بورهان شێخ ڕەئوف: ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو و ململانێکانى سعودیەو قەتەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجوومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى پێش 38 ساڵ لە 25 ى ئایارى 1981لە ئەبوزەبى یەکێک میرنیشینەکانى ئیمارەتى عەرەبى یەکگرتوو دامەزرێنرا کە یاساو سیستمێک و ڕژێمێکى بنەڕەتى بۆ دانرا، کە مەبەست لێ ى پتەوکردن و قووڵکردنەوەى پەیوەندییەکان و هاریکارى نێوان هاوڵاتیانى وڵاتانى کەنداوى عەرەبیە کە ئەمە مادەى چوارى ڕێکەوتنامەکەیانە.
ئەنجومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى پێک هاتووە لە شەش وڵاتى کەنداو ئەوانیش ( شانشینى عەرەبستانى سعودیەو میرنشینە یەکگرتووەکانى عەرەبى یەکگرتوو و دەوڵەتى بەحرین جاران ئیستا ئەویش بووەتە شانشینى بەحرین و سوڵتان نشینى عەمان و دەوڵەتى قەتەر و دەوڵەتى کوەیت.
لە ئێستادا عەرەبستانى سعودیە خاوەنى پێگەو جێگەو بڕیارى سیاسى چارەنووسسازە لە نێو وڵاتانى کەنداودا بە حوکمى ژمارەى دانیشتووان و ڕووبەرەکەى پێشینە مێژووییەکەى بوونى مەزارى پەیامبەرى ئیسلام هەموو سومبووڵە پیرۆزەکانى ئایینى ئیسلام وکە قیبلەى هەموو موسڵمانانى جیهانەو جگە لە پێگە ئابووریەکەى کە خاوەنى گەورەترین یەدەکى نەوتە و یەکەم وڵاتە لە دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت دا.
ئەگەرچى خودى ناوى کەنداوى عەرەبى جێگەى ناکۆکى و بۆچوونى جیایە لە نێوان ئێرانیەکان و عەرەبەکاندا بەوەى ئێرانیەکان بە کەنداوى فارسى دەیناسن و عەرەبەکان بە کەنداوى عەرەبى ئێرانیەکان ناوەکەى دەگەڕێننەوە بۆ کاتى سەرهەڵدانى ئیسلام و یەکێک لە یارانى پەیامبەر محمد (د.خ ) سەلمانى فارسى بەڵام عەرەبەکان ئێستا دەڵێن هەردوو کەنارى دەریاو کەنداو عەرەبى لێ نیشتەجێ یە تەنانەت لە بەرى ئێرانیش هەربۆیە کاتى خۆى کە ڕۆژنامەنووسى ناودارى عەرەب کۆچکردوو محەمەد حەسەنین هەیکەل کە چاوپێکەوتنێکى لە گەڵ شاى ئێراندا حمە ڕەزا پەهلەوى ئەنجامدا وتى کەنداوى عەرەبى شا لێ ى پرسى وتى توو ویژدانت کاتى خۆى کە لە قوتابخانەدا خوێندت باسى کەنداو ناوى کەنداوى فارسى نەبوو؟ بەهەرحاڵ ئەو بابەتى ئەم وتارە نیە هەر حەزمکرد ئاماژەى پێبدەم.
ئەوەى تایبەت بە وڵاتانى کەنداو لەم ساڵانەى دواییدا تێزێک سەرى هەڵدا لە نێوا ئەندامانى ئەنجومەنەکەدا کە خوازیارى ئەوەبوون شێوازى ئەنجومەنەکە گۆڕانکارى بەسەردا بێت لە فۆرمى هاریکارى یەوە بۆ چەسپاندنى یەکێتى وڵاتانى کەنداوى عەرەبى لە سەربنەماى یارمەتى و تەواوکارى دژ بە ململانێ و دووبەرەکى کە ئەمەش پێشنیازى مەلیکى کۆچکردووى عەرەبستانى سعودیە عەبدوڵاى کوڕى عەبدولعەزیز بوو .
هەرچەندە لە سەرەتاى دروست بوونى ئەنجومەنى هاریکارى وڵاتانى کەنداو ى عەرەبى ئەوسا عێراقیش بە نیاز بو ببێتە ئەندام تێیدا بەڵام دواتر پەسەند نەکرا چونکە عێراق لە ڕووى پێکهاتەو ەو لە وڵاتانى کەنداو جیاواز بوو ئەگەر ئەوان هەموو حوکمڕانى بنەماڵە بوون، بەڵام عێراق بە ئێستاشەوە لە سەر فۆرمێک سەقامگیر نەبووە و جیاوازى زۆرى هەیە لە گەڵ ئەو وڵاتانە.
لە ساڵى 2016 ململانێ و ناکۆکیەکى دژوار بەرەو ڕووى ئەندامانى ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو بووتەوە بە تایبەتى لە نێوان بەرەى عەرەبستانى سعودیەو و میرنشینە یەکگرتووە کانى عەرەبى کەخاوەنى چڕترین ڕێژەى دانیشتووانى ئەنجومەنەکەن بە هاوکارى شانشینى بەحرێن و پشتیوانى میسر لە دەرەوەى سیستمى ئەنجومەن و بەرەى قەتەر لە لایەکى ترەوە.
لە دوا کۆبوونەوەىلوتکەى وڵاتانى ئەنجومەنەکەدا و لە بەیانى کۆتایى کۆبونەوەکەیاندا باسى هەندێک هەماهەنگى و ڕێکەوتننامەى دووبەدوو لە نێوان وڵاتانى ئەنجومەن کراوە وەکو ئەوەى لە نێوان هەریەک لە عەرەبستانى سعودیەو دەوڵەتى میرنشینە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدراوە لە بوارى سەربازى و ئابورى و گەشەکردن و کە ناویان ناوە ئیستراتیجیەتى عەزم وئیرادە لە نێوان دوو وڵاتدا، هەروەها هەمان بەیاننامە باسى ڕێککەوتنى دووقۆڵى لە نێوان دەوڵەتى کوەیت و عەرەبستانى سعودیە دەکات و بە هەنگاوێکى دروستى دادەنێت لە نێوان وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنى هاریکارى کەنداو ى عەرەبى کە خزمەت هاوڵاتیانیان دەکات.
بەرەى عەرەبستانى سعودیەو ئیمارات لە ساڵى 2017 بڕیارییان دا گەمارۆ و ئابڵووقەى ئابورى قورس بە سەر دەوڵەتى قەتەر بسە پێنن کە چەند هەنگاو ڕێکارێکى گرتە خۆ لەوانە قەدەغەى هاتوچۆى فڕۆکەوانى بۆ قەتەرو جگە لە چەند ڕێکارێکى ئابوورى و بازرگانى و هەروەها 13 داخوازییان خستە بەردەمى دەوڵەتى قەتەر بۆ جێبەجێ کردنیان لەوانە ئاستى پەیوەندییەکانیان لە گەڵ هەردوو وڵاتى ئێران و تورکیا و داخستنى کەناڵى ئەلجەزیرەو هەموو ئەو کەناڵانەى کە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندى هەیە پێیانەوە و یارمەتیان دەدات هەروەها بڕینى پەیوەندى دەوڵەتى قەتەر لە گەڵ جەماعەتى ئیخوان موسلمین و حزبوڵا ى لوبنان و هەروەها وازهێنانى قەتەر لە دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتانى تر و قەرەبوو کردنەوەی ئەو وڵاتانە لەو زیاننانەى کەبەهۆى سیاسەتەکانى قەتەرەو ڕووبەڕوویان بووتەوە.
هەرچى قەتەریشە نەچووەتە ژێربارى ئەو داخوازییانە تا ئێستا بە ژیرانە هەوڵى داوە باز بدات بەسەر ئەو ئابڵووقە ئابورى و سیاسیەو ئامادەیى خۆى دەربڕیوە بۆ دایەلۆگ بە بێ مەرجى لە پێشتر دیاریکراو بۆ چارەسەرى قەیرانەکان لە هەمانکاتدا ململانێکانیان مەودایەکى بەرینى میدیایى بەخۆیەوە بینیوە کە دەوڵەتى قەتەر لە ڕێگەى کەناڵى جەزیرەو ئەو ماشێنە ڕاگەیەندنەوە کەهەیەتى لە سەر دۆسییەى مافى مرۆڤ و کەیسى تیرۆرکردنى ڕۆژنامەنووس عەدنان خاشقچى لە ناو کونسڵییەى عەرەبستان لە ئەستەنبوڵ کارى لە سەردەکات.
لەلایەکى ترەوە وڵاتانى ترى ئەندامى ئەنجومەن جگە لە عەرەبستان و ئیمارات بە بێلایەن وەستاون و دەوڵەتى کوەیت هەوڵدەدان نێوەند گیرى بکات لە نێوانیاندا و پێشنیازو چارەسەریان بخاتە بەردەم بۆ کۆتایى هێنان بە قەیرانەکە سوڵتاننشینە عومانیش پشتیوانى هەوڵەکانى کوەیت دەکات بێئەوەى خۆى هیچ هەنگاوێک بهاوێت.
هەرچەندە کۆبوونەوەکانى لوتکەى ئەندامانى ئەنجوومەن بۆ چەند خوولێکە جۆرێک ساردى پێوەدیارە بەوەى کە زۆرێک لە سەرکردەى یەکەمى وڵاتەکان ئامادەى کۆبوونەوەکان نابن لە لووتکەى 39 کە دوا کۆبوونەوەى ئەندامان بوو لەدیسەمبەر لە2018 ریاز ى عەرەبستان تەنها شا سەلمان و میر سەباح ئەحمەد جابر سەباح میرى کوەیت و شا حەمەد بن عیساى بەحرێن و موحومەد بن ڕائید جێگرى سەرۆکى دەوڵەتى ئیمارات و وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى دەرەوەى قەتەر ئامادەى بوون .
لە ئاوا بارودۆخێکدا چەند بانگەوازو بۆچوونێک لە عەرەبستانەوە دەبیسترا کە خوازیارى ئەوە بوون قەتەر لە ئەنجومەن دەربکرێت و لە هەمان کاتیشدا لە قەتەرەوە بیرو بۆچوون سەرى هەڵدا داواکارى کشانەوەیان دەکرد لە ئەنجومەنى هاریکارى و دواتر قەتەر لە ڕێکخراوى ئۆپێک کشایەوە.
هەرچەندە بەیانى کۆتایى دوا کۆبوونەوەى لوتکە پێداگیرى لەسەر یەکڕیزى نێوان وڵاتانى ئەندامى ئەنجومەنى هاریکارى دەکات لە بەرزۆر هۆکارى هاوبەش کەلە نێوانیاندا چ مێژوو ڕەچەڵک و ئایین و چارەنووسى هاوبەش و یەک ئامانج و ئەو بارودۆخەى کە ناوچەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت و ئەنجومەن پشتیوانى پێشنیازو هەوڵەکانى میرى کوەیتى کرد بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان لە نێو ماڵى کەنداودا.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە ئەم ململانێ و بەربەرێکانە پەلى کێشاوە بۆ سەر گۆڕەپانى عەرەبى دوا کۆبوونەوەى لوتکەى ئابورى عەرەبى کەلە بەیروت لە مانگە کانوونى دووەمى ڕابردوو لە بەیروت بەسترا هەموو مەلیک و میرە عەرەبیەکان بایکۆتیان کرد جگە لە میرى قەتەرو سەرۆکى موریتانیاو سەرۆکى لوبنان کە خۆیان میواندارى کۆبوونەوەکەیان کردبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت