رەزا شـوان: منداڵانی کورد و فـرە رۆشنبیری لە هەندەران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئەمـڕۆدا ئێمە لە سەدەی بیست و یەکەمیندا دەژین، سەدەی (رۆشنـبیری گـلۆباڵـیزم)
دەڵێن لە سایەی پێشکەوتن و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیا و داهـێنانی سەیـر و سەمەرەدا، لە سایەی ئیینتەرنێت و ئایفۆنی زیرەک و ئامێری جۆراوجۆر و ئاسانی هـۆیەکانی گەیاندن و پەیوەندیکردن، جیهان بووە بە گونـدێکی بچووک. کۆمەڵگاکان بە شێوەیەکی زیاتر لە رابردوو لە یەکتر نزیکبوونەتەوە و تێکەڵ بوونە. لایەکی کەشەوە بە هـۆی کۆچکـردن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا، بە تایبەتیش لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفـریقاوە. بە هۆی سـتەم و چەوسـانـەوە و سەرکوتکـردن و کوشـتن و برسێـتی و هـەژارییەوە، لە لایـەن رژێـمە فاشستییەکـان و دەسەڵاتـدارانی ستەمکـار و دیکـتاتـۆر و رەگەزپـەرسـتەوە، بە هـۆی نەبـوونی ئـازادی و دیمـوکـراتی و شـەڕ و ناسەقـامگـیریییەوە. خەڵکـییەکی زۆر لە نەتەوەکانی ئەو وڵاتـانە بە ناچـاری کۆچـیان بۆ وڵاتـانی جیهـان کـردوون.
گـەلی کوردیـشمان زیـاتر لە سـەد ساڵە، کوردوستانی نیشـتمانی لی داگـیرکراوە و بەش بەش کراوە. داگیرکەرانی رەگەزپـەرست، بە دڕندەترین شێوە، کورد سەرکوت دەکەن و دەچوسێننەوە، رەشەکـوژی و کۆمەڵکـوژی کوردیان کرد و دەکەن و کوردستان وێـران دەکەن و سیاسەتی خاکی سووتماک جێبەجێ دەکەن. بە هەزاران کوردییان بە زۆرداری لە زێـد و لە نیشتمانی خۆیدا، ئاوارە و دەربەدەر کردوون و دەکەن. لە ترسی کوشتن و گرتن و نەبوونی ماف و ئـازادی و دیموکراتی، لە ماوەی سەدەیەکـدا بە هـەزاران کورد بوونە بە پەنابەر و لە وڵاتـانی جیهـاندا دەژیـن، بە تایبەتیش لە ئەوروپا و ئەمریکـادا.
نزیکەی سێ ملیۆن منـداڵی کوردمان لە هەموو تەمەنەکانـدا، لەگەڵ خـێزانەکانیانـدا، لە هەندەڕان دەژین، گەرچی زۆربەیان لەو وڵاتانە لە دایکبوونە، بەڵام بە هـۆی هۆشیاری دایکان و باوکانیانەوە، سـۆز و دڵسۆزی و خۆشەویستی و هاوبەستەبـوونیان بۆ کـورد و کوردسـتان هەیە، رێز لە داب و نەریتەکان و لە بەهاکانی نەتەوەی کوردمان دەگرن و شانازییان پێوە دەکەن. رادەی ئەم دڵسۆزی و پەرۆشی و هـاوبەستەبـوونەش بۆ رادەی رۆشنبـیری و هـۆشـیاری دایکـان و باوکـانیان دەگەڕێتـەوە. لەوانـەیە لەژێـر کاریگەری رۆشنبیری و فێربوون و خوێندنی زمانی فەرمی زاڵبووی ئەو وڵاتانەی کە لێیان دەژین، کەوتووبێتنە ژێر کاریگەری دوو رۆشنبیریی جـیاوازەوە، رۆشنبـیریی نەتەوەیی کوردی و رۆشنبیریی نەتەوەکانی ئەو وڵاتانەی لێیان دەژین، بە داب و نەریتەکان و بە شێوازی ژیان و بە کولتووری ئەو وڵاتانە ئاشنابوونە. چونکە زۆرترین کاتەکانیان لە پۆل و لە قوتابخانەدا، لەگەڵ منـداڵانی ئەو وڵاتـانەدا بەسەر دەبـن. بە زمانەکـانی ئەو وڵاتـانەش دەدوێـن و دەخـوێنن. تەنیا لە ماڵـەوەدا بە کـوردی دەدوێـن. بـەڵام بەشـی هـەرە زۆری منـداڵانی کوردمان، لە سایەی دڵسۆزی و هـۆشیاری دایکـان و باوکـانیان دا، هەسـت و هاوبەستەبوونی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزیـان بۆ کورد و بۆ کوردستان کـاڵ نەبـۆتەوە. کوردسـتان بە نیشـتمانی یەکەمی خۆیان دەزانن و شانازی پێوە دەکەن.
لە هیچ وڵاتێکی جیهانیشدا، بۆ منداڵانی پەنابەران، قوتابخانەی تایبەتی نییە، تا هەموو وانەکان بە زمانی خۆیان بخوێنن. بۆیە دەچـنە قوتابخانەکـانی ئەو وڵاتانە و بە زمـانی فـەرمی ئەو وڵاتـانە فـێردەبن و دەخـوێنن. شایـەنی باسیـشە لە زۆربـەی وڵاتـانـدا، بۆ نموونە لە وڵاتـانی ئیسکـندنـاڤـیا دا (سویـد و دانیـمـارك و نه‌رویـج) بێجـگە لە زمـانی فەرمی ئەو وڵاتـانە، منداڵانی هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر مـافی ئەوەیان هەیە و رێپـێدراون، کە هـەفـتەی (٢) کاتـژمـێر لەو قـوتابخـانـانەی کە لێـیان دەخـوێنن، فـێری نووسین و خوێنـدن بە (زمـانی دایک) یان ببن. گەر دایک و باوکیان داوای مامۆستای کوردیـیان بـۆ بکـەن. من (نووسه‌ر) سێ ساڵ لە دوو شاری نەرویجـدا، وانـەی زمانی کوردیـم بـە منـداڵانی کوردمـان لە قـوتـابخانە بنەڕەتییەکـانـدا وتـەوە. ئێسـتاش وانـەی کوردی دەوتـرێتەوە. تەنانەت گەر لە شارێکـدا تەنیا یەک قـوتابی نەتـەوەیەکی جـیاواز هـەبێت، مـافی ئەوەی هەیـە، کە داوای مامۆسـتایەک بکات و بە زمـانی دایـکی فـێری بکات. لایـەکی کەشەوە، ئەو وڵاتـانە لەو بڕوایـەدان، هـەر منـداڵـێکی بێگانە بە باشی فـێری زمـانی دایکی ببـێ، باشتریش فـێری زمـانی وڵاتـەکەیـان دەبێـت.
رۆشـنبیری منـداڵان لەم سەردەمەدا، بووە بە پێـویستییەکی پێویـست و بـە یەکـێک لە گـرنگـترین کـۆڵـەکـەکـانی گەشـەکـردن و پـەروەردەکـردنی منـداڵان. لـە سـایـەی ئـەو رۆشنبیرییەی کە لە ئەمـڕۆدا بە (رۆشنبـیری گـلۆبـاڵـیـزم) نـاوی دەبـەن، یـا بـڵێـین لە سایەی فـرە رۆشنبیری و پێشکەوتنی خێرا لە تەکـنەلـۆژیا و زانیارییەکان و داهـێینانی هـەمەجـۆرە و ئاسانی و خـێرایی هـۆیەکـانی گەیانـدن و پەیـوەنـدیکردن، کە رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنـبیریی منـداڵان هـەیە. دەرکەوتـنی زاراوە گـەلـێکی وەکـو: جیهـانی گـریمانـەیی و گۆمەڵگـای گـریمـانەیی، رۆشنـبیرییەکی بێ سـنوور، لە جـیهـانێکی بێ سـنووردا، گـەلێ بەرەنگـاری رووبـەڕووی رۆشنـبیریی منـداڵان بوونەتـەوە. تـرس و مەتـرسییەکی زیـاتر رووبەڕووی ناسنامەی رۆشنـبیری منـداڵان بوونەتەوە، لە بەردەم دایکـان و باوکـان و مامۆستایان و ئەو کەسانەی کە منـداڵان رۆشنـبیر دەکەن. هەنـدێ وایـان پێ باشە کە رۆشنبیریی منداڵەکـانیان سـنووردار بکـرێت، بۆ رەوینەوەی ترس و مەترسییەکان لەسەر ناسنامەی رۆشنـبیریی رەسەنی منداڵان، لە چوارچێوەی هێنانەدی ئاسایشی هـزری منداڵان، کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بە پێویستییەکی زۆر پێویست دەزانن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەلێ بەرهەڵست و هەڕەشە، کە بریتین لە بڵاوبوونەوەی بیری تونـدڕەوی و دەمارگـیری و رەگەزپـەرستی و تـیرۆریستی. بـۆیە رۆشنبیریی منـداڵان لە چـوارچـێوەی ئاساییشی هـزریـدا، لە گرنگـترین ستراتیژییەکـانی رووبەرووبـوونـەوەی بەرنگـارییەکان دایە. پێویستە ئەو میکانیزمـانەش بە وردی دیاری بکـرێن، کە دەکرێت بە کرداری و ئەرێنی لە بواری رۆشنبیری منـداڵاندا جـێبەجێ بکـرێن. تا بتوانن لەگـەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشکەوتنەکانی سەردەمەکەیانـدا دەربەرن، کە یارمەتی گەشەکردنی هـێنانـەدی ئەمانجەکـانی رۆشنبیریی منـداڵانی کوردمان دەدەن.
بێگومان لە ئەمڕۆدا هـیچ کۆمەڵگایەک ناتـوانێت، شوورەیەک بە دەوری خۆیـدا بکێشێ و بە داخـراوەیی بـژی. چونکە رۆشنبیریی کلۆباڵیزمی، هەرەسی بە هەموو سنوورەکان هـێناوە. فـرە رۆشنبیری و لەیـەک نزیکـبوونەوەی نەتـەوەکـان، یەکـێکە لە سیـما و لە دیـاردەکـانی ئـەم سەردەمـە (سـەردەمی جـیهانگـیری) هـەر نەتـەوەیەک وەردەگـرێـت و لێی وەردەگرن. دەبا هەموو پەنجەرەکـانی ماڵەکەمـان بۆ هـاتنە ژوورەوەی رۆشنبیریی بەسوود بخـەینە سەرپشـت، کە بەقـەی هـەڵمـژینی هـەوای پـاک پێـویستە بۆمـان.
منـداڵان لە تەمەنێکی بچـووکـدا، کە فێری هەمەچەشنەیی و جـیاوازی رۆشنبیری دەبن. لە رێی فـرە رۆشنبیرییەوە. تەنیا فـێری ناسـینی جیهـانی دەوروبەریـان و جـیاوازییەکان نابـن، بەڵکو ناسنامە و پێگـەی خۆشـیان لە کۆمەڵگـای جیهانیـدا دەناسن و دەبـیننەوە.
مامۆستایـان رۆڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵان هـەیە، ئەوانـن کە دەتـوانن شێوەی نەوەی داهـاتوو دیاری بکەن. پێویستە بە رۆشنـبیری خۆشەویستی و لێبووردن و یەکسانی و یەکـتری قـبووڵکردن و رێزگـرتن لە هـزر و لە را و لە بۆچوونی جیاوازی کەسـانی تـر پەروەردەیـان بکەن. بۆ ئـەوەی نەوەیـەکی دروسـتـیان لێ بێـتە ئـاراوە.
بمانەوێ و نەمانەوێ، لە ئەمڕۆدا زۆربەی منداڵان رۆژانە، لە رێی پرۆگرامە داڕێژراوە ئەلیکترۆنییەکانەوە، گەلێ لە جۆرەکانی رۆشنبیری بەسەر دەکەنەوە. کە بوونەتە هـۆی دەوڵەمەنـدی لایەنی زانست و زا یارییان. هەیانە لەگەڵ رۆشنبیری کۆمەڵگای کوردیمان گونجـاون. هـەشـیانە ئاسـۆیـەکی فـراونـتر لە بـەردەم منـداڵانـدا واڵادەکـەن بـۆ زانیـنی جـیاوازی رۆشنـبیریی گەلانی جـیاواز لە زمـان و جلوبەرگ و خواردن و داب و نەریت.
خێزانەکان بەرپـرسێـتی پەروەردە و رێنمایی و چاودێریی منداڵانی بچـووک هەڵـدەگرن.
فـرە رۆشنبیری، لە باخچەیەکی گوڵ هەمەڕەنگە و هەمەچەشنە دەچـێت، کە هەر جـۆرە گوڵـێک رەنگ و جـوانی و بۆنی خۆی هەیە، سەرجەم پێکەوەش، بوونە بە باخچەیەکی رەنگـینی جـوان و قەشەنگ و دڵگـیر و بۆن و بەرامە خۆش. لە پەلکەزێـڕینەی حەوت دەچـێ، کـە هـەر رەنگـێک لە رەنگەکـانی جـیاوازە و جـوانی خـۆی هـەیە، کە پێکـەوە لەسەر سنگی ئاسمانـدا، کەوانەیـەکی رەنگـینی جـوانی ئەفـسوونـاوی پێـشان دەدەن.
با لە منداڵییەوە منداڵە چاوگەشەکانی کوردمان، بە فـرە رۆشنبیری رابهێنین، ناسنامەی رەسـەنی رۆشنـبیری کوردیـشمان لایـان شـیریـن بکـەین، تـا پارێـزرگـاری لـێـبکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت