عیماد عەلی : یەکێتی فیکر لە تاکە لایەنێکی کوردستاندا هەیە کە ئەویش فیکری نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی حزبی سەرکەوتوو ، پابەندبونە بە کاری سیاسی لەسەر رێباز و جێگیربونی وەحدەی فیکری و پراکتیزەکردنی یەکشێوەیی کارکردن لەلایەن سەرجەم ئەندامانەوە ، ئەگەر جیاوازیەکی بچوکیش لەنێوانیاندا هەبێت ، پێویستە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی خۆی دەرنەچێت ، واتە بونی یەکێتی بیروبۆچون و پابەند بونی ئەندامان بەو فیکرەوە خاڵێکی سەرەکی سەرکەوتنی هەر حزبێکە . ئایا لەسەر ئەرزی واقیع شتێکی لەم بابەتە لە کوردستاندا شک دەبەین ؟
سێ لایەنی سەرەکی لەکوردستاندا دەسەڵات بەرێوەدەبەن و خۆیان بە حزبی سیاسی خاوەن ویست و فکر و شیعار و مێژوو لەقەڵەم دەدەن و شانازی بە فکر و بۆچونی خۆیانەوە دەکەن . یەکێتی و پاتی و گۆران ، ئەمە جگە لە کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامی هەمەجۆر لە ناخەوە هاوشێوەن و لە رەفتاردا جیاواز ، لەگەڵ چەند وردیلە حزبێکی بێ قورسایی .
یەکێتی خۆی بە سۆشیال دیموکرات دەزانێت ، کە بە ئاسایی بە ناو ریزەکانیدا بگەرێیت ؛ سۆشیال دیموکرات دەدۆزیتەوە و لەولاشەوە بۆچونی پارتی ئاسا و گۆران ئاساشی تیدایە ، ئەمە جگە لە رەفتاری بنەماڵە ئاسا، ئەگەر زۆر وردبینتر بیت لە جۆری رەوتە ئیسلامیەکانیشی تێدا بەدیدەکەیت .
پارتی رەوتێکی دیاری پابەند بە بنەماڵە و شەخس ، دوور لە حزبایەتی و بنەماکانی و جێبەجێکردنی فەرمانی ئەزبەنی تاکە فیکرە بەرێوەی دەبات ، کە ئەویش فیکر نیە .
گۆران خۆی بە بزوتنەوەیەکی لیبراڵی و حزبی هەڵبژاردن دەزانێت و تا ئێستا لە هیچ کلۆجێک باسی فیکر و بیروبۆچونی نەکردووە ، کەچی وەک بەرەیەکی یەکگرتوو دەردەکەوێت ، کە دەتوانیت بڵێیت چەپ و راست و ناوەراستیشی تێدایە و ، تەنانەت پابەندبونی شەخسی و کاریزماییش باڵی بەسەردا کێشاوە و ، هەموو رەوتەکانی تێدایە و لە شێوەی چێشتی مجێوریانە پێکهاتووە و دەروات بەرێوە .
ئیسلامیەکانیش ئەگەر لە بنەرەتدا خۆیان بە خاوەنی قاعیدەی فیکری خودپارێزی و پابەندبوو بە سونەتی پێغەمبەر و قورئان دەزانن ، بەڵام لە سیاسەتەکانیاندا خۆیان لەو تولە رێگەیەش لاداوە و شوکر وەک حزبەکانی تر کوردانە رەفتار دەکەن و دوورن لە فکرەوە ، ئەگەر فشاری دەرەکی بهێڵێت .
کۆمەڵێک حزبی بچوکی تر هەن، کە جگە لە پاشکۆیەتی و بەرژەوەنخوازی و ئیدیعای زارەکی فیکر ، هیچ شتێکیان نیە و لە ئامانجی خۆ ژیاندن زیاتر ، لەسەرجەم رووەکانەوە تاکە قورساییەک ناخەنە سەر شانی خۆیان ، نەک پابەندبون و پراکتیزەکردنی بیروبۆچون و بنەمای فیکری .
بۆیە دەتوانین بە روونی و راشکاوی بڵێین ، لە نێو هیچ حزبێک لە کوردستانی باشووردا وەحدەی فیکری نادۆزیتەوە و ، تەنها ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت ، شانازی بە شۆرش و مێژوو و خەبات و قوربانیدان و هاورێیەتی و بنەماڵەیی و بەرژەوەندی خۆ ژیاندن وپلە و پایە و پۆست و بازرگانیی هەمەجۆریشی لەگەڵدایە . تا حاڵەتەکەش ئاوا بێت ، هیچ زانا و دانایەکیش ناتوانێتبە هاوکێشە شیکاریان بۆ بکات و بیانخوێنێتەوە و پێشبینی رەفتار و کردەوەی هیچ لایەنێکیان بکات ، بۆ ئەوەی بزانێت کوردستان بە کام لادا دەبەن و دوارۆژمان چون دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت