چۆڵ نەبێت ، لەدەرئەنجامی ئەگەری کاردانەوەی هەندێک ، کە لەوانەیە بەشێوەیەکی تەکتیکی بیربکەنەوە و خۆیان لەقەرەی ئامانجی دوورمەودا نەدەن و واقعی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری و سیاسیەکەی هەرێم بە شێوەیەکی نەفەس کورتی بخوێننەوە و کاردانەوەیان هەبێت .
بۆچی هاوپەیمانی و تەنانەت زیاترلە هەماهەنگی لەم کاتەدا ؟
با ئەوەش بزانین لە هەموو قازانجێکی گەورە زەرەرێکی بچوکیش دەبێت وپێچەوانەش راستە . بەڵام ئەوگۆرانکاریە گەورانە وا فەرزدەکەن هیچ دەرفەت بە پاشەکشەی گەورە نەدرێت . بۆیە ئەم هەنگاوانە دەبێت :
1- هیچ پەشیمانبونەوەیەکی تێدا نەبێت و هەردوولا لەم ماوەیەی ناکۆکی و نزیکبونەوەدا ئەگەر زەرەرێکیان کردبێت بەڵام لە زۆر لاوە قازانجیان کردووە و، گرنگترین شت ئەوەیە لایەنگران و هەواداران و ئەندامانیان پەرشوبڵاونەبونەوە و لەخۆیان گرتن و ، ئەگەر بەم شێوە نەبوایە دەکرا خەڵکی تر زیاتر قازانجی لێیان بکردایە لەسەر حسابی هەردولایەنی ئەو کاتەدا دەبوو ئەگەر بەیەکگرتوویی لە ناو یەک حزبدا مابانەو ، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە پێویستە هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بن و رێکبکەون کە لەپەیمانەکانی خۆیان بەهەردولایان کە بەخەڵکیان دواە پەشیمان نەبنەوە و ئامانج و کارەکانیان تێکەڵ بکەن نەک بگەرێنەوە بۆ کاتی پێش دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆران ، واتە دەبێت یان لەدەسەڵات بن یان ئۆپۆزسیۆن لە کاتی تایبەتی خۆی و پاش هەڵبژاردنی داهاتوو ، ئەم هەنگاوانەش بە شێوەیەک باسی بکەن کە دەنگدەرانیان لێیان تێبگەن .
2- هەردوولا لەوەدا یەکبن کە هاوپەیمانیان بۆ رزگارکردنی ئەم حکومەتە گەندەڵە نیە لەم قەیرانەی و ، بەڵکو دەبێت پەیمانی گۆرانکاری بدەن ، بە تایبەتی یەکێتی کە زیاتر نزیکە لە دەسەڵاتی پارتیەوە ، واتە بەشێکە لەدەسەڵاتی کوردستان و هەنگاوی ئۆزسیۆنبونی بە تەواوی دەرنەکەوتووە .
3- دارشتنی کاری حزبی نوێ و دووبارەنەکردنەوەی هەژمونی حزبایەتی کلاسیکی و بوار نەرەخساندن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک زلهێزی بەرامبەر نەوەک دیسان گرەوەکە بباتەوە ، بەڵکو دەستکردن بە پاکسازی و چاکسازی لەخۆیانەوە و نزیکبونەوە لە جەماوەرە رەشوروتەکە و نەهێشتنی ئەڵقە تەسکە حزبیە ئیستغلالیەکەی نێوریزەکانی هەردوولا .
4- هەوڵدانی هەردوولا بۆ رادەستکردنی کاری حزبی هەردوولایەن بە گەنجی خوێن گەرمی نەوەی نوێ بۆ زیاتر قوڵبونەوە لە جیاوازی نێوانیان لەگەڵ هێزە موحافزکارە کلاسیکیە ئیکسپایەرەکان ، بە پێوەری حزبایەتی راست نەک راوەستان لەسەر پارەو دەسەڵات .
بۆیە ئەگەر بەراوردی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆران بکەین بەرێژەیەکی باش لە قازانجی واقعی کوردستاندا دەبێت لە هەموو لایەنەکانیەوە ، ئەم نزیکبونەوانە و لێکتێگەیشتن بە ئارامی و وردی و دراسەتی سەرجەم لایەنەکانی کارەکەیان ریکتر و تۆکمەتر و قازانجبەخشتر دەبێت و ، شۆربونەوە بۆ خوارەوەی خۆیان و زەمینەخۆشکردنێکی باشی دەوێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەی خۆیان مەڵاسداوە بەرهەمی ئەم هاوپەیمانیە بۆخۆیان نەچننەوە سەرکەوتو نەبن لە کردەوەکانیان ، ئەمەش بە عەقڵ دەکرێت و عەقڵێکی فراوانی بیر ئیستراتیجی نەک پشتبەستوو بە کاردانەوە لە کارکردندا .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت