عیماد عەلی : چۆن مامەڵە لەگەڵ یاساشکێنیی دەسترۆیشتوانی کوردستاندا بکەین ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمووان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردەکانیشیەوە کۆکن لەسەر ئەوەی لە روداوەکانی ئەم دواییە و لەهەمان کاتدا مانەوەی بەرزانی لە پۆستەکەی یاساشکێنی کراوە و ، تەنانەت نیچیرڤان بارزانی لە تارانەوە دانی بەو حەقیقەتە نا و، رایگەیاند هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی بۆ مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەیدا نیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەڵوێستی خۆیان بەردەوامن و مێشیش میوانیان نیە .
ئەمەیە عەقڵیەتی بەرێوەبردنی کاروباری هەرێم و ، ئەمەش ئاستی بیرکردنەوە و رۆشنبیری دەسەلاتی هەرێمە و ، ئەمەش واقعەکەیە، دەبێت بە جوانی و قوڵی بیبینیت و ، بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی ئێستا و دوارۆژی کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت . چۆن ؟ ئەگەر بتەوێت دوور لە خواست و ستراتیجیەتی کۆی گشتی گوشاوەی بیر و فکر و عەقڵیەتی سەرکردایەتی کوردستان مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەیت و ، بە پێی هەڵوێستی خەڵک و ئامانجی سەرەکی گەلی کوردستان و قوربانیدانەکانی بجوڵێیتەوە، دەبێت یەکێک لەو چەند رێگە سەخت و تەسک وئازاربەخشانەی کە لەبەردەمدایە بگرینەبەر :
1 – کە لە خواست و بۆچونی گەلی کوردستان بەدەرە ، ئەویش دروستکردنی دوو هەرێم یان کانتۆن یان دابەشبونی هەرێمی کوردستان بە سەر هەردوو روبەری دەسەڵاتەکەی شەری نێوخۆ بە هەر شێوە و میکانیزمێک بێت . ئەمەش زۆرێک لەوانەی بێئومێد بوون لە کردەوە و بۆچون و عەقڵیەتی سەرکردایەتی لایەنەکان و سەرانی کوردستان بەگشتی و ، خۆیان لەئامانجە سەرەکیەکە دەبورن، بە چارەسەرێکی ریشەیی لەقەڵەم دەدەن ، سەرەرای ئەوەی ئەم رێگەیە کۆی گشتی پرسی کورد دەخاتە ژێر پرسیارەوە . ئەمەش سەلبیاتێکی یەکجار گەورەی بۆ ئەزمون و مێژوو و دوارۆژی گەلی کوردستان دەبێت . بەم دابرانە دەکرێت لە ململانێ توندەکانی نێوان لایەنە نەیارەکان کەم بکرێتەوە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئارامی ببەخشێت ، بەڵام لە بەرامبەردا ، دەبێت دەردانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەکانی ئەم رەفتارە بە وردی بخوێنرێتەوە ، بۆ ئەوەی لایەنە سلبیەکانی لەگەڵ چارەسەریەکانی تردا بەراورد بکرێت .
2 – بۆ کاتێکی دیاریکراو و بە هێمنی و هەستی بەرزی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ عەقڵیەتی دەسترۆیشتوی دەسەڵاتی کوردستان و بریارەکانی پارتی دیموکراسی کوردستان بکەیت و ، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کوردستان چاوپۆشی لە مافی گشتی گەلی کوردستان بکەیت و ، دەست بۆ هیچ دابران و یەکتربرێک نەبەیت و ، پارتی و دسەڵاتی بەزۆر سەپێنراوی هەرێم سەرپشک بکەیت بۆ ئەوەی ماوەیەک ، سەرەرای ئەوەی لە دەسەڵاتی تاکرەوی خۆی بەردەوام بێت ، بەڵام لاتەریک بکرێت و لە لایەن هیچ حزب و کەسایەتیەکەوە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵدا نەکرێت بە تەنها بمێنێتەوە و ئەوەی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵدا بەردەوام بێت رێ و شوێنی لەگەڵدا بگیرێتە بەر و سەرزەنشت بکرێت، بۆ ئەوەی بەخۆیدا بچێتەوە و هەست بە هەڵەکانی بکات و ، واتە بەتەنها بیدەیتە دەست زەمانە و قەدەر . کە ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا بیرکردنەوەیەکی یەکجار نا زانستیانەیە ، بەڵام تەسلیم بون بە واقع و پەنا بردن بۆ رێگە چارەیەکی نازانستی لە زەرەری گەورەتت بپارێزێت ، بە زانستی دەبینرێت و عەقڵی تێدەچێت .
3 – هەوڵدان بۆ دووبارە گەرانەوە بۆ فیدراڵی پارێزگاکان لە چوارچێوەی عیراق و خۆبەستنەوە بە ناوەندێتی عیراق لە سایەی دەستورە فشەڵە فیدراڵیەکەیدا، ئەمەش زیاتر بێ ئومێدی لە دڵ و دەروونی خەڵک دەچێنێت، بەڵام لە زۆر رووەوە دوا چارەسەرە ، ئەگەر دەسەلاتی ناوەند تێگەیشتنی عاقڵانە و پێشکەوتنخوازانەیان بۆ ئەم بژاردەیە هەبێت ، کە من لەو قەناعەتە نیم بە عەقڵیەتەی دەسەڵاتی ناوەندی ئێستای عێراق ، بە شێوەیەکی گونجاو و حەقانی مامەڵە لەگەڵ کوردستاندا بکەن ، وەک تا ئێستا لە رەفتاریاندا دەردەکەوێت ، ئەوە لەوەش گەرێ کە خەونە سەرەکیەکەی کورد لە گۆر دەنرێت .
4 – پشت بەستن بە ئەگەرێکی دوور ، کە لە کردەوە و رەفتارێکی هاوبەشی چوار لایەنەکە بەرجەستە ببێت : ئەویش کشانەوە لە حکومەت و بەجێهێشتنی دەسەڵات بۆ پارتی لەم قۆناغە و روو کردنەئۆپۆزسیۆن بونی هەرچوار لایەنەکە ، بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی هەڵە زەقەکانی دەسەڵاتی دەسترۆیشتوی هەرێم ببورن و، خەڵک لەوە یەکلایی بێتەوە کە کێ بارودۆخەکە بە تەوای بەرەو ئاقاری خراپ دەبات، لەوێشدا بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت .
5 – پەنا بردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ، کە یەکێکە لەچارەسەرى ریشەییەکان ، بەڵام ئەگەری خراپیشی تێدا چاوەرێ دەکرێت . ئەگەر لایەنەکان بگەنە قەناعەت بۆ روکردنە ئەم چارەسەرە ، لەم کاتە زۆر هەستیارەی کە لە قوڵایی ناکۆکیەکانداین ، ئەگەری توندو تیژی و بەلارێدابردنی هەڵبژاردن و ئابروچونی ساختەکاری و سومعەت و کەرامەتی هەرێم دەخاتە ژێر هەزار پرسیارەوە و تەنانەت ترسێکی گەورە لە شەر و پێکدادانیش دەکرێت .
ئەگەر باوەرمان بەوە هەبێت کە دەبێت لەکۆتادا هەر راستیەکان راست دەربچن ، ئەوە هێمنی و سەبر و لە خۆبردوویی و زۆر هەست بە بەرپرسیارێتی کردن، لەلایەن چوار لایەنەکەوە دەوێت ، چونکو خەڵک لە دەسترۆیشتوان شۆراوەتەوە، لەبەر ئەوەی بەو رەفتارە نا یاسایی و نادیمورکاسیانەیان، حەقیقەتی بیرکردنەوە و روانینیان بۆ قوربانیدانەکانی خەڵک و ئەزمونی کوردستان دەرخست .
رادەی پەرۆشی هەمو لایەک لەم کاتەدا بە ئاستی قوربانیدان بە بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان دەپێورێت ، نەک قسەی رووت و ئیدعای بەتاڵ، لەم قۆناغەدا زۆرێک لە نهێنیەکانی هەموو لایەنەکانی خرایە سەر بەڕە . بۆیە ئێستا خەڵک چاوەرێی دەستی چوار لایەنەکە و خەڵکانی عەقڵمەندی دەرەوە و نێوخۆی ئەم چوار لایەنەن ، بە هەموو قوربانیەکی حزبی و لەپێناو گەلی کوردستان ، پارتی ناچار بکەن بۆ ملدان بۆ رێگەچارە گونجاوەکانی قەیرانەکە و هاتنە خوار لە کەلی شەیتان ، بۆ ئەوەی لەوەش زیاتر سواری سەری خۆی نەبێت ، ئەگینا وا بزانین پارتی و لەم کاتەدا بەم عەقڵیەت و بیرکردنەوە و مواسفات و سەرکردایەتیەوە بە وروژاندن و عینادی و رەفتاری توند بێتە ژێربار، لە پێشبینی هیچ کەسێکدا نیە ، دەبێت خەڵک پەنابردنەکانی پارتی بۆ دوژمنان لەبەرچاو بگرێت کە سڵی لە هیچ شتێکی نەکردۆتەوە لە مێژووی خۆیدا . ئەمەش هۆکاری بابەتی خۆی هەیە کە لە رادەی رۆشنبیری و هۆشیاری خەڵک و بیروباوەریان لەم قۆناغە سەختەی ژیانی کوردستاندا دەبینرێت ، ئەگینا سندوقی دەنگدان زۆر شت یەکلایی دەکاتەوە ئەگەر گەل بە جوانی بیربکاتەوە و هەڵسەنگاندن بکات .
با ئەم قۆناغە تێپەرێنین و پلان و بیرکردنەوەی عاقڵانەی نوخبە زۆر شتی تریش یەکلایی دەکاتەوە . ئەوەی پەندی لێوەربگرین ئەوەیە : ئەمریکا بەم زلهێزەی ئیستایەوە لەسەرەتاوە تاوەکو ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت ، خەڵکی نوخبە پیشرەوی دەکەن ، نەک کۆی گشتی عەقڵی گەلی ئەمریکا . بۆیە ئەرکی قورس دەکەوێتە سەر نوخبەی بەرپرسی کوردستان بە حزبی و بێلایەنیەوە ، بەڵام مانەوەی ئەم قەیرانە وەک خۆی تەنها لەقازانجی موحافزکارانی کوردستانە و ، لە دژی رێرەوی راستی گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکانە .

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت