نەوزادى موهەندیس: ۆردارستانەکان گرنگن بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى ژینگەى مرۆڤایەتى، نمونەش/ دارستانەکانى ئامازۆن.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە ژینگەى گۆى زەوى لەچەند توخمێکى سەرەکى لە پاڵ ئاو و خاک و هەوادا پێکهاتوە کە یاریدەدەرن بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى ژینگەیى بەمەبەستى بەردەوامبونى ژیان و مانى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەکەکان لەسەر ئەم هەسارەیە. لەوانەش دارستانەکان و بیابان و شاخ و داخ و گرد و دۆڵ و کانیاو و ئاوى سەرزەوى و ژێر زەوى و بوونى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەکەکان و دەریا و زەریاکان و زۆرى تریش. کەهەریەک لەم توخمانە گرنگى و کاریگەرى گەورەیان هەیە لەسەر پاکڕاگرتن و بەردەوامبوونى ژیان لەسەر هەسارەى زەوى.
ئەوەى لەم بابەتەتدا تیشکى دەخەینە سەر بریتیە لە دارستانەکان بەشێوەیەکى گشتى و دارستانەکانى ئامازۆن بەتایبەتى کە گەورەترینە لەسەر ڕووى زەوى و پانتاییەکەى 6.900.000 کیلۆمەتر چوارگۆشەى داگیرکردوە لە کیشوەرى ئەمریکاى لاتین و لە 9 وڵاتى ((بەڕازیل و پیرۆ و فەنزەوێلا و کۆلۆمبیا و پۆلیڤیا و گیانا و ئەکوادۆڕ و سۆرینام و گۆیانى فەڕەنسى) کە بەتەنها 2/3 ى ئەم دارستانە دەکەوێتە وڵاتى بەڕازیلەوە و ئەم دارستانە تەمەنى دەگەڕێتەوە بۆ 55 ملیۆن ساڵ و قەوارەکەى 48 جار لە ڕووبەرى ئەمریکا گەورەترە و ڕێژەى 40% هەموو کیشوەرى ئەمریکاى لاتینى دادەپۆشێت.

زانیارى لەسەر ئەم دارستانە
ئەم دارستانە بەهۆى گەورەیى و کاریگەرى لەسەر دەرچواندنى گازى ئۆکسجین کە بەسوودە بۆ هەناسەدانى مرۆڤ و ئاژەڵەکان کە بەڕێژەى20% ئۆکسجین بەرهەمدەهێنێت بە ( سیەکانى جیهان ) ناودەبرێت، ئەم دارستانە ئەم چەند تایبەتمەنیانەى لاى خوارەوەى هەیە کە لە زۆرێک لەدارستانەکانى ترى جیهاندا نین لەوانە:
1- گەورەترین دارستانە کە ژیانى وشکانى و ئاوى و ئاژەڵى تێکەڵ بەیەکتر دەکات لەسەر ڕووبەرێکى گەورە و جیاواز بەبێ هەستکردن بە کەموکوڕى ژینگەیى.
2- بەردەوامترین دارستانە لەڕووى کەشوهەواوە،پلەى گەرماى لە 27 پلە تێپەڕناکات،سەرەڕاى ئەوەش بەدرێژایى ساڵ بارانى لێدەبارێت،ئەوەش بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى ژینگەیى و ژیانى کێوى دارستانەکانە.
3- پێى دەوترێت ( سیەکانى جیهان ) چونکە 20% ى ئۆکسجینى جیهان بەرهەم دەهێنێت کە دانیشتوانى زەوى هەڵیدەمژن بەپێى ئامارى دەزگاى گەردوونى بەڕازیلى.
4- گەورەترین جۆرى دار لەخۆدەگرێت کە 750 بۆ 16000جۆرن،زۆر جۆرى جیاوازى گوڵى تیادایە کە تائێستا نەبینراون کۆى ژمارەى دارەکان بریتیە لە 309 ملیار دار.
5- سەرچاوەیەکى سەرەکى ئاوى شیرینى جیهانە،چونکە 5 ڕووبارى گەورە لەخۆدەگرێت کە بەوڵاتانى ناوچەکەوە بەسراونەتەوە و لە بەناوبانگترینیان بریتیە لەڕووبارى ئامازۆن.
6- لەو پێنج ڕووبارەدا زیاد لە 3 هەزار جۆر ماسى جیاوازى تیادایە.
7- زیاد لە 2 ملیۆن و 500 هەزار جۆر مێرووى تیادایە.کە هەیانە زیانبەخش و هەشیانە زۆر مەترسیدارن.
8- ئەم دارستانە زۆرێک لە جۆرى ناوازە و کەم و مەترسیدار و نەبینراو لە ئاژەڵى تیادایە،کە تائێستا نەبینراون.
9- باڵندەى تیادایە بۆ پاراستنى دارستانەکە،وەک باڵندەى ((تۆقان))کە دەنگێکى بەرزى هەیە و لە دوورى کیلۆمەتر و نیوێکەوە دەنگى دەبیسرێت وهەرکات مەترسى ڕووبکاتە دارستانەکە بەدەنگە بەرزەکەى هەموو گیانەوەران ئاگاداردەکاتەوە.
10- جۆرى زۆر مەترسیدار لە جاڵجاڵۆکە و مارى تیادایە و دادەنرێت بە جێگەى سەرەکى مارە هەرە مەترسیدارەکان وەک مارى ئاناکۆنداى زەبەلاح.
11- جۆرێک لە شەمشەکوێرەى تیادایە کە خوێنمژن و بۆقى زۆر ژەهراویشى تیادایە.
12- زیاد لە 12هەزار جۆر ڕوەکى تیادایە کە هۆکارى سەرەکین بۆ چارەسەرى شێرپەنجە و زیاد لە 3هەزار جۆرى میوەشى تیادا. سروشتى گەڵاى دارەکانى زۆر گەورە و پانن کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنى باران بە زەوى دارستانەکە دواى 10 خولەک ئەوکات باران دەگاتە زەوى دارستانەکە بەهۆى ئەو گەڵا پانانەوە.
بەم شێوەیە ئەم دارستانە گرنگى و کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر ڕاگرتنى هاوسەنگى ژینگەیى تەواوى گۆى زەوى نەک بەتەنها وڵاتان و کیشوەرى ئەمریکاى لاتین.

مەترسیەکانى سەر ئەم دارستانە
گەلێک مەترسى گەورە ڕووبەڕووى ئەم دارستانە بونەتەوە هەر لەدێر زەمانەوە و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵانەى دوایدا و گرنگترینیان:
1- ئاگرکەوتنەوەى بەردەوامە بەتایبەتى لەوەزرە وشک وگەرمەکانى ساڵدا و بەپێى ئامارێکى پەیمانگاى نیشتیمانى بەڕازیلى بۆ لێکۆڵینەوە گەردونیەکان ڕایگەیاندوە کە 72هەزار ئاگر کەوتنەوە لەساڵى 2019دا ڕوویانداوە و تۆمارکراون،بەڕێژەی 83% بەرزترە لەساڵى 2018،ئەمەش بەرزترینە لەساڵى 2013وە.ئاشکرایە ئاگرکەوتنەوە دەبێتە هۆى لەناوبردنى دارستانەکە بەتەواوەتى لەڕووى درەخت و میوە و ئاژەڵ و مێروەکان و پوش و پەڵاش و ..هتد وکارەساتێکى مرۆیى و ژینگەیى گەورەى لێدەکەوێتەوە و کاریگەریە خراپەکانیشى ڕەنگ دەداتەوە بسەر هەموو جیهاندا.
2- هەڵمەتى بڕینەوە و وشککردنى دار و دەرختەکان لەلایەن حکومەت و کۆمپانیا و مافیا و گروپەکانەوە بەمەبەستى دروستکردنى پڕۆژەکان.
3- دامەزراندنى ڕێگاى خێرا و کۆمەڵگا نیشتەجێبوەکان بونەتە مەترسى گەورە بۆ نەمان و بچوکبونەوەی ئەم دارستانە.
4- چاندنى ڕووەکە بێهۆشکەرەکان لەلایەن سەرمایەدار و گروپە مافیاییەکانەوە لەناو ئەم دارستانەدا.
5- دامەزراندنى کارگەى گەورەى پشەسازى لەناو دارستانەکەدا و ئەمەش دەبێتە هۆى بڕینەوە و وشککردن و نەمانى دارودرەختەکان.
بەم شێوەیە مەترسیەکانى سەر ئەم دارستانە بەڕێژەى 60% و بە بەردەوامیش لەبەرزبونەوەدایە، کە ئەم مەترسیانەش دەبنە هۆکارى کەمبونەوەى ڕێژەى گازى ئۆکسجین و زیادبوونى ڕێژەى دەرچوونى گازى کاربۆن بە 25% و ئەمەش یارمەتى دیاردەى پەنگخواردنەوەى گەرماى گۆى زەوى دەدات کە یەکێکە لەدیاردە زیانبەخشەکان بۆ تەواوى ژیان لەسەر گۆى زەوى.

کاردانەوە و هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان بەرامبەر ئەاگرکەوتنەوەى دارستانى ئامازۆن
خۆشبەختانە لە دواى ئاگرکەوتنەوەى دارستانى ئامازۆن لە 14/8/2019 و بەردەوامبوونى تاکو ئێستا و بۆماوەى زیاد لە 10 ڕۆژە،کۆنگرەى وڵاتانى G7 لە فەڕەنسا دەبەسرێت کە 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و دوو مەسەلەى زۆر گرنگ باس دەکرێن کە یەکێکیان بابەتى ئاگرکەوتنەوەکەى دارستانەکانى ئامازۆنە لە بەڕازیل کە لە ئێستادا بەگەرمى بۆتە قسە و باسى کۆڕوکۆبونەوە نێودەوڵەتیەکان و کردویانەتە کێشەیەکى مەترسیدارى جیهانى و مرۆڤایەتى نەک وڵات و ناوچە و کیشوەرێکى دیاریکراو.بۆیە کۆنگرەکە بەجدى و گەموگوڕیەوە داوا لە بەڕازیل دەکات کە هیمەتى زیاتر بکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە وڵاتانى یەکێتى ئەوروپاش تەنانەت ڕەخنەى توندیشیان لەسەرۆکى بەڕازیل(( جائیر بۆکسۆنارۆ))ش گرتوە کە هەندێک هەڵوێست و گوتارى دژ بەژینگەى داوە و بەکەمتەرخەمى ناودەبەن و تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا هەڕەشەى هەڵوەشانەوەى گەورەترین گرێبەستى بازرگانى بەناوى (( تەکەتولى میرکوسور)) لەگەڵ وڵاتانى ئەمریکاى لاتینیدا دەکەن.ئەوروپیەکان بەگشتى و بەتایبەتى فەڕەنسا و ئێڕەلەندا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیسپانیاو ..هتد. هەمان هەڵوێستیان هەیە.
ئەمریکاش داواى هەرچى زووترى کۆنتڕۆڵى ئاگرەکە دەکات و ئامادەیى هەموو هاوکاریەکیشە بۆ بەڕازیل.لەبەر گرنگى و کاریگەرى دارستانەکانى ئامازۆن بۆ سەر تەواوى ژیانى گۆى زەوى سەرۆکى فەڕەنسا ئەمانۆیل ماکرۆن ڕایگەیاند(( بە سووتاندنى دارستانەکانى ئامازۆن ماڵەکانمان ئاگر دەگرن)).

کۆنگرەى G7 بڕیاریاندا کە یارمەتى مادى پێشکەش بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە و بەریتانیا بڕى 10ملیۆن دۆلارى پێشکەشکردووە.
بەڵام سەرۆکى بەڕازیل ڕایدەگەیەنێت کە ( ڕێگە بەدەستوەردانى دەرەکى نادات و ڕوودانى ئاگرکەوتنەوەکەش ڕووداوێکى سروشتیە و لەهەموو وڵاتێکدا ڕوودەدات و ڕەخنە لە ئەورپیەکانیش دەگرێت کە وەک سەرمایەدارێکى داگیرکەر مامەڵە لەگەڵ بەڕازیل و بابەتەکەشدا دەکەن. ناکرێت ئەم بابەتە بکەنە بیانوو بۆ سەپاندنى گەمارۆ و فشارى ئابورى بۆسەر بەڕازیل ).
لەبەرامبەریشدا وڵاتى چین بڕیاریدا کە هەرچى دەکرێت بۆ پاراستنى دارستانەکان ئەنجامبدرێت و دارى زیاتر بڕوێنرێت و تاڕووبەرى دارستانەکان بگاتە 200ملیۆن هێکتار تاساڵى 2035.
بەهەمان شێوە کەسایەتیە ناودارەکانى جیهان لە هونەرمەند//لیوناردۆ دى کاپرۆی و گۆرانى بێژ //مادۆنا و یاریزان// کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هەستاون بە پێشکەشکردنى هاوکارى مادى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ئاگرەى دارستانەکانى ئامازۆن،ئەوەتا هونەرمەندى ناودارى ئەمریکى لیوناردۆ دى کاپریۆ بڕى 5 ملیۆن دۆلارى بەخشیوە.

دەرئەنجام و کۆتایى
ئاشکرایە ڕوودانى ئاگرکەوتنەوەکان لەو دارستانانەدا هەندێکیان سروشتین و هەندێکى تریشیان بەدەستى ئەنقەست و بەبەرنامە ڕێژى ئەنجامدەدرێن،کە هەردوو جۆرەکە بەزیانى گەورەى مادى و مەعنەوى و سروشتى و مرۆیى دەشکێتەوە بۆ سەر ژیانى تەواوى گۆى زەوى و کارەساتى گەورە و مەترسیدارى ژینگەیى جیهانى لێدەکەوێتەوە، هەر لەم وەرزى هاوین و گەرمایەدا ئاگرکەوتنەوە لەدارستانەکانى وڵاتانى فەڕەنسا و ڕوسیا و یۆنان و ئیسپانیا و گەلێکى تریش کەوتونەتەوە،ئەوەتا لە ساڵى 1970وە نزیکەى 1ملیۆن و400هەزار هێکتار دارستان نەماون.هەربۆیە وڵاتى بەڕازیلیش وەک گەورەترین وڵاتى خاوەن دارستانەکانى ئامازۆن ڕووبەڕووى ڕەخنە و گلەیى زۆر بۆتەوە بەهۆى کەمتەرخەمى و خەمساردى و ڕێگەنەگرتنى لە سەرمایەدار و مافیاکان بۆ بڕینەوە و سووتاندن و نەهێشتنى دارستانەکان،هەرچەندە بەهەموو هەوڵى خۆى و بەبەشدارى 44هەزار سەرباز و 2 فڕۆکەى جۆرى C-130 Herculesکە بڕى 12هەزار لیتر ئاویان بەکارهێناوە بۆ کوژاندنەوە و خامۆشکردنى ئاگرەکە.بەڵام وەک سەرۆکى بەڕازیل ڕایگەیاند کە کوژاندنەوەى ئەو ئاگرە گەورەیە و لەسەر ئەو ڕووبەرە فراوانە کارێکى ئاسان نیە و کاتى پێویستە.
لەکۆتایدا گرنگە ئەو ڕاستیە وەبیر هەموان بهێنینەوە کە دارستانەکان سەرمایە و سامانى هەموو مرۆڤایەتین لەسەر ڕووى هەسارەى زەوى و ئەرکى هەموانیشە بەوڵاتان و کۆمەڵگاکانەوە کارى پێکەوەیى و بەرنامە ڕێژى و پلانى زانستیان هەبێت بۆ پاراستن و ڕێگەگرتن لەئاگرکەوەتنەوەى ئەو دارستانانە،چونکە دارستانەکان سەرچاوەى هەواو و ئاو و خاکى پاکن بۆ مرۆڤایەتى و تەواوى گیانەوەران بە ئاژەڵ و ڕوەکەکانیشەوە.بۆیە ناکرێت خەمسارد و کەمتەرخەم بین لەئاستیاندا، ئەرکى وڵاتانى ناوچەکەشە کە هەریەکەیان لەسنورى وڵات و دەسەڵاتى خۆیاندا بڕیار و یاساى پێویست دەربکەن بۆ زیاتر پاراستنى دارستان و لەوەڕگاکان و ڕێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوەو غرامەکردن و سزادانى هەموو ئەو کەسانەى کە دەبنە هۆکارى ئاگرکەوتنەوە و هەروەهاش بەبەرنامە و پلانى زانستى هوشیارکردنەوەى تاک و گروپ و تەواوى کۆمەڵگاکان پیادە بکەن دەربارەى گەورەیى و گرنگى دارستان و پاکڕاگرتنى ژینگەى گۆى زەوى و ئەویش بە ڕوواندنى زۆرترین ژمارەى دارو درەختەکان دەبێت.
کوردستانى خۆشمان هیچ بەدەر نیە لەو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیانە و هەق وایە لەئایندەدا لەلایەن حکومەت و پەڕلەمانى کوردستانەوە یاسا و ڕێساى پێویست لەوبارەویەوە دەربچێت بەخزمەتى زیاترى پاراستنى ژینگەى کوردستان لە پیسبوون و سووتاندن و لەناوچوون (( چونکە ساڵانە بە دەیان هەزار دۆنم لە پوش و پەڵاش و پاوان و دارستانە سروشتیەکان لە کوردستاندا بە بەرنامە و لەڕێگەى دەستى تێکدەر و هەندێک جاریش بەهۆى سروشتیەوە کارەساتى ئاگرکەوتنەوە ڕوودەدەن))، چونکە چەندە ژینگەیەکى پاکوخاوێنمان هەبێت ئەوەندەش تاکێکى ساغڵەم و تەندروستمان دەبێت لەڕووى جەستەیى و بیرکردنەوە و ئازادى و داهێنان و بەخششەکانیانەوە،جا بالەپێناو فەراهەمکردنى ژینگەیەکى پاکوخاوێندا لە کوردستان و جیهاندا کاربکەین بۆ پاراستنى ژینگەکەمان لە ئاو و خاک و هەوا و ژیان و شارستانیەتى مرۆڤایەتیش بۆ سەدان ساڵى تر درێژە پێبدەین.

سەرچاوەکان:
1. https://www.elwatannews.com
2. https://ar.wikipedia.org/wiki
3. https://www.aljazeera.net/news
4. http://www.bbc.com/arabic

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت