Mstefai-Said-qadir-Barzani

دەرسیم پێشەوا: نامەیەک بۆ وەزیری پێشمەرگە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی باشووری کوردستان

بابەت/ دانانی سنورێک بۆ ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش

بەڕێز مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، لەم دواییەدا جۆرەها ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لەلایەن پێشمەرگەو هاووڵاتییانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتەکانی فەیسبووک، یوتوب و تویتەر بڵاودەکرێنەوە، کە چەندان کلیپی قێزەون و دوور لە ئاکار و ڕەوشتی پێشمەرگە، کورد و نەتەوەیەکی خۆ بە دیموکراسی زان، ڕەچاوکەری مافی مرۆڤ، ئاشتیخواز و باوەڕ هەبوو بە جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤی تیادا بەدی دەکرێت!

ئەم ڤیدیۆ کلیپانە، کە جوێن پێ دان، ئەشکەنجەدان، بە بەرد کوشتن ( ڕەجم کردن )، سەربڕین، دەستکاری کردنی کوژراوەکان و ڕاکێشانی تەرم بەدوای ئۆتۆمۆبێلی تێدایە، بمانەوێ و نەمانەوێت لای خەڵکی ئەوروپا و جیهانی دەرەوە، کاری نەرێنی دەکاتە سەر ناو و ناوبانگی کورد و پێشمەرگە و ناشرین کردنمان و نەهێشتنی جیاوازییەکان لەنێوان ئێمە ( پێشمەرگە و کورد ) لەلایەک و داعش لەلاکەی ترەوە.

ئیمڕۆ پێشمەرگە بەتایبەت و کورد بەگشتیی لە هەموو جیهاندا بوونەتە سیمبۆلی ڕزگاری، پارێزەری کەمەنەتەوەکان، پارێزەری مافی مرۆڤ، وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان و هێزی تاریکخوازی داعش. بۆیە داواکارم دەسەڵاتی خۆتان وەکو وەزیری پێشمەرگە بەکاربهێنن تاوەکو ئەو سیمبۆلە وەک خۆی بپارێزن و هەرچی زووشە سنورێک بۆ ئەم کارە قێزەونانەی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی کوردستانی دابنێیت و چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت هەرکەسێک بە ئارەزووی خۆی توندوتیژی بەرانبەر بە دیل و ڕەفتاری دوور لە خەسڵەتی مرۆڤایەتی لەدژی کوژراوەکانی داعش پیادە بکات، یاخود ڤیدیۆ کلیپی لەم چەشنەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە، کە دڵنیام ئەم ڕەفتارانە زیانی گەورە بە پرسی کورد و ناوبانگی پێشمەرگە دەگەیەنن و دیواری بەرزی جیاوازییەکانی نێوان ئێمەی کورد و تیرۆریستانی داعش دەڕوخێنن و تێکەڵ بەیەکمان دەکەن، کار وا بڕوات ئەوروپییەکان بەیەک چاو سەیری ئێمەی کورد و داعش دەکەن.

ئێمە خۆمان گلەیی و گازاندە لە کار و ڕەفتارە دڕندەکانی تیرۆریستانی داعش دەکەین، ئەی ئەگەر هێزەکان و هاووڵاتییانی خۆمان هەمان ڕەفتار و کرداری داعش بەرانبەر بە دیل و کوژراوەکانی داعش بکەن، چ جیاوازییەک لەنێوانماندا دەمێنێ؟ کاتێک مرۆڤێکی ئەوروپی، دڕندایەتی تیرۆریستانی داعش دەبینێ و لەهەمان کاتدا مامەڵەیەکی ناشیاوی هێزەکانی پێشمەگە لە ڤیدیۆ کلیپێکدا دەبینێ بەرانبەر بە دیلێک یان کوژراوێکی داعش، بەدڵنیایی و سەدا سەد بۆچوونی لە بەرانبەر بە کورد و هێزی پێشمەرگە دەگۆڕێ و لەلای خۆیدا ئێمەش بە تیرۆریست دادەنێت! 

نووسینی ئەم نامەیەش بۆ بەڕێزتان لە دڵسۆزیمەوەیە بۆ خوێنی شەهیدەکانمان، کورد، کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەرجەم بەرەکانی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی نەتەوەکەمان، بۆ ئەوەی ئەم پشتیوانی جیهانی و دەستکەوتانەی لە سایەی بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش بۆ کورد بەدەست هاتووە لەبەین نەبرێن و بەفیڕۆ نەچن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت