عەتا قەرەداخی : بەرەو کۆبانێ  – پاشەکشەى حیزب و پەرەسەندنی نەتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باسی ئەوە ناکەم کە ئایا ئەوە بەرهەمی عەقڵی سیاسی سەرکردایەتی باشووری کوردستانە کە بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەى داوە بچێتە کۆبانێ بۆ یارمەتی دانی شەڕڤانانی یەپەگە ، یان پێشنیاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بووە یان پێشنیاری ئەمەریکا ، ئەوەیان بابەتێکە رەنگە پێویستی بە زانیاری وردو داتا هەبێت لەئێستادا، هەرچەندێ دەشێ دواتر ئەوە ئاشکرا ببێت . لەگەڵ ئەوەشدا من ئاواتەخوازی ئەوەم کە ئەوە بەرهەمی عەقڵی سیاسی کورد خۆی بێت و دەرهاوێشتەى هەستکردن و بڕوابوون بێت بە یەکێتی نەتەوەیی کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستاندا ، کە بێگومان هەستکردنێکی لەوجۆرەو بیرکردنەوەی لەوجۆرەش پەیوەستە بە ئاستی پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردییەوە ، واتە ئەگەر ناسیونالیزمی کوردی بەجۆرێک پەرەبسەنێت کە ببێـە خاوەنی شووناسی راستەقینەى خۆی ئەوا ئامانجی سەرەکی و بەرنامەى سەرەکی دەبێتە کارکردنی هەموو کوردان وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو ، دیارە ئەوکاتەش نەک سنوورە تەسکەکانی نێوان بیرکردنەوەى حیزبیانەى تەسک و ناوچەگەری تەسک هەڵدەوەشێتەوە بەڵکو بیری نەتەوەیی سنوورە دەستکردەکانی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوەو ئەگەر تەنانەت لە سەر زەمینەى واقیعیش ئەوە نەتوانرابێت بەدێبهێنرێت ، ئەوا لەسەر ئاستی بیرکردنەوەو بڕوابوون دەبێتە شتێکی جێگیر کە کوردستان یەک نیشتیمانەو کورد یەک نەتەوەیە .
دیارە لەسەر ئاستی جەماوەر ئەو تێڕوانینە بەرەو پێکهاتن دەچێت، ئەوەش مانای وایە کە ناسیونالیزمی کوردی لەسەر ئاستی جەماوەریی لە پێش نوخبەی سیاسی و حیزبیەوەیەو زیاتر بەرەو پەرەسەندن دەچێت کە ئەوەش ئاماژەیەکی گەشە بەرەو ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستانی گەورە. واتە لە راستیدا جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گشتی ئێستا روو لە یەکگرتن و یەکبوونە ، هۆی سەرەکی ئەوەش ئاراستەی روو لەگەشەکردنی ناسیونالیزمی کوردییە کە ئەوەش لە لەسەر ئاستی جەماوەرییە ، بەڵگەش بۆ ئەوە بەرزبوونەوەى ئەو دەنگە راستەقینەى جەماوەری گەلی کوردە بۆ هاریکاریکردن و پاڵپشتی کردنی کۆبانی لە هەر چوارپارچەى کوردستان، کە دیارە دەنگی راستەقینەى جەماوەر کە هەڵقوڵاوی کۆنەستی کۆمەڵایەتی گەلی کوردە دەربڕینی راستەقینەیە لەو هەستەو لەو ئینتیما نەتەوەیی و نیشتیمانییەى کە پەرەسەندنی ناسیونالیزمی کوردی لە ئاستی جەماوەریدا درووستی کردووە کە ئەمەش بە چەندین قۆناغ لە پێش هەستی ناسیونالیستی و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی حیزبی کوردییەوەیە کە ئەوان هەموو شتێکیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیەکانی خۆیانە هەرئەوەش وای لێکردوون لەو بارودۆخە ناهەموارەدا کە کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت موزایەدە لەسەر هەڵوێست بکەن کە ئەو هەڵوێستەش بێجگە لە درۆیەکی گەورەو خزمەتکاری بۆ ئاغا ئێرانی و تورکییەکانیان هیچی تر نییەو بەڵکو لە ئاستێکی تردا جۆرێکە لە سواڵکردنی بەدەستهێنانی پشتگیری جەماوەر، کە دیارە جەماوەر ئێستا لەوە هوشیارترە کە بەو هەموو درۆو دەلەسەو موزایەدەکردنانەى حیزبی کوردی بڕوا بکات . بەهەرحاڵ ئەوەى گرنگە لە هەموو کاتێکدا جەماوەرە. هەروەکو لە سەرەتای ئابڵوقەدانی ( کۆبانێ ) وە لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە، بینیمان جەماوەری کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستان و تەنانەت کوردانی دەرەوەش بەپەرۆشەوە پشتگیری ئەو بەشەی نیشتمان و نەتەوەکەى خۆیانیان کرد. تاکو ئێستاش ئەو پشتگیریە بەردەوامە . بە تایبەتی لەو ساتەوە پێشمەرگەى باشووری کوردستان بەرەو کۆبانێ کەوتووە رێ جۆش و خرۆشێکی بەهێزتر لای جەماوەر بۆ پشتگیری پێشمەرگەو کۆبانێش دەبینرێت . بە چاوی خۆمان بینیمان کە چۆن جەماوەری باشووری کوردستان لەمبەرو ئەوبەری شەقامەکاندا راوەستابوون بۆ پشتگیری کردن لە جوڵەى ئەو هێزە بەرەو کۆبانێ، هەروەها لە شاشەکانەوە بینیمان چۆن کوردانی باکور بە چاپکە گوڵ و بە ئاڵای رەنگینی کوردستانەوە لە پێشوازی تێپەڕبوونی هێزی پێشمەرگەدا بەو بەشە داگیرکراوەى نیشتیمانەکەماندا راوەستابوون. لەلایەکی تریشەوە دەبیستین کە شەڕڤانانی رۆژئاوای نیشتیمان بەدڵخۆشیەوە چاوەڕوانی گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ دەکەن .
لێرەوە دەردەکەوێت کە چۆن جەماوەری خەڵکی کوردستان وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیری نیشتیمانە دابەشکراوو داگیرکراوەکەیان دەکەن و چۆنیش ئازارەکانی هەر جێگاو شوێنێکی ئەم نیشتیمانە بە ئازاری جەستەى خۆیان دەزانن . بێگومان ئەمەش وەکو باسمان کرد دەرهاوێشتەو بەرهەمی بەهێزبوونی ناسیونالیزمی کوردییە کە بەرەو ئەوە دەچێتە ببێتە بەرنامەى پرۆژەیەکی نەتەوەیی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە کە تەنیا ئەوەش دەبێتە پرۆژەى رزگاری نیشتیمانی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر خاکی کوردستانی گەورە کە ئەوەش کاتێک دەبێت کە ناسیونالیزم ببێتە بەرنامەی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لەسەر ئاستی کوردستان و هێزێکی ئەوتۆی لێبەرهەم بێتــــ کە هەموو سنوورە حیزبی و خێلەکی و ناوچەییەکان هەڵوەشێنێتەوە و کوردو کوردستان بکاتەوە بە یەکەیەکی یەکگرتوو بە جۆرێک هەموو دامەزراوە بچوک و لۆکاڵیەکانی پەیوەست بە ناوچەیەک یان بەشێک هەڵبووەشێنێتەوەو یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنێت. هەر لێرەوە دەشێ و ئەگەری ئەوە هەیە لەم قەیرانەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، نەخشەى دانراوی سایکس بیکۆ هەڵوەشێـەوەو ئەگەر کورد ئەو یەکێتیە نەتەوەییەی بۆ پێکبێت ئەوا هەنگاوی گرنگ بەرەو ئایندەو بەرەو هاتنە ناو مێژوو دەنێت. ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی جەماوەری پێ:دێت و لەبارێکی وەهاشدا رووبەری ئامادەبوون و خۆبەخاوەنکردنی حیزبە ناوچەیی و لۆکاڵیە کوردییەکان تەواو تەسک دەبێتەوە. کەواتە ئێستا ئێمە لە قۆناغی بەرەو پێکهاتنی نەتەوەداین کە ئومێد وایە ئاراستەى رووداوەکان کارکەری یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەى ئێمە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت