بورهان شێخ ڕەئوف: کۆبوونەوەکانى کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان/ خوولى 74.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمساڵ خوولى حەفتاو چوارەمى کۆبوونەوەکانى کۆمەڵە گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵى 1946 ەوە بەردەوام ساڵانە دەبەسترێت، سەرکردەکانى وڵاتانى جیهان کۆدەبنەوە بۆ باسکردن و لێکۆڵینەوەى هەموو ئەو کێشەو قەیرانانەى کە ڕووبەڕووى گۆى زەوى دەبنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دواى کۆتایى هاتنى شەڕى گێتى دووەمەوە دامەزرا سەرەتا ژمارەى ئەندامەکانى 51 وڵات بوو بەڵام ئێستا لە ساڵى 2019 ەدا بووەتە 193 وڵات، جگە لە دوو وڵات کە سیفەتى چاودێر یان هەیە ئەندامى هەمیشەیى نین ئەوانیش فاتیکان و فەلەستینە.

گرنگترین ئەو بابەتانەى کە ساڵانە باس کراون لە UN تا ئێستا
گرنگترین ئەو بابەت و کێشانەى لە ساڵانى ڕابردووى تەمەنى 74 ساڵەى نەتەوە یکگرتووەکان باس و خواستیان لە سەر کراوە خۆى لە شەش تەوەردا دەبینێتەوە ئەوانیش ئەمانەن:
1- ململانێى عەرەب ە ئیسرائیل: کێشەى عەرەب و ئیسرائیل لە حەفتا ساڵى ڕابردوو دا لە دواى دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل لە ساڵى 1948 بە تایبەتى فراوانترین ڕووبەرى لە کۆبوونەوەکانى ئەم دامەزراوە گرنگە داگیر کردووە سەبارەت بە کێشەى پەنابەرە فەلە ستینیەکان و بنیاتنانى ئۆردوگا یەهودیەکان لە سەر خاکى عەرەبەکان و ئابڵوقەى غەزەو زۆر بابەتى تر ى پەیوەست بەو ململانێ ئاڵۆزو خوێناوییە، تا ئێستاش ئەم ڕێکخراوە نەیتوانیووە ئەم کێشەچارەسەر بکات.
2- چەکى ئەتۆمى : نەتەوەیەکگرتووەکان چونکە لە دواى شەڕى جیهانى دووەم دامەزرا یەکێک لە ئامانجەکانى ئەوە بوو کە ئاشتى و برایەتى گەلان بپارێزێت لەبەرئەوەى ئەگەرى ئەوە هەبوو شەڕ مرۆڤایەتى بسڕێتەوە کۆتایى پێ بێنێت، لە بەرئەوە لە یەکەم بڕیاریاندا باسى چەکى ئەتۆمیان کردووەو بڕیارى ئەوەیان دا کە لیژنەیەک پێک بهێنن بۆ ئەوەى چوارچێوەیەک دابنێن بۆ ئەوە ى لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان سنوردار بکەن و بڵاونەبێتەوەو لە کۆتاییدا داماڵینى هەموو چەکە ئەتۆمیەکانى لێ بکەوێتەوە. شایانى وتنە ئەمەشیان بۆ جێ بە جێ نەکرا و بگرە بە شێوەیەکى زۆر بەر بڵاو بڵاو بوویەوە تەنانەت ئێستا زۆر وڵاتى جیهان خاوەنى چەکى ناوکین.
3- داماڵینى چەک.
4- مافى مرۆڤ: لە ساڵى 1948 کۆمەڵەى گشتى نەوەیەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوى جیهانى مافى مرۆڤى بڵاوکردەوە لە چوارچێوەى بڕیارى A127 کە دواتر ئەم دۆکۆمینتە گرنگە کاریگەرى زۆر ى هەبوو لە سەر یاسا ناوخۆییەکانى زۆربەى وڵاتان کەبووە هۆى چەسپاندنى سەروەر یاسا لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکانیشدا.
5- ئیمپریالیزم و داگیرکارى: میساقى نەتەوەیەکگرتووەکان کۆتایى بە ئیمپریالیزم و داگیرکارى وڵاتان هێنا ئەگەر بە شێوەیەکى تەواویش نەبێت.
6- گەشەى ئابوورى.

دۆسیەکانى بەردەم ئەم خوولە ى کۆمەڵەى گشتى UN
کۆبوونەوەکانى ئەم خوولە جیا لە خوولەکانى پێشوو لە بارودۆخێکدا گرێدەدرێت کە زۆر کێشەو ململانێ ى ئاڵۆز سەخت لە سەر ئاستى جیهان لە ئارادان لەوانە کێشەو ململانێکانى ناوچەى کەنداو، ئەمریکاو ئێران لەلایەک عەرەبستانى سعوودیە و ئێران لەلایەکى تر. جگە لە ناکۆکیەکانى هندو پاکستان لە سەر هەرێمى کشمیر. سزاکانى ئەمریکا لەسەر فەنزویلا و کوبا، دۆسیەى ئەتۆمى کۆریتى باکور، بریکست و دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا.
هەروەها ئەم خوولە زۆر دۆسیەى هەستیارو پڕ لە سەرئێشەى ترى لەبەردەمدایە کە دەخوازێت کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى هەڵوەستەیان لە ئاستدا بکات و خەمى جدییان لێبخوات ئەوانیش کێشەکانى سوریا و لیبیا و یەمەن فەلەستین و ململانێ ى مێژوویى عەرەب ئیسرائیل و کێشەکانى بازرگانى جیهانى وژینگەو پەستانەوەى گەرمى و مادە هۆشبەرەکان و دیاردە تیرۆر و چۆنیەتى بنبڕکردن و بەگژاچوونەوەى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت