حەسەن حسێن : ئەنفال و ژیانی دیسپۆزەبڵ .    

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنفال و نەژادپەرستی ، دوو دەستەواژەن کە بە نزیکی بوونەتە هاولفی یەکتری ، زۆر بەسادەیی لەبەر ئەوەی هەموومان دەزانین کە ئەنجامدەرکەی رژێمێکی سیاسیی نەژادپەرست بوو . ئەوەی جێگەی تێڕامانە چەمکی نەژادپەرستی هەمیشە وێنای خودێکی یەکپارچەی لە ئەندێشە و وشیاریی کۆمەڵایەتیی کوردیدا لە بەرامبەر ئەوێکی دەرەکیدا دروست کردووە . بۆیە لە پرسی ئەنفالدا ، شۆڤێنی و نەژادپەرست وەک سیفەتێک دراوەتە پاڵ سیاسەتی دەوڵەت و کەمتەرخەم ، نابەرپرس و بێباکیش دراوەتە پاڵ مامەڵەی حزب و دەسەڵاتی کوردی لە تەک ئەم پرسەدا . هەر ئەم تێگەیشتنەیشە کە فاکتەرێک بووە بۆ دروستبوونی وەهمی هەستی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش . وەهمێک کە پەردە بەسەر ئەو جیاکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا دەدات کە لە نێوان پێکهاتە و گروپەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە . واتە ئەنفال بەرلەوەی لە جیاکارییەکی رەگەزپەرستانەی دەرەکییەوە سەرچاوەی گرتبێت ، دەرەنجامی جیاکارییەکی قووڵی ناوەکییە کە ژیانی مرۆڤەکان دەخاتە نێو روانینێکی سوودخوازانەی ( النفعیة ) سیاسی ـ  کۆمەڵایەتییەوە .

بەم مانایە ئەنفالکراوان و کەس و کاریان بە تەنها قوربانیی نەژادپەرستییەکی دەرەکی نین بەڵکو قوربانیی نەژادپەرستییەکی ناوەکیشن . ژیانی ئەو خەڵکە لەلایەن بەعسەوە بۆیە کرایە ئامانج ، چونکە لە روانگەی ئەوەوە ئەم گروپانە لە دەرەوەی سیستمی سیاسی ، قانونی و کۆمەڵایەتین، فەزایەک کە هەم خەڵکەکە و هەم ژینگەکەی بەنیسبەت بەعسەوە زیادە و دیسپۆزەبڵە ، لە بنەڕەتدا شیاوی ئەوەنین کە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە ( شتێک کە جیاواز بوو لەگەڵ هەلومەرجی دوای ئاشبتەڵی 1975 کە دەوڵەت ئەو دەمە پرۆسەی راگواستنی گوندەکانی کوردستانی لە ژێر ناوی تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ ژیانی شارستانی و نیشتەجێکردنیان لە ناو ئۆردوگاکاندا بە ناوی گوندی هاوچەرخەوە ئەنجام دا ) بۆیە ژیانی ئەم گرووپە مرۆییانە کەڵکی نییە . حزبی کوردیش بە پێی رێبازی فەلسەفەی نەفعی مامەڵەی لەگەڵ ژیان و مەرگی قوربانییەکاندا کرد ، لە کوێدا پێویست بووبێت هێناونییەتە ناوەوە و لە کوێشدا پێویستی نەبووبێت فڕێی داونەتە دەرەوە . مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئەنفال بە تەنها وەک کەرەسەیەکی سیاسیی بەرژەوەندخوازانە نەک مرۆیی راستەقینە و کردنی بە کەرەسەیەک بۆ موزایەدەی سیاسی ، لەو روانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژیان و مەرگی قوربانییەکان وەک ژیان و مەرگێکی دیسپۆزەبڵ سەیر دەکرێت . واتە لەو کاتەدا کە یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تریش بەگوێرەی قەبارەی خۆیان پێویستیی ماددی و لۆجیستییان بە خەڵکی گوندەکان بوو ، وەک پەناگەیەک و دواتریش لە پرۆسەی ئەنفالدا وەک درعێکی مرۆیی بەکاریان هێنان ، ئەوان خەڵکانێکی سوودمەند بوون .

بەڵام بە نەمانی ئومێد بەو سەرپەنایە و لاسەنگبوونی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی حکومەت ، ئیدی ژیانی ئەم گروپە لە مرۆڤەکان لە لای حزبی کوردی دەبێتە شتێکی زیادە کە قابیلی دەستبەرداربوونە بۆیە بە سانایی بەجێدەهێڵرێن . لە دوای پرۆسەی ئەنفالیش لەو شوینەدا کە پرسی ئەنفال سوودێکی ماددی یا سیاسی بۆ ئەم دوو حزبە تیا بووبێت ، پرسەکەیان هێناوەتەوە ناوەوە ، دەنا ئەم پرسە هەمیشە وەک پرسێک لە دەرەوەی دنیای خۆیان سەیریان کردووە . ئەمە ئەو شۆڤینیزمەیە یا نەژاد پەرستییە شاراوەیەیە کە ژیژەک ئاماژەی بۆ دەکات و جیاوازە لە چەمکە تەقلیدییەکەی نەژادپەرستی .

بێدەنگی دەوڵەتان و ناوەندەکانی بڕیاریش هەر لەو روانگە بەرژەوەندخوازانەوەیە کە مرۆڤی پێ دەکات بە دوو بەشەوە، گروپێک لە ناوەوەی سیستم کە بازاڕ پێویستییەتی وگروپێک لە دەرەوەی پێویستییەکانی بازاڕ و ئابووری . بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سیستم ، ئەنفالکراوان و کەسوکاریان ئەو بەشە زیادەیەی مرۆڤایەتین کە لە ناوچوونیان لە ناو جەنگەکان ، قەیرانەکان ، شەپۆلی برسێتی و کارەساتە سروشتییەکانیدا جێی بایەخ نییە ، چونکە پێگەیەکی بەهێزیان لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ماددی و ئابووریی سیستمەکەدا نییە ، بۆیە دەکرێت دەستبەرداری ماف و تەنانەت ژیانیشیان بین .

//  Disposable Life: چاوپێکەوتنێکی سڵاڤۆی ژیژەکە کە سەرچاوەیەکی ئەم وتارەیشە .

 

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت