کاوسێن بابەکر: گەردەلولی شۆڕش! عێڕاق بەرەوکوێ دەبا؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەعێڕاقدا ڕوودەدات بەمانای ووشە شۆڕشە، ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن دەیانەوێ لەڕەگەوە هەمووشتێک بگۆڕن. واتا گەردەلولەکە نیازی وانیە حکومەت بەحکومەتێکی نوێ بگۆڕێ و چاکسازی بکا، بەڵکو دەیەوێ هەرچی حزبە، کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوەوە لە 2003، وە دەرکەوتون ڕابماڵێ و، هەرچی سەرکردەی سیاسیە ڕەوانەی لێپێچینەوەی دادگابکاو لەزیندانیان قایم بکات!.
ووشەکانی مەزهەبچێتی و تائیفی بخاتە مۆزەخانەو ئێرانچیەکان بنێرێتەوە تاران و، عێڕاقێکی نوێ، کە خۆیان پێناسەی بکەن دابمەزرێنێ!. هێشتا ڕون نییە نەخشەی ئەو عێراقە چۆن دەبێ. چونکە ئەوان نایانەوێ لەژێر چەتری ئەم دەستورەشدا، کە خەڵکی عێراق دەنگی بۆ داوە بەڕێککەوتنێکی مام ناوەند ڕازی بن! ئەوەی تائێشتا لەئاماژەکانیان دەخوێنرێتەوە. رژێمێکی ناوەندگەرادوور لەمەزهەب دەبێ. دووریش نییە رژێمێکی دیکتاتۆری سەربازی بێتەکایەوە، چونکە نەخشەی هێزو حزبەکان ئەوەمان پێدەڵێن، کە ملکەچی هیچ ڕژێمێک نابن ئەگەر بەزەبری هێز ناچاریان نەکات!دیارە لەو کارەشدا ئێران دەستەوستان دانانیشێ و بەهەموو هێزیەوە بەگژ هەر جوڵانەوەو شۆڕشێکدا دەچێتەوە. چونکە لەکۆتاییدا ئەم گەردەلولە دەستەڵاتی ئێران نەک هەر لەعێڕاق، بەڵکو لەتەواوی ناوچەکە ڕووبەڕووی شکەست دەکاتەوە. وەڵامی ئەم پرسیارە، کێ لەپشت ئەم شۆڕشەوەیە؟ هێشتا کەس بەووردی هەڵی نەهێناوە، کۆنە بەعسیەکانن؟ ئەمریکایە؟ سعودیەو ووڵاتانی کەنداون؟ یان شیعەی عەلمانین و هەموو ئەوانی تریش لەتاریکیدا هاوکاریان دەکەن؟
ئەم شۆڕشە هەر کەسێک وووڵاتێک لەپشتیەوە بێ، بۆتە ئاواتی مەرگ و ژیانی خەڵکی وە تەنگهاتوی عێڕاق و، کە ساڵەهایە داوای نان و ئاوو ژیانێکی ئاسایی دەکات. بەڵام سەرکردەو حکومەتەکان بەچەک و گوولـلەو درۆکردن وەڵامیان داونەتەوە و، بۆتە هەڕەشەیەکی گەورە. چونکە لەناو ماڵی شیعە خۆیدا سەری هەڵداوەو، هەر چەند دەستیان لێ وەشاندون. بەڵام کوردو سوننە نین توندترو ئاگراوی تر بەگژیاندا بچنەوە. بۆیە هەڕەشەکە هەروا گەورەتر دەبێ و، لەکۆتاییدا زۆرنزیکە سەربکێشی بە شەڕی ئەهلی و، عێڕاق بەرەو هەڵدێری هەزار بەهەزار ڕاپێچبکا. پێویستە نەتەوەیەکگرتوەکان هەرچی زووە بە قورساییەکی زیاترەوە فریابکەوێ و، دەستەڵات ناچاربکات بە پەلەتر لەگەڵ شۆڕشگێران لەسەر نەخشەڕێیەکی نیشمانی و ئەقڵانی ڕێکبخا لەژێر چەتری دەستور. ئەگەر نا دەبێ چاوەڕوانی کارەساتی خوێناوی گەورەتر بین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت